وتار
شانۆگەری جرف الصخر کاتێک مەسرور و بافڵ خەریکی شەڕە قۆچن
Saturday, 11.21.2026, 12:30 PM
خۆش
نەبوو ڕەحمان!
شانۆگەری
جرف الصخر کاتێک مەسرور و بافڵ خەریکی
شەڕە قۆچن :
شانۆگەریەکە
لە سیناریۆ و دەرهێنانی: فایق
زێدان بە هاوکاریی تۆم باراک.
سپۆنسەر و هاوکارانی دەرهێنەر: ئێران،
تورکیا، سوریا و برایانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئیتار.
ڕۆڵی سەرەکی: نەوت
و گازی کوردستان
لەم شانۆگەرییەدا کەشتیوانە خۆماڵییەکان سەرگەرمی شەڕەقۆچێکی
بێکۆتایی ناوخۆیین ململانێی تەسکی حزبی و کەسیی نێوان پارتی و یەکێتی بە
دیاریکراوی نێوان مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی هەرێمی کوردستانیان کردووەتە
گۆڕەپانی ڕکابەری و تۆڵەسەندنەوەی سیاسی.
لە کاتێکدا نەخشەی ناوچەکە لەسەر مێزی هێزە هەرێمی و
نێودەوڵەتییەکان سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە ئەم دوو جەمسەرە بە شەڕی دەسەڵات و
دەستبەسەرداگرتنی داهات و پۆستەوە سەرقاڵن و بە دەستی خۆیان خەریکە تەواوی قەوارەی
هەرێمی کوردستانمان لەدەست دەدەن.
مێژوو پڕە لە شانۆگەری بەڵام ئەم شانۆگەرییەی بەغدا و
تاران و ئەنقەرە لە دەوری مێزێکدا بەرهەمیان هێناوە شاکاری هەموو وەرزەکانە
ناونیشانی نمایشەکە: پاکتاوی جرف
الصخر، چۆن بە یەک تیر هەرێم و نەوتەکەی ڕاو دەکرێت؟
سیناریۆکە زۆر سادە و لە هەمان کاتدا بێبەزەییانە و
وردە لە بەغداوە پەردە لەسەر نمایشەکە لادەبەن و یەکەم پەردەی درامەکە لە میلیشیاکانی
خۆیانەوە دەست پێدەکەن هەڵبژاردنی جرف الصخر ڕێکەوت نییە بەغدا لە ڕێگەی لێدان و
کۆنترۆڵکردنی دۆسیەی قاچاخچێتی لە ناوچەیەکی هەستیاری ژێر دەسەڵاتی گرووپە
چەکدارەکانەوە، دوو ئامانجی ستراتیژی دەپێکێت: لە لایەک پەیامێکی ڕوون دەداتە
واشنتن و تۆم باراک و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە گوایە قۆناغی سەپاندنی یاسا و
کۆتاییهێنان بە دەوڵەتی قووڵ و قاچاخچێتی دەستی پێکردووە لە لایەکی دیکەشەوە هەموو
بەهانە سیاسی و ئەخلاقییەکانی دەستی دەسەڵاتدارانی هەولێر و سلێمانی دەبڕێت.
کاتێک بەغدا بە شەقامی عێراقی و دنیا دەڵێت: فەرموون،
ئێمە دەستی خۆمان بڕییەوە و لە خۆمانەوە دەستمان پێکرد ئیتر چ بیانوویەک بۆ دەسەڵاتی هەرێم دەمێنێتەوە
کە نەوتی ئەم وڵاتە بە تەنکەر و بە قاچاخ لەسەر حیسابی میللەت دەفرۆشێت کەچی لە
هەمان کاتدا دەستەوەستانە لە بەردەم درۆنێکدا و ناتوانێت چوار کێڵگەی گازی کۆرمۆر
بپارێزێت؟ بەم جۆرە بەغدا پاساوێکی پۆڵایین بۆ پێشڕەویی سوپا بەرەو بیرە نەوتەکان
و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی وزەی هەرێم دروست دەکات شەقامی عێراقیش پێشوەختە
ئامادە کراوە تا لە بری ئەوەی وەک داگیرکاری سەیری پێشڕەویی هێزەکان بکات بە چەپڵەڕێزانەوە
لە ژێر ناونیشانی سەروەریی
یاسا و ڕێگری لە قاچاخچێتی
پێشوازیی لێ بکات ئا بەم فێڵە سیاسییە جرف الصخر دەبێتە کلیلی ڕاوکردنی هەرێم و
سامانەکەی بە یەک تیر!
بەڵام ئەوەی ئەم تراژیدیایە دەکاتە گاڵتەجاڕییەکی
مێژوویی و لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی مەترسیدارترە داڕمانی تەواوەتیی بەرەی
ناوخۆییە لە هەموو ئەزموونەکانی پێشوودا کاتێک بەغدا یان وڵاتانی دراوسێ هەڕەشەیان
لە هەرێم دەکرد شەقامی کوردی دەبووە قەڵغانی پاراستنی قەوارەکە بەڵام ئەمڕۆ شەقامی
کوردی چیتر چاوەڕێی پاڵەوان لە هەولێر و سلێمانییەوە ناکات بەڵکو بە بێئومێدی و
تامەزرۆییەکی تاڵەوە چاوەڕێی کۆتاییهاتنی ئەم شانۆگەرییە دەکات!
دەسەڵاتی خۆماڵی بە سیاسەتی برسیکردن بێمووچەیی
بەتاڵانبردنی سامانی گشتی و بێڕێزیکردن بە کەرامەتی هاووڵاتی پیرۆزییەکانی نیشتمانیان
لە دڵی خەڵکدا بەتاڵ کردەوە چەمکی قەوارەی هەرێم یان وا لەگەڵ گیرفانی خۆیان و
بەرژەوەندیی بنەماڵە و حزبەکانیان گرێ دا کە هاووڵاتیی برسی و چەوساوە ئیدی هیچ
بەرژەوەندییەکی لە مانەوەی ئەم مۆدێلەدا نابینێت.
