وتار
نەخخاسە یان نەقیزەی کۆیلەمانتار
Sunday, 11.08.2026, 02:24 PM
"النخاسة" وشەیەکی عەرەبیی کۆنە، کە لە کاری بنەڕەتی سیانی "نَخَسَ" ەوە هاتووە. "نَخَسَ" ەش، لە زمانی عەرەبیدا بە مانای "تێی ئاژەنی" یان بە دارێک لە ئاژەڵەکەی دا، تاوەکو بیخاتە جووڵە و چالاکی. من وشەیەکی پڕ بە پێستی ئەم وشەیەم، لە شاری سلێمانی گوێ لێبووە، کە تا ئەمڕۆش بەکاردەهێنرێت، کە ئەویش "نەقیزە" یە. نەقیزەش دیسان بە هەمان ئەو مانایەی سەرەوە دێت و بە زۆری بۆ گوێدرێژ و وڵاخ بە کاردەهێنرێت. هەندێ جاریش لە دووتوێی تەنزدا، بۆ مرۆڤیش بەکاردەهێنرێت. بەڵام هەرگیز چاوەڕوان نەبووم ڕۆژێک دابێت و بۆ پارلەمانتار بگرە کۆیلەمانتار بەکاری بهێنم.
بە کورتی لە کۆمەڵگای عەربیدا تا ئەو سەردەمەی بازرگانی بە مرۆڤەوە وەکو کۆیلە باو بوو، بازاڕی تایبەت هەبوون، بە کڕین و فڕۆشتنی کۆیلەکان. ئەم بازاڕەش ناودەنرا بازاڕی نەخاسە یان نەقیزە. بەڵام کێ باوەڕی دەکرد ڕۆژێک پارلەمانێک ببێ بەم بازاڕە و ئەندامەکانی ببن بە کۆیلە و بە نەقیزەی حزبی کڕیار دەست هەڵبگرن و دەست دابگرن؟
گەر ناهەقی نەکەین و دان بە هەندێک جیاوازیدا بنێین، لە نێوان کوێلەی جاران و کۆیلەمانتاری ئێستا، ئەوا دەبێت بڵێین، جاران جەستەی کۆیلە دەکڕدرا و دەفرۆشرا و کۆیلەی داماو، هیچ ئیرادە و ئازادییەکی نەبوو لەم مامەڵەیەدا. بەڵام کۆیلەمانتار خاوەن ئازادی تەواوە و خۆی خاوەنی خۆیەتی و خۆی نرخ لە سەر خۆیشی دادەنێت. کۆیلەمانتار جەستەی خۆی نافرۆشێ بەڵکو ویژدان و بەڵێن و سوێندی خۆی و متمانە هەزاران و سەددان هەزار مرۆڤ ئەفرۆشێت. جیاوازییەکی دیکەش ئەوەیە کە کۆیلەی جاران، بە چەند درهەمێک بە بێ ئیرادەی خۆی کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرا. بەڵام کۆیلەمانتار چونکە خۆی خاوەنی خۆیەتی، خۆی هەرزان فرۆش ناکات. بگرە لە سەدد دەفتەر دۆلارەوە بۆ پێنج سەدد دەفتەر، نرخەکەیەتی.
جیاوازییەکی دیکەش کڕیارەکانە. جاران هەموو کەسێکی پارەدار لە توانایدا بوو کۆیلەیەک بکڕێ، بەڵام هیچ ملیۆنێر و پارەدارێکی ئەمڕۆ کاری بە کۆیلەمانتار نیە، تا بیکڕێت. بەڵکو ئەوە حزبە پارەدار و دەسەڵاتدارەکانن، هەم پارەی کڕینی کۆیلەمانتاریان پێیە و هەمیش کاریان بە کۆیلەمانتار ئەڕوات.
جیاوازییەکی دیکەش ئەوەیە کە کۆیلەی جاران بە ئاشکرا دەبوو بە موڵکی کڕیار بەڵام کڕیاری ئەمڕۆ پێویستی بەوە نیە و بگرە نکۆڵیش ئەکات، کە ئەوەی کڕیوێتی کۆیلەمانتاری ئەون. نەک هەر ئەمەش بگرە شانازی بە خودخاوەنی ئەو و بە شان و باڵیشیدا هەڵ دەدات کە چەند ئازاد و چەند سەربەخۆیە. بەڵام لێی دڵنیاین ئەوەیە کە کۆیلەمانتار، هەم چاک چاک خۆی ئەناسێ و هەم کڕیاریش و هەمیش جەماوەریش.
