لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

با سەری خۆ کز کەین و خەریکی باخەکەمان بین!

Monday, 11.29.2021, 07:44 PM


لەدوا گەراندا بەدوای دونیایەکی باش و کامەران ڤۆڵتێر روناکبیری شۆرشی فەرەنسی لەسەدەی ١٨دا وەک فاڵگەرەوەیەک هاتبێتە بەرچاوی کە دوای چەند سەدەیەک و ئەمرۆ لە دونیاکەماندا چی دەگوزەرێت. وەک ئەوەی بزانێت ئەمرۆی ژیان و گوزەرانی خەڵکی بە چ سەردەمێک و نەهامەتییەکدا تێدەپەرێت، باس لەوە دەکات کە چۆن مرۆڤ بەدوای دونیایەکی ئایدیال و باشدا دەگرێت. بەڵام بە سەردەمانێکدا دەروات لەم دونیا بۆ ئەودونیا و لە پارچەیەکی ئەم  جیهانەوە بۆ ئەو پارچەیەی تری لە کۆچ و جێگۆڕیدایە و هێشتا  ناتوانێت دونیایەکی باش بدۆزێتەوە. تەنها ڕێگریەکانیشی خراپەکاری هاومرۆڤاکانیەتی.
لەکاتێکدا مرۆڤ خۆی بەرپرسە لە کردارو هەڵسوکەوتی خۆی، ئەگەر بیەوێت  دەتوانێت جیهانێکی باش هەم بۆ خۆی و هەم بۆ دەوروبەرەکەی بنیات بنێت. لەهەمان کاتدا ڤۆڵتێر باس لەوە دەکات کە ئەوە بەرپرسیارێتی هەموو مرۆڤێکە کە نەک تەنها خەریکی خۆی و خیزان و ماڵەکەی بێت، بەڵکو ئەرکی ئەخلاقیشێتی کە کەم یان زۆر بەپێی توانا کانی بەرپرسیارێتی نەهامەتی مرۆڤەکانی دیکەش بخاتە ئەستۆ. ڤۆلتیر لە پەرتوکەکەی باس لە کەسێک دەکات بەناوی ``کاندیدی`` . بەسەرهاتەکانی کاندیدی بەشێوازێکە کە دەیبیستین یان دەیخوێنینەوە لە ناخماندا ئەو هەستە دروست دەبێت کە ڤۆڵتێر باس لە  بەسەرهاتی گەنجێکی کوردی خێر لەخۆ نەدیو دەکات.
کاندیدی کاتێك بە هەوڵێکی زۆر و پڕ لە مانودو لەدوا گەرانیدا بەدوای دونیایەکی باش و ئارام، دونیای شەرو کوشتار جێدەهێڵیت  بۆ دونیایەکی باشتر ، توشی نەهامەتی دەبێت و دەکەوێتە دونیایەکی پڕ لە کارەساتی چاوەڕوان نەکراوی سروشتی و  دونیای گومەلەرزەی وێرانکەر.پاشان بە ناچاری  لەوێشەوە رادەکاتە دونیایەکی ترەوە کە  هەموان سەرقاڵی  شەری ئایین و نوێنەرایەتی خوا و پەیامبەرانن و یەکتری بە دارا دەکەن و خەمسارد و دڕندانە ژیانی بەرامبەرەکانیان کۆتایی پێدەهێنن. کاندیدی  لەوێش سەری خۆی هەڵدەگرێت بۆ دونیایەکی دیکە بەنیازی دنیایەکی باشتر. بەڵام جارێکیتر  دەکەوێتە  دونیایەکی چڕ تر لە نەهامەتی دونیایەك  کە مرۆڤەکان بونەتە  کانیباڵ و  قەپاڵ لە گۆشتی یەکتری دەگرن و خۆیانی پێ تێر و ئاسودە دەکەن. کاندیدی هەمیشە دەبێتە قوربانی خراپکاری مرۆڤەکانی دیکەو ناتوانێت ژیانێکی مرۆڤی ئاسایی بدۆزێتەوە.
مرۆڤی کورد لەم سەردەمەدا وەک کاندیدی قەتیس و سەرلێشێواو ماوە، رادەکات لەم دونیا بۆ ئەو دونیا دونیایەک نادۆزێتەوە لەسەر زەوی هەست بە ئاسایش و ئارامی و گوزەرانێکی ئاسایی بکات و  خۆی لە ژیانێکی  شکۆداردا بدۆزێتەوە. مرۆڤی کورد نەیبینیوە  نە  رۆژو هەفتە و مانگ و ساڵێک و ساڵانێکی بەسەردا  بروات بەبێ تێپەربونی بە نەهامەتی و کێشەو دڵەوارکێ.  