وتار
کۆنگرەی لەندەن گرەوی کورد لەسەر ئەسپە تۆپیوەکان
Tuesday, 03.31.2026, 10:27 AM
کۆنگرەی لەندەن بونیادنانی ئەلتەرناتیڤ یان گەشتوگوزاری سیاسی لە هۆتێلە لوکسەکاندا؟
وە گرەوی کورد لەسەر ئەسپە تۆپیوەکان؟
لە کاتێکدا نەخشەی سیاسیی ئێران بەرەو گۆڕانکارییەکی نادیار هەنگاو دەنێت کۆنگرەی ئازادی ئێران لە لەندەن (مارسی ٢٠٢٥) وەک وێستگەیەکی پڕ لە مشتومڕ دەرکەوت کۆبوونەوەیەک کە لە نێوان دروشمە لوسەکانی دیموکراسی و واقیعی قوربانییەکانی سەر شەقامدا مەلە دەکات. پرسی سەرەکی لێرەدا تەنها ڕووخانی ڕژێم نییە بەڵکو ململانێی شوناسە لە نێوان ئێرانی ناوەندگەرا و ئێرانی فرەنەتەوە بۆ کورد کە هەمیشە بزوێنەری شۆڕش و پەیژەی سەرکەوتنی لایەنەکانی دیکە بووە ئەم کۆنگرەیە تەنها کۆبوونەوەیەکی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت بوو لەگەڵ مێژوویەکی پڕ لە خیانەت و پەیمانی شکێندراو پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە ئایا کورد لەم کایە سیاسییەدا چی دەستکەوت؟ و چۆن دەکرێت ئەمجارە لە جیاتی کارتی گوشار وەک کارەکتەری بڕیاردەر مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت؟
دەکرێت بەم شێوەیە باسی بکەین
یەکەم سوود و قازانجەکانی کورد لە کۆنگرەی لەندەن (ئەگەر هەبن)
ھەرچەندە ڕەخنەکان جدین بەڵام بەشداربوونی لایەنە کوردییەکان چەند سوودێکی تەکتیکی تێدایە
١- سەلماندنی کارتی کورد وەک فاکتەری یەکلاکەرەوە بەشداربوونی کورد نیشانی دا کە هیچ ئۆپۆزیسیۆنێکی ئێرانی چ لیبڕاڵ و چ پاشایەتیخواز ناتوانن بەبێ هێزی ڕێکخراوی کورد و قورسایی سیاسیی ڕۆژهەڵات باس لە گۆڕانکاری بکەن کورد وەک شەرعییەت بەخشدەرکەوت
٢- هەرچەندە لایەنە ناوەندگەرەکان بە ناچاری باسی فیدرایزم دەکەن بەڵام دووبارەکردنەوەی ئەم چەمکانە لە میدیا جیهانییەکان و لە ناو جەرگەی لەندەن وا دەکات پرسی مافی نەتەوەکان ببێتە بەشێکی جیانەکراوە لە هەر دیبەیتێکی نێودەوڵەتی دەربارەی داهاتووی ئێران.
٣- ئەم کۆنگرانە دەرفەتن بۆ ئەوەی سەرکردایەتی کورد لەگەڵ نوێنەرانی پەرلەمان و دەزگا فکرییەکانی ڕۆژئاوا کۆببنەوە و ڕاستەوخۆ گوتاری خۆیان بگەیەنن نەک لە ڕێگەی وەرگێڕی فارسییەوە.
دووەم هێزە کوردییەکان دەبێت چی بکەن بۆ ئەوەی ئیهمال نەکرێن؟
مێژووی سیاسیی ئێران پڕە لە بەکارهێنانی کورد وەک هێزی شۆڕشگێڕ و پاشان سەرکوتکردنی دوای دەسەڵاتگرتن بۆ ڕێگری لەمە پێویستە هێزە کوردییەکان ئەم ستراتیژیانە بگرنە بەر:
١. گۆڕینی بەڵێنی زارەکی بۆ بەڵگەنامەی یاسایی و نێودەوڵەتی
کورد نابێت تەنها بە تەوقەکردن و بەیاننامەی گشتی ڕازی بێت.
دەبێت داوای پەیماننامەی نووسراو بکات کە وردەکارییەکانی داهاتووی تێدا بێت و لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە وەک شایەتحاڵ مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. گەرەنتییەکان دەبێت پێش ڕووخانی ڕژێم بن، نەک دوای ئەوە.
