لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

سیاسەتی ئیستیفزازکردن

Wednesday, 11.24.2021, 09:48 PM


خۆپیشاندان لە کوردستان دا چەندیین جارە لە هەمان فۆرم دا چەندبارە دەبێتەوە بەڵام لە گوتاری جیاجیادا. ئەم گوتارە لە سەرەتادا لە داواکارییەوە بۆ ناڕەزایەتیی و وەک یاداشت پێشکەشکراوە بەناوی هەر چینێکەوە کە هاتبێتە سەر شەقام. لە بێ وەڵامیی و نەهاتنەدیی ئەو داواکارییانە و، کەڵەکەبوونی کەموکووڕیی زیاتر و، نادادیی ئاشکراو و، پێنەزانیین و، خۆخڵەفاندنی دەسەڵات، ئەم یاداشتانە ئەرزشیان نامێنێ و خۆپیشاندان لە فۆرمی ناڕەزایەتییەوە بۆ فۆرمی مەرجداریی و سەرکۆنەکردن و ئیدانەکردن دەگۆڕێن کە لە نەمانی متمانەوە بەو دەسەڵات و پارتە سیاسییانەوە لە هەمان فۆرم دا سەرچاوە دەگرن. ئەم نەمانی متمانەیە شۆڕدەبێتەوە بۆ هەموو کایەکانی تری ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و رۆشنبیریی. نەچوون بۆ دەنگدان لە هەڵبژرادنەکانی پێشوودا (دوو جار لەسەر ئاستی عێراق و دووجار لەسەر ئاستی کوردستان) بێ متمانەییەکی قووڵ و بڕیارلەسەردراوە بەڵام لەسەرێکەوە ئەم بڕیار و رەفتارە بەو بە بێدەنگییە و بە جۆرێک لە جۆرەکان بە دڵی دەسەڵاتە، چونکە ئەگەرچیی جەرگبڕە بەڵام کەی کێشە بووە، بێباکییەک لە هەناوی سیاسەتی دەسەڵات و پارتە هاوپەیمانەکانی و ئۆپۆزسیۆن دایە، ئەمەش لەو پشتئەستوورییەدایە کە پێشێلکردن و ناشریینکردنی دیموکراسیی لێپرسیینەوەیەکی نیودەوڵەتیی لەسەر نییە. بۆیە لێپرسیینەوەی خەڵک لەم دەسەڵاتە نادیموکراسە هەر لە خۆپیشاندان دا جێی دەبێتەوە، کە لە پەنا دەربڕینی بێ متمانەییەکەیدا دەیەوێت سزایەک بە دەنگ و جەستەوە رابگەیەنێت. ئەم سزایە زۆر قورسە بۆ دەسەڵات، بۆیە ئەم بێباکییەی کە هەیەتی بەکاری دەهێنێت هەر کات دەنگێکی ناڕەزایی لە هەر کەس و کۆبوونەوە و دەستە و پۆلێکەوە بێت. سیاسەتی ئیستیفزازکردن شەڕێکی بەردەوام و زاڵبوونە، وەک دەرئەنجامێکی مەترسییداری بێباکیی و وەک سیاسەتێک بۆ داپڵوسیین و رووبەڕووبوونەوەیە. ئیستیفزاز لە هەرە هێمنیی و رووبەڕووبوونەوەی بێ دووکەڵ و توندوتیژیی دا، هۆنیینەوەی سیناریۆی درۆی چەواشەکردن و تۆمەت دانەپاڵ و تۆمەتبارکردن و ناوزەدکردن بە خیانەت و گێرەشیوێن و چەقۆ وەشین و هی تریش..

