وتار

بەستەڵەک یان کرانەوەی بیر؟ گەڕانەوە بۆ بیری ئەشکەوت نشینان!

Saturday, 01.01.2022, 10:39 AM


لە کتێبی (کیف تصبح انسانا) ی نووسەری میسری د.شەریف عەڕەفەدا هاتووە کە:- تەها حسێن ١٨٨٩-١٩٧٣ نووسەر‌ و ڕەخنەگری گەورەی میسری لە وتەیەکیدا ئەڵێت:- ”تەمەڵی هۆشە... وا لە خەڵکی ئەکات کە ئارەزوو بکەن، بەوەی کۆن وەربگرن بە ئاسانی و خۆیان لە گەڕان بە دوای تازەگەریدا ببوارن. بەڵام خودا ئەم جۆرەی لە تەمەڵی پێ نەبەخشیوین. بەڵکو ئێمە کاریگەری هیلاکی گوومان کردن و بارگرانی پشکنین و گەڕانیش، ئەخەینە ئەستۆی ئەو". بە واتایەکی دیکە ئەوە لە تەمەڵی عەقڵی ئێمەیە کە لە پێناو ئەوەی نەگەڕێین بە دوای تازەگەڕیدا ڕازین بە گوومان و گەڕانەکانی خودا و درێژە بەوانە دەدەین لە ئێستادا و هەوڵی سەپاندنی ئەدەین بە سەر نەوەی‌ داهاتوودا. نووسەر لە درێژەی ئەم باسەدا باس لەوەش دەکات کە: زۆرینەی خەڵکی دڵیان بەو بیر و باوەڕانە خۆشە کە لە سەری ڕاهاتوون، گۆڕانکاری ڕەت دەکەنەوە و بەرهەڵستی بیری نوێ ئەکەن...بە دەگمەن کەسێک ئەدۆزیتەوە کە دان بەوەدا بنێت کە ڕاکان و باوەڕەکانی گۆڕیوە و ڕایبگەیێنێ کە ئەم پێشترهەڵە بووە. باشە من ئەپرسم ئەبێت بە ڕێژەی چەند لە سەددی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی تووشی دەردی (هۆش و هزر تەمەڵی) بوون؟ بە جۆرێک ئامادەن بۆ دەیان ساڵی دیکەش لە سەر هەمان ڕێچکە و باوەڕی باو باپیران بڕۆن لە ڕوانگەی تەسکی نەریتە کۆمەڵایەتی و ئایینییە باوەکانیان. لە گەڵ ئەوەیشدا کە لە پێشەوە، هەموو بەرئەنجامە خراپ و کوشندەکانی ئەزانن. ئەگەر کورد تووشی بیر تەمەڵی نەبووە، بۆچی ڕێگەچارەی دیکە تاقی ناکاتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی گرفت و ڕووداوەکان. هەر بۆ نموونە؛ مرۆڤەکان لە کۆمەڵگای ئێمە لە دێر زەمانەوە حەز لە یەکتر ئەکەن، دڵداری و عیشق بازی ئەکەن، هەندێک جاریش لە دەرفەتدا ئەکەونە گۆڕینەوەی چێژی سۆزداری و سێکسیش. هەموو ئەمانە لە پشتی کەس و کارەوە ئەنجام دەدرێت، چونکە ئەوان لە پێشەوە دەزانن کە کەسوکار ڕازی نین بە پەیوەندییەکی ئینسانی کە دەبوو تەنها بڕیاری ئەو دوو کەسە بێت. هۆکاری ڕازی نەبوونیش لە زۆربەی حاڵەتەکان کەم دەرامەتی و ناشەرعی بوونی پەیوەندییەکەیە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئایینییەوە. وە هەمیشە بەردەوامی ئەم جۆرە پەیوەندییانە بە کوشتنی هەردوو لا، یان لە خراپترین بژاردەدا کە بە زۆری ئەمەیانە، کوشتنی بێدەسەڵاتەکەی ئەم پەیوەندییەیە کە کچەکەیە. لەم چیرۆکەدا کە ڕەگی