تەواوی دونیاکانی بەرەو نەهامەتی تر و ناخۆشتر دەروات و بە خۆڕایی نیە هەمیشە دوبارە و چەند بارە دەڵێن " ساڵ بە ساڵ خۆزگەم بە پار".  لەدونیای ژێردەسەلاتی ئیمپراتۆرەکانی سەدەکانی ناوەندەوە تاکو کۆڵۆنیاڵی و ئیمپریالیزمی بە ناو مۆدێرنەوە و داگیرکەرانی شاهەنشاهی و کۆماری و عیلمانی و ئیسلامی و جینوسایدو ئەنفال و شەری براکوژی و ڕەوەی دەستی بێگانە و  دوائەنجام گەندەڵی و زیندان و ڕەوەی دەستی دەسەڵاتی  هاوزمانانی خۆیان  و خنکاندن و بی تەرمی کەرامەت شکاندنو بێرێزی پێیان. ژیان لە  دونیای بێنڕخی و بێ موچەیی، بێ دەرماڵەیی بەشەق لێدان و زیندان و سوکایەتی پێکردن  و...هتد.
ڤۆڵتێر،  ئاخۆ دەبێت  کاندیدی کوردی چی بکات و چی لەدەست بێت لە کاتێکدا  بستێكی بۆ  نادۆزێتەوە کە بتوانێت وەک مرۆڤێکی ئاسایی  ژیان و ئازادی و نرخ و کەرامەتی وەکو مرۆڤێکی ئاسایی  تیادا پارێزراو  بێت؟
ڤۆڵتێری ئەدیبی ڕوناکبیر، کاندیدی تۆ  لەکۆتایدا گەیشتە  ئەو باوەرەی ملی شۆڕ و سەری خۆی کز کات و خەریکی باخەکەی بێت. گەیشتە ئەو باوەرە تاڵەی کە ئەم دونیایە بە ئەو ناگۆرێت، بریاریدا  خۆی لە شۆێنێکا قەتیس بکات و  کاری بە دونیاو مرۆفی ترەوە نەبێت و تەنها و تەنها  خەریکی باخەکەی خۆی  بێت.
ئەوە  تەنها کاندیدەکەی تۆ نەبو بەو قۆناغی بێهیوایی و داڕمانە گەیشت،  مەخابن ئەمڕۆ  زۆربەی تاکی کۆمەڵگای کوردی بەو باوەرە تاریك و  ڕەشە گەیشتووە و بە کرداری پەیرەوی دەکەن. ئەگەر خەریکی باخەکەی خۆیان نەبن ئەوا خەریکی دوکانەکە و فەرمانبەری یا دەسگێڕی یان بازرگانی یان پیشەی خۆیانن و دەسیان بە کڵاوی خۆیانەوە گرتووە با نەیبات. هەموان دەڵێن: گۆرانکاری و چاکسازیمان پێناکریت و  باشتر وایە سەری خۆمان کز بکەین و بێدەنگ بین.
ئەم بریارەی کاندیدی لە چیروکەکەی ڤۆڵتیر  و لە چیرۆکی کۆمەڵگاکەی ئێمەشدا زۆر جێگای بایەخە لەروانگەی مۆڕاڵی مرۆڤەوە.  مرۆڤ چۆن دەتوانێت ماڵ و باخەکەی و دوکان و پیشەکەی  خۆی چاک بکات لەکاتێکدا هەمو ئەوانە  بەشێکی بچوکن لە دونیایەکی گەورە؟ دونیایەک کە کەمترین گۆرانکاری خراپ و کارەسات ئاسای  بەسەردابێت روو دەکات باخ و ماڵەکەی تۆش. مرۆڤ چۆن دەتوانێت بێباک بێت و  زیندانی باخەکەی خۆی بێت و خۆی گۆشەگیر بکات تەنها لە چوارچێوەی باخە بچکۆلەکەیدا بژی؟ ئەو مرۆڤەی چاوی خۆی دابخات بۆ تەواوی دونیاکانی دەرەوەی باخەکەی، دەبێت بە چ جۆرە مرۆڤێک ناوی بهێنرێت؟ ڕاستە مرۆڤ رەنگە نەتوانێت تەنانەت دونیای بچوکەکەی خۆشی پێنەگۆڕدرێت، بەڵام دەتوانێت لەپاڵ باخەکەی خۆیدا بەر ماڵەکەشی پاك  بکاتەوە. دەتوانێت بۆ مافی خۆی و مافی تاكە  کەسی دەنگی بەرز بکاتەوە،  هەر هیچ نەبێت نەبێتە  بڵندگۆی کاندیدی پاڵەوانی چیرۆکەکەی ڤۆڵتێر و لە پاڵ خۆیا دەوروبەرەکەشی بە بەهانەی جۆراو جۆر و نالۆژیکیەوە  بەرەو  بێدەنگی و سەرکزی ببات و مۆرکی مرۆڤ بون  لە خۆی داماڵێت.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