لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

کورد و شەهیدو ئومەت و ئاینی لەقەتونراو!

Sunday, 01.11.2026, 10:24 AM



   ژەهری ئایینی لە قووتوونراو، وا دەکات تۆی مرۆڤی کورد، بەبێ ئەوەی بە خۆت بزانیت دەبیتە کۆیلە و سەرداربوونی ئەوی داگیرکەر و خوێنڕێژ قبووڵ دەکەیت.
دەستبەرداری عەقڵ و کەرامەت و شووناس و ئەدەب و کلتوور و نەتەوە و خاک و نیشتیمان و پیرۆزییەکانی خۆت دەبیت.
ئەوی داگیرکەر (لە بەر ئەوەی شوناسی ئیسلامبونی هەڵگرتووە) لە خۆت بە باشتر و پیرۆزتر دەزانیت. لە ئاستیدا خۆت پێ کەمە و بە شانازییەوە بە پاساوی هاوئایینیبوونەوە نۆکەری قبووڵ دەکەیت و تەنانەت پێت ئاساییە لە هەموو ڕوویەکەوە لەوی داگیرکەردا بتوێیتەوە.
بریکاران و مرۆڤی گۆشکراو بە ئایینی لەقووتوونراو، بۆ ناسین و گەیشتن بە خودا و تێگەشتن لە ئایینەکەی، تەنها ئەو ڕێگایەی هەیە، کە بەناو حەوشەی داگیرکەردا تێدەپەڕێت.
دەبێ ئەوەش بزانین؛ داگیرکەران، بۆ لەخشتەبردنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، وەبەرهێنان لە چەمکی (ئوممەت)یشدا دەکەن.
گوایە مادام ئیسلام ئایینێکی سەرتاسەرییە، ئیدی لەمسەری زەویی تا ئەوسەری زەویی، هەرکەس و گروپ و حزب و دەوڵەتێک گوتیان ئێمەش موسڵمانین؛ ئیدی سەر بە ئوممەتی ئیسلامن و برای ئایینیمانن و لە ئاییندا شتێک نییە بەناوی نەتەوە و نیشتیمان و خاکی کوردان... هتد!
بەڵکو خاک، خاکی خودایە، ئێمەش ئایینی خودا جێبەجێ دەکەین.
کەواتە مادام ئێمە ئاڵاهەڵگری ئایینی ئیسلامین، دەبێت ئێوەی کورد بە سوڵتە و دەسەڵاتی ئێمە ڕازیبن.
هەروەک داگیرکەرانی بەناو برای موسڵمانمان دەڵین: موسڵمانان تەنها دەبێت داواکاری ئایینییان هەبێت، باسکردنی نەتەوە و نیشتیمانی کوردان نائایینیی و دواکەوتوویی و بیدعەیە و لەگەڵ بنەمای برایەتی موسڵمانان و ئوممەی ئیسلامییدا نایەتەوە.
بۆیە هەر کەس و لایەنێکی کوردیی باسیبکات گێرەشێوێن و لادەر و کافرە و دەستی دووژمنانی ئیسلامیان لەپشتە.
بەمجۆرە دەیانەوێت بەناوی ئوممەتی ئیسلامەوە سواری کۆڵمان ببن و مافی هاوار و بەرگریشمان نەبێت. ئەگەر بەرگریشمان کرد، کۆمەڵکوژمان بکەن. (وەک ئەوەی هەنوکە لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییەی حەلەب ڕوودەدات).
ئەمە لە کاتێکدا بەپێی ڕاستینەی چەمکی ئوممەت، پێویستە هەموو نەتەوە و گەلان بە شێوەیەکی یەکسان لە ماف و ئازدیدا بژین.
