TEVDA Press

دانا مەنمی

مرۆڤ و کۆچ من چیم ئەویست لە نیشتیمان؟!

| Thursday, 12.09.2021, 04:55 PM |


ڕەنگە مرۆڤ لەبەر گوشاری سیاسی و ئابوری ناچار بێت نیشتیمان بەجی بهێڵێت ، بەڵام ناتوانێت خەون بە گەڕانەوە نەبینێت ، مرۆڤ ناتوانێت دەستبەردای ئەو شوێنە بێت کە یادەوەرییەکانی تێدایە ، شوێنێک کە ئاشنایە بە مرۆڤ و یەکتری دەناسن ، کۆڵان و شەقامەکان ، کتێبخانەو باخچەکان هەتا بازاڕ بەشێکن لە مرۆڤ و بونەتە پارچەیەکی نەمر لە دەرونی مرۆڤ ، مرۆڤ لەپاڵ ڕقلێبونەوە لە کلتوری کۆمەڵایەتی و دۆخی سیاسی و خراپی ئیدارەدان و بەرێوەبردن ناتوانێت رقی لە خاک و لە ئاسمانی نیشتیمانەکەی بێت ،چونکە نیشتیمان کەرەستەیەکی ڕۆحییە و پەیوەستە بە مرۆڤەوە .
هەمیشە زادگەو یادەوەرییەکانی نیشتیمان لە خەیاڵداندایە ، لەدیدی منەوە هەر مرۆڤێک لە تاراوگەدا نیشتیمانی یەکەمی لە خەیاڵدانیدا بسڕێتەوە هەڵەیەکی گەورەی کردووەو ناتوانێت نیشتیمانی دووەمیش بکاتە ماڵی خۆی ، بەڵام مرۆڤ لە تاراوگەدا دەتوانێت نیشتیمانی یەکەمی باشتر ببینێت و مەرجیش نییە هەموو وەرچەرخانێکی تاراوگەنشین هەنگاوێک بێت بۆ دۆزینەوەی نیشتیمانێکی باشتر زۆر جار وەرچەرخانەکان پێچەوانەن و غوربەتی هەستێکی قورسە.

مرۆڤ لە تاراوگەدا لە جێگەی جیهانە کۆنەکەی جیهانێکی نوێ لە دایک دەبێت ، زۆر شت لە دەست دەدەیت زۆر شتی تر بە دەست دەهێنیت ،پەنابەر بە گەیشتن بۆ وڵاتی داڵدەدەر یەکێک لە گرنگترین رەگەزەکانی شوناس کە زمانە لە دەستی دەدات ، ئیدی مرۆڤ لە تاراوگەدا فێر دەبێ چۆن دونیای خۆی هەلبوەشێنێتەوەو دایبڕێژێتەوە ، تاراوگەبوون بە دیوێکدا بارسوکبوونەو دەرفەتی چێکردنی دونیایەکی نوێ و خودی خۆشت پێ دەدات ، کە دواجار مرۆڤ مەحکومە بە گۆرانکاری و گۆڕانکاری ووردو درشت بەسەر ژیانی پەنابەردا دێت هەر لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بیگرە بۆ کلتورو زمان وداب و نەریت و شێوازی ژیان ، هەموو گۆڕانکارییەکیش جەنگی مرۆڤە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا ، مرۆڤ لە تاراوگەدا توشی سەرسامبوون دەبێت  ، سەرسامبوون  بە پرۆسێسی تێکەڵاوبوون و خۆ گونجاندن ڕاچڵەکینێکی توندی رۆحی و دەرونییە ، بونیادنانەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و تێکەڵاوبوون مرۆڤ توشی شۆک دەکات .
مرۆڤ بەردەوام چاوەڕوانە لە خاک و لە نیشتیمانەکەی خۆیدا بەهاو شکۆو کەرامەتی پارێزراو بێت ، ڕێز لە دونیای جیاوازییەکانی بگیرێت و ئازادی بۆ دابین بکرێت و هەست بەوە بکات نیشتیمان دەیگرێتەخۆی، نەک  لە نیشتیمانەکەیدا خۆیدا  هەست بە ئاوارەیی و نائارامی بکات ،
هەر وەک ئەوەی کە شیرکۆ بێکەس لە قەسیدەیەکیدا لە کونجی دڵنیایی دەدات و دەڵێ ؛
من چیم ئەویست لە نیشتمان
جگە لەوەی کە نانێک و
کە کونجێکی دڵنیایی و
گیرفانێکی بە حورمەت و
مشتێ هەتاوی ئارام و
بارانێکی خۆشەویستیی و
پەنجەرەیەکی کراوەی سەر ئازادی و
عەشقم باتێ
من چیم دەویست لەوە زیاتر و
نەیدامێ؟!
بۆیە ئیتر نیوەشەوێ
دەروازەکەیم شکاند و
چوومە دەرێ بە ئێجگاری چوومە دەرێ
من چیم ئەویست، لەوە زیاتر و نەیدامێ ...
دانا مەنمی