TEVDA Press

کەمال جەمال موختار

یادگارێکی مێژوویی، کە هێشتا وانەی لێوەرنەگیراوە

| Thursday, 01.06.2022, 12:12 AM |


دوای رووخانی رژێمی بەعس و حکومەتی عێراق، بە دوایدا  ئاشکرابوونی مەلەفی زۆربەی سەران و بەرپرسانی کورد، کە لە ژێرەوە لەگەڵ بەعسدا دەستیان تێکەڵکردبوو،  هەندێکیشان سیخوڕییان کردبوو، کە زۆربەیان بەهەڵەداوان خۆیان گەیاندە دائیرەکانی ئەمن و دەزگای ئیستیخبارات و شوێنە تایبەتەکانی نێوحکومەتی عێراق، ئەوەندەی بۆیان کرا دەستیان بەسەر بەڵگە و فایل و دۆکۆمێنتەکاندا گرت و شاردیانەوە، یان لەناویان برد، تا دەست  خەڵکی و راگەیاندنەکان نەکەون، لە پاڵ ئەوانەشدا  کەوتنە دزیی و تاڵانی.
جارێکیان حەمەی حاجی مەحمود لە  کۆتایی ساڵی 2004دا بە تەلەفون پەیوەندیی پێوەکردم و ئاشکرای کرد، کەوا چەند فەردەیەک لەو بەڵگانەی لەلایە وردە وردە کاریان لەسەر دەکات و بڵاویان دەکاتەوە. ئیتر پرسیاری ئەوەی لێکردم، کە ئایا ئێمەش هیچ کام لەو بەڵگانەمان لەلایە، منیش لە وەڵامد وتم لەسەرچاوەیەکی نێو یەکێتیی نیشتیمانی کۆمەڵێک ناویان پێداواین، لەوە زیاتر ناتوانین زانیاری بڵاوبکەینەوە، وا خەریکین بەدواداچوونی لەسەر دەکەین.
منیش پرسیاری ئەوەم لێکرد: ئەی تۆ بە نیازی چیت و چی لەو فەردە دۆکۆمێنت و بەڵگانە دەکەیت! بۆ نایدەیت بە ئێمە تا بڵاوی بکەینەوە؟
ئیتر کەوتە بیانوو هێنایەوە بەوەی، کە هێشتا هەموو فەردەکانی نەکردۆتەوە و یەکە بە یەکە دەیانخوێنێتەوە بزانێت کامەیان بەکەڵکی بڵاوکردنەوە دێت و ئەوسا لە توێی کتێبێکی گەورەدا ناوەکان و بەڵگەکان بڵاودەکاتەوە. ئیستاشی لەسەر بێت، ئەو کارەی نەکرد.
پەیوەندیی من لەگەڵ حەمەی حاجی مەحموددا  بۆ چەند مانگ پێش ئەو فەردە دۆکۆمێنت و فایلانە دەگەڕایەوە، کە (تەها رەسوڵ)ی کۆنە چەپ و تازە بازرگان و پارەداری ئەمڕۆی هەرێم، داوای لێکردم قسە لەگەڵ حەمەی حاجی مەحموددا بکەم. چونکە هەواڵێکمان بڵاوکردبووەوە، گوایە ئەمەریکییەکان تورەکەیان کردۆتە سەر چەند ئیسلامییەکی توندرەو و بەرپرسی کورد، لەوانە حەمەی حاجی مەحمودیشی تێدابووە. ئیتر لەوێوە پەیوەندییەکە دروست بوو، تا ئەو کاتەی لەگەڵ پارتیی و بارزانی  رێکەوتنی نەکردبوو،  پەیوەندییان پێکەوە نەبوو، تەنانەت چاوپێکەوتنێکیشم لە گەڵیدا ئەنجامدا . چەند جارێک تەلەفونیی بۆ دەکردم،  دوایی پەیوەندیی لەگەڵ بچراند. ئەو کاتەیش کە بۆ مەسەلەی فەردە بەڵگەکان قسەی لەگەڵمدا کرد، بۆم دەرکەوت، گومانی هەبوو دەترسا، نەکا ناوی ئەویشمان لەلا بێت و لەگەڵ ئەوانی تردا بڵاوی بکەینەوە، هەر لەسەرەتاوە بە نەرمونیانی قسەی لەگەڵدا دەکردم.
