TEVDA Press

سەلاح حسێن ئەفەندی

بۆچی گەنجان کۆچ نەکەن؟

| Monday, 01.10.2022, 11:28 AM |


کۆچکردن یەکێکە لەو دیاردە گرنگانەی ڕامان دەچڵەکێنێ و پێمان دەڵێت: کۆمەڵگەکەمان گرفتی گەورەی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی هەیە. هەڵبەتە ئەم بابەتە تەنها پەیوەست نییە بە هەرێمی کوردستانەوە، بەڵکو یەکێکە لە گرفتە مەزنەکانی ئەمڕۆی جیهان.
بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای ساڵی 2021دا، 1٪دانیشتوانی جیهان کە دەکاتە زیاتر لە هەشتا ملیون مرۆڤ، لە ناوەوە یان لەدەرەوەی وڵاتەکانی خۆیاندا، لە کۆچکردندا بوون. سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، چەندین بۆچوون لەسەر ئەم بابەتە هەیە، ئایا کۆچبەران گوناهبارن ئەگەر هەوڵی ژیانێکی خۆشتر بدەن؟ ئایا ئۆباڵی ئەم دۆخە تەنها دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقەوە؟ شەڕ و ترس و ناسەقامگیرییە؟ هەژاری و بێکارییە؟ ئەوروپێکان دڵرەقترن لە جاران، یان بە پێی بەرژەوەندی و پێداویستی خۆیان رەفتاردەکەن؟ تورکیا و بیلاروس و هەندێ وڵاتی تر، بە مەبەستی سیاسی و ئابوری، هانی کۆچکەران دەدەن؟ مافیا و قاچاغچییەکانن، کە لەو رێگەیەوە، بازرگانی فراوان بە ژیانی خەڵکەوە دەکەن؟.
بێ گومان هەموو یەکێک لەمانە، ڕۆڵ و کاردانەوەی خۆیان هەیە لەسەر کۆچکردن و سەرهەڵگرتنی گەنجان و بەردەوامبوون لە پڕۆسەکەدا. لێرەدا دەبێ هەوڵبدرێت بۆ گەڕان بە شوێن هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکان، کە فاکتەری سەرەکین بۆ کۆچکردن. لەسەر بنەمای ئەوانە دەرگای دیالۆگ بکرێتەوە بۆ گەڕان بە شوێن چارەسەری گونجاو بۆیان:

1- بەرزبونەوەی رێژەی بێکاری و بێکاری شاردراوە
بێجگە لەوەی کە ر ێژەیەکی زۆر لە گەنجانی ژن و پیاوی هەرێمی کوردستان بێ کارن، ژمارەیەکی زۆر بێکاری شاردراوەش هەیە. بەڕێوەبردنی کاروباری کەرتی گشتی پێویستی بە ڕێژەیەکی کەمی موچەخۆرەکانی ئەمڕۆی هەیە، ئەوانی تر بە کردەوە بێ کارن. ئەگەر بێت و تەکنیک و ڕێبازی نوێی کارکردن بەکاربهێنرێ، هێندەی تر ژمارەی بێکاری شاردراوە لەم کەرتەدا زیاد دەکات. ژمارەیەکی زۆر خەڵک بە ناچاری لەهەندێ کەرتی تایبەتیدا کاردەکەن، بۆ نمونە شۆفێرانی تەکسی، کە ڕەنگە ئەمڕۆ کەمتر لە نیوەیان بتوانن پێداویستی بازاڕ دابین بکەن. گرنگترین هۆکاری بێ کاری ئەمانەن:

A- لاوازی کەرتی تایبەت
بە هۆی چەندین فاکتەری مێژویی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە، هەر لە کۆنەوە، ئەم کەرتە گرنگە وەک پێویست نەیتوانیوە گەشەبکات. ئەمڕۆ، گرنگترین ئەو گرفتانەی لە ڕێگەی گەشەکردنیدایە، قۆرخکردنی بازاڕە لە لایەن بەشێک لە چینی سیاسی دەستەڵاتدارەوە، کە بوونەتە بار بەسەر کاسبکارانەوە و ڕێگەگرن لەوەی کە بتوانن قانجازەکانیان بەکاربهێنن لە گەشەپێکردنی کومپانێکانیان و هەستان بە پڕۆژەی نوێ. یاسا کۆنەکان کە ڕێگرن لە گەشکردنی ئەم کەرتە، هەروەها بەکار نەهێنانی یان خراپ بەکارهێنانی یاسا باشەکان، فاکتەری ترن. لاوازی یاخود غیابی سستەمی بانکی، بەهۆی گەندەڵی و بە کارهێنانی پارەیەکی ڕەشی زۆر لە بازاڕدا. بێ بوونی سستەمی بانکی بۆ دابینکردنی قەرزی هەرزان بۆ کاسبکاران، زەحمەتە ئەم کەرتە وەک پێویست گەشە بکات. لەسەر ئەم بابەتە، بەڕیز سەرکۆ یونس لە وتاری هاوسەرگیری ناشەرعی، لە نێوان دەستەڵات و ساماندا و هەندێ وتاری تری، چەند ڕاستێکی گرنگی خستۆتە بەرچاو.
B- کەمی وەبەرهێنەری دەرەکی
ناسەقامگیری، خراپی یاسا و بەکارهێنانی خراپی یاساکان، ناشارەزایی و گرانی هێزی کار، گەندەڵی بەشێک لە سیاسەتمەدار و دەستگاکانی دەوڵەت، فاکتەری تری سەرەکین کە وەبەرهێنانی دەرەکی لە خۆرهەڵاتی ناوەراست و هەرێمی کوردستان کەمترین ڕێژەی هەبێت لەسەر ئاستی هەموو جیهان. لێرەشدا بەشێک لە چینی سیاسی دەستەڵاتدار، تەنها بەزۆرەملی خۆیان ناکەنە شەریکی بازرگانی ناوخۆ، بەڵکو هەمان ڕەفتاریان هەیە لەگەڵ کومپانیا و بانکە نیودەوڵەتیەکان.
C- کەمی وەبەرهێنان لە پڕۆژەی در ێژخایاندا لەبەر چەندین هۆ، نمونەی هەڵپەکردن بۆ قازانجی خێرا و زۆر، گەندەڵی و پارەی ڕەش، ناشەرەزایی، ناسەقامگیری و ترس لە پاشەرۆژ، سستی و لاوازی بەشێکی زۆر لە وەبەرهێنانی ناوخۆ لە کەرتی ستراتیجی درێژخایانی وەکو پیشەسازیی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری بەکار نەهاتوون، کە بۆتە هۆی کەمی دابینکردنی هەلی کاری زۆر و باشکردنی خزمەتگوزاری.
D- سوودوەرنەگرتن لە جالیەی واڵت لە هەندەران
بە سەدان هەزار هاوڵاتی کوردستان لە هەندەران دەژین، بەشێکیان خاوەن کومپانیا، شارەزایی کاربەڕێوەبردن یان کەپیتاڵن، بە شێکی تریان پسپۆرن لە بواری جیاوازدا، پەیوەندیان هەیە لەگەڵ بانک و کومپانیا و دەستڕۆیشتوانی وڵاتاندا. بە هۆی هەمان ئەو هۆکارانەی سەرەوە، زەمینەیەکی گونجاو دابین نەکراوە کە سوود لەو توانا بێسنوورە وەر بگیرێت.
E- سەقەتی سستەمی خوێندن و ڕاهێنان
هەرلەکۆنەوە هەتا ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عیراق، سستەمی خوێندن بەمەبەستی دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا بونیادنراوە، بەو شێوەیە خەڵکی دەمکوتکراوە و بەستێنراوەتەوە بە دەستگاکانی دەوڵەتەوە. لەو ڕێگەیەوە دەستەاڵتداران توانیویانە کۆنترۆڵی هاوڵاتیان بکەن. ئەم زەمینەیە بۆتە هۆکاری نزمی ئاستی فێربوون، وەکو پێویست دروستنەبوونی خەڵکی شارەزاو پسپۆر. لەم سەردەمەدا، خوێندن و فێربوون لە پێناوی ئامادەکردنی خەڵکی شارەزا و پسپۆر ە، کە لە لایەکەوە بتوانن لەسەر پێی خۆیان بوەستن و پێداویستی گوزەرانی ژیانی خۆیان دابینکەن، لە لایەکی ترەوە بە ئازادی پێداویستیەکانی بازاڕ و کومپانیا و پڕۆژەی کۆن و نوێی کەرتی تایبەتی و گشتی دابینبکەن لە هەموو ئاستێکدا. ئاستی خوێندن، دەبێ لە ئاستی گەشەکردن و پێداویستی کۆمەڵگەدابێت و ڕیگەخۆشکەربێت بۆ گەشەکردنی.
F- خراپی مەرج و ژینگەی کارکردن
لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ ڕێژەیەکی بەرزی بێکاری لەهەرێمی کوردستان هەیە، بە هەزاران کرێکار و کارمەندی دەرەکی، بە مەرج و موچەی خراپ، لەسێکتەرە جیاوازەکاندا کاردەکەن. هۆکاری ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ خراپی مەرجەکانی ژینگەی کارکردن، نزمی ئاستی مووچە، در ێژی کاتی کارکردن، قورسی و پیسی و هەڕەشە لەسەر ژیانی کارمەند، نەبوونی مافی کۆمەڵایەتی، نەبوونی مافی خانەنشینی، گەندەڵی و سستی سێکتەری گستی، نەبوونی یان لاوازی یاساکانی پارستنی مافی کارمەندان، نەبوونی ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێز و سەربەخۆ.
G- بڕوابەخۆنەبوون و چاوەڕوانکردنی دەستی دەستەڵاتداران لە کوردستان و زوربەی ناوچکانی تری خۆرهەڵاتی ناوڕاست، بەهۆی پاشماوەکانی سستەمی فیوداڵی خێڵەکی، دواتر دەستەڵاتی نوخبەی چینی سیاسی، بەسەر دەوڵەت و ژیانی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییدا، واچۆتە مێشک و دەرونی خەڵکەوە کە ئەوان گەلەمەڕن و دەستەڵات شوان. بێ شوان گورگ دەیانخوات. ئەمە هەستی بێ دەستەڵاتی و بەخۆبڕوانەبوون و دەستەپار چەیی لە ناویاندا دروست کردووە. هەمیشە چاوەڕوانی دەستی دەوڵەت، نوخبەی سیاسی و دەس تەڵاتداربن کە هەموو کاروبارێکیان بۆ ڕاپەڕێنێ.

