وتار
لە پەرلەمانەوە بۆ بارەگای حزب.
Tuesday, 11.03.2026, 05:03 PM
چۆن کەرامەتی دامەزراوەکان لەپێناو هەژموونی حزبی دەهاڕدرێت؟
ئەوەی لەم
هەرێمەدا ڕوودەدات، لەمێژە سنووری پێشێلکاریی یاسایی و نەریتی دیموکراسیی
تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە ئاستی سووکایەتییەکی ئاشکرا و بێشەرمانە بە کەرامەتی گەل
و چەمکی دامەزراوەی شەرعی.
پەرلەمانێک
کە دەبوو بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەل بێت، لە کرداردا
دابەزێنراوەتە ئاستی کۆمیتە و لقێکی حزبی کە بە ئارەزووی بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکان کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
بەپێی
سەرەتاییترین بنەماکانی یاسا نەریتی پەرلەمانی و تەنانەت ئەو پەیڕەوە ناوخۆییەی کە
خۆیان بە دەستی خۆیان پەسەندیان کردووە بانگهێشتکردنی ئەندامانی پەرلەمان بۆ دانیشتن
لە غیابی دەستەی سەرۆکایەتیدا تەنیا و تەنیا لە دەسەڵاتی بەتەمەنترین
پەرلەمانتاردایە (سەرۆکی کاتی).
بەڵام لە
سایەی ئەقڵییەتی چەتەکانی کوردایەتی دا، هیچ
پرەنسیپێکی یاسایی بوونی نییە کاتێک لەگەڵ بەرژەوەندیی تەسک و بڕیاری سەرکردایەتیی
حزبدا یەک نەگرێتەوە.
کاتێک حزبێک
بە فەرمی و بێ هیچ شەرمێک دەبێتە بانگهێشتکاری کۆبوونەوەی پەرلەمان ئەمە تەنیا
پێشێلکردنی یاسا نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی فەرمیی مردنی دەوڵەتداری و سەربەخۆیی
دامەزراوەکانە!
ئەم ڕەفتارە
پەیامێکی زۆر ڕوون و بێپەردەیە بۆ هەموو کۆمەڵگە:
هەڵبژاردن،
یاسا، پەیڕەو و پەرلەمان تەنیا دیکۆر و کەرەستەیەکی ماکیاژکراون بۆ فریودانی خەڵک
و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لە پشت پەردەی ئەم دیموکراسییە کارتۆنییەدا،
ئەقڵییەتێکی قۆرخکار و سوڵتانی هەیە کە من ناوم ناون چەتەکانی
کوردایەتی کە پەرلەمانتار وەک
کادیرێکی گوێڕایەڵی سەرکردایەتی و هۆڵی پەرلەمانیش وەک دیوەخانێکی فراوانکراوی
بارەگاکەی خۆی دەبینێت.
چ
سووکایەتییەک لەوە گەورەترە کە تەنانەت سەربەخۆیی تەکنیکی و ڕێکاریی سەرەتایی لە
بەرزترین دەزگای یاسادانان بسەنرێتەوە و بە ئاشکرا نیشان بدرێت کە کێ مووچەخۆر و
کێش خاوەن موڵکە؟
کاتێک یاسا
و ڕێساکان لەژێر چەپۆکی بڕیاری حزبی دەپووکێنەوە، ئیتر شتێک نامێنێتەوە بەناوی شکۆی پەرلەمان کە بتوانرێت دیفاعی لێبکرێت.
پەرلەمانێک
نەتوانێت بە بڕیاری سەرۆکە کاتییەکەی و بەپێی پەیڕەوەکەی خۆی کۆببێتەوە و چاوەڕێی
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و ڕاگەیەندراوی لقەکان بێت، لە ڕاستیدا دەمێکە بووەتە
بارەگایەکی حزبی و ناوی پەرلەمانی لێنراوە.
ئەم کارە
نەک تەنیا کەرامەتی یاسایی ئەو هۆڵەی شکاندووە بەڵکو تیروپێداکێشانێکی ئاشکرایە بە
ڕووی هەموو ئەو دەنگدەرانەی هێشتا وەهمی ئەوەیان لە مێشکدا مابوو کە دەکرێت لە
سایەی ئەم سیستەمە حزبییەدا دامەزراوەیەک هەبێت کەمێک سەروەریی بۆ مابێتەوە.
لە رێگای ئەم لینکەوە ئەم بابەتە بەشێوەی ڤیدیۆیی ببینە
https://youtube.com/shorts/ZJKYaK-a47k?si=H9hw4UiGAtVFmNAb
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس




