لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

هەواڵ

نسکۆی گەل و ئاشبەتاڵی بارزانی

Monday, 11.08.2021, 03:22 PM


کە منداڵ بووین، کاتێک لە رادیۆوە گوێمان لە هەواڵەکانی شەڕی نێوان حکومەتی عێراق و کورد دەگرت، کە بە عەرەبی دەیانگوت: کوردە یاخیبووەکان (متمردون الاکراد). ئەو ناوە بۆ ئێمە وەکو سوکایەتیی و بێنرخکردنی کورد لێکمان دەدایەوە، پێمان وابوو، دەبێت بگوترێت (شۆڕشگێڕە کوردەکان)، جاری واش بوو بە مانگ ناوی کورد نەدەکەوتە نێو هەواڵەکانەوە، دواجار بەمەش رازیی دەبووین، کە هەرچییەک دەڵێن با بڵێن، تەنیا ناوی کوردی تێدا بێت و هەواڵێکی نوێ لەسەر پێشمەرگە و شۆڕش رابگەیەنێت. لای ئێمە ناوی (شۆڕشگێڕ) پێناسەیەک بوو لە هەستی کوردبوونمانەوە سەرچاوەی گرتبوو، نەک لە عەقڵەوە.
دوایی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا و خوێندنەوە و بینینی رووداوەکان، هەروەها هەڵسوکەوتی بەرپرس و سەرکردەکان، گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە پێناسەی (کوردە یاخیبووەکان) راستترە، نەک (شۆڕشگێر)، چونکە پێناسەی زانستی ئەو بزووتنەوەیە، یاخبوونە! یاخیبوونی کۆمەڵێک سیخوڕ و خائین و بەکرێگیراوە، کە ئەو کارەیان پێسپێدراوە، نەک شۆڕشگێڕ، کە لە ناوەرۆکدا بۆ کورد هیچ داخوازییەکیان پێ نییە و بە دروشمی (کوردستان، یان نەمان) و (کەرکوک قودسی کوردستانە) ماڵی کوردیان پێوێران و سەرگەردان کردووە.
ئەوەشمان زانی، کە پێش ئەو یاخیبوونە و لە سەردەمی پادشایەتیی عێراق و عەبدولکەریم قاسمدا تا نزیکی چیای حەمرین زۆربەی دانیشوانی ئەو ناوچانەکورد بوون، بە پێچەوانەوە دەستکەوتی ئەو یاخیبوونە چۆڵکردن و پاکتاوکردنی کورد بوو، کە تا ئیستاش بەردەوامی هەیە و نەوەی خائینەکان بەردەوامی پێدەدەن.
بە قسەی عیسا پژمان کە لە پاریس لە چاوپێکەوتنێکدا باسی کردووە،
هەر جارێک مەلا مستەفا چووبێتە حزوری شای ئیران دەستی ماچ کردووە.
(وێنەکە کاریکاتێرە)
ئەمڕۆ نزیکەی (46) ساڵ بەسەر کۆتایی شەڕی چەکداری و یاخیبوونەکەی مەلا مستەفا تێدەپەڕێت، کە ماوەی(14) ساڵی خایاند، لە (16/9/1961)- (6/3/1975)، بەوەش کۆتایی پێهات، کاتێک حکومەتی عێراق لەگەڵ ئێراندا رێککەوت و شای ئێران دەستبەرداری کورد بوو. مەلا مستەفا چووە خزمەت شای ئێران و رایگەیاند، کە کاری ئەو تەواو بوو (اراده خدا بود و کار من تمام شد)، بەمە رووی راستەقینەی مەلا مستەفا و یاخیبوونەکەی دەرکەوت، بەو قسەیە ددانی بەوەدا نا، کە ئەو شۆڕشی بۆ کورد نەکردووە، بەڵکو کارێکی بۆ شای ئێران بەجێهێناوە، ئیستا کارەکە تەواو بووە. بە دوای ئەمەدا هەر یەکە بەلایەکدا وەلبوون، بەشێکیان خۆیان رادەستی حکومەتی بەعس کرد و بەشەکەی دیکەشیان کوردستانیان جێهێشت. بە پێی بەڵگەنامەکان مەلا مستەفا و ئەو بەرپرسانەی