میللەتێک کە
ساڵانێکە لە برسان و بێمووچەییدا دەهاڕدرێت گەیشتووەتە ئەو بڕوا تاڵەی بڵێت: با
بەغدا بێت هەر هیچ نەبێت دەزانین دوژمن کێیە و تاڵانچی کێیە لە بری ئەوەی بە ناوی
کوردایەتییەوە بمانچەوسێننەوە! ئەمە ئەو لوتکە شەرمەزارکەرەی سەرکەوتنە کە
دەسەڵاتی کوردی پێی گەیشتووە: وایان لە میللەتی خۆیان کردووە، داگیرکەری دەرەکی بە
ڕزگارکەر ببینێت لە دەست ستەم و ملهوڕیی خۆماڵی کاتێکیش هاووڵاتی متمانەی بە
سەروەریی خاکەکەی نەما هیچ قەڵایەک بە پێوە نامێنێت کە لە ناوەوە بە دەستی
خاوەنەکانی داڕمێنرابێت.
ئێمە ئەوەندە هاوارمان کرد: کاکە بەسە.. دزی و قاچاخچێتی و برسیکردنی خەڵک باجەکەی
قورسە،
خەڵک مەهاڕن و سەرمایەی ڕەوایەتیی خۆتان مەسووتێنن! بەڵام گوێیان لە کێ گرت؟ لە
بری گوێگرتن لە دەنگی شەقام و دڵسۆزان و خوێندنەوەی واقیعی تاڵی سیاسەت، دانیشتن
لە دیوەخانەکەی هێمن لهۆنی و شاشە ڕەنگاوڕەنگەکانی
ئاڤادا
خۆیان فریو دا لەبری ستراتیژی حوکمڕانی و ئاشتکردنەوەی میللەت گوێیان بۆ
شیعروەزنەکانی ئومێد خۆشناو لە ناو باراناودا شل کرد و لە فەلسەفە بێبنەکانی هێمن
هەورامیدا خەویان لێ کەوت! وایانزانی بە ڕیکلام و سپۆنسەری فەیسبووک بە
دەمکوتکردنی ناڕازییان و بەستنی چاکەت و پانتۆڵی قاتی مارکە دەوڵەتداری دەکرێت و
تۆفانە سیاسییەکان دوور دەخرێنەوە.
ئێستا لە کۆتایی ئەم درامایەدا کاتێک واقیعی بێڕەحم
بەسەر ئەو خەونە ڕەنگاوڕەنگانەدا دادەبارێت دەبێت بۆ پۆستی داهاتووی سەرۆکی
حکومەتی بەهێز بگەڕێین بەدوای هاشتاگی نوێدا:
#سەرۆکی_کابینەی_ئۆتۆنۆمی_پارێزگاری_محلی_مەسرور_لەجێی_ئومێد_خۆشناو!
چونکە ئەو پڕۆژەیەی بە فیز و گوتاری دەوڵەتی سەربەخۆ و
حوکمڕانیی تۆڵەسێن دەستی پێکرد وا دەبینین بە چ شێوەیەکی تراژیدی بچووک دەبێتەوە
بۆ پلەی موعید و پارێزگارێکی بێدەسەڵاتی ژێر فەرمانی فایق زێدان و بڕیارەکانی
بەغدا.
لە مێژوودا هیچ دەسەڵاتێک هێندەی ئەو دەسەڵاتە
مایەپووچ و پووچەڵ نییە کە بە لافی دەوڵەتسازی و ئیمپراتۆریەتەوە دەست پێبکات و لە
بەردەم دەرگای مەرج و بڕیارەکانی ناوەنددا بە دەستبەتاڵی کۆتایی بێت.
سیناریۆکە تەواو بوو پەردەی فریودان دادرایەوە و
بینەرانیش دەمێکە لەم ئەکتەرە خراپانە بێزار بوون کە نە ڕۆڵی دەوڵەتمەداریان پێ
گێڕدرا و نە خەمی میللەتیان خوارد. ئێمەش لەگەڵ خەڵکی ماندوو و برینداری ئەم
نیشتمانە هاوشێوەی ئەو دراما ئێرانییە لە کۆتاییەکەیدا ڕوو لە مەسرور و مەسعود و
بافڵ و قوباد دەکەین و دەڵێین:
بەڕاستی خۆش نەبوو
ڕەحمان!چەتەکانی کوردایەتی نە تامی نیشتمانتان هێشت، نە حوکمڕانی، نە
کەرامەت!
لم تكن ممتعة يا رحمن!
شعب يُطحن منذ سنوات في الجوع وانعدام الرواتب
وصل إلى قناعة مريرة يقول فيها: فلتأتِ بغداد، على الأقل سنعرف من هو العدو ومن هو السارق، بدلاً من
أن يضطهدونا باسم القومية الكوردية (الكوردايتي)! هذه هي القمة المخزية للنجاح التي وصلت
إليها السلطة الكوردية لقد جعلوا شعبهم يرى المحتل الخارجي كمخلّص من الظلم
والغطرسة المحلية وعندما يفقد المواطن الثقة في سيادة أرضه لن تصمد أي قلعة هُدمت
من الداخل بأيدي أصحابها.
لا توجد في التاريخ سلطة أكثر إفلاساً
وبطلاناً من سلطة تبدأ بادعاءات بناء الدولة والإمبراطورية، وتنتهي خالية الوفاض
أمام بوابة شروط وقرارات المركز.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس




