لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

بیری بەرماڵەکەی نەنکم ئەکەم

Thursday, 01.06.2022, 06:54 PM


عەیامێکە بیری ئیماندارانی حەفتاکان و هەشتاکانی گەڕەکێکی میللی کەرکووک ئەکەم. ئەو ئیمانەی بایەقوشەکەی بەعس لە سەرەتای نەوەددەکان، شتێکی بە ناوی حەملەی ئیمانییەوە داهێنا  بۆ لە ناوبردنی هەستی مرۆڤ دۆستانە و ئاشتی خوازانە و پێکەوەژیان و گیانی کوردپەروەرانەی خەڵکانی شارەکەم. ئیدی لەو ڕۆژەوە زۆرێک لە ئیمادارانی ئەمڕۆی شارەکەم ناناسمەوە. ئەوانەی سەروسیما و جل و بەرگ و هەڵسوکەوتیان لە هی هەشتاکان ناچێت. کە مناڵ بووم کەسێکم نەدیت سمێڵ بتاشێ و ڕیش بهێڵێتەوە. دسداشە و شەرواڵەکان لە قوولە پێوە دەستی پێ ئەکرد نەک لە خوار ئەژنۆوە.  باپیرم چوار حەجی کرد و ڕۆژێک سیواکم پێ نەبینی. کە نوێژی جەماعەتیشمان ئەخوێند لە جەماعەتی ئێستا نەدەچوو. یەکێ قاچی بڵاوە و یەکێ باڵەکانی ڕێک لە سەر سنگی لێک ئەئاڵێنێ. لە نوێژی ئەوسا لە ڕیزی یەک و دەستەکانیان لە سەر ناوک دادەنا. ئەوسا سەلام کردنیش وەکو هی ئێستا نەبوو (السلام علی من اتبع الهدی). بەڵکو سەلام سەلامی خوا بوو بۆ موسڵمان و مەسیحی و کاکەیی و ئیزیدی و ئەرمەنیش وەکو یەک ئەوترا ئاشتی خودات لە سەر بێت.
تۆ تەماشا مینبەرەکانی نێو سۆشیال میدیا و یوتووب بکە، شتی وا ئەبینی و ئەبیستی حەفتا قۆناغ لە ئایین دوورت ئەخەنەوە. بۆ ئەوانەی بە ئایینی موحیبەت گەورە بوون، زەحمەتە بچنە سەر  ئایینێک لە ڕق و کینە.
هەر بۆیەش بیری مەلا و حاجی و نوێژکەر و ئیماندارەکانی حەفتا و هەشتاکانی کەرکوکم ئەکەم.
بیڕی ئیمانەکەی نەنکم ئەکەم کە لە سنوری بەرماڵ و تەسبیح و دڵ و دەروونی نەدەترازان. ئیمانێک تەنها هی خۆی، وەکوو کراسەکەی بەری. کە لە حەوشەکەدا و لە سەر بەرماڵەکەی، کاتێ هەردوو دەست و سەری بەرز دەکردەوە، لە گەڵ خودا قسەی دەکرد. ئەو دەم کە هەموو شتێکم لێ دەبوو بە ڕاست و ئاسمان بۆ خودا ئەگەڕام. ئاخر نەنکم وەها چاوەڕێی وەڵامدانەوە بوو، وام ئەزانی خودای لێیە. توومەز نەنکم لە حەشمەتی ئیماندا بووە بەشێک لە ئاسمان. وا دیار بوو نەنکم دەیبینێ، نەک من. بیری ئیمانداری باپیرم دەکەم کە لە دوای نوێژی جومعان لە ئێزگەی دەنگی کوردی هەشتاکانەوە،  گوێی لە عەلی مەردان ئەگرت و لە گەڵیا فاتیمە دوو جاوی مەستتی بۆ نەنە فاتەم ئەووتەوە. ڕۆژێ نەمبیست بڵێ مۆسیقا حەرامە. تەنانەت جارێک لە حەجەوە ئامێری تۆماری (تەسجیل) بۆ مام هێنا. ماڵەکەی ئێمە هەمیشە پڕ بوو لە دەنگی گۆرانی و یەک کاسێتی سوڕەتی یوسف نەبێت. باپیرم خۆی لە قورعانە گەورەکەی بەردەستی بە لەحنێکی فارسی قورئانی بۆ ئەخوێندین. ئەو هەمیشە ئەیووت لە دوای قورئان عەلی مەردانە.