ڕاستەقینەی هەیە، بۆمان دەردەکەوێت کە هۆکارەکە تەمەڵی مرۆڤەکانە لە بیرکردنەوە لە ڕێگەچارەیەکی نوێ، کە لە گەڵ ئەم سەردەمەدا بگوونجێت. هەروەها وابەستە بوون بە عەقڵییەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی باو. ئەنجامیش هەمان ئەنجامی خوێناوییە کە تاوانی کوشتنە. پرۆسەی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکەش کە غەریزەی نزیکبوونەوەی ئەو دوو ڕەگەزەیە لە گەڵ یەکدا هەر بەردەوامە. ئێستا ئەپرسم: چەندن ئەوانەی لە کۆمەڵگادا ئەم هەڵبژاردنە نابەجێیەیان پەسەند نەکردووە و بۆ هەڵبژاردنێکی گونجاو و نوێ گەڕاون، کە بگوونجێ لە گەڵ سەردەم، یان هەر نەبێ ڕێگەیەکی جیاواز‌ لە بیری باویان تاقی کردۆتەوە؟ بەدەر لەوەی ئەنجام چی ئەبێت، خۆ ئەو لە پێشەوە ئەنجامەکانی هەڵبژاردەی یەکەمی لە پێش چاودایە. نووسەر لە بڕگەیەکی دیکەدا ئەڵێت کە: زۆربەی خەڵک گۆڕانکاری و چوونەدەرەوە لە ناوچەی ئارام (comfort zon) ڕەت دەکەنەوە، بۆ پیادەکردنی شتێک کە پێشتر پێی ڕانەهاتوون، بگرە ئەوان دڵنیان لە ئەنجامدانی شتانێک کە لە پێشەوە ئەزانن ئەنجامەکانی چین..بۆیە گۆڕانکاری قورسە..به تایبەتی گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و بەو باوەڕانەی کە پێی ڕازین. نووسەری ئەو کتێبەی سەرەوە ڕای وایە کە ڕەگوڕیشەی بەستەڵەکی بیر دەگەڕێتەوە بۆ مرۆڤی ئەشکەوتەکان. نووسەر نموونە ئەهێنێتەوە بەوەی مرۆڤی نێو ئەشکەوتەکان لە نێۆ جەنگەڵ و مەترسییە سروشتییەکان ژیاوە لە پێناو مانەوەی خۆیان هەمیشە ئەو ڕێگایەیان هەڵبژاردووە کە جاری پێشوو بە بێ کێشە پێدا ڕۆیشتوون، لەو ڕووەکەیان خواردووە کە پێشتر خواردوویانە و هیچ کێشەیەکی تەندردوستی بۆ دروست نەکردوون. ئیتر نەگەڕاون بەدوای ڕێگەی نوێ و ڕووەکی نوێ. هەر بەم پێیەش نووسەر دەگاتە پێناسەیەک بۆ بەستەڵەکی بیر بەوەی کە بریتییە لە: (جێگیرکردنی هەندێک بیروباوەڕ کە گۆشەنیگا بۆ دونیا پێکدێنن، هەر ئەمەش پێویست بووە بۆ مانەوە بە زیندوویی لەو کاتەدا). لە سەر تیشکی ئەو نموونانەی خزم و هاوڕێی ئەشکەوتمان، و پێناسەی نووسەر بۆ بەستەڵەکی بیر کە بۆ بیری ئەشکەوتنشینانی پێشوو کراوە، ئەبێت تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی لە چەند لاوە تووشی بەستەڵەکی بیر هاتوون ئێستاش هەر وەکو کابرای ئەشکەوتەکە ئەژین!؟ ئەبێت کێ بن ئەوانە درێژە بە بەستەڵەکی بیری تاکەکانی کورد بدەن و ڕێگە بگرن لەوەی کە خەڵکی ڕێگەی دیکە لە چارەسەر تاقی بکەنەوە. پیاوانی ئایینین..دەمڕاستی خێڵ و عەشرەتەکانن..بەڕێوەبەرانی سیستەمی پەروەردەن..