لەگەڵیدا بوون، لەرووی داراییەوە سندوقی شۆرش (٢٤)ملوێن دیناری ئێراقی تیابوە ئەو کاتیش ھەر دینارێک لە سێ دۆلار زیاتر بوە واتە کۆی پارەکە نزیکەی (٧٥)ملوێن دۆلاری ئەو کاتە بوە، ئەو هەموو پارەیەیان لەگەڵ خۆیاندا برد و چوونە ئێران، لەوێوە مەلا مستەفا بۆ ئەمەریکا چوو. من بۆ خۆم یەکێک بووم، لەو هەموو کەسانەی خۆمان رادەستی رژێم کردەوە و گەڕاینەوە شار. (لە کاتێکی تردا بە درێژی لەسەر ئەوە قسە دەکەین.
کاتێکیش رژێمی شای ئێران رووخا و کۆماری ئیسلامی راگەیەندرا، بە ماوەیەکی کورت مەلا مستەفاش لە ئەمەریکا بە نەخۆشی (شیرپەنجە) کۆچی دوایی کرد، کوڕەکانی مەلا مستەفاش (ئیدریس و مەسعود) لە ئێران شاری (کەرەج) نیشتەجێ بوون، هەوڵیان دا جارێکی دیکە خۆیان کۆبکەنەوە، قیادە موەقەتەی پارتییان راگەیاند، یەکەم کارێک ویستیان ئەو شورەییە لە خۆیان بتەکێنن و لە بری (ئاشبەتاڵ)، پێناسەی (نسکۆ) بخەنە شوێنی. (نسکۆ) عەقڵی کوڕەکانی مەلا مستەفا نەبوو، چونکە لە کوردییدا کۆڵەوارن، ئەو پێشنیارە نووسەر و خوێندەوراە  خۆفرۆشەکانی کورد بوو، کە ئەو ناوەیان هەڵبژارد، تا جێگای ئاشبەتاڵ بگرێتەوە، خیانەتی بارزانی بخزێننە نێو (نسکۆ)ەوە تا وەکو قوربانی تەماشابکرێن.
نسکۆ بە واتای کارەسات و نەهامەتیی، کە لە رێگای بەیاننامە و ئەدەبیاتی خۆیان هەوڵیان دەدا ناوی (ئاشبەتاڵ) لەو پێناسەیە بکەنەوە، لەو کاتەوە لای ئەوان (نسکۆ) جێگای ئەشبەتالەکەی کردۆتەوە، هیچ ئەندام و کەسێکی خۆیان بۆی نییە جگە لە نسکۆ ناوێکی دیکە بەکار بهێنێت.
ئیستا و پاش تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرە، کاتێک باسی ئاشبەتاڵ دەکرێت وەکو پێویست بە شێوەیەکی زانستییانە لێکۆڵینەوە و شیکاریی بۆ ئەو یاخیبوونە چەکدارییەی مەلا مستەفا نەکراوە، ئەوەی کرابێتیش نازانستیانە و دوور لە بەرپرسیارێتی مێژوو، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و لاینگیریی و سۆزداریی حیزبایەتیی بووە، تەنانەت لە بەکارهێنانی (ئاشبەتاڵ) یان (نسکۆ) بۆ هەرەسی ئەو یاخیبوونە نەچەسپێنراوە، هەر کەسێک هەڵسابێت بە پێی نرخی رۆژ قسەی لەسەر کردووە. منیش وەکو کەسێک کە لە ناو کۆتاییەکەیدا ژیام، لێرەدا ئەو مافە بەخۆم دەدەم، بۆ پێناسەکردنی هەرەسی ساڵی 1975، ئەم نووسینە تەرخان دەکەم، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، کە ئایا ئەمە نسکۆ بوو، یان ئاشبەتاڵ؟ دەمەوێت ئەو دوو پێناسەیە لە رووی زمانەوانی و مێژووییەوە یەکلا بکەمەوە، هەڵبەت ئەوەندەی لە توانای مندا بێت، هەوڵ دەدەم پێناسە راستەقینەکەی بدۆزمەوە.
