هەواڵ

قازانجی ڤیزای بیلاڕوسیا بۆ كێ بوە؟

Saturday, 11.20.2021, 07:40 PM


لەماوەیەكی زۆر كەمدا لەكوردستان وەرگرتنی ڤیزای بیلاروسیا وەك دیاردەیەكی گەورە سەری ھەڵداو ئەوەی بەتەمای كۆچكردنیش نەبووبێت لەو چەند مانگەی ڕابردوو ھەوڵی بەدەستھێنانی ڤیزای ئەو وڵاتەیداوە تا لەڕێی پۆڵۆنیاوە بەقاچاغ بگاتە ئەڵمانیا و وڵاتانی تری ئەوروپای ڕۆژئاوا.
پەنابەرو كۆچبەرانی كورد ھەمیشە لەڕێگەی توركیاوە دەگەیشتنە ئەوڕوپا بەڵام لەم ھاوینەدا  لەگەڵ پەیدابوونی كێشەكانی نێوان بیلاروس و ئەوڕوپا ڕوویان وەرگێڕاو بەلێشاو خۆیان گەیاندە بیلاروس .
كۆمپانیا گەشتیاریەكانیش ڕۆژ دوای ڕۆژو تەنانەت سعات دوای سعات نرخی تكت و ڤیزایان بەرزدەكردەوە لەسەر خوازیاران.
لە ٢ ھەزارو ٣٠٠ دۆلارەوە گەیشتە ٤ ھەزارو ٢٠٠ دۆلار، لە کاتێکدا نرخی  ڕاستەقینەی ڤیزا ھەر وەكو خۆی و بە هەمان نرخ بوو.
لە کاتێکدا زۆر لە  كۆمپانیا گەشتکاریەكان ئەگەر لەگەڵ كاربەدەستێكی باڵای كوردستانیان لەپشتەوە نەبێت بەردەوام هەوڵی سانسۆرکردنیان دەدرێت . جێگای سەرنجە لەم مەسەلەیەدا بە گشتی دەستیان کراوە کرابۆوە و ئازادکرابون ئەمەش نیشان دەدات جگە لەوەی کە لە ڕوی پارە و قازانجەوە ئەمانیش سودمەند بون لە هەمان کاتدا ئەو راستیە دەخاتە ڕو کە بە گشتی سەرانی پارتی و یەکێتی پشتیوانی ئەو کۆچە بە لێشاوە بن بۆ  هەندەران و  داواکاربون بۆ ئەوەی ھیچ سانسۆڕێك نەخرێتە سەریان ھەم لەبەرزكردنەوەی نرخ و ھەمیش لە ڕێژەی وەرگرتنی ڤیزا. كە بەئاشكرا دیاربوو بۆ كۆچكردنە بەرەو ئەوڕوپا.
ئێستا دەركەوتووە كە وەرگرتنی ڤیزاو ناردنیان بۆ بیلاروس سیاسەتێكی تری یەكێتی و پارتی بووە تا بەھۆیەوە وەك هەمیشە ھەم خەڵك بڕوتێننەوەو پارەیەكی زۆرو زەوەند بكەوێتە دەستی ھاودەستە پلە سێیەكانیان، هەم پیشانی دونیای بدەن و بڵێن خەڵكی پەنابەرو كۆچبەر بەڤیزا لەڕێی فڕۆكەخانە نێودەوڵەتیەكانی ھەولێرو سلێمانیەوە بەئازادی و سەربەستی سەفەر دەكەن بۆ ئەوەی بەقاچاغ بگەنە ئەوڕوپا. بۆ ئەوەی بەئەوڕوپا بڵێن كە كۆچبەران ڕایان نەكردووە بەڵكو بەئاگاداری دەزگاكانی ئاساییشی ھەرێم سەفەر دەكەن كەچی سەفەرەكەیان بەكاردەھێنن بۆ پەڕینەوە بۆ وڵاتانی ئەوڕوپای ڕۆژئاوا.