دوای ماوەیەک بیستمەوە، کە حەمەی حاجی مەحمود بەشێک لەو بەڵگانەی داوە بە ئێران، هەروەها چەندین بەڵگەی هەستیاری دیکەشی دابوو بە جەلال تالەبانی و بەرپرسەکانی تری ناو یەکێتیی، دواییش پەیوەندیی لەگەڵ پارتییدا دروست کرد، هەندێک بەڵگەی لەسەر بنەماڵەی بارزانی و بەرپرسەکانیشی پێدابوون، چونکە چەند بەڵگەیەک لەسەر بنەماڵەی بارزانی و  سەرانی پارتیی، وەکو ناو لەلای ئێمە بڵاوکرایەوە، بە بێ ئەوەی کۆپی فایل و بەڵگەکانمان دەستکەوتبێت. لەمەوە پەیوەندیی نێوان پارتیی و حەمەی حاجی مەحمود بەهێزتر بوو ، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامی هەیە.  ئەو فەردە بەڵگە و دۆکۆمێنتانەی ئەمن و ئیستیخباراتیش کە دەست  حەمەی حاجی مەحمود کەوتبوون، هیچی لێبڵاو نەکردەوە و ئاشکرای نەکرد، پاش زیاتر لە ١٨ ساڵ نازانم ئیستا  چەندی لەلاماوە، ئەوەندە دەزانم کە زۆربەیانی بە هەندێک لایەن و کەسایەتیی فرۆشتبووەوە.
من پێم وابێت ئەم هەڵسوکەوتەی حەمەی حاجی مەحمود لەگەڵ ئەو بەڵگانەی شاردیەوە و ئاشکرای نەکرد، یەکێک بوو لەو هۆکارانەی، ئیتر ئەو تاوانبارانە دڵنیابوون، بۆیە پشتیان لێکردەوە و  دوایی لێبوردنی گشتی بۆ جاش و سیخوڕ و کوردە بەعسیی و خائینەکان دەرکرا، هەر چەندە لە سەرەتادا یەکێک لەو فایلدارانە مستەفا چاوڕەش بوو، لەگەڵ کەسێکی دیکە، ناوی مامۆستا سدیق نەمەڵی بوو، ناسراو (هاوڕێ نەمەڵی) ، کە لە رۆژنامەی (هاوڵاتی) بڵاوکرایەوە، سدیق نەمەڵی خۆی کوشت، مستەفا چاوڕەشیش کەوتە پاکانەکردن، دوای چەند رۆژ فوئاد مەعسومی ناموبارەک هاتە سەر خەت و  رەخنەی لە مستەفا  چاورەش گرت، کە چیدی نابێت کەس پاکانە بکات و بڵێت من کاتی خۆی لەگەڵ بەعسدا کارم کردووە. لە دوای ئەمەوە ئیتر هیچ بەرپرسێکی تر لێدوانی نەدا و داوای لێبوردنیان نەکرد، هەروەک فوئاد مەعوسوم ئاگاداری کردنەوە، کەوا جەنابی مام جەلال بڕیاری لێبووردنی بۆ هەموویان دەرکردووە  و یەکێتیش لە هەموو فایلدارەکان خۆش دەبێت. وەکو لە پلینیۆمەکەدا دەرکەوت، فایلدار و خائین و جاشەکان چەپڵەباران کران.
ئەم باسەی سەرەوە بۆ ئەو ئەو مەبەستە بوو، تا بێمە سەر باسێکی تر و بڵێم..
دوای ئەوەی کە بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا بوو، زۆربەی بەرپرس و سەرکردەکانی شاخ لە ژێرەوە کاریان بۆ بەعس و دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق و دەرەوە کردووە، خیانەتیان لە شۆڕش  و گەلی کورد کردووە بە پلان زۆربەی پێشمەرگەکانی خۆیان بە کوشت داوە، کاریگەری ئەمە وای کرد کە دەنگی ناڕازیی لە ناوەوە و دەرەوەی پارتیی و یەکێتیی بەرزبێتەوە،  جەماوەرێکی زۆر وازیان هێنا و دوور کەوتنەوە، لە ماوەی چەند ساڵێکدا بوونە دەنگی راستەقینەی ئۆپۆزیسیۆن. تا ئەو کاتەی نەوشیروان مستەفا بە پلان لە یەکێتی هاتە دەرێ و  ئەو دەنگانەی لە خۆی کۆکردەوە،  
(لە خوارەوە ئەو نووسینە کە بە ناونیشانی لە خڕەی ناوزەنگەوە بۆ گردی زەرگەتە بخوێنەرەوە، کە تەواوکەری باسەکەیە).
دروستبوونی گۆڕانیش سەرەتا لە رەگەوە دەستی پێکرد، رەگ بووە بەشێک لە چالاکی ناو راگەیاندنەکانی دەزگای وشە، نەوشیروان مستەفا توانی کۆمەڵێک لە نووسەر و روناکبیر و میدیاکار بە ناوی دەنگی ئۆپۆزیسیۆن لە خۆی کۆبکاتەوە و بزووتنەوەی گۆڕانی پێدروست کرد.
--------------------
لە خڕەی ناوزەنگەوە بۆ گردی زەرگەتە (بەشی یەکەم)
لە خڕەی ناوزەنگەوە بۆ گردی زەرگەتە (بەشی دووەم)
کەمال جەمال موختار