لەم ڕووەوە، ئەوەی دەبێت مرۆڤی کورد دیقەتی تێدا بکات ئەوەیە: تەنانەت ئەگەر کوردێکی موسڵمانی ڕاستەقینە بەرگری لە ماف و ئازادی کوردان بکات و خۆی ڕادەستیداگیرکەر و ئایینی-لەقووتوونراو نەکات؛ ئەمەش بە لادەر و دژە ئایین تۆمەتبار دەکەن، (وەک ئەوەی ئێستا شوێنکەوتوانی ئاینی لەقوتونراو، پیسترین جنێو و تۆمەت دەخەنە پاڵ ئەو ئیماندار و مامۆستا ئاینیانەی کە بەرگری لە کوردو نیشتیمانەکەمان دەکەن).
خۆ ئەگەر کوردە بەرگریکارەکە لە ئاستی ئیسلامدا بۆچوونێکی جیاوازی هەبێت، یان سەر بە ئایینێکی دیکەبێت، ئەوا وەی بە حاڵی، چونکو لە ڕوانگەی ئایینی لەقووتوونراوەوە کوشتنی چاکەیە و هەرکەسێکیش بەرگریان لێبکات، دەبێت بە دەردی ئەو ببرێت.
بۆ ناسینەوەی بریکاران و شوێنکەوتووانی ئایینی لە قووتوونراو، لە کەسێکەوە تا دەگات بە تەریقەت و ڕێکخراو و حزبێک، پێویست بەوە نەکات بیر و هزری خۆمان ئاڵۆز بکەین، چونکو بە ئاسانی، بە گوتار و هەڵوێست و ڕفتارەکانی خۆیان و شوێنکەوتووانیاندا دەناسرێنەوە.
بۆ نموونە: کاتێک مێشکی کوردێکی ناهۆشیار، بە ئایینی لە قووتوونراو ژهراویی دەکرێت، ئیدی ئەمە وای لێدەکات،کە ئەو شەهیدانەی لەپێناو بەرگری لە خاکی کوردستاندا گیانیان فیداکردووە، بە کوژرا و جەهەنمی بزانن؛ لەکاتێکدابە پێی دەقی فەرموودە: ئەوەی لەپێناو بەرگری لە خاك و ماڵی خۆیدا، گیانی بەخت بکات شەهیدە (من قتل دون ماله فهو شهيد...)، لە بەرامبەردا ئەو دڕندە مرۆڤکوژ وکوردکوژانەی، کە دەستیان ڕۆشتووەتە جۆرەها پرۆسەی ئەتککردن دژ بە گەلەکەمان، تەنها لەبەر ئەوەی ڕیشێکیانهەیە و دەڵێن: خودا گەورەیە، بە شەهیدیان دەزانن.
لە هەر شوێنێکی دوونیادا خوێن لە پەنجەی کەسێک بێت، کە سەر بە هێڵە-ئایینییەکەی خۆیان بێت، خۆیانی لەسەر شین و مۆر دەکەنەوە، بەڵام هەرگیز بەو ئەندازەیە بەرگری لە مەزڵومیەتی گەلەکەمان ناکەن.
هەندێکی دیکەشیان داگیرکەران و دووژمنان بە هاوتەریقەت و سوڵتان و برای ئایینیمان ناوزەد دەکەن، پاساو بۆ تاوان و داگیرکارییەکانیان دەهێننەوە، هەوڵدەدەن گیانی بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوە لەناو گەنجان و چینوتوێژەکانی گەلەکەماندا بکوژن و تەسلیمبوون بەوانی داگیرکەری بەناو برای موسڵمان قبوڵ بکەن.
واتە بە ڕێگا و شێوازی جیاجیا، ژەهری خۆیان دەڕێژن و جیهاز و ئامێری غیرەت و بەرگری بەرامبەر بە داگیرکەران، لە بیر و ناخماندا لاواز دەکەن، تا هەموو جۆرە داگیرکاری و ستەمکارییەک بە خۆشحاڵییەوە قبووڵ بکەین. تەنانەت داگیرکەر وبریکارەکانی ئایینی لەقووتوونراو، موسڵمانانی ڕەسەنی کوردی بە نەزان و نەفام وەسفدەکەن و پێیانوایە باوەڕەکەیان لەقە و تەواونییە…

چەند پەرەگرافێک لە کتێبی #مەشخەڵی_ژیانەوە
#خودتیماری
#یەکێتیی_نەتەوەیی_دادپەروەرانە

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