پرسیارێکی هەم فەلسەفی و هەمیش لۆژیکی لێرەدا خۆی قووت دەکاتەوە، کە ئاخۆ چی گەرەنتیەک هەیە کە کۆیلەمانتاردواجار لە حزبی کڕیار هەڵنەگەڕێتەوە؟ ئەوەی تێبینیمان کردبێ، تاوەکو ئەمڕۆ، هیچ کام لەو کەسانەی نرخیان لە سەر خۆیان داناوە و خۆیان بە حزبی کڕیاری فرۆشتووە، نەک هەڵنەگەڕاونەتەوە، بگرە دڵسۆزتر لە خودی کڕیار، شەڕیان لە سەر کڕیار کردووە. خۆ ئەگەر ئەوەش نەبێت، بە ناوی سەربەخۆوە هەمیشە دەنگ و سەنگ و کار و چالاکییان، چووەتە خزمەتی کڕیارەوە. بەڵام ئاخۆ ئەم وابەستەگییە ئاسنینەی کۆیلەمانتار دەبەستێتەوە بە حزبەوە، چییە؟ وەڵامەکەی زۆر ئاسانە؛ لە گەڵ مامەڵەی کڕین و فرۆشتنەکەدا و لەو جێگەیەی پارەکە دەدرێت، ڤیدیۆیەک بۆ ئەرشیف، وەکو پەیمانەیەکە لە نێوان کڕیار و کۆیلەمانتار، بەڵام خۆێنی ستەملێکراو و فرمێسکی مناڵی باوک کوژراو و مەرەکەبی پەنجەی دەنگدەران ئیمزا کراون.
ئەوەی ماوەتەوە لەم وتارە ئاماژەی پێ بدەم خاڵێکی جەوهەرییە لە نێوان کۆیلەی جاران و کۆیلەمانتار. ئەویش ئەوەیە کۆیلەی جاران بۆ کاری فیزیکی قورس دەکڕدرا و لە زۆر حاڵەتدا دەخەسێنرا، تاوەکو هەموو هێزی سێکسی کۆیلەکە بچێتە خزمەتی ماسولکەکانی. ڕەنگە بڵێن کۆیلەمانتار ناخەسێنرێ، جا توو ئیمانتان گەر خەساندن ئاوها نەبێ، دەبێ خەساندن چۆن چۆنی بێ؟ تۆ حورمەت و کەرامەت و عیزەتی نەفسی خۆتت بۆ ئەو دەفتەرە دۆلارە دزراوانە بخەیتە ژێر پێی کڕیار لە کاتێکدا سوور ئەزانی ژیان پێنج و دوو ڕۆژێکە و ئەبڕێتەوە، ئەم نەفرەتەت چۆن کرد بە مەدالیای سەر سنگی خۆت و نەوەکانی داهاتووت؟
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
رەنجدەر گڕاوی: هەرێمی کوردستان و چیرۆکی سێ کەرەکە و وێرانیی شارۆچکەکە
رەنجدەر گڕاوی: بۆ مەلای دەسکەلا
رەنجدەر گڕاوی: لە پەرلەمانەوە بۆ بارەگای حزب.
رەنجدەر گڕاوی: پەیامێک بۆ موختاری بارزان و دەسەڵاتە مافیاکەی
رەنجدەر گڕاوی: تەوقی سەرشۆڕی لە دڵی هەولێر.
تەڤدا پرێس: ئەمریکا بەرگری لە كوردستانی کرد؛ ئایا بنەماڵەی بارزانی خیانەتی لەو متمانەیە کرد؟
ڕەنجدەر گڕاوی: پارادۆکسی بێدەنگی لەنێوان ئەوروپا و کوردستان
ڕەنجدەر گڕاوی: لە نێوان ئاشبەتالی ١٩٧٥ی مەلا مستەفا و پرۆژەی یاسای پەرلەمانی تورکیای ئۆجەلان
ڕەنجدەر گڕاوی: مسروور بارزانی لە مەریخ و خەلک لە هەولێر
ڕەنجدەر گڕاوی: بەلێ کردتان! بەلام چیتان کرد؟