لەم دوو ریانەی نێوان خەڵک و دەسەڵات دا، رەفتار و گوتاری ئیستیفزازیی دەسەڵاتە کە جیایان دەکاتەوە و دەیاندات بەیەکدا. هەر لەو گوتارانەوە کە دەدران بەرامبەر پەنابەرەکان لە بێلا رووسیادا، کە تەنها چەواشەکردنی رای نیودەوڵەتیی نەبوو، بەڵکو حەزی ئیستیفزاز لە پشت هەموو وتەدان و نووسیین و چاوپێکەوتنەکانی بەرپرس و سیاستەکار و چاودێرەکانی دەسەلاتەوە بوو. هەمان شت لەگەڵ هەر خۆپیشاندانێکیش دا، ئیستیفزازکردن وەک چەکی بەهێز بۆ شێواندنی پەیامی خۆپیشاندانەکان بەکاردێت. هەر لە هاندان و رێخۆشکردن بۆ پەرچەکرداری توندوتیژیی خۆپیشاندەرە گەنجەکان کە هەر ئەو نیازەشیان نییە، ئەمە ئیستیفزازی ئاشکرایە رێ لە مەسیرەکەیان بگرییت بە هێزی پڕچەک و تەقە و گازی فرمێسک رێژ و ئاوپرژێن کە هێشتا سییناریۆی ئاژاوەکەش دەستی پێ نەکردووە. ئیستیفزاز ئەو کاتە دەستپیدەکات کە خۆیان سوور دەزانن خۆپیشاندەران جگە لە چالاکیی مەدەنیی و دەنگی ناڕەزایی هییچی تریان نییە، بەلام ئەم سیاریۆی ئیستیفزازەکە لەو رووبەڕووبوونەوانە تێپەڕدەبێت و سیناریۆیەکی ناشریین هەیە بۆ تاوانبارکردن و پاساوی توندوتیژییەکانیان بەرامبەر خۆپیشاندەران. کە زۆرجار ئەم دەسەڵاتانە خۆیان ئەو جۆرە خەڵکانە دەترنجێننە ناو خەڵکە سەلامەتەکەوە، شکاندنی پەنجەرە و سوتاندنی ژوورێک لە بینایەک و دووکەڵ بەردانە ناو دام و دەستگاکان و ناشریینکردنی رووی خۆپیشاندەران و بە لاڕێدابردنی پەیام و داواکارییەکان.

فەزای ئیستیفزازکردن لەو کاریگەرییە کاتییە تێپەڕ دەکات و دەچێتە زیهنی گەنجی خۆپیشاندەرەوە، لەبیربردنەوەی هەموو جۆرە رەفتار و ئینتیمایەکی نیشتمانیی لە رێی رق هەستان و نائومیدکردنێکەوە. لە لایەکی ترەوە ئیستیفزاز دێت و لەم رووبەرووبوونەوە ژیان و مەرگەدا، هەمیشە پەیامێکیان پێ دەڵیت کە ئەوان تەنیان و تەنیا هێشتنەوەیان لە تاوانبارییانەوەیە و ملکەچ بوون زیاتر چارەسەریان نییە. ئیستیفزازی تەنیامانەوە، لە دەرەوەی دەسەلاتەوە ئاڕاستە دەکرێت، چ لە ئاستی ناوخۆ کە پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات لە بازنەیەک دا، ئەوەی لە ئەستۆیانگرتووە گوتاری تەختەیی بێ گیان و خوێنە، کە دێنە قسە و بەیاننامە دەرکردن، ئۆپۆزسیۆن هەر بە ئاوازی دەسەڵات دەخوێنێت و ئەو نائومیدبوونەی ئەوان بەردەوام دەیکەن بەشدارییەکی سەرەکیی ئیستیفزازکردنی سیاسیی خەڵکە هەتا ئەم ساتە وەختە، لە ئاستی دەرەوەش (لە هەمان بازنەی گوتاری تەختەیی) هەر لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەتا یەکێتیی ئەوروپا و ئەمەریکا وەک بڕیاردەری چارەنووسی رەوشی ئابووریی و سیاسیی ناوچەکە. ئیتر خەڵک لە رووبەڕووبوونەوەیەکی زۆر قورس و مەترسییداردایە لە بەرامبەر هەموو ئەم لایەنە تەماشکەرانەدا، چونکە بە جۆرێک لە جۆرەکان بێ خەمیی و ئیستیفزازکردنی ئەم بازنە گوتار تەختەییەی دەرەوەی دەسەلات لە بەرژەوەندیی مانەوە و زیاتر کەڵەکەبوونی نادادییەکان و داڕمانی هەر هەوڵیکە بۆ سەقامگییریی سیاسیی.

دواجار وەک پەندە کوردییەکە ئەڵێت:
"قییڕە قییڕی قەلەڕەش لە رزقی داڵ کەمناکاتەوە"

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