بیری ئەو قورئانەش ئەکەم کە بە پەڕۆ سەوزە تەفەڕوکەکەی، حەجی باپیرم پێچرابوویەوە و چەند جارێکیش خەتمم  کرد بوو. بیری مەلا حەمەدەمین ئەکەم کە جار و بار دوعای بۆ سەرکەوتنی کوڕە شوعییەکەی ئەکرد و هەقی داس و چەکوشەکەی نەبوو. ئەیووت ئەو دژی زاڵم چەکی هەڵگرتووە. ئەو جار و بار لە گەڵ نوێژ خوێنان لە مزگەوتەوە خل ئەبوونەوە بۆ باخەکەی تەپپە بۆ دامەکردن و سێ ڕسکان. ڕۆژێک نەیووت دامە و دۆمینە حەرامن. بیری مەلا هادی ئەکەم کە جار جارە بە دسداشە شینە ئاسمانییەکەی و کەشیدە و کڵاوە سپێەکەی بە بەردەمی ئەو ژنانەی گەڕەکدا تێدەپەڕی بۆ مزگەوت. کە ئەگەر ژنێکی مەمکی لە دەمی ساواکەشی بووایە لە کۆڵاندا. هرگیز نەیدەگووت ناماقوڵی گوناهەت کرد، سنگت داپۆشە. بیری مەلا بەکر و حاجی عەلی سور و حاجی عوسمان چایچی و کاک محەمەد عیزەت ئەکەم کە کچەکانیان لە سفور سفورتر بوون و خۆشیان لە ڕیزی پێشەوەی نوێژ خوێنان بوون. بەڵام بێ دەربەست بوون لە ئاست سەرڕووتی ژن و کچەکانیان. بیری ئیماندارە مەسیحییەکانی گەڕەک ئەکەم. کە پارچە نانێکیان لە زەوی بدیایە بە تەنگە تاو هەڵیان ئەگرتەوە و سیانەی مەسیحییان ئەخوێند (الاب و الابن و روح القدوس). بیری تەنوورە کورتەکانی خانمەکانیان ئەکەم، کە نەنکم ئەیانردین بۆ ماڵیان بۆ زەیتوون و لیمۆ تەکاندن و بۆ نیوەڕۆش نمەکی ئەوانمان ئەکرد. بیری ماڵی دایکی جەماڵ و کەماڵ ئەکەم کە مەسیحی بە ئەسڵ شەقڵاوەیی بوون. ئاخ لە بێگەردییا ئیمانی لێ دەباری. گەلێ جار لە گەڵ نەنکم لە جەژنەکاندا ئەچووینە لای و نمەکمان ئەکردن. ئەو دەم هیچ موسوڵمانێک نەیدەووت نابێ بە مەسیحییەکان بڵێن (ئیدوخ پریخێ) واتا جەژنتان پیرۆز بێت. لە ئایینی ئەو دەم هەموو شتێ جائیز بوو، تەنها رق  و جیاخوازی و کینە نەبێ. پێم وابێ ئەو دەم  هەمووان بەهەشتی بوون، بە مەشرووب خۆر و لەش فرۆشەکانیشەوە. ئەو دەم ئیمان لە نێوان خودا و عەبد بوو. خودا وەکیل و پارێزەر و پۆلیسی نەبوو. ئیمان بۆ بڵاوکرنەوەی گووڵاوی موحیبەت بوو نەک تاڵاوی ڕق. وتارەکان بۆ بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی و پێکەوە ژیان و ئاشتی بوو، قەد شۆڕ نەدەبووەوە بۆ قژ و پەچە و پێک و مۆسیقا و ڕەش بەڵەک و دەهۆڵ و زۆڕناکەی سەڵاح و فایەق دواودە. بیرمە گەڕەک پڕ بوو لە گەنجی مەشروب خۆر. بیرم نایەت کچێکی موحەجەبەم بینی بێت. کوڕی مەسیحی و کچە موسڵمان و پێچەوانەکەشی هاوڕێی بوون. تەنانەت مزگەوت عەلاقەی ئەو دوو سێ  مەی فرۆشەی گەڕەک و بۆنی شەرابە فەلی ماڵە مەسیحیەکانیش نەبوو. بیرمە و بیرمە و بیرمە...بەڵام ئەوەی بیرم نەبێ لە هەشتاکان وتاری تیژی ئەم ئایینە نوێیەی ئەمڕۆیە، سیمای سمێڵ تاشراو و ڕیش درێژ و شەواڵ کورتێتی. ئەوەی ڕەنگ و بۆن و دەنگی نەبوو لەو ئایینەی هەشتاکان مەرگ و خوێن و قێژە و قیڕە و کفن و دفن و گیانی ڕەگەزپەرستی بوو.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