وتار

زارا دوو زاری دی

Sunday, 01.09.2022, 03:02 PM


ئەگەر چی یەکێک لە وانەکانی کتێبی خوێندنی کوردی، لە قۆناغی سەرەتایی، لە باشوری کوردستاندا، لە دێر زەمانەوە، بە ڕستە بە ناوبانگەکەی (دارا دوو داری دووری دی)ی نووسەر و پەروەردەکاری گەورە، ئەمین باڵدار دەست پێ دەکات. ئەم ڕستەیە ڕەنگە شاڕستە و یەکەم ڕستە بێ کە گوێچکەکانی زۆرێک لە حاکمەکانی ئەمڕۆی کوردستانی پێ ئاشنا بووبێ. ئەم ڕستەیە، تا ئەمڕۆش خۆی لە خانەکانی مێشکی تاکەکانی باشور‌نەخشاندووە. هەق وایە لە دوای پرسەکانی قاسمی سولەیمانی لە هەرێم، ئیدی ئەم ڕستەیە بگۆڕن بە (نە دارا بوو، نە هیچ دارێکیشی دی بوو) بەڵکو کاربەدەستانی کوردی باشور بوون و دوژمنیان لێ بوو بوو بە دۆست. یاخود هەڤاڵ بوو قاسمی لێ بوو بوو بە هاوڕێ. ئەشکرێ نیچیر بوو بێ و بوو بێ بە بەشێک لە  شۆڕشی ڕاوچیەکانی زمانی کوردی.
وەرە سەر لەم هاوکێشەیە دەربکە، حاکمی شۆڕشگێڕترین و خەباتگێڕترین  شاڕی کوردستان و سەرۆکی بریندارترین پارچەی کوردستان، زاری پڕی خۆیان، له وەسف و سەری ڕێزدانەواندن و ستایش کردنی کەسانێکدا، خاڵی بکەنەوە کە دەستی سوور بووە بە خۆینی کەس و کار و خزمانی ڕۆژهەڵات. هەموو ئەمانەش لە ژێر سایەی حوکمڕانی کوردی خۆماڵیدا. لەولاشەوە هەر سەرانی قاسمی سولەیمانی، بە بەر چاوی حاکمانی باشور چەندین ساڵ زارای ڕۆژهەڵاتی لە سەر فێربوونی زاری کوردی دەخزێننە زیندانەوە. بەڵام زارا لە بری سەردانەواندن و خۆ چەماندنەوە لە بەر دەمی دادگای سنە  بە بێ منەت ، لە ژێر دەسەڵاتی سەرانی قاسمیدا، بە سەرانی قاسمی ئەڵێت (...قوڕ بە سەر ئەو  دوژمنەی کە هیوای بە بەندیخانەیە).  منیش لە جیاتی زارا دەڵێم قوڕبەسەر ئەو میللەتەی کە هیوای بە قاسمی سولەیمانییە.
وەرە سەر لەم لۆگاریتمە دەربکە، لە ژێر دەستی و داگیرکاریدا، ژنە قارەمانێک  لە سەر زاری کوردی و بە زاری کوردی بەرخودان ئەکات بەڵام لە ژێر سایەی حوکمی کوردیدا و بە زاری کوردی، فس فس پاڵەوانانی کورد وەسف و سەنای زیندانی کەرانی زارا و بکوژانی زاری  کوردی ئەکەن.
خاک و نەتەوە دووانەیەکن یەکتر پڕدەکەنەوە، هەتا نەتەوە خاک بپارێزێ و گەشەی پێ بدات، خاکیش بەربوومی خۆیت پێشکەش دەکات. کەواتا ئەو دووە ئەرک و مافیان بەرانبەر بە یەکتری هەیە. کوردستان وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو و کوردیش وەکو یەک نەتەوە، دەرکەوتووە کە جودا ناکرێنەوە هەر هیچ نەبێ لە سەر ئاستی تاکەکانی هەر چوار پارچەکە، کە هەمیشە وەکو یەک تەماشای یەکتر دەکەن. ئەگەر کوردایەتیش وەکو کەرەستەیەک بێت تا تاکەکان وەکو ئەرکی سەرشانیان بەجێی بگەیێنن، هەق وایە خێر و بێری خاکیش بۆ دڵسسۆزە ڕاسته قینەکانی بێت. بەڵام لە ماتماتیکی سیاسی نەتەوەی کورددا، هەمیشە دڵسۆزەکان لە زیندانی کراوان و ئەشکەنجە دراو و شەهید کراون بوون و ئەوانەشی پێچەوانەی ئەرکی نەتەوەیی هەڵسوکەوت ئەکەن، ئەوانن لە خێر و بەرەکەتی خاک ئەخۆن.
ببینن کەسێک پەرە بە زمانی کوردی دەدات زیندانی دەکرێت و کەسێکیش له وەسفی ستەمکار و داگیرکار حاکمی شار و سەرۆکی وڵاتە و زەردەخەنە لە گەڵ دوژمن و داگیرکەر ئەگۆڕێتەوە و فرمێسک بۆ خەمەکانیان ئەڕێژێ.
ئەحمەد بێ خەم کە چالاکوانی ڕۆژهەڵات بوو لە هەولێر و خەباتگێڕ بوو دژ بە داعش و تورک لە کۆبانی، بەڵام لە هەولێر بە دڕندانەترین شێوە تیرۆر ئەکرێ لە سەر داوای میت و هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوە ئەچن کە هێزەکەی حسێن یەزدان پەنا لەم تیرۆرە بەرپرسن، هەمووانیش ئاگادارن کە حسێن یەزدان پەنا کێیە و چ کارەیە و مەرام لە دامەزراندنی هێزەکەی چیە؟ بەڵام خێر و بێری خاک و وڵات بۆ حسێنە و تیرۆر کردنیش بەشی ئەحمەد بێ خەمە.
ئەمانە دیمەن گەلێکن کە بەردەوام لە تابلۆی سیاسی کوردیدا خۆیان نمایش‌ ئەکەن بە دوو زمان و ئاراستەی پێچەوانە، ئاراستەیەکیان لە خزمەتی دوژمن و ئەوی دیکەیان لە دژی. هەر بۆیە ئەکرێ بڵێین ڕووداوەکانی  ئەم ڕۆژانەی ڕابردوو پێی وتین ئەوە دارا نەبوو زارا بوو، داریشی نەبوو زار (زمان)بوو، بەڵام دوو زاری جیاواز یەکیان زاری زارا و ئەحمەد بێ خەمە کە بە دوژمن ئەڵێ دوژمن و خەبات ئەکات دژیان و ئەوی دیکەیان زاری دەسەڵاتدارانی هەرێم و دار و دەستەیان کە هەم وەسفی دوژمنانی پێ ئەکەن و هەم خەباتگێڕانی کوردیشیان بۆ تیرۆر دەکەن.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