٢. دروستکردنی بەرەی یەکگرتووی کوردستانی
گەورەترین خاڵی لاوازی کورد لەم کۆنگرانەدا ئەوەیە کە وەک حیزبی جیاواز بەشدار دەبن. ئەگەر کورد بە یەک دەنگ و یەک پڕۆژەی نەتەوەیی بەشدار بێت لایەنی ئێرانی ناتوانێت یاری بە ناکۆکییەکانی نێوان (کۆمەڵە و دیموکرات و پاک و پژاک) بکات یەکێتیی نێوخۆیی گەورەترین گەرەنتییە.
٣. مەرجدارکردنی هێزی چەکدار و شەقام
کورد دەبێت بە ئۆپۆزیسیۆنی ناوەندگەر بڵێت: ئێمە شەقام و پێشمەرگەمان هەیە ئێوە چیتان هەیە؟ نابێت کورد هێزی خۆی لەسەر زەوی بخاتە خزمەت ئەجێندایەک کە مافی نەتەوە بوونی کورد بە ڕەسمی ناناسێت. دەبێت هاوکارییەکان هەنگاو بە هەنگاو بن
٤. دیپلۆماسیی سەربەخۆ دەرچوون لە سێبەری ئێران
پێویستە کورد وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی پەرە پێ بدات نەک تەنها وەک پاشکۆی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران. دەبێت لە واشنتۆن، برۆکسل و لەندەن، دۆسیەی کورد وەک دۆسیەیەکی مرۆیی و سیاسیی سەربەخۆ بناسێنرێت.
٥. گرەوکردن لەسەر ناوەوە نەک دەرەوە شەرعییەت لە سنە و مەهاباد و زاهیدانە نەک لە هۆتێلەکانی لەندەن هێزە کوردییەکان دەبێت لە جیاتی خەرجکردنی وزەیەکی زۆر بۆ ڕازیکردنی دیمۆکراسیخوازان و شا پەرستان وزەی خۆیان بخەنە سەر ڕێکخستنی مەدەنی و سیاسیی ناوخۆ هێزی سەر زەوی تەنها شتێکە کە لە کاتی گۆڕانکاریدا حیسابی بۆ دەکرێت.
کەوایە کورد لە کۆنگرەی لەندەن وەک ئەسپێکی بەهێز دەردەکەوێت کە دەیانەوێت سوواری ببن بۆ گەیشتن بە تاران بۆ ئەوەی وەک ڕابردوو دوای کۆتایی پێشبڕکێکە ئەسپەکە گوللـەباران نەکرێت دەبێت کورد خاوەنی جڵەوی خۆی بێت و مەرجی پێشوەختەی هەبێت.
وە گرەوکردن لەسەر ئەسپە تۆپیوەکان (ئۆپۆزیسیۆنی بێ بنکەی جەماوەری) هەڵەیەکی کوشندەیەزمەگەر ئەوەی کورد تەنها وەک تاکتیک و بۆ مانۆڕی دیپلۆماسی بەکاریان بهێنێت.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
دلێر محەمەد نوری: تەکنەلۆژیا و باوەڕ لە پەراوێزی جەنگی ئێراندا!
ڕەنجدەر گڕاوی: کاتێک بارەگاکەی خۆی لێ دەبێتە پینتاگۆن
ڕەنجدەر گڕاوی: ک ن ک و یارانی ئەشکەوت, کاتێک ماستاو شوێنی نیشتمانپەروەری دەگرێتەوە
Mattie Moore: لە دیپلۆماسیدا، ڕواڵەتەکان گرنگن
دلێر محەمەد نوری: با باخچەلی و ئەردۆغان بۆ حەلاوی باس بکەن!
ڕەنجدەر گڕاوی: پەند و وانەکانی ١٩٩١ی باشوور بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن مێژوو بە دروستی بنووسرێتەوە؟
دلێر محەمەد نوری: کەوتنی ئێران و هیلالی کوردی
ڕەنجدەر گڕاوی: دەمانچەیەک بە 11750 دۆلار! گەلێک لە چاوەڕوانی مووچەدا
ڕەنجدەر گڕاوی: کۆتایی نمایشی مەرجەعیەت, پەیامەکەی ئەمریکا بۆ سەری ڕەش لە دەباشانەوە!؟
ڕەنجدەر گڕاوی: یەکڕیزی وەک تاکە بژاردە هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات چ پەیامێکی پێیە؟




