TEVDA Press

ئەبو بەکر عەلی

عێراق لە بەردەم چارەنوسێکی نادیاردا؟

| Monday, 01.10.2022, 11:47 PM |


لە دنیاو دۆخی ئاساییدا، ھەڵبژاردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، زیندوو ڕاگرتنی ژیانی سیاسی و قوڵکردنەوەی دیموکراسی و ماف و ئازادییەکان، ئەنجام دەدرێت، کەچی لە وڵاتە پارچەبووەکان، نیمچە ھەڵوەشاوەکان و نەبوونی ژێرخانی دیموکراسی و چەمکی دەوڵەت، دەشێت کێشەی نوێ بخوڵقێنێ و قەیرانەکان قوڵتر بکاتەوەو چارەسەرەکان پڕخەرجیتر بکات.

دیمەنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، ئەگەر بەم جۆرە بڕوات، دەبێتە سەرەتای قۆناغی دووەمی ململانێکان و قوڵبوونەوەی بنبەستی سیاسی. لەم ڕوانگەشەوە چیرۆکەکەی مەشھەدانی دەبێتە سیناریۆ بۆ بەدەستخستنی بیانوی یاسایی بەدەست لایەکەوە بۆ ڕەتکرنەوەی بەرەنجامی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەڕلەمان. ئەگەر ئەمەش سەری نەگرت و دۆخەکە تێپەڕی، دواتر لە درەوەی سیاقە دەستوری و قانونییەکانەوە، ڕەنگە ھەوڵی جوانەمەرگکردنی خولەکەو گەر پێویستیش بوو، ھەرەسپێھێنانی پرۆسە سیاسییەکە بدرێت؟

ئەم دۆخە سەبارەت بە کوردیش ئەگەر ئەوەی ڕوویدا ڕۆڵ دابەشکردنی لە پشتەوە نەبێت، لانی کەم بە ئاقاری ئامادەبوونی وەك پێکھاتە لە بەغدا نەرێنی دەبێت. کورد بەسەر سێ بەشدا دابەش دەکات. پارتی بە فەرمی دەبێتە نوێنەری ھەرێم و ئەوانی دیش ئاسان پێیان قوت نادرێت، بەتایبەتیش یەکێتی. تەنانەت کورد لەسەر ئاستی جەمسەرە دژبەیەکەکانی ناوچەکەش دابەش دەکات.لە ڕاستیشدا، کورد ناتوانێت لە پرسێکدا یەکگرتوو بێت، بەغداو تاران لەسەری ناکۆك بن.

ھەرچۆنێك بێت، ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بڕواتە پێش، چونکە ھێشتا دەرفەتی گۆڕینی ڕێساکانی گەمەکە ماوەو دەبێت پەراوێزێك بۆئەوە بێڵینەوە، لە قۆناغی یەکەمدا سەقامگیری عێراق دەکەوێتە بەر مەترسی زۆرترەوە. ھەرێم دەکەوێتە ژێر ھەڕەشەی زیاترەوە. دۆخێکی نوێی حوکمڕانیش دێتە پێشەوە کە کۆی وڵاتەکە دەکاتە، کێڵگەی تاقیکردنەوەیەکی نامسۆگەری ئەوسەر دیار نەبوو. لەم ڕووەشەوە وێناکە وەك شکاندنی بەربەست دێتە پێش چاو چونکە خولانەوە لە بازنەیەکی داخراوی تاقیکراوەشدا جاڕسکەرە، لە کاتێکدا ڕووی دووەمی بنبەستی سیاسیە.

پرسیاریش ئەوەیە: ئایا عێراق وەك دەوڵەت و سیستم و نوخبە، توانستی بڕینی قۆناغ و خۆبیناکردنەوەی پێماوە؟ یاخود مەسەلەکە گەورەترە لە عێراق و ھەڵقەیەکە لە توندبوونی ململانێیەکی ناوچەیی تر، کە ئەگەر بتەقێتەوە، ڕەنگدانەوەی بەسەر عێراقدا گەورە دەبێت و ئەوراقەکان بەتەواوی تێکەڵ دەبن؟ ھەرچۆنێك بێت ئەگەر ئەوەی ئەمڕۆ بینرا تاسەر بەردەوام بێت، ئەم وڵاتە بێ ئاییندە، ھێندەی تر دەکەوێتە بەردەم چارەنوسێکی نادیارەوە؟!
ئەبو بەکر عەلی