لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

پەند و وانەکانی ١٩٩١ی باشوور بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن مێژوو بە دروستی بنووسرێتەوە؟

Monday, 03.02.2026, 05:47 PM


پێدەچێت مێژوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی بۆ کورد لە قۆناغێکی چارەنووسسازدا بێت و ئەو گۆڕانکارییانەی چاوەڕوان دەکرێت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبدەن زۆر لە سیناریۆی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی باشووری کوردستان دەچن. لەم ساتە هەستیارەدا، گەورەترین ئەرکی سەرشانی خەڵک و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە نەک تەنها مێژوو دووبارە نەکەنەوە، بەڵکو هەڵە کوشندەکانی باشووری کوردستان بکەنە وانەیەکی مێژوویی بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی ڕووناکتر.

دەتوانین ئەم خاڵە گرنگانە وەک نەخشەڕێگایەک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخەینە ڕوو

١. یەکخستنی هێزی چەکدار و نەهێشتنی میلیشیای حیزبی
یەکێک لە گەورەترین و درێژخایەنترین هەڵەکانی باشووری کوردستان لە دوای ١٩٩١ دابەشبوونی هێزی پێشمەرگە بوو بەسەر حیزبەکاندا ئەمەش نەک تەنها هێزی نەتەوەیی کوردی لاواز کرد بەڵکو دواتر بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی نەگریسی ناوخۆ (براکوژی).
بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان مانەوەی دەیان هێزی چەکداری سەر بە لایەنە جیاوازەکان مەترسییەکی گەورەیە دەبێت لە هەر گۆڕانکارییەکدا تەواوی هێزەکان بخرێنە ناو یەک چوارچێوەی نیشتمانییەوە بە یەک ناو یەک ئاڵا و یەک فەرماندەیی هاوبەش بۆ ئەم مەبەستە مۆدێلیهێزەکانی سووریای دیموکرات - قەسەدە لە ڕۆژاوای کوردستان دەتوانێت نموونەیەکی باش بێت کە تیایدا هێزە جیاوازەکان لەژێر یەک چەتردا و بۆ یەک ئامانجی هاوبەش یەکیان گرتووە و بوونەتە هێزێکی پڕۆفیشناڵ و بەرگریکار لە ناوچەکە.

٢. پاراستنی سەرخان و ژێرخانی ئابووری لە تاڵانکاری:
لە ڕۆژانی دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ باشووری کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی تاڵانکاری بووەوە کارگەکان، ئامێرە قورسەکان، بنکە سەربازی و مەدەنییەکان، تەنانەت کێبڵی کارەبا و ژێرخانی وڵات هەڵوەشێنرانەوە و بە هەرزان فرۆشرانە وڵاتانی دراوسێ. ئەمەش وایکرد باشوور لە ڕووی ئابوورییەوە دەیان ساڵ بگەڕێتەوە دواوە و تا ئێستاش باجەکەی بدات.
دەبێت خەڵکی ڕۆژهەڵات و هێزەکانیان زۆر وریای ئەم خاڵە بن هەر کارگەیەک، نەخۆشخانەیەک، ڕێگایەک یان بنکەیەک کە لە ڕۆژهەڵات هەیە، موڵکی ئێران یان ڕژێم نییە بەڵکو موڵکی گەلی کوردە لەو پارچەیە و بە ڕەنج و باجی ئەوان دروست کراوە دەبێت هێزێکی نیشتمانیی تۆکمە بۆ پاراستنی دامەزراوە گشتییەکان دابنرێت و بە توندی ڕووبەڕووی هەر هەوڵێکی تاڵانکاری ببنەوە.

٣. حیزب خزمەتکارە نەک خاوەنی خەڵک و وڵات:
گەورەترین وانە کە خەڵکی ڕۆژهەڵات دەبێت لە باشوور فێری بن پەیوەندی نێوان خەڵک و حیزبـە.
لە باشوور حیزبەکان دوای ڕاپەڕین شەرعیەتی شۆڕشگێڕییان بەکارهێنا بۆ ئەوەی خۆیان وەک ئاغا و خاوەنی وڵات بەسەر خەڵکدا بسەپێنن حیزب بوو بە دەروازەی هەموو شتێک کارکردن، خوێندن، و ژیانیان بەستەوە بە حیزبایەتییەوە کە ئەمەش سیستەمێکی گەندەڵ و نادادپەروەری دروست کرد.
پێویستە خەڵکی هۆشیاری ڕۆژهەڵات لە یەکەم ڕۆژی هەر سەرکەوتنێکەوە ئەم هاوکێشەیە ڕاست بکەنەوە نابێت قبوڵ بکەن هیچ حیزبێک ببێتە بار بەسەریانەوە و خۆی وەک پاڵەوانی تاقانە بناسێنێت.
دەبێت حیزبەکان تەنها وەک دامەزراوەیەکی مەدەنی و سیاسی سەیر بکرێن کە ئەرکیان خزمەتکردن و بەڕێوەبردنـە لە ڕێگەی هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدانەوە نەک ئەوەی ببنە جێگرەوەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری پێشوو.

بە کورتی
کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆشیارییەکی سیاسیی زۆر بەرزی هەیە و کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی چالاکی هەیە کاتی ئەوە هاتووە ئەو هۆشیارییە بکرێتە کردەیی ڕێگە نەدرێت خوێنی شەهیدان و خەباتی دەیان ساڵە بکرێتە قوربانی بەرژەوەندیی تەسک و کورتبینانەی چەند حیزبێک یان سەرکردەیەک مێژووی ١٩٩١ی باشوور کتێبێکی کراوەیە پڕ لە هەڵەی ستراتیژی خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ ڕۆژهەڵات مەرجی یەکەمی سەرکەوتن و بنیاتنانی نیشتمانێکی ئازاد و دادپەروەرە.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





بابەتی تر

دلێر محەمەد نوری: کەوتنی ئێران و هیلالی کوردی ڕەنجدەر گڕاوی: دەمانچەیەک بە 11750 دۆلار! گەلێک لە چاوەڕوانی مووچەدا ڕەنجدەر گڕاوی: کۆتایی نمایشی مەرجەعیەت, پەیامەکەی ئەمریکا بۆ سەری ڕەش لە دەباشانەوە!؟ ڕەنجدەر گڕاوی: یەکڕیزی وەک تاکە بژاردە هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات چ پەیامێکی پێیە؟ ڕەنجدەر گڕاوی: دین وەک قوربانیی جەنگی سارد کاتێک پیرۆزییەکان دەکرێنە ترێند ڕەنجدەر گڕاوی: لە جلی ژنانەوە بۆ ایدک ولک کاتێک مەسعود بارزانی شکۆی کورد لە بەغدا دەکاتە قوربانی پسکە پسک دلێر محەمەد نوری: گۆڕانی بۆماوەیی نەتەوایەتیمان لە نێوان جاش نەتەوە و جاش عەقیدەدا! ڕەنجدەر گڕاوی: لە چەترە ئەتۆمییەکەی ماکرۆنەوە بۆ دیپلۆماسیی مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد مەکی ئامێدی: بۆچی دانوستاندنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دووبارە دەستی پێکردەوە، لەگەڵ ئەوەی ڕاگەیەندرا بەرنامەکەی وێران کراوە؟ ڕەنجدەر گڕاوی: لە هاوسەنگیی هێزەوە بۆ ژێر سێبەری ردێن سۆر و گەڕانەوەی ٣٠ ساڵ بۆ دواوە

وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