پێشەکی دەبێت بگوترێت، کە ئەوەی کتێبی (موساد لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ/ لە نووسینی شەلەمۆ نکدیمۆن) بخوێنێتەوە، بە ئاسانی لە هۆکاری سەرنەکەوتن و پاشەکشەی مەلا مستەفا لە یاخیبوونەکە تێدەگات، کە شۆڕش و بەڕێوەبردنی رێکخراوی سیاسیی و کۆمەڵگایەکی مەدەنی لە ئاستی بیرکردنەوە و کەسایەتییەکی وەکو مەلا مستەفادا نەبوو. ئەو کابرایەکی عەشایەری نەزان و دواکەوتوو بوو، نەیدەزانی شۆڕش و حیزبایەتیی یانی چی، تەنانەت جگە لە خێڵ و عەشرەت، نەیزانیوە کورد نەتەوەیە و جیاوازی نەتەوە لەگەڵ عەشرەتدا چییە، بۆیە سۆرانیی وەکو عەشرەتێکی جیاواز سەیرکردووە، بە ئەمڕۆشەوە، کە کوڕ و نەوەکانی ئەو بیرکردنەوەیەی باوکیان هەیە و ئەو خیانەتە بەردەوامی پێدەدەن، بەو بەرپرس و سیاسییە کوردانەشەوە وەک بنەماڵەی تالەبانی و برایم ئەحمەد کە تێکڕا هەموویان لاپەڕەیەکی رەشیان لە مێژووی شکستەکانی کورد تۆمار کردووە، کە نابێت (گەل و مێژوو) لە هیچ کامیان خۆش ببێت.
سەرەتا لەوێوە دەست پێدەکەین و هەوڵ دەدەین هەردوو ناوەکە ماناکەی لێکبدەینەوە و لە رووی زمانەوانییەوە پێناسەکەی راستبکەینەوە، بزانین ماوەی چواردە ساڵ، ئەو (یاخیبوون)ــە، کە پێی گوتراوە: (شۆڕش) کامیان راستترە؟
ئایا دەشێت بە چەکدارەکان بگوترێت (پێشمەرگە)؟
هەروەها بە مەلا مستەفا بگوترێت (سەرکردە و پێشەوا)؟
بۆ وەڵامدانەوە و یەکلاکردنەوەی هەموو ئەمانە، پێویستمان بە بەڵگە و بە فاکت هەیە، کە لە خوێندنەوەی مێژووەکە و هەڵسوکەوتی سەرکردەکاندا بە هاسانی بەڵگەکانمان دەست دەکەوێت، بەڵام تاکە بەڵگەیەکی بەهێز بۆ چەسپاندنی وەڵامەکە، ددان پێدانانی مەلا مستەفا خۆیەتی، کە دەڵێت: (کاری من تەواو بوو)، ئەم قسەیەی مەلا مستەفا وەڵامی هەمووی پرسیارەکانی پێوەردەگرینەوە، کە ئەوەی ئەو (شۆڕش) نەبووە، بۆ خزمەتی دەوڵەتی ئێران کردوویەتی. ئەوانەی کە چەکیشیان هەڵگرتووە، هەموویان پێشمەرگە نەبوون، مەلا مستەفا فێڵ و درۆی لەگەڵیاندا کردووە، ئەو چواردە ساڵە لە نائاگایی و خیانەتی سەرکردەکانەوە وەکو پێشمەرگە بەکاریهێناون خۆیان کردۆتە قوربانی خاک و خەڵکی نیشتیمان، کە پێیان وابووە مەلا مستەفا و پارتیی شۆڕشیان کردووە بۆ ئازادی و سەربەخۆیی . ئاگایان لەوە نەبووە، کە مەلا مستەفا چ کارە بووە، چۆن لە ژێرەوە خیانەتی لە گەل و نیشتیمان کردووە، ئەم کەسە دڵسۆزانە دەتوانرێت پێیان بگوترێت (پێشمەرگە) و شەهید، بەڵام دوای جاڕدان و راگەیاندنی ئاشبەتاڵ کە مەلا مستەفا تەواوبوونی کارەکەی بۆ شای ئێران ئاشکرا کرد، ئیدی هەر کەسێک چەکی بۆ پارتیی و بنەماڵەی بارزانی هەڵگرتبێت، پێناسەی پێشمەرگە نایگرێتەوە، لە باشترین حاڵەتدا ئەگەر وەکو جاش سەیر نەکرێت، ئەوا دەبێتە چەکدارێکی بەکرێگیراو. مەلا مستەفاش نابێتە (سەرکردە و پێشەوا)، بەڵکو کەسێکی ناپاک و خائین، چونکە بە ددانپێدانانی خۆی کاری بۆ داگیرکەر و دوژمن کردووە، نەک خەباتی بۆ گەلێکی ژێردەستە کردبێت. گەلی وشیار ئاوا مێژووی خۆی دەنووسێتەوە و دەخوێنێتەوە.