یەكێتی و پارتی لەحكومەتی ھەرێمی كوردستاندا بەو سیاسەتەوە كۆمپانیا گەشتیاریەكانیان ڕاسپارد بەشێوەیەكی چڕو بڵاو ڤیزا بۆ خەڵك وەرگرن و ڕۆژ دوای ڕۆژیش نرخی بەرزبكەنەوە بۆ ئەوەی خواست لەسەری زیاد بكات.
ئێستا با بزانین لەڕووی ماددیەوە ئەو كۆمپانیاو بەرپرسە باڵایانەی حكومەتی ھەرێم چەندیان قازانج کردووە؟
تەنھا لەپارێزگای ھەولێر ٣٦٢١ كەس ڤیزای پێدراوە.
ئەگەر بەتێكڕا ناوەندینەیەك وەرگرین بۆھەر ھەرتكت و ڤیزایەك لەنێوان سەرەتا و كۆتاییدا دەتوانین مەبلەغێكی تەخمینی وەدەست بھێنین.
سەرەتاكانی ئەو دیاردەیە تكت و ڤیزا بەنرخی ٢ ھەزارو ٣٠٠ دۆلار دەفرۆشرا و لەكۆتایشدا گەیشتە ٤ ھەزارو ٢٠٠ دۆلار.
تێكڕای ناوەندێتی دەكاتە ٣ ھەزارو ٣٠٠ دۆلار.
بۆ پارێزگای ھەولێر
٣٦٢١ تكت و ڤیزا جارانی ٣ ھەزارو ٣٠٠ دۆلار دەكەین. دەكاتە؛ ١١ ملیۆن و ٩٤٩ ھەزارو ٣٠٠ دۆلار.
پارەی فەحسی كۆڕۆناش دەكاتە؛ ١٤٤ ملیۆن و ٨٤٠ ھەزار دینار، ئەویش وەك داھاتێكی گەورەی ناوخۆییە كە ناچێتەوە خەزێنەی حكومەت.
وێڕای ئەوەی كە تێچووی ھیچ تكت و ڤیزایەك نەگەیشتۆتە ھەزارو ٥٠٠ دۆلار، لەھەر مامەڵەیەكدا تەنھا ٤٥٠ دۆلار بۆ بیلاروس بووە ئەوەیتر ھەمووی قازانجی كۆمپانیاكانی سەر بەدەست و پێوەندەكانی دوو بنەماڵە داسەپاوەكەی ھەرێمی كوردستانە.
لەناویشیاندا ھەندێ كۆمپانیایتر ڕێیان بۆ خۆشبوو تا ئەوانیش قازانجی ناڕەوا لەو بوارەدا بەدەستبهێنن.
نمونەی كۆمپانیا گەورەكانی ڕوتانەوەی كۆچبەران ئەمانەی خوارەوەن و بەشێكن لەو یاریەی كە دەستەڵاتدارێتی كوردستان بەخەڵكی كۆچبەر دەیكات.
‏Mellow Jet
‏Fly Hawa
‏Havana Travel
‏Wenay auropa
‏Butink Turizim Emlak
‏Panda Group Travel
‏Barzinja Sky
‏Fly Erbil
‏Just Travel
‏Alav Travel
‏Lady Travel