2- خراپی ئاستی خزمەتگوزاری
لەبەر ئەوەی خراپی ئاستی خزمەتگوزاری و زۆری گەندەڵی تیایاندا، لای هەموو تاکێک ئاشکرایە، لێرەدا پێویستی بە دووبارەکردنەوە نییە.
3- ناسەقامگیری سیاسی و لاوازی دامەزراوەکانی دەوڵەت بێجگە لە ئەوەی هەموو ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بە هەریمی کوردستانیشەوە ناسەقامگیر و پڕ ئاژاوەیە، ناوخۆی هەرێم و پەیوەندی نێوان پارت و بنەماڵە و دەستەڵاتدارانی هەرێم و عێراق گرژ و پڕهەرەشەیە. زۆرینەی دەستەڵاتدارانی حیزب و گروپ و دەوڵەت، بە پلەی یەکەم ناکۆکن لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی دەستەڵات و سامان لە نێوان خۆیاندا. ئەم زەمینەیە، لە لایەکەوە کار دەکاتە سەر دەرونی هاوڵاتی کە هەمیشە لە ترس و لەرزدایە و دوارۆژی ڕوناک نییە، لە لایەکی ترەوە کاری کردۆتە سەر کاسپکار و بازرگان و کومپانیا و بانکە نێودەوڵەتیەکان کە هەستن بە وەبەرهێنان لە وڵاتەکەدا.
4- زیادبوونی جیاوازی لە نێوان سامان و داهاتی چینی سیاسی و هاوڵاتیاندا لەبەر ئەوەی گەرەترین ڕێژەی سامان و داهاتی وڵات موڵکی چینی سیاسیە، یان ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و خەڵکانی نزیک خۆیانەوە مامەڵە بە موڵکی گشتیەوە دەکەن، نایەکسانی و ناعەدالێتێکی زۆر و ئاشکرا لای هاوڵاتی سادە ڕەچاو دەکرێت. لەم وڵاتەدا کەس نابینیت لەم بارە رازیبێت، هەتا سیاسەتمەدار و دەستەڵاتداران خۆشیان هاواریان لێهەستاوە، هەست دەکەن وەکو پێویست پشکیان بەرنەکەوتووە و غەدریان لێکراوە.
5- نایەکسانی لە نێوان ناوچەکانی جیهان و گەڕان بەدوای ژیانێکی باشتردا بەتایبەتی لەم سی ساڵەی دواییدا، گۆڕانکاری فراوان لە جیهاندا ڕویداوە، چەندین لە واڵتە دواکەوتوو و هەژارەکانی پێشوی جیهان، نمونەی چین، سەنگافور، کۆریای باشوەر، هندستان و بەرازیل… بوژاندنەوەی ئابووری تیایاندا گوڕی بەستۆتەوە، ژیانی هاوڵاتی تیایاندا باشترە لە جاران، بەڵام هەتا ئێستا لە زۆر بواری تردا نایەکسانی گەورە هەیە لە نێوان ناوچە و وڵاتانی جیهاندا، نمونەی ئاستی موچە، مافی مرۆڤ، گەشەکردنی دامەزراوە دیمەکراسیەکان، مافی ئافرەت، ئاستی خویندن، خزمەتگوزاری، ئاسایشت و سەقامگیری. هەموو ئەمانە وا لە خەڵکان دەکات، کە بەهۆی فاکتەر و ڕێگەی جیاوازەوە هەوڵی ژیانێکی باشتر بدەن. یەکێ لەو ڕێگەیانە هەوڵدانە بۆ کۆچکردن بەرەو ئەو شوێنانەی کە لایان باشتر و گونجاوترە.