یان بەڕێوەبەرانی وڵاتن بە گشتی؟ هەر بۆیە ئێمەی تاکەکانی کۆمەڵگا دەبێت دان بەوەدا بنێین کە تووشی بەستەڵەکی بیر بووین، لە کاتێکدا، تێروانین و گۆشەنیگامان هەمان تێڕوانین و گۆشە نیگای سەددان و هەزاران ساڵەی باوباپیرانمانە بۆ ڕووداوەکان! بۆ نموونە:- کەسان و گرووپی وا هەن کە هەتا ئەمڕۆش بۆیان ساغ نەبۆتەوە ئازادی هەڵبژاردنی بیر و باوەڕی ئایینی چیە؟ هەتا ئەمڕۆش پێی شەرم نیە لە وتاری دوور و درێژدا، بیسەلمێنێ و پێی باش بێت کە (جزیة: واتا دانی باج لە بری ئەوەی کە ئایینی تازە هەڵنابژێریت) لە برا مەسیحی و غەیرە موسوڵمانەکان بسێنرێ. تەنانەت پێشی شەرم نەبێت ئەمە بخزێنرێتە نێو وانەی ئایینەوە لە خوێندنگاکان. ئاخر ئەگەر من مامۆستا بم چۆن ئەبێت ڕێگە بە خۆم بدەم ل ڕووی ئینسانی و ویژدانییەوە وەها وانەیەک جوان نیشان بدەم لە لای خوێندکارکی موسوڵمان و دواتریش لێیگەڕێم بە هاوڕێ مەسیحییەکەی بڵێ ئەگەر وڵات بوو بە ئیسلامی ئەو تۆ ئەبێ سزای ماڵی بدەیتە من!! بۆ ئەوانەی کە داکۆکی لە وەها یاسایەک ئەکەن پێیان وایە بیری داعش یان داعشیزم چییە؟ ئەوان گۆشە نیگای خۆیان لە یاسایەکی ئایینییەوە هەڵنجیوە کە تەمەنی سەددان ساڵ کۆنە و لەو کاتەوە هەمان یاسای بە بەستوویی هێناوە و ئەیەوێ بیکێشێت بە سەری برا مەسیحیەکان و کەمایەتییە ئایینییەکانی دیکەدا. لە کاتێکدا کات و شوێنی دەرچوونی ئەو یاسایە و ئەمڕۆ لەم جێگەیەدا هەزاران کیلۆمەتر و هەزاران ساڵە. ئەبێت کەسێک بیری وەها بەستبێتی چی جیای بکاتەوە لە هاوڕێکەی ئەشکەوتمان جگە لە حۆداپۆشین بە گەڵا و پێستی ئاژەڵ لە گەڵ چاکەت و بانتۆڵ و بۆینباخ، دەنا هۆش و بیر هەمان شتە و بەستوویەتی. نووسەری ئەو کتێبەی سەرەوە پێشمان ئەڵێت کە: ”ڕەوڕەوەی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لە هەموو سەردەمەکاندا، کەسانی وەها تەقلیدی وەریان نەچەرخاندووە...بەڵکو خەڵکانێکی جیاواز بڕیاریان داوە خۆبخەنە بەر مەترسییەکان و بچنە ناو ناوچەیەک کە کەس پێش ئەمان ڕووی تێنەکردووە..لە پاشان خەڵکانی دیکە دوایان کەوتوون و لاساییان کردوونەتەوە، بە دڵنیاییەوە کاتێک بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو کەسە جیاوازانە سەرکەوتوو بوون.." هەر وەها نووسەر دیسان بە نموونەی هاوڕێ ئەشکەوتنشینەکەمان بیرمان ئەخاتەوە کە ئەگەر زۆرینەیان سەرەتا لە ئاگر هەڵهات بن لە ترسا..