وتار

باڵدار و بێ باڵەکانی دەسەڵات

Thursday, 11.25.2021, 12:12 AM


ئەگەر سەردەمانێك دەسەڵاتی کوردی، موڵکی خۆی و زۆرینەی خەڵك بوو، ئەوا ئەمڕۆ بە ناڕەزایی سەر شەقام و بایکۆتی هەڵبژاردن و بە تەزویری پلە نایاب لە سەر ئاستی عێراق بێ، ئەم دەسەڵاتە ١٥٪ یان بڕێک زیاتری کۆی خەڵک خاوەنێتی. ئەم بڕە کەمەی کۆمەڵگاش پێك هاتوون لە  دوو چین:
١/ چینی باڵداری دەسەڵات
کەمینەیەکن لە سەرکردە و هاوخەباتەکانی شاخ و هەڵتۆقیوەکانی دوای ڕاپەڕین لە کۆنە جاش و بەعسی و تازە سیاسی. ئەمانە و کوڕ و کچ و نەوەکانی سێیەم و چوارەمیان، چینی باڵدار پێک دەهێنن. ئەمانە پێکەوە ئێستا ڕێبەرایەتی و حکومڕانی ئەکەن. بڕیاردەری شەڕ و ئاشتین. دۆستی هەرچی نەیار و دوژمنە هەن. خاوەن پارە و دەسکەوتی زۆر و زەوەندەن. خاوەنی پەساپۆڕتی ئەوروپی و ئیقامە و ڤیزای بەردەوامن. خاوەن ڤێلا و کۆشک و تەڵار و پارەی نووستوون لە بانکەکاندا و کۆمپانیای زەبەلاحیان هەیە لە دونیادا. خاوەن یەخت و فڕۆکەی تایبەتی ئامادەکراون. هەشن ئەڵێن لە هەندێ جێگەدا، دورگەیان بە تەواوی کڕیوە. به کورتی و کرمانجی ئەمانە لە چینی باڵداری دەسەڵاتن، لە هەر چرکەیەکدا کار لە کار ترازا، لە ماوەی چەند سەعاتێکدا بە خۆیان و کەس و کارەوە دەفڕن بەرەو کەناری ئارامی. لە دونیاشدا هێندە وڵاتی گەندەڵ و هەژار ماوە جێگەی حەوانەوەی ئەم پارەدارە گەندەڵانە بکەنەوە. ئەمانە ئەوانەن کە تا دوا هەناسە شەڕی مانەوەی خۆیان ئەکەن لە دەسەڵاتدا. بەڵام بە ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی چینی بێ باڵی دەسەڵاتەوە، کە لە ژمارە ٢ ڕوونی ئەکەینەوە کێن.
٢/ چینی بێ باڵی دەسەڵات
ئەمانەشیان کە زۆرینەن، تیایاندایە کەسانی ئاسایی و بێ ئازارن، بەڵام کوێلەی مووچە و هەندێ وردە ئیمتییازاتن. پێیان ناکرێ لە بەر خاتری حەسانەوەی ئێستایان لە پاڵ دەسەڵات، دەست لە خزمەتکردنی چینی باڵدار هەڵبگرن. ئەمانە تا بۆیان بکرێت خۆیان لە ئەرکی پاراستنی ئاغاکانیان ئەدزنەوە. ئەمانە وەکو هەر کەسێکی دەرەوەی دەسەڵات، هەموو چیرۆکەکان ئەزانن و لە ژێرەوە قێز لە دەسەڵات ئەکەنەوە لە سەریشەوە کارمەندی حزب و حکومەتن. چەکداری حزبی و حکومین، بەڵام بێ هەڵوێستییان لە ترسی نان بڕینە. خۆ بیرتانە چەند لەوانە دەنگیان نەدا بە حزبەکانی خۆشیان. یاخود حزبی دیکە لە ناو ئەو چینە دەنگی هێنا.
