لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

شێروانی، بەرگریکارێکی سەرسەخت لە میللەتێکی عەنتیکە!

Sunday, 05.10.2026, 01:07 PM


تۆ ئەتوانی هەر لە یەکەم هەڕەشەوە، هەرلە یەکەم داواکردنتەوە بۆ دادگا، بچیتە بەردەم کامێرایەکی دەسەڵات و بڵێی: وامزانی ڕادیۆیە! نە سەرۆک خائینە و نە حکومەت گەندەڵ.

پەشیمانم... نە شەنگال چۆڵ کرا و نە کەرکووکیش فرۆشرا.

درۆم کرد... کوشتنی سۆران و کاوە و ویدادیش کوشتنی ئاسایی بوون و سەردەشت عوسمانیش تیرۆریست بوو.

پەشیمانم لە هەرچ بوختانێک کە کردم بۆ ئەم حکومەتە نەزیهە، وەڵڵا وڵات لە شام شەریفترە و خەڵکی تێر و حکومەت برسی، کارەبا فوول، ڕێگاوبان تەخت، خانەنشین وەکو پاشایە و گەداش لەم وڵاتە بوونی نیە.

تۆ ئەتوانی لە بەردەم ئەو مایکەی دەسەڵاتدا بڵێی: سەرکردەکانمان "ماندێلان" لە لێبوردەیی و دژایەتی کردنی ستەمدا، "خوسێ موخیکا"ن لە هەژاریدا، سەرۆکی وامان هەیە هەتا دیوەخانێک شک نابەن تا پێشوازی لە میوانان بکەن. ئەوان لە ڕاستگۆییدا "ئەبراهام لینکتۆن" و "گاندین"یشن لە گیانی ئاشتیخوازیدا.

بتووتایە: من پەشیمانم و خۆم بە گووناهبار دەزانم بۆ هەر تانە و تەشەر و ڕەخنەیەک کە لەم دەسەڵاتەم گرتووە.

خۆ ئەگەر بشتگووتایە: من نازانم ئەم میللەتە بۆ شێت و هاربوون، کام میللەتی دونیا دەسەڵاتی وا ڕاستگۆ و وا دڵسۆز و وا بە تەنگ میللەتەوە هاتووی دەست دەکەوێت؟

ئەوا ئەو دەمە، دەمی ئەم میللەتە کڕکەوتووە و ئەم میللەتە بێ دەنگەی ئەمڕۆت لێ ئەکرایەوە. ئەبووی بەو خائینەی کە هێندەی تاوانی ئەنفال تاوانبار ئەکرای، لە عەجاج و عیزەت دووری ناحەزتریش. تۆ دەبووی بە ترسنۆکترین مرۆڤی دونیا و بێ هەڵوێسترین ڕۆژنامەنووسی مێژوو. تۆ نەک جاروبار، بگرە تا ساڵێکیش دەبووی بە پۆستی هەموو فەیسبووکەکان، دەبووی بە بەندی هەموو گۆرانیبێژەکان، دەبووی بە سەردێڕی هەموو پەیج و هەواڵ و نووچەکان.

بەڵام لەو لاشەوە جارێک میوانی پارێزگاری وانێک و جارێکیش لە دیوانی پارێزگای پایتەخت دەرئەکەوتی. هەر ڕۆژەی لە کەناڵێکی دەسەڵات و لە دیبەتێکی حیزبی دەبوویت و تۆ ئەو دەم دەبووی بە بنێشتەخۆشەی هەم دەمی دەسەڵات و هەمی دەمی میللەتیش.

تۆ ئەو دەم بۆ ڕۆژێکیش زیندانی نەدەکرایت و بۆ یەک بنکەی پۆلیسیش بانگ نەدەکرایت و بیچمی یەک دادوەری قۆشمە و قەرەقووشیشت نەدەبینی.

تۆ ئەو دەم وەکو جاری جاران، هەر هەمان ئەو ئێوارەیە بە گیرفانی پڕەوە ڕەوانەی نێو ماڵ و منداڵی خۆت دەکرایتەوە و لەم شەش ساڵەی کۆتاییشدا، لە باوەشی گەرمی ماڵ و منداڵیش بێ بەری نەدەبووی.

ئەو دەم نە فرمێسکی کیژۆڵەکەت دەبوو بە تابلۆ و نە خێزانیشت لە خەمی گرانی و قات و قڕی و بە تەنها بە خێوکردنی منداڵ دەبوو.

تۆ نەک هەر ئەمانە، ڕەنگە بەرنامەیەکیشت لە تەلەفزیۆنی وانێک بۆ تەرخان بکرایە لە ژێر ناوی "لەگەڵ شێروانیدا" و مانگانەکەشت لە دەفتەرێک دۆلار کەمتر نەدەبوو. یاخود لە کەناڵەکەی دیکەدا بووبای بە خاوەنی بەرنامەی ڕۆژانەی خۆت بە ناوێ "شێروانی هاتە خوار"، لێرەش مووچەت هەر بە دەفتەر دەبوو.

بەڵام ئەمڕۆ تۆ لە بەر ڕاستگۆیی و لە بەر دڵسۆزی و لە بەر وەفا و لە بەر باوەڕی تەواوت بەو وتانەی کە کردووتن، بەو ڕەخنانەی گرتووتن، وا شەش ساڵ لە کونجی زیندایت و وا شەش ساڵە خۆت ڕاگرتووە و، وا هەژدە ڕۆژیشە مانت لە خواردن گرتووە، لە پێناو میللەتێکدا قڕ و قەپ لێی دانیشتووە، بە دیار هەواڵی مووچە هاتووە یان نەهاتووە؟

سا ببوورە شێروان، نە میللەت شایەنی ئەو بەرگرییەی تۆ بوو و نە تۆش و خێزان و مناڵەکانیشت هەق بوو ئەو قوربانییەمان بۆ بدەن!

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