دواجار کەسێکی جیاوازیان دەسەڵاتی بە سەر ئاگردا شکاوەتەوە و خستوویەتییە خزمەتی خۆی و ئەوانی دیکەش لاساییان کردۆتەوە. ئەوە جیاوازەکانیانن کە توانیویانە بۆ یەکەم جار ئاژەڵەکان ماڵی بکەن و تۆوەکان بچێنن، لە جێی ئەوە تەنها ڕاو بکەن و شەو و ڕۆژ بێ حەوانەوە لە گەڕان بن بە دوای خۆراکدا.. جا نووسەر لە بڕگەیەکی دیدا بیری‌ ئەو کەسایەتییە ئایینییە بیر بەستەڵەکانەی ئەمڕۆ ئەخاتەوە کە: ” تەنانەت ئایینەکەی تۆش کە باوەڕت پێیەتی ئێستا، ڕۆژێک لە ڕۆژان ئایینێکی تازە بووە و دژ بە ئایینە باوەکانی کۆمەڵگای ئەو کاتە بووە و هەندێک بڕیاریان داوە بیناسن و باوەڕی پێ بێنن“ منیش لە سەر تیشکی ئەو وتەیە ئەڵێم: برای سەلەفی و بانگخوازی هاوزمانم جا بە چ بیانوویە تۆ وا ئەکوڵێی و هەڵئەچیت و هەڵدەشاخێی بە کەسانێکدا کە ئەمڕۆ بێن و جیاواز لە تۆ بیر بکەنەوە و تێزێکی تازە بخەنە ڕوو سەبارەت بە ژیان و ڕووداو و گرفتەکانی!؟ دواجار نووسەر لە بڕگەیەکی دیکەدا ئەنووسێت: ” دواجار مرۆڤ وەکو ڕەگەزێک پێشکەوت چونکە هەندێک لە تاکەکانی بڕیاریان دا بچنە ناو نادیارەکان و بیاندۆزنەوە، لە جیاتی ئەوەی لێی بترسن و خۆیانی لێ لابدەن..بڕیاریاندا بە شێوەیەکی جیاواز لە بیرکردنەوەی باو، بیر بکەنەوە لەگەڵ هەموو ئەو بەرهەڵستییە خۆرسکییەی کە دژیان ئەنجام دەدرێت. لە سەر تیشکی هەموو ئەوەی کە وترا، ئەمەوێت ئاماژە بە هەندێک نموونەی زیندوو بدەم، بۆ ئەوەی مەبەست لەم نووسینە بگاتە خوێنەر کە ئەوانیش ئەوانەن: -ڕۆژگارێک لە سەرەتای ڕاپەڕین بیرکردنەوەی باو بیرکردنەوەی کوردایەتی و نەتەوەیی و چاوپۆشی کردن بوو لە کەم و کوڕی حزبەکان و حکومەتی کوردی ساوا، بەڵام دەبینین کۆمەڵێک نووسەری وەکو بەختیار‌ عەلی و هیوا قادر و مەریوان قانع و ..بە پڕۆژەیەکی ڕەخنەگرانەی ورووژێنەری وەکو ناوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند، دێنە سەر شانۆی ئەدەب و سیاسەت و ڕۆشنبیری و زۆرترین دوژمن بۆ خۆیان دروست دەکەن چونکە دەست بۆ یاساغ دەبەن و دژی باو دەنووسن، بەڵام ئەمڕۆ دەردەکەوێت ئەوان چەند ڕاست و زۆرینە چەند هەڵە بوون. -هەفتەنامەی هاوڵاتی وەکو پڕۆژیەکی ئەهلی بێلایەن لە ساڵی ٢٠٠٠دا خۆی ڕادەگەیێنێت و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. ئەمە ئیدی ئەبێت بە یەکەم کاری ڕۆژنامەگەری ئازادی ڕەخنەگر. لە کەسە دیارەکانی تاریق فاتیح و ئاسۆس هەردی و زۆری دیکەش، کە ئەمانە توانییان بەرگەی تەنگ و چەڵەمە و گرتن و زیندانی‌ و زۆر شتی دیکەش بگرن بەڵام دەرگایەکی فراوانی ڕۆژنامەگەری ئازادیان خستە سەر پشت. -عبدالخلق معروف و سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانی و ویدات حسێن و ڕۆژنامە نووسان و چالاکوانی مەدەنی زیندانیانی