مامەڵەی جەیش و پۆلیسی بیلاروس و پۆڵۆنیا لەسەرەتادا نەرم و مرۆڤانە بووە كەچی لەئێستادا گۆڕاوەو زۆر توندو ڕەقەو تەنانەت كەوتونە ترس و تۆقاندنی خەڵكی پەنابەر، جگە لەوەی ڕێگە بە گەیاندنی یارمەتیە مرۆییەكانیش نادرێت.
ئەو مامەڵە ناحەزو خراپەش دوای كۆبوونەوەكانی باڵیۆزی بیلاروس (ڤیكتۆر ڕیباك) لە یەكی نۆڤەمبەر لەگەڵ مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانیەوە دێت، لەھەردوو كۆبوونەوەكە مەسرور و مەسعود بارزانی بە نوێنەری بیلاروسیان ڕڕاگەیاندبو كە ڕێگە خۆشبكەن بۆ ئەوەی خەڵك بەلێشاو بڕۆنە سەر سنوری پۆڵۆنیاو لەوێشەوە تەوقێكی ئەمنی لەدەوریان دروست بكرێت و لەو سەرمایەدا ڕابگیرێن،  بۆ ئەوەی بەھەر نرخێك بێت داوای گەڕانەوە بۆ وڵات پێشكەش بكەن.
لەكۆبونەوەكەدا مەسعود و مەسرور بارزانی ھەردووكیان بە كۆنسۆڵی بیلاروسیان ڕاگەیاندبووە ئەو كۆچبەرانە كۆمەڵە خەڵكێكی خراپن و پێویستە لێنەگەڕێن لەسنور تێپەڕ ببن و بیانگێڕنەوە.
ھەمان ئەو داوایە لەڕێگەی نوێنەری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پۆڵەندا كرابوو.
بۆیە دوای ئەو كۆبونەوانە مامەڵەی پۆلیس و جەیشی ھەردوو وڵات گۆڕا بەئاراستەی توندوتیژی.
ئەوەشی لێكەوتەوە یەكەم كاروانی ٣٦٠ كۆچبەری گەڕایەوە وڵات. وێڕای ئەوەی بەشێكی زۆری ئەوانەی دیپۆرتكراونەتەوە بەبێ خواستی خۆیان بووەو پۆلیسی بیلاروس لەشەقام و ئوتێلەكانی شاری مینسك دەستگیری كردوون و ھەركەسێ ڤیزای بەسەرچوبێت دیپۆرتی كردۆتەوە یان دەستبەسەری كردووە تا مەوعیدی دیپۆرتكردنەوە.
ئێستاش لەشارەكانی ئەو وڵاتە كۆچبەران بەخۆ شاردنەوە دەژین.
بەو داوای دیپۆرتكردنەوەیەش دەستەڵاتدارێتی ھەرێمی كوردستان قازانج دەكات لەو خاڵانەی خوارەوە:
یەكەم؛ دەستكەوتنی پارەیەكی زۆری خەڵكی پەنابەر.
دووەم؛ ناچاركردنی حكومەتی بەغداد بەخەرجی دیپۆرتكردنەوەی ھاوڵاتیانی پەنابەر ئەوەش ئەركی ناوەند قوڕس دەكات.
سێیەم؛ دەستەڵاتدارێتی ھەرێمی كوردستان بەئەوڕوپا دەڵێت كە خەڵكی پەنابەر گرفتی (ئەمنی)یان نیە، ئەوەتا بەیاسایی و بەخواستی خۆیان دێنەوە وڵات، وەكچۆن بەڤیزاو لەڕێگای یاساییەوە سەفەریان كردبوو.
چوارەم؛ گەڕانەوەی ناچاری بەگیرفانی بەتاڵەوە پەنابەران ناچارتر دەكات كە ڕازی بن بەو موقەددەرە خراپەی سەرانی ھەردوو بنەماڵەی حوكم بۆیانی دیاری دەكەن.
پێنجەم؛ بەھۆی گەڕاندنەوەی بەشێك لەكۆچبەران و ئەو پێشوازیە ساختەیەی بەرپرسان پیشانی دونیا دەدەن گوایا بەخەم دۆخەكەوەن.
شەشەم؛ بەشێك لەدارودەستەی خۆی خزاندۆتە ناو كۆچبەران و لەسەر ئەو سنورە بەداروبەرد ڕوبەڕووی پۆلیس و جەیشی پۆڵۆنی و بیلاروسی دەبنەوەو ھەوڵی فراوانكردنی بەرەی بەردھاوێژان دەدەن بۆ ئەوەی بەدونیا بڵێن كە ئەوانە كۆچبەرو پەنابەر نین بەڵكو تاوانكاری وڵاتن و ئەوەتا بەئاشكرا دیارن.
بەمەش دەستەڵاتدارێتی بنەماڵەكانی ھەرێمی كوردستان كارتێكی دیفاعكردن لەخۆی بۆ پەیدا دەبێت.



ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