بەشێکی دیکەی بێ باڵەکانی دەسەڵات لە سەرمەست و عاشقانی چینی باڵدارن. هەمیشە دار بە دەست و پەنجە لە سەر پیتکەی تفەنگ و ئامادەباشن بۆ پاراستنی چینی باڵدار. ئەمانە بە زۆری هیچ لە بارا نەبوو و ناکەس بەچەن، ئەگەر چینی باڵدار نەبێت، ئەمانە نە نانیان پێ پەیدا دەکرێ و نە شوێنێکیش بۆ حەوانەوە.
چینێکی شاراوەی بێ باڵی بازنەی دەسەڵاتیش، ئەو چینەن کە کار بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی دەسەڵات و حزب ئەکەن. ڕەنگە زۆربەی ئەو کوشتن و تیرۆری بکەرنادیارانەی ناوخۆی حزب و ناو کۆمەڵگا دەستی ڕەشی ئەمانەی لە پشتەوە بێت.
مەبەست لە باڵدار و بێ باڵ چییە؟
مەبەست لەم دەستەواژە نوێیەی دەسەڵات ئەوەیە، کە ئەم چینە خاوەنی توانای مادی و مەعنەوین کە لە لێقەوماندا ئەتوانن بە فڕۆکە، خۆیان و ماڵ و مناڵ و کەس وکاریان بگەیێننە شوێنی ئارام. چینی بێ باڵی دەسەڵاتیش پێچەوانەی ئەمانە بێ توانای مادی و بێ فیزە و بێ ئیقامە و بێ فڕۆکەن، ئەم چینە تەنها پارێزەری دەسەڵاتن و هەتا بەر پەیژەی فڕۆکەکە دەڕۆن و دواتر ئەبن بە ژێر پێی توڕەیی جەماوەرەوە.
جا هەر بۆیە برای پۆلیس و کاکی ئاسایش، خزم و کەس وکارمان لە هێزی چەکداری حزب و هێزی چالاکی مەدەنی. ئەوان باڵدار و ئێوە بێ باڵن، ئەوان پادار و ئێوە بێ پا. خۆتان مەکەن بە سورەی بەر لەشکری ئەوان. خۆتان مەکەن بە سووتەمەنی بۆ ڕزگار کردنی کچ و کوڕ و کورسی ئەوان. ئەوان درێخی ناکەن لەوەی لە هەر چرکەیەکدا ئێوە جێبهێڵن بەڵام ئێوە بۆ لە گەڵ گەلی خۆتان نابن و ئەوان جێبهێڵن. لە کوا خۆپیشاندەرتان بینی بچنە ناویان و داوای ئاشتی و ئارامیان لێ بکەن. ئەوانەی ئێوە گازیان بە سەردا دەڕێژن و گوولە پلاستیکیان تێدەگرن، ئەم بەیانییە لە هەمان ئەو کووچە و کۆڵانانەی شارەوە لە گەڵ ئێوەدا هاتنە دەرێ. ڕەنگە ئەم بەیانییە سڵاوتان لە یەکتر کردبێت، ڕەنگە لە سەرەی ناندا پێکەوە نانتان کڕی بێت. ئەوان وەکو ئێوە خەڵکی کووچە وکۆڵانەکانن، هیچیان کۆشک و قەڵا و گردنشین نین.
جا لە خۆی ئاسانتر نیە، لە جێی دار و گاز و گوولە، یەکی چەپکێ گووڵ لە گەڵ خۆتاندا ببەن بۆ خۆپیشاندەر. تۆ بڵێی ئێوە هێندەی سوپا و ئەمن و پۆلیسەکانی میسر هۆشتان نەبێت کە لە گەڵ خۆپیشاندەر لە سێبەری دەبابە و زریپۆشدا، لە گۆڕەپانی تەحریر چا و قاوەیان فڕ ئەکرد. بەمەش هەم ئارامی ئەپارێزن و هەم فشاری ئەوانیش دەگاتە مەبەست.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