ئاشبەتاڵ

ئاش بە تاڵ:
(1): ئاشبەتاڵ: وتەیەکە ئاشەوان بە دەنگی بەرز دەیڵێ لە کاتێکدا کە ئاشەکەی دانی نەمابێ بۆ ئەوەی کە باراشی بۆ بەرن (لاپەڕە 4 - فەرهەنگی خاڵ).
(2): ئاش بە تاڵ: دەست لە کارکێشان (لاپەڕە 7 - هەمبارەبۆرینە).
(3): ئاشبەتاڵ: (Fiasco) تێشکانی تەواو، سەرنەگرتنی یەکجاری، ئاشبەتاڵ، نشوستی، مایەی ئابڕووچوون: The party was a complete fiasco (فەرهەنگی کوردستانیکا).
لە مانای ئاشبەتاڵدا وەکو لەو سێ فەرهەنگە کوردییدا هاتووە، هەر یەکە بەجیا ماناکەی لێکدراوەتەوە، لە هەموویان راستتر فەرهەنگی خاڵە، ئەویش جاڕدانە بۆ کارێک کە هەواڵی کۆتاییەکەی رادەگەیەنێت.
ئاشبەتاڵ، ئاوەڵناوە بۆ کارێک کە مرۆڤ دەیکات. پێشوەخت کارەکە زانراوە و مرۆڤ بڕیاری لەسەر دەدات، کە بە پێی کاتێکی دیارییکراو بڕیار دەدات ئاشەکە بەتاڵ بکات. ئاشبەتاڵ. (نسکۆ) نییە. وەک هەندێک کەس پێیان وایە کە ئاشبەتاڵ واتا مایەپوچی.
مایەپوچی زیاتر تێرمێکی ئابوورییە، نەک سیاسیی، کەسێکی بازرگان ئیفلاسیی و نابووتی خۆی رادەگەیەنێت.

