لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

ھەرێم.. جوگرافیایەک پڕ لە تارمایی و ترس

Sunday, 10.17.2021, 11:12 AM


ھەر لەسەرەتاوە سەرکەوتنی بەرپرسە ئەمنییەکانی بۆ لوتکەی دەسەڵات لە ناو حیزب و حکومەت لە ھەرێمی کوردستاندا پێشبینی باشی لێ نەدەکرا، ئەوەتا ئێستا ھەرێم لە ژێر کەشێکی پڕ لە ترسدا و دەژی و فۆبیا باڵی بەسەر شارەکانیدا کێشاوە.  
لە سنوری سلێمانی باس ھەر باسی ژەھر خواردنکردنی سەرکردەکانی یەکێتییە، دوای ئەوەی ھاوسەرۆکی ئەو حیزبە، بافڵ تاڵەبانی بە ئاشکرا بە میدیاکانی رایگەیاند کە بە دەسیسەی ئامۆزا ھاوسەرۆکەکەی ژھرخواردوو کراوە، ئێستا باس لە ژمارەیەک لە بەرپرسانی تری ئەو حیزبە دەکرێت، لەوانە مەلا بەختیار و شێخ جەعفەر و حەسەن نوری ( ناسراو بە وەستا حەسەن )، زانیاری بەردەست ھەیە کە ئەو کەسەی ویستوویەتی شێخ جەعفەر جێگری سەرۆکی ھەرێم دەرمانخوارد بکات لە ئاسایش دەستگیرکراوە.
ھەرچی ناوچەکانی بادینان و ھەولێر ھەیە لە سایەی ئەو کەشە ئەمنیەدا بە کۆمەڵ خەڵک دەستگیرکراوەو وەجبە بە وەجبە دادگایی دەکرێن و لە کاتی لێکۆڵێنەوەشدا ھەرچی سنوری مافی کەسێتییە لە مۆبایل و ھەژماریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شکێنراوەو چووونەتە ناو وردەکاری ژیانیانەوە، بەڵکو بەڵگەیەک بدۆزنەوە تا وەک شێروان شێروانی و ھاوڕێکانی ساڵانێک حکومی زیندانیکردن بدرێن.
ئەم کەشە ئەمنییە لای ھاوڵاتیانی ھەرێم بۆتە مایەی نیگەرانییەکی گەورە، کەشێکی ترس و تۆقاندنی بەسەر خەڵکەوە دروستکردووە. رای گشتی خەڵکی کوردستان پێیوایە ئەوەی لە ھەردوو ناوچەکە پیادە دەکرێت پاشەکشەیەکی گەورەیە لە قۆناغی پێش سەرکەوتنی ئەم کەسایەتییە ئەمنییانە بۆ لوتکەی دەسەڵات، بەڵام بەرپرسانی لوتکەی ئەم دەسەڵاتە بەلایانەوە کێشە نییە ھەرێم چی بەسەر دێت و دەچێتە چ دۆخێکەوە، ئەوان تەنھا بیر لە بەھێزبوونی پێگەی خۆیان دەکەنەوە لەسەر حسابی سەرکوتکردنی خەڵک و دروستکردنی کەشێکی پۆلیسی کە ھاوڵاتی بیر لەوە بکاتەوە دەستگیر نەکرێت، نەک بیر لە مسۆگەرکردنی مافەکانی لە ئازادی و لە مافی ھاوڵاتیبوونی خۆی بکاتەوە.
لە مێژووی ھاوچەرخی مرۆڤایەتیدا پەنابردنە بەر دەرمانخواردن بۆ پاکتاوکردنی نەیاران و دوورخستنەوەیان لە دەسەڵات، بووە بە بەشێک لە مێژوو، بەڵام ھێزە سیاسیەکانی کورد ھێندە دواکەووتوون، تازە بە تازە ئەو پرسە دەبێتە بابەتی ناوەندی سیاسی و رای گشتی خەڵکی کوردستان.
ھەر ماوەیەک تێناپەڕێت و دزە بە زانیاری دەکرێت کە ئەم بەرپرس، یان ئەو بەرپرسی سیاسی دەرمانخوارد کراوە، لە کاتێکدا تا ئێستا ناوەندی دادگایی و پزیشکی لە ھەرێمی کوردستان ھیچ زانیارییەکی لەو بارەیەوە رانەگەیاندووە، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم کارە نەکرابێت، بەڵام ھەموو ئەو زانیاریانەی لەو بارەیەوە رادەگەیەنرێت، دەبێت دادگاکان یەکلایی بکەنەوە.
لە سلێمانی دۆخی پێش ٨ تەموز دۆخێکی تەندروست نەبوو، ھەروەک دوای ئەو بەروارەش تەندروست نییە، پێش ٨ ی تەموز چالاکوان و رۆشنیبران لە زۆربەی شوێنەکاندا وا ھەستیان دەکرد کە چاودێری دەکرێن و سیخوڕیان بەسەرەوە دەکرێت، بوێریان نەدەکرد لە مۆبایلەکەی، یان ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ھاوڕێیەکی بەراشکاوی گفتوگۆ بکات، ھاوشێوەی سەردەمی رژێمی سەدام، ھەستدەکرا دار و دیوار گوێی ھەیەو، ھەموو شتێک لە ژێر چاودێری سیستەمێکی پۆلیسیدا بوو، بەڵام ئەمەی ئێستاش دەگوزەرێت ئاسایی نییە، ھەر رۆژەو زانیاری بڵاودەکرێتەوە کە بەرپرسێک ژەھرخواردوو کراوەو براوەتە دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەرکردن.
لەم دۆخەدا بۆ ئەوەی ئەو کەشە پۆلیسیە درێژە نەکێشێت، بە تایبەتی کە مێنتاڵێتی بەرپرسانی ئەمنی نزیکن لەیەکەوە، پێویستە ھەموو ئەو کەیسانە ببرێنە دادگا و لەوێشەوە دامەزراوەکانی کۆمەڵگا و ناوەندی زانستی ئێمە قسەی خۆیان ھەبێت، بۆ ئەوەی تاوانبار لە بێ تاوان جیابکرێتەوە.
ئەم رووداوانەی دوایی گەواھی ئەوەن کە بنەماڵە حوکمڕانییەکانی ھەرێم گەڕاونەتەوە بۆ زەمەنی سوڵتانە عوسمانیەکان کە بۆ کوشتنی جێنشینی ناو خێزانەکەشیان، پەنایان دەبردە بەر بەکارھێنانی ژەھر، بەبێ ئەوەی گوێ بە وژیدان و نەرێتی خێزانی و مرۆڤایەتی بدەن، تینووێتیان بۆ کورسی و لەزەتی دەسەڵات، ھەموو ھێڵێکی سوریان بۆ دەبەزاند.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