TEVDA Press

کەمال چۆمانی

پارتی لە ھەڵبژاردنی عێراق دوو ئامانجی سەرەکی ھەبوو

| Friday, 10.29.2021, 11:58 AM |


پارتی لە هەڵبژاردنی پارلەمانیی عێراق دوو ئامانجی سەرەکیی هەبون؛ یەکەمیان رێگرتن لە دەرچونی فەیسەل کەریم خان برادۆستی بە هەر جۆر و نرخێک بێ، دوەمیان بردنەوەی هەڵبژاردنەکە.

واتا لای پارتی دەرنەچونی فەیسەل کەریم خان برادۆستی لە خودی بردنەوەی پارتی لە هەڵبژاردنەکە گرنگتر بو، ئەوە تێڕوانینی بنەماڵەی بارزانی بو.

راست فەیسەل کەریم خان برادۆستی دەرنەچو، بەڵام بنەماڵەی بارزانی هێشتا رازی نین چونکە فەیسەل کەریم خان برادۆستی بەتەنها نزیکەی نیوەی دەنگەکانی یەکێتی لە هەولێر بردۆتەوە و یەکەمی سەر هەمو کاندیدەکانی یەکێتییشە بێئەوەی کورسیی پارلەمانیی بباتەوە.

هۆکار؟

پارتی نەیاری سیاسیی قبوڵ نییە، هەرکەسێک جەوهەرییەن دژی بنەماڵەی بارزانی و پارتی بێ، مەحاڵە پارتی بە هیچ شێوەیەک قبوڵیبکا و بە مەترسیی وجودیی دەزانێ. پارتی لە مێژوی خۆیدا هەر عەشیرەتێکیش هاوڕایان نەبوبێت، بە زەبری هێز ناچاریان کردون، یان سەرۆک عەشیرەتەکەیان کوشتوە، وەک ئاغای سورچییەکان، حوسێن ئاغا، یان چی خراپەکاری هەیە بەرانبەریان کردون.

ماڵی کەریم خان هەم لەناو برادۆست و خەڵکی بەگشتیی پشتیوانییەکی زۆریان هەیە، هەمیش لە دەرەوە لەسەر ئاستی سیاسیی و دیپلۆماسیی پەیوەندییەکانیان باشە. ماڵی بارزانی ئەمەیان بۆ هەزم ناکرێ.

لای پارتی و بنەماڵەی بارزانی تۆ هیچ مەبە بەس سەر بە خۆیان بە و کۆیلەیان بە، تۆ هەمو شتێکیت، بەڵام تۆ ئەنشتاین یان غاندی بە، سەر بە خۆت بە و دژ بە سیاسەتەکانیان بە، تۆ هیچ نیت و دەبێت بەهەر جۆرێک بێ دژایەتییت بکرێ، تا ئاستی دەربەدەکردن و زیندان و تیرۆرکردن.
کەمال چۆمانی