لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

دەرئەنجامی بەرایی ئەم ھەڵبژاردنە چی سەلماند!؟

Monday, 10.11.2021, 06:27 PM


ئەم ھەڵبژاردنە سەلماندی سلێمانیی زیندوترین شاری کوردستان و عێراقە.

ئەم ھەڵبژاردنە سەلماندی زۆرینەی خەڵکی کوردستان کە نزیکەی لە ٪‏٦٠ ی تێکڕای جەماوەرن، دژی ئەم حیزبانەی ھەرێمن و، خواستی گۆڕانکاریی ڕادیکاڵیان لە کۆی سیستمی سیاسیی و حوکمڕانیی ھەیەو، لە ھەر ساتێک دا گەر ڕێکبخرێن دەتوانن بە خرۆشانی جەماوەریی ستەمکاران بە دادگای گەل بسپێرن و، ڕاستەوخۆ بە خرۆشانی جەماوەریی ماڵی بەرپرسە حیزبییەکان بکەنە ئامانج.

ئەم ھەڵبژاردنە سەلماندی پارتیی و یەکێتیی نوێنەرایەتی نزیکەی لە ٪‏٢٠ ی کۆمەڵگای کوردستان دەکەن. چونکە نزیکەی لە ٪‏٦٠ ی خەڵک بەشدارییان نەکردوەو، لەو نزیکەی لە ٪‏٤٠ ەش کە بەشداریان کردوە: پارتیی و یەکێتیی کەمێک لە ٪‏٢٠ زیاتریان ھێناوە. ھەروەھا ئەم ھەڵبژاردنە سەلماندی کە یەکێتیی نوێنەرایەتی لە ٪‏٥ تا لە ٪‏٧ ی ناوچەکانی ژێر 'دەسەڵاتی ڕەھا'ی دەکات. لەکاتێکدا لە ھیچ کوێی دنیادا نییە کە لە ٪‏٧ ی جەماوەرت 'بە پارەو چاوسورکردنەوە' لەگەڵ بێت: کەچی بکوژ و ببڕ و داگیرکردنی زەوی موڵکی ھاوڵاتیان و داگیرکردنی زەوی موڵکی زانکۆی سلێمانی، ھەر خۆت بیت! چونکە ئەگەر دەرئەنجامی ناوچە دابڕێنراوەکانی لێدەربکرێت: پێگەی جەماوەریی یەکێتیی لە چوار شارەکەی ھەرێم لەوپەڕی لاوازی دایە. بە جۆرێکە نزیکە لە پێگەی جەماوەری یەکگرتو و کۆمەڵ.

ئەم ھەڵبژاردنە سەلماندی کە ئەمریکا لە تەکتیک و تەکنیکەکانی پێشوی ئێران بۆ گۆڕانکاری لە دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان تێگەشتوەو، بونی کازمی و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی تا ڕادەیەک پاک: ڕێگر بو لەوەی کە ئێران دەرئەنجامەکان بگۆڕیت. بەمەش بەرەی ئێران لە ھەرێمی کوردستان گەورەترین شکستیان ھێنا، بەتایبەت کۆمەڵی دادگەری و تەکەتول و کەسانی تری نزیک ئێران!

ئەم ھەڵبژاردنە سەلماندی کە خەڵکی کوردستان لە بزوتنەوەی گۆڕانی قبوڵ نەکرد کە ببێتە ھاوپەیمانی یەکێک لە ھێزە ھەرە گەندەڵەکانی کوردستان. بۆیە خەڵکی کوردستان گەورەترین سزای کەمەرشکێنیان دا. ئەڵبەتە لە یەکەم شەوی ڕێکەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتیی تا ڕۆژی ھەڵبژاردنەکان: لە شەش بابەتم دا ئاماژەم بەوەدا کە گۆڕان ستراتیژترین ھەڵەی پشتشکێنیان کرد کە بونە ھاوپەیمانی یەکێتیی. چونکە دەنگی پێشوی گۆڕان دەنگی جەماوەر بو، بەلام دەنگی یەکێتیی ھەمیشە دەنگی پارەو چاوسورکردنەوە بوە. تاکە چارەسەر لە بەردەم گۆڕان بۆ ئەوەی کەمێک ھەستێتەوە بریتییە لە: «بە زوویی ھاتنەدەرەوە ھەم لە حکومەت و ھەمیش لە حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی، دامەزراندنی ڕاگەیاندنێکی کاریگەر و بێلایەن و ستەمکار-ڕاماڵینەر، ڕێکخستنەوەی ناوخۆیان بە حیزبێکی مۆدێرنی شەفاف و گۆڕانکاری لە تەواوی پۆستە حیزبییەکانیان داو، بەکردەوە ڕۆشتنەوە ناو جەماوەر و دژایەتی کردنی سیستمی بنەماڵەیی و خێزانیی». چونکە ئەگەر خەڵک سیستمی بنەماڵەیی بە دڵ بێت ئەوا پارتیی پتەوترین گروپن! بەلام خواستی زۆرینەی جەماوەر حوکمێکی مەدەنی مۆدێرنی دیموکراتە.

ئەڵبەتە ڕونە، لە سزادانی گۆڕان دا: شاری سلێمانی سەرقافڵەی خەڵکی کوردستان بو. ڕاستە گۆڕان منداڵی سلێمانی بو، بەڵام سلێمانی سەلماندی کە دەرسی 'مێژوویی' بە ھەر ھێزێک دەدات گەر ببنە ھاوپەیمان گەندەڵکاران، تەنانەت با ئەو ھێزە کوڕی خۆشی بێت!

ئەم ھەڵبژاردنە سەلماندی خەڵک تاقەتی گوێگرتن لە قیڕە قیڕ و، ترسی لە چاوسورکردنەوە، نەماوە و، سەلماندیشی جەماوەر لەسەر خواستی خۆیان بۆ ڕەتکردنەوەی تەواوی سیستمی حیزبۆکراتی، جەسورن و، نە ڕاگەیاندن و نە ھێز و نە پارە قەناعەت بە زۆرینەی جەماوەر ناکەن کە واز لە خواستەکەیان بێنن. بۆیەشە جەماوەر لە ھەر ساتێک دا گەر بە باشیی ڕێکبخرێن: ئەگەری خرۆشانیان دژی ستەمکاران ھەیە، بەتایبەت لە زیندوترین شاردا کە سلێمانییە.

ئەم ھەڵبژاردنە سەلماندی ئەو کاندیدانەش کە سەرکەوتو بون 'پیرۆزیان بێت!'، نوێنەرایەتی زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی ناکەن. بگرە نوێنەرایەتی کەمینەیەکی کەم لە کۆمەڵگادا دەکەن.

ئەم ھەڵبژاردنە سەلماندی کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان بڕوای بە ھەڵبژاردن نییە لە ژێر دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی دا. بەو مانایەی زۆرینەی جەماوەری کوردستان قەناعەتی وایە ھەڵبژاردن لە ژێر دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی ناتوانێت گۆڕانکاری بێنێتە ئاراوە. چونکە دوو ھێزی خاوەن چەکداری حیزبیین.

ئەم ھەڵبژاردنە بۆ ئەمریکا و ئەوروپای سەلماند ئەوەی حوکمی کوردستان دەکات نوێنەرایەتییەکی زۆر کەمینەیە. ھەروەھا بۆ دنیای خۆراواشی سەلماند کە زۆرینەی خەڵک خواستی گۆڕانکاری ڕیشەییان لە ھەرێم دا، ھەیە!

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