6- جیهانێکی کراوە و لە هەمان ساتدا داخراو جیهانی ئەمڕۆ لە قۆناغی خێرا بەڕێوەچوونی بێ هاوتای گلۆباڵیزمە، کە تیایدا سسستەمی سەرمایەداری، کومپانییەکان، زانیاری، جوڵەی خەڵک، جوڵەی کەپیتاڵ … پێویستی بە دەرگاکردنەوە و تێشکاندنی سنورەکانە. لە هەمان کاتدا بەهۆی ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە نێوان ناوچە و ولاتەکانی جیهاندا هەیە، هەمان سستەم ڕێگەگرە لە هەوڵ و هەڵپەی خەڵکی بەدگوزەران کە بە ئازادی بتوانن ئەو سنورانە بشکێنن و تەقەلای ژیانێکی باشتر لە شوێنێکی تردا بدەن. هەڵنبەتە هەموو ئەمانە پەیوەستە بە بەرژەوەندی تایبەتی وڵات و ناوچەکان، ئەمە ئەوە دەردەخات کە ڕێدان بە هاتنی کۆچبەران، بە شێوەیەکی گشتی، پەیوەندی بە هەستی مرۆڤایەتی و یارمەتیدانی خەڵکی تر نییە، بەڵکو بەرژەوەندی و پێویستی ئەو وڵاتانەیە بە هێزی کاری گونجاو لە کاتی گونجاودا، کە بڕیار دەرە لەسەر قاپیکردنەوە روبەڕوی کۆچبەران یان داخستنی.
لە سەردەمی خێرابوونی گلۆبالیزمدا، کە زانیاری ئاڵوگۆڕپێکردن و پەیوەندیکردن ئاسانتر و خێراترە، ئامڕازی هاتوچۆ زۆرتر و خێراترە، ئاساییە کە مرۆڤی ئەم سەردەمە بیەوێت هەوڵی ژیانێکی باشتر بدات لە وڵاتەکەی خۆیدا، خۆ ئەگەر ئەمەی پێنەکرێت، هەوڵ بدات بۆ کۆچکردن بۆ وڵاتانی تر، کە مەرجەکانی ژیان تیایاندا حازربەدەس تە و باشترە. بەڕێز جەعفەر عەلی لە وتارەکەیدا بە ناوی لەبارەی کۆچەرەوە لەم بارەیەوە توانیوێتی چەند ڕاستێکی گرنگ پێشکەش بکات.
7- مانەوەی چارەسەری بابەتە نەتەوایەتییەکان بە هەڵپەستراوی چارەسەرکردنی مەسەلەی سنووری هەرێمی کوردستان، مادەی 140 گەشەپیکردنی سستەمی فیدرالی.. لە دوای چەندین ساڵ هەڵپەستراوە و بونەتە گرفتی بەردەوام و هۆکاری ناسەقامگیری و ئاژاوە و کۆچکردن. چەندین فاکتەر ڕیگرن بۆ چارەسەر: حکومەتی عێراق، هێزە عێراقیەکان، هۆکاریی میژوویی، دەستێوەردانی نێودەوڵەتی و هەرێمی.
بەڵام لەسەرو هەمویانەوە سیاسەتی هەڵەو نەبوونی ستراتیجی نەتەوایەتی، نەبوونی بەرنامە و پالنی درێژخایان و ژیرانە، شکستهێنان لە دۆزینەوەی خاڵ و بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ پێکهاتە نەتەوایەتەکانی تری کوردستان، هەڵپەی پارتەکانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستکەوتی حیزبی و شەخسی کورتخایان و کردنیان بە خاڵی سەرەکی ململانێ لە نێوان خۆیان و لەگەڵ هێزە عێراقیەکاندا.


سەلاح حسێن ئەفەندی