راپۆرت
چۆن مەسروور بارزانی بەبێ ئەوەی هەستی پێبکات لە پرسی نەوتدا خزمەت بە ئێران دەکات دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل
Sunday, 03.15.2026, 11:19 PM
؟
ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە لە کاتێکدا جیهان چاوەڕوانی ئەوەیە قەیرانی وزە هێور ببێتەوە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند کە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بەهۆی بوونی چەند مەرجێک لەلایەن هەرێمەوە پەکی کەوتووە. ئەم ڕێگرییەی حکومەتی هەرێم بە دیاریکراوی مەسروور بارزانی لە ڕواڵەتدا ململانێیەکی ئابوورییە لەگەڵ بەغدا بەڵام لە واقیعە جیۆپۆلەتیکییە شاراوەکەدا هەڵەیەکی ستراتیژیی کوشندەیە کە پێگەی هەرێم لەناو دەبات.
پێشتر بابەتێکم نوسیوە سەیری ئەم لینکە بکە
https://www.facebook.com/100063718239539/posts/pfbid0Qvp25EzppJh7xernXzEEeyrUr9zzZRFg8dn8morMeJ7hcf13bxJqsgamFLCtPm5Ll/
بەپێی بەدواداچوون و شیکردنەوەکان ڕێگریکردن لە هەناردەی عێراق بە بۆری کوردستان لەم ساتەوەختەدا دەرهاویشتەی زۆر مەترسیداری بۆ سەر ئایندەی قەوارەی هەرێم دەبێت کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەن:
یەکەم: خزمەتکردنی بێبەرامبەر بە پلانەکانی ئێران دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل
گەورەترین خوێندنەوەی هەڵەی مەسروور بارزانی لەم قەیرانەدا ئەوەیە کە بەبێ ئەوەی هەستی پێبکات و بزانێت بووەتە بەشێک لە ماستەرپلانەکەی ئێران دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل.
لە ئێستادا کە مەترسییەکی گەورە لەسەر گەرووی هورمز هەیە بەهۆی ململانێکانی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدات تا لیترێک نەوت زیاتر بخرێتە بازاڕەکانی جیهانەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵکشانی نرخەکان.
تەنانەت واشنتۆن ئامادەیە یەدەگی ستراتیژیی نەوتی خۆی بخاتە بازاڕەوە بۆ لێدان لەو چەکەی ئێران کە دەیەوێت بە گرانکردنی نەوت فشار بخاتە سەر ڕۆژئاوا
لە کاتێکدا ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت بازاڕی وزە جێگیر بێت مەسروور بارزانی بە دانانی مەرج بۆ بەغدا نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی لە بازاڕەکانی جیهان بڕیوە. ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە تاران دەیەوێت واتە بارزانی لە نەزانیی سیاسیی خۆیەوە ڕۆڵی سەربازێکی بێمووچەی ئێران دەبینێت و گەورەترین چەکی بەرپەرچدانەوە کە گرانکردنی نەوتە دەداتە دەست ئێران بۆ ئەوەی دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەکاری بهێنێت.
دووەم: کشانەوەی پاڵپشتیی ئەمریکا (گەنمەشامی خواردن بەدیار شەقخواردنی هەرێمەوە!)
لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا پاراستنی هەرێمێک یان وڵاتێک بەندە بەو خزمەتەی پێشکەشی ئاسایشی جیهانی دەکات کاتێک ئیدارەی ئەمریکا دەبینێت هەرێمی کوردستان بووەتە ڕێگر لەبەردەم ئاسایشی وزە کە لە ئێستادا هێڵی سوورە ئیتر هەرێم هیچ بەهایەکی ستراتیژیی لای کۆشکی سپی نامێنێت.