نسکۆ

نسکۆ:
(1) نسکۆ: رەت، سەرسم، هەڵنەگوتن (هەمانە بۆرینە لاپەڕە 865).
(2) نسکۆ: نووچبردن بە توندی (فەرهەنگی خاڵ لاپەڕە 473، ل 476).
نسکۆ وەکو روونکردنەوە لە واتای ئەم وشانەشەوە نزیکە: (ساتمە، سەرەنگرێ، تەسە، نوچ، تەڕپل، تەپوخ، نوچکەبردن، لەتر، هەڵ ئەنگووتن، کەوتنەخوارێ، کەوتن.).
سمدان و هەڵخلیسکان بۆ تاکە.
نسکۆ بۆ کۆیە، وەک ئەوەی کەسێکی نەشارەزا و بێئاگا بە سواری وڵاخێکەوە بە هەورازێکدا سەردەکەوێت لە پڕ وڵاخەکە سم ئەدات، یان کەسەکە بەپێی خۆی بڕوات، هەڵدەخلیسکێت. بەڵام نسکۆ لە هەموو ئەمانە گەورەترە.
کورد ناڵێت: نسکۆی کرد. نسکۆ روودانێکی کوتوپڕییە لە خودی خواست و کات و بڕیاری مرۆڤەکەوە خۆیەوە روونادات.
نسکۆ روودانە، ئاشبەتال روودان نییە،  سەرەنجامی بڕیارێکە، کە نسکۆی لێکەوتۆتەوە و قوربانیی و ماڵوێرانی زۆری لێبێتەوە. دوور لە ئیرادەی کۆمەڵگا و خەڵکی. ئەمیش دوو جۆرە:
یەکەم، نسکۆکی سروشتی وەکو لافاو، بومەلەرزە... هتد.
دووەم، نسکۆی ناسروشتی، واتا مرۆڤ هۆکار بێت و بیکات، وەکو کارەساتی جەنگ و پلانی قەڵاچۆکردن و جینۆساید.
ئەوەی کە لێی دەقەومێت، نسکۆی لێبەسەردێت، ئەوەی کە دەیقەومێنێت، ناگوترێت نسکۆی کرد، وەکو ئەم باسەی ئێمە دەگوترێت ئاشبەتاڵی کرد.
لە نسکۆی ناسروشتییدا کە ئاشبەتاڵە توانبار و تاوانلێکراو دیارە.
تاوانبار مەلا مستەفا و پارتییە، قوربانی ئەو خەڵکەیە (میللەت و پێشمەرگە و ئەوانەی زەرەرمەند بوون).
قوربانی وەکو یەک سەیر ناکرێن، مەلا مستەفا تاوانبارە، چونکە کارەکەی بۆ ئێران کرد و ئاشبەتاڵەکەی بە ئاگاییەوە راگەیاند. ئەو قوربانی نییە، تا پێناسەی نسکۆ خۆی و بنەماڵە و حیزبەکەی بگرێتەوە. بەڵکو پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بوونە قوربانی، کە خۆیان تەسلیمکردەوە، یان شەهید بوون.
بنەماڵەی بارزانی و پارتیی ئاشبەتاڵیان کردووە، نسکۆیان بەسەردا نەهاتووە، بە پارەیەکی زۆرەوە گۆڕەپانەکەیان چۆڵ کرد و چارەنووسی خەڵکیان دایە دەست رژێمی بەعس. ئیستا ئەمان دەیانەوێت وەکو خەڵکی کوردستان لە رێگای پێناسەی (نسکۆ)وە وەکو قوربانی بچێتە مێژووەوە.

لە کۆتاییدا ئەوەی راستترە بگوترێت ئەوەشیانە، کە کاتێک باسی ئاشبەتاڵ، یان نسکۆ دەکەین، بۆ ئەوەی دەستبەرداری پێناسە راستەقینەکەی نەبین کە ئەوەی بە دەستی مەلا مستەفا کرا (ئاشبەتاڵ) بوو، ئەوەی رووشی دا نسکۆ بوو، دەبێت بەم شێوەیە ناوی بهێنین و قسەی لەسەر بکەین:

1) ئەوەی روویدا نسکۆی گەل بوو بەهۆی ئاشبەتاڵی بارزانیی.
یان
2) نسکۆی گەل و ئاشبەتاڵی بارزانی


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