لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

دوێنی شەو لە هەولێر دوو جۆر مرۆڤ خەوتن

Sunday, 11.08.2026, 02:28 PM




کاتێک مۆسیقا لەسەر تەرمی شارێک لێدەدرێت: هەولێر لە نێوان جەهەننەمی قوڕاو و بەهەشتی چەتەکاندا!

دوێنی شەو لە هەولێر دوو جۆر مرۆڤ خەوتن

جۆری یەکەم ئەو خێزانە هەژارانەن کە بە دەنگی چڵپەچڵپی ئاوی ئاوەڕۆ و شڵپەی کەوتنی
کەلوپەلەکانیان لە خەو ڕادەپەڕن منداڵەکەیان لە باوەش دەگرن تا لەناو تەرمی
ماڵەکەیاندا نەخنکێت و تەماشای ڕەنجی پەنجا ساڵەی ژیانیان دەکەن کە چۆن دەبێتە
قوڕاوێکی ڕەش و بەرەو نادیار دەڕوات.

جۆری دووەم، ئەو نوخبە دەستڕۆیشتوو و بازرگانە چاو چنۆکانەن کە لەناو ستییە
قایمکراوەکانیاندا لە پشت پەنجەرەی دژەفیشەک و سیستەمی گەرمکەرەوەی مۆدێرنەوە
پەرداخەکەی دەستیان دەسووڕێننەوە و بە پێکەنینەوە سەیری ئەو بارانە دەکەن کە کەمێک
ئەولاتر، منداڵی هەژارێک دەخنکێنێت!

ئەمە سیناریۆی فیلمێکی هۆلیوود نییە ئەمە هەولێری ئەمڕۆیە شارێک لە ژێر یەک
ئاسماندا بەڵام دابەشکراو بەسەر دوو دۆزەخ و بەهەشتی تەواو دژبەیەکدا!

مۆسیقای ئەی ڕەقیب لەسەر وێرانەی قوربانییەکان لە کام وڵاتی دونیا لە کام سیستەمی حوکمڕانیی عەجایبدا بینراوە، لە بری دروستکردنی ژێرخانی ئاوەڕۆ و پاراستنی گیانی خەڵک، سەرۆکی حکومەت بە شانازی و چەپڵەڕێزانەوە
بچێت جادەی مۆسیقا بکاتەوە تا قیرەکەی سروودی ئەی ڕەقیب بژەنێت؟!

چ کۆمیدیایەکی ڕەش و چ سووکایەتییەکی بێشەرمانەیە بە کەرامەتی هاووڵاتی

تۆ شەقامێکت بۆ دروست دەکەن کاتێک تایەی سەیارەکەت پێیدا تێپەڕ دەبێت مۆسیقا لێبدات کەچی چەند کیلۆمەترێک ئەولاتر ژووری خەوتنی منداڵەکانت پڕ دەبێت لە پیساییی ئاوەڕۆ و دەنگی قیژەی دایکان دەبێتە تاکە مۆسیقای گەڕەکەکان! کاتێک تۆ ناتوانیت ڕێڕەوی ئاوێکی باران کۆنتڕۆڵ بکەیت، ئەو جادەی مۆسیقایەت بۆ کێیە؟