لێرەوە مەترسییە گەورەکە دروست دەبێت ئەگەر سبەینێ حکومەتی عێراق بە پاڵپشتیی هێزەکانی حەشدی شەعبی یان هێزە سوننەکان بڕیار بدات بە زەبری هێز بێتە ناو هەرێم و دەست بەسەر کێڵگە نەوتییەکان و بۆرییەکاندا بگرێت بە پاساوی ناردنی نەوت بۆ دەرەوە ئەوکات ئەمریکانەک هەر بەرگری لە کورد ناکات بەڵکو دادەنیشێت و گەنمەشامی دەخوات بە دیار شەقخواردنی هەرێمەوە!
هۆکارەکەشی ڕوونە بەغدا بەڵێنی ناردنی نەوتی بە واشنتۆن داوە بۆ شکاندنی پلانی ئێران، بەڵام هەرێم بووەتە ڕێگر بۆیە ئەمریکا چاو دەپۆشێت لە هەر هێرشێک کە کۆتایی بەم ڕێگرییەی هەولێر بهێنێت.
سێیەم: بۆری نەوتی بەسرە - عەقەبە جێگرەوە کوشندەکەی عێراق
ئەوەی بڕیاربەدەستانی هەرێم لێی بێئاگان ئەو ئەلتەرناتیڤەیە کە عێراق خەریکی دروستکردنیەتی.
بەغدا بەردەوامە لە کارکردن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی بۆری نەوتی (بەسرە - بەندەری عەقەبە لە ئوردن) کە نەوت دەگەیەنێتە سەر دەریای سوور.
ئەم بۆرییە بەتەواوەتی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی گەرووی هورمزدایە و ئەمریکا و ئیسرائیلیش بەتوندی پشتیوانی دەکەن چونکە دەکەوێتە وڵاتێکی دۆستی وەک ئوردن.
کاتێک ئەم بۆرییە کەوتە کار عێراق بۆ هەمیشە پێویستی بە بۆری نەوتی کوردستان و تورکیا نامێنێت.
بەمەش هەرێمی کوردستان ئەو تاکە کارتەی بەدەستیەوە مابوو لەدەستی دەدات و دەبێتە جوگرافیایەکی داخراو و بێبەها، کە بەغدا بە ئاسانی دەتوانێت لە ڕووی ئابوورییەوە بیخنکێنێت.
چوارەم: دیارییەکی زێڕین بۆ شیعە و سوننەی عێراق
ئەم عینادییە بێپاساوەی هەرێم، گەورەترین خزمەتە بە حکومەتی ناوەندیی عێراق کاتێک بەغدا بە ئیدارەی واشنتۆن دەڵێت "ئێمە ئامادەین نەوتەکە بنێرین تا نرخی نەوتتان بۆ دابەزێنین بەڵام مەسروور بارزانی ڕێگرە ئەوا:
١. بەغدا خۆی وەک دۆست و هاوبەشێکی متمانەپێکراوی ئەمریکا نیشان دەدات.
٢. شیعە و سوننە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنن بۆ زیاتر سزادانی هەرێم بڕینی مووچەکان و دەستێوەردان لە داهاتی ناوخۆ.
٣. زەمینە خۆش دەکات بۆ تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بەو جۆرەی کە حەشد و بەغدا دەیانەوێت کە تیایدا مافی گرێبەست و فرۆشتنی نەوت بەتەواوەتی لە هەرێم دەسەندرێتەوە و دەدرێتە کۆمپانیای سۆمۆ.
بۆیە گەوهەری هەڵە ستراتیژییەکەی هەرێم ئەوەیە هێشتا تێنەگەیشتوون لە:
١. بۆری کوردستان کارتێکی کاتی نەک هەمیشەیی
پێویستیی عێراق و ئەمریکا بە بۆری هەرێمی کوردستان لەم ساتەدا پێویستییەکی کاتییە و تەنها بەستراوەتەوە بەم گرژییە و مەترسییەکانی سەر گەرووی هورمز وەک ئەگەر هەر ئێستا شەڕەکە بوەستێت و ڕێککەوتنێک بکرێت مەترسیی سەر گەرووی هورمز نامێنێت لەو کاتەدا نەوتی بەسرە بە لێشاو و بە ئاسانی و تێچوویەکی زۆر کەمتر دەچێتەوە بازاڕەکانی جیهان.