بادینان و زۆری‌ دیکەش لە قوربانیانی ڕێگەی جیاواز‌ بیرکردنەوە و دەست بردنن بۆ حەرامەکان. -عبدللە پەشێوی شاعیر و شێرکۆ بێ کەسی مەزن و زۆرێکی دیکەش لەو کەسە دەگمەنانەن کە هەم ڕەخنەگری هەمیشەیی کایەی سیاسی یان ئایینی بوون و پاڵپشتی بیری ئازاد و ئازادیش بوون هەمیشە. ئەمانە ئەوانەن کە لە کەسە جیاوازەکانن کە توانیویانە بەرانبەر‌ بە لێشاوێک لە کەسانی تەقلیدی بوەستنەوە لە سەردەمێک لە سەردەمەکاندا. جا یان هەتا مردن بەردەوام بوون یان ماون و بەردەوامن یاخود دواجار بوون بە قوربانی. گرنگە بۆ من لێرەدا لە دەرگای زیندوترین نموونە بدەم کە نووسەر و چیرۆک نووس شێرزاد حەسەنە. شێرزاد بەوەی بێ گوێدانە مەترسییەکان و ژیان کردن لە نێو قوڵاییاندا و سوربوونی لە سەر ڕاکانی و بۆ ماوەی پتر لە چڵ ساڵ دژ بە ئایین و پڕۆسەی خواری پەروەردە، کە تووشی دەیان تەنگ و چەڵەمە و تەنگژە و هەڕەشەی کردۆتەوە. ئەمانە پێمان دەڵێن کە شێرزاد لە کەسە جیاوازەکانە و ئەو لێشاوەش لە دژایەتی کردنی لە لایەن بانگخواز و سەلەفی و ئایینزاکانەوە کە لە کەسە تەقلیدی و بیرە بەستەڵەک و باوەکەی کۆمەڵگان. ئەمڕۆ نا سبەی‌ دەنگی شێرزادەکان دەبیسترێ و ستایش ئەکرێ و خەڵکانی دیکەش جێ پێی هەڵدەگرن. ئێستا تۆی خوێنەریش‌ لای خۆتەوە و لە دوای خوێدنەوەی ئەم وتارە لە خۆت بپرسە بزانە تۆ لە کام جۆری مڕۆڤەکانیت، تووشی بەستەڵەکی بیر بووی یان بیر کراوەی. کۆن خواز و باو خوازی یان ئارەزوو ئەکەی ڕێگا و بیری نوێ تاقی بکەیتەوە!؟ دواجار‌ بۆ ئەوەی بڕیاری خۆت بە دروستی بدەی ڕێگاکەت بۆ کورت ئەکەمەوە، کە نووسەر لە هەمان کتێبدا ئاماژەی بۆ کردووە کە ئەمانەن:- "زاناکان ئەڵێن ئەوانەی کە تووشی بەستەڵەکی بیر بوون ڕەنگە ڕازی بن بەم گوزارشتانەی لای خوارەوە: -ڕا گۆڕین نیشانەی لاوازییە. -ئێمە دەبێت پارێزگاری له بیروباوەڕەکانمان بکەین، تەنانەت ئەگەر بەڵگەش لە دژیان هەبن. -دەبێت هەموو ئەو بەڵگانە ڕەت بکەینەوە کە دژ بە باوەڕەکانمانن. -دەزگایەک هەیە کە هەمیشە و بە بێ بیرکردنەوە دوای ڕاکانی ئەکەوم.
بەڵام ئەوانەی خاوەن بیر و هزری کراوەن، ڕازی ئەبن بەم گوزارشتانە: -فڕێدانە پشتەوەی باوەڕی کۆن نیشانەی بەهێزی کەسێتیتە. -ئەبێت بیر لەو بەڵگانە بکەینەوە کە دژ بە باوەڕەکانمانە. -ئەبێت هەمیشە باوەڕەکانمان ڕاست بکەینەوە بە پێی بەڵگەنامە تازەکان. جا خوێنەری ئازیز بزانە تۆ بێت باشە لە کام جۆرەی مرۆڤ بیت، بیر بەستوو وەکو ئەشکەوت نشینان یان کراوەی وەکو شێرزادەکان؟


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