وتار
لە نێوان ئاشبەتالی ١٩٧٥ی مەلا مستەفا و پرۆژەی یاسای پەرلەمانی تورکیای ئۆجەلان
Friday, 08.07.2026, 07:58 AM
.
لە نێوان ئاشبەتالی ١٩٧٥ و پڕۆژەی ٢٠٢٦ دووبارەبوونەوەی مێژوو یان وەرچەرخانێکی نوێ؟
بەشی یەکەم:
مێژووی سیاسی کورد پڕە لە هەوراز و نشێوی توند بەڵام هیچ ڕووداوێک بەقەد ئاشبەتال کاریگەریی دەروونی و سیاسی بەسەر نەوەکانی دوای ئاشبەتال جێنەهێشتووە.
لە کاتێکدا ساڵی ١٩٧٥ وەک برینێکی قووڵ لە یادەوەری کورددا ماوەتەوە ساڵی ٢٠٢٦ و پڕۆژە یاسای چەکداماڵینی پەکەکە لە پەرلەمانی تورکیا، وەک قۆناغێکی نوێ دەردەکەوێت کە زۆر کەس بەراوردی دەکەن بەو ساتەوەختە مێژووییە.
بەر لەوەی بچینە سەر خاڵە جیاواز و لێکچوو کانی هەردوو ساتە وەختە مێژوویەکە پێویستە بەکورتی تێبگەین ئاشبەتالی ١٩٧٥ چیە وە پرۆژە یاسای چەک داماڵینی پەکەکە لە پەرلەمانی تورکیا چیە؟
١. ئاشبەتالی ١٩٧٥: هەڵوەرینی خەونێک لە لوتکەدا
شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا گەورەترین و پڕچەکترین شۆڕشی سەدەی بیستەمی کورد بوو.
بەڵام لە ٦ی ئاداری ١٩٧٥ بەهۆی ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە نێوان سەدام حسێن و محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی هەموو شتێک گۆڕا ئێران و ئەمریکا
پشتیان لە کورد کرد و شۆڕشەکە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کۆتایی پێهات. بارزانی بڕیاری ئاشبەتالی دا ( واتای کۆتاییهێنان بە خەبات دێت) بۆ ئەوەی
ڕێگری لە کۆمەڵکوژی خەڵک و پێشمەرگە بکات.
٢. پڕۆژە یاسای ٢٠٢٦ تورکیای بێ تیرۆر و گۆڕانی ستراتیژی.
لەم چەند رۆژەی رابردوو پەرلەمانی تورکیا پڕۆژە یاسایەکی ناوی یاسای بەهێزکردنی پاڵپشتی نیشتمانی و یەکڕیزی کۆمەڵایەتی خستە بەردەم پەرلەمانتاران. ئەم پڕۆژەیە کە بە پشتیوانی زۆرینەی فراکسیۆنەکان (بە دەسەڵات و بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنەوە بە راوێژی تایبەتی ئۆحەلان)ئامادە کراوە باس لە چەکداماڵینی تەواوەتی پەکەکە و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە
دەکات ئەم هەنگاوە پاش زنجیرەیەک گفتوگۆ و بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هات بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و گۆڕینی بۆ خەباتی مەدەنی.
📌خاڵە لێکچووەکان
📍ڕۆڵی سەرکردەی کاریزما: لە هەردوو حاڵەتەکەدا، بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لە لوتکەی سەرکردایەتییەوە هات (مەلا مستەفا بارزانی لە ١٩٧٥ و عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢٠٢٥-٢٠٢٦).
📍کاریگەری هێزە دەرەکییەکان: وەک چۆن لە ١٩٧٥ ڕێککەوتنی عێراق و ئێران بووە هۆی داڕمان لە ٢٠٢٦یشدا گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە و گوشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەقامگیری ڕێڕەوەکانی وزە و بازرگانی، پاڵنەری سەرەکی بوون بۆ ئەم پڕۆژەیە.
📍شۆکی جەماوەری: هەردوو ڕووداوەکە لە نێو بەشێکی زۆری شەقام و لایەنگرانی کورددا وەک شۆک و هەندێکجار وەک تەسلیمبوون یان شکست لێکدەدرێتەوە لە کاتێکدا سەرکردایەتییەکان بە ناچاری و ستراتیژی ناویان دەبرد.
📍 پرسی چەکدانان: لە هەردوو وێستگەکەدا چەکدانان و گەڕانەوە بۆ ژیانی مەدەنی یان ئاوارەیی تەوەری سەرەکی بوو.
📌خاڵە جیاوازەکان
📍 شەرعییەتی یاسایی و پەرلەمانی:
١٩٧٥ ئاشبەتان بڕیارێکی سەربازی و سیاسیی کتوپڕ بوو، هیچ دەقێکی یاسایی یان پەرلەمانی لە بەغداد نەبوو کە مافی کورد بپارێزێت تەنها خۆبەدەستەوەدان بوو.