٢. لەدەستدانی ساتی زێڕین کاتی تەنگانەی ئەمریکا
لە قەیرانەکاندا وڵاتە بچووکەکان دەبێت خزمەت بە زلهێزەکان بکەن بۆ ئەوەی پارێزراو بن ئەمریکا ئێستا پێویستی بەو ٤٠٠ هەزار بەرمیلەی عێراقە بۆ ئەوەی بازاڕی پێ جێگیر بکات کاتێک مەسروور بارزانی لەم کاتی تەنگانەیەدا کە بۆ ئەمریکا ساتێکی هەستیارە ڕێگری دەکات ئەمریکا زۆر لێی تووڕە دەبێت.
بەڵام کاتێک شەڕەکە تەواو بوو و گەرووی هورمز ئاسایی بووەوە ئیتر ئەمریکا و جیهان تەنانەت ئاوڕ لە بۆرییەکەی هەرێم نادەنەوە! واتە هەرێم نە لە کاتی شەڕەکەدا خزمەتی ئەمریکای کرد تا ببێتە دۆستی نە لە کاتی ئاشتیدا کەس پێویستی پێیەتی! ئەمەیە گەورەترین دۆڕان.
٣. بۆری عەقەبە وەک وەشاندنی زەبری کوشندە
ئەوەی کە عێراق بۆری عەقەبە دروست دەکات بۆ ئەوەیە کە لە داهاتوودا تەنانەت لە کاتی شەڕ و داخستنی گەرووی هورمزیشدا هیچ پێویستییەکی نە کاتی و نە هەمیشەیی بە بۆری کوردستان نەمێنێت واتە بەغدا دەیەوێت هەرێم بۆ هەمیشە لە نەخشەی وزەی جیهان بسڕێتەوە.
کەوایە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت بە پاساوی ناوخۆیی و حزبی لە کاتێکدا کە جیهان لەسەر لێواری گەورەترین قەیرانی وزەیە یارییەکی خۆکوژییە بە چارەنووسی هەرێمی کوردستانەوە. سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەکاتێکدا پێی وایە بەرگری لە مافەکانی کۆمپانیاکان دەکات لە واقیعدا خزمەت بە ئەجێندای ئێران دەکات و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە.
باجەکەی ئەمەش ئەوەیە کاتێک عێراق ئەلتەرناتیڤی بۆریی ئوردنی کارا کرد و هێزەکانی خۆی جوڵاند بۆ دەستبەسەرداگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەرێم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنها بینەرێکی بێدەنگ دەبێت و قەوارەی هەرێمیش دەبێتە قوربانییەکی بێ پاڵپشت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
تەڤدا -پرێس: لە موسەدق تا شا: کاتێک بەرژەوەندییەکان سەرکەوتن بەسەر دیموکراسی
ڕەنجدەر گڕاوی: کابووسی نوێی تورکیا بۆچی ئەنقەرە لە جووڵەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات
ڕەنجدەر گڕاوی: وەرچەرخان لە ڕۆژئاوای کوردستان و ستراتیژیەتی ڕێگای داود و دوو بڕیارەکەی پەکەکە چۆن تورکیایان ناچار بە کشانەوە کرد ؟
ڕەنجدەر گڕاوی: لە ئۆکرانیاوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان پەیامە شاراوەکەی مارکۆ ڕوبێۆ چی بوو؟
تەڤدا پرێس: لە ئەرشیفی بەریتانیاوە عوبەیدوڵڵا بارزانی دەلێت : مەلا مستەفای باوکم خائینە
تەڤدا پرێس: تەڤدا پرێس و هاوڕێیانی بە هێمنی و لەسەرخۆ وەڵامی هـەموو چـەقەڵەکانی دەسەڵات بە دەستی یەک و دووەکانی دەداتەوە.
تەڤدا پرێس: نەک هەر ١١ کورسی کۆتاکان لەپارتی ڕۆیی بەڵکوهێزە بچوکەکانیشی لەدەست دەرچوو