بۆ ئەوەیە تەپڵی ڕسواییی حوکمڕانییەکەت پێ بشاریتەوە یاخود دەتەوێت خەڵکی لێقەوماو بە دەمی هاواری خنکانەوە گوێ لە ئاوازە دەستکردەکانتان بگرن؟!
با ڕاستگۆ بین و پێچوپەنا بە قسەکانمانەوە نەکەین ئەم لافاوە تووڕەیی سروشت نییە
بەڵکو تاوانێکی ئەندازیاریکراوە! ئەم شارە باران نایخنکێنێت بەڵکو ئەو ستی و پڕۆژە بێسەروبەرانە دەیخنکێنن کە وەک قارچک بەسەر ڕێڕەوە سروشتییەکانی ئاوی هەولێردا سەپێنراون. چەتەکانی کەرت و بەشی حزبی، دۆڵ و چەمە سروشتییەکانی هەولێریان کۆنکرێتڕێژ کرد تا کۆشک و مۆڵی پێ دروست
بکەن و باخەڵی خۆیانی پێ پڕ بکەن، کەچی کاتێک بارانێک دەبارێت، تەنانەت مۆڵە
گەورەکانیشیان دەبنە حەوزی ماسی و تاوانی تەماحی ئەوانیش بە ژێرئاوکەوتنی کۆڵانە
کەنارگیرەکان باجەکەی دەدرێت.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و کاربەدەستە بازرگانەکانی ئەم شارە سەرقاڵی نمایشی خۆیان و کۆکردنەوەی پشکەکانیانن، خەڵکی ئەم پایتەختەش با بە لێزمەی بارانێک سەرگەردان بن!
هەموو شتێکی ئەم حوکمڕانییە وەک ئەو باڵەخانە شووشەبەندانە وایە کە بە یەک بەرد
هەڵدەتەکێن دەهۆڵی پڕۆژەی ڕووناکی و کارەبای ٢٤ کاتژمێری یان لێدەدا و وایان
پێشان دەدا هەولێریان کردووەتە نیۆرک و پاریس کەچی دەرکەوت تەنیا درۆنێکی
بێسەروبەر بەسە بۆ ئەوەی پایتەخت بخاتەوە سەردەمی تاریکستان و خەڵک بپاڕێنێتەوە بۆ
لای خاوەن مۆلیدەکان!

پڕۆژەکانیان وەک قاوغە شقارتە وان بە یەک پریشکەی ئاگر دادەڕمێن، بە یەک باران دەبنە گۆماو، تەنیا لە ڕیکلامی میدیا سێبەر و دەربارەکانیاندا شکۆدارن!

لافاوی ئاو نا لافاوی تووڕەیی ئەمەیە ئەو واقیعە تاڵەی ساڵانە لە هەولێر بە خوێن و فرمێسک دەنووسرێتەوە
-
بۆ دەستڕۆیشتووان و تاقمە دەسەڵاتدارەکە پۆز، سەفەری دیپلۆماسی فڕینی فڕۆکەی
تایبەت و سەروەت و سامانی بێشومار.
-
بۆ خەڵکی ڕەشڕووت و زۆرینەی بێدەنگ: ماڵوێرانی، کارەبای بڕاو و شەقامی پڕ لە
چاڵ و ترسی خنکان لە ژێر گڵی هەموو زستانێکدا.

بەڵام با حاکمانی ئەم شارە باش بزانن: ئێوە دەتوانن دیواری ستییەکانتان بەرزتر بکەن
تا دەنگی ناڵەی هەژارەکان نەبیستن دەتوانن لە تیڤییەکانتانەوە وا پیشان بدەن گوایە
هەولێر لە لوتکەدایە بەڵام ئەم قوڕاوەی کە ئەمڕۆ ماڵی هەژارانی پێ وێران دەبێت
ڕۆژێک دێت دەبێتە لافاوێکی مرۆیی و شەپۆلی تووڕەیی خەڵکێک کە ئیتر هیچ شتێکیان
نەماوە لە دەستی بدەن.

باران هات  فۆتۆشۆپی پرۆژەکانتان سڕدرایەوە و پۆخڵەواتی حوکمڕانییە شاشەییەکەتان
کەوتە سەر ئاو چیتر ناتوانن لە پشت ئەی ڕەقیبی سەر قیڕەکەتانەوە خۆتان بشارنەوە
ئەم شارە لە ڕاستیدا لە درۆکانی ئێوەدا دەخنکێت، نەک لە دڵۆپە بارانەکانی ئاسمان!


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