٢٠٢٦ باسەکە لەناو پەرلەماندایە پڕۆژە یاسایەک هەیە کە باس لە گەڕانەوەی گەریلا ومافی سیاسی و یاسای مافی هیوا دەکات واتە پرۆسەکە بەرگێکی یاسایی پۆشیوە.
📍بوونی نوێنەرایەتیی سیاسی (پارتی سیاسی):
لە سالی ١٩٧٥دا کورد لە بەغداد هیچ هێزێکی سیاسیی کاریگەری نەبوو کە بتوانێت بەرگری لە شۆڕش بکات دوای چەکدانان.
لە سالی ٢٠٢٦ کورد خاوەنی پارتێکی بەهێزە لە پەرلەمانی تورکیا (DEM Party ) کە دەتوانن وەک لایەنێکی گفتوگۆکار فشار دروست بکەن و پرۆسەکە لە ئاشبەتانەوە بگۆڕن بۆ ئاشتی.
📍 ئەنجامە مرۆیی و جوگرافییەکان:
ئاشبەتانی ١٩٧٥ بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس بۆ ئێران و چۆڵکردنی ناوچە ئازادکراوەکان.
پڕۆژەی ٢٠٢٦ باس لە داگرتنی گەریلا لە چیا و تێکەڵکردنەوەیان بە کۆمەڵگە دەکات نەک ئاوارەبوون و هەڵاتن.
📍جۆری دەستکەوتەکان:
لە ١٩٧٥ کورد هەموو شتێکی دۆڕاند (ئۆتۆنۆمی هەڵوەشایەوە).
لە ٢٠٢٦، چەکدانانی پەکەکە وەک تەنازول نابینرێت بەڵکو وەک گۆڕینی شێوازی تێکۆشان لە شەڕی چیا بۆ دەستووری نوێ و مافی نەتەوەیی لە ناوخۆی تورکیادا وێنا دەکرێت(هەڵبەت ئەم پرۆژیە قۆناغی یەکەمە هێشتا قۆناغی دووەمی ماوە.
🔴 پرسیاری سەرەکی ئەم بابەتەی ئێمە ئەوەیە ئایا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە؟
ئەگەرچی هەندێک لایەن پڕۆژەی ٢٠٢٦ بە ئاشبەتالێکی نوێ ناو دەبەن بەڵام جیاوازییە بنەڕەتییەکە لەوەدایە کە ١٩٧٥ بەرهەمی شکستێکی سەربازی و دیپلۆماسی کتوپڕ بوو، بەڵام ٢٠٢٦ وەک گرێبەستێکی سیاسی دەردەکەوێت کە تێیدا بزووتنەوەی کورد هەوڵ دەدات لە ڕێگەی یاساوە دەستکەوتەکانی بپارێزێت.
ئاشبەتالی ١٩٧٥ وانەیەکی تاڵ بوو کە فێری کوردی کرد تەنها پشت بە هێزە دەرەکییەکان نەبەستێت و پڕۆژەی ٢٠٢٦یش تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا دەکرێت ململانێیەکی ٤٠ ساڵە بە یاسایەک کۆتایی پێ بهێنرێت یان نا.
🟡 هێشتا ماویەتی بەم نزیکانە بەشی دووەمی ئەم بابەتە بڵاودەکەینەوە کە تیادا تیشک دەخەمە سەر ئاشبەتانی ١٩٧٥ شکستی چەک و سەرکردەێکی لەزۆک بەرامبەر خیانەتی نێودەوڵەتی بەڵام پڕۆژە یاسای سالی ٢٠٢٦ شکستی عەقڵ و ئیرادەیە لە بەرانبەر داگیرکەرێکی زیرەک.
چاوەڕوان بن بەم زووانە
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
ڕەنجدەر گڕاوی: مسروور بارزانی لە مەریخ و خەلک لە هەولێر
ڕەنجدەر گڕاوی: بەلێ کردتان! بەلام چیتان کرد؟
ڕەنجدەر گڕاوی: سەگ لە گوفەکخانە نەمڕێ عومری بە زایەح چووە عەدنان عوسمان بە نمونە
ڕەنجدەر گڕاوی: پاداشتی زۆرناژەنەکان
ڕەنجدەر گڕاوی: مزگەوت بە ئاوی حەمام
ڕەنجدەر گڕاوی: کۆنگرەی نەتەوەیی لە نێوان ڤیزای شنگن و تەقەتەقی لۆری بیرەدا!
ڕەنجدەر گڕاوی: بۆچی میدیای کوردی تازە خەبەری دەبێتەوە؟
ڕەنجدەر گڕاوی: دەرگاکان بە ڕووی دیپلۆماسییەکی شکاو و گەندەلی پارتی لە ئەمریکا دادەخرێن
ڕەنجدەر گڕاوی: بۆچی پەیەدە پێگەی بارزانی لە ڕۆژئاوا بەهێزکرد؟
دلێر محەمەد نوری: شێروانی، بەرگریکارێکی سەرسەخت لە میللەتێکی عەنتیکە!




