TEVDA Press

جه‌عفه‌ر عه‌لی

پەرلەمانتاری نمایشی!

| Tuesday, 01.11.2022, 03:34 PM |


گروپێک بە پۆشینی کفن و جلی سەربازی، گروپێک بە دشداشە و بەرگی کوردی، گروپێکی دی بە توک توک، تێر بە دڵی خۆیان نمایشیان کرد.
گرنگە رەفتاری پەرلەمانتار و گروپەکانی پەرلەمان بەرز بێتەوە بۆ ئاستی تێگەیشتن لە سیستمی پەرلەمانی و دەستکەوتی قانونی و نیشتیمانی، بە دواداچوون و لێپرسینەوە لە کار و لادانەکانی دەسەڵاتی تەنفیزی، تێگەیشتن لە کرۆکی کارەکانی ئەو دامەزراوەیەی کاری تێدا دەکەن، تێگەیشتن لە کار بۆ بونیادنانی دەوڵەتی مەدەنی و دیموکراسی، نەک دەستپێک بە نمایش و نواندن دەست پێبکەیت و لەم ڕێیەوە نامەی ساختە بۆ شەقام و کۆمەڵگەی پڕ لە قەیرانی عیراقی بنێریت، کۆتاییەکەشی بە هوتافکێشان بە باڵای بچووکی (مەرجەع)ی سیاسی و مەزهەبی قفڵ بدەیت!
گرنگ نییە تۆ بە توک توک یان ئۆتۆمبێل دەچیت بۆ پەرلەمان، قاتی ئیتاڵی دەپۆشی، یان دشداشەیەکی دڕاو، جلوبەرگی سەربازی و کفن یان بەرگی کوردی دەکەیتەبەر، عەگال یان جامانە دەکەیتە سەرت، ئەوانە هیچیان گوزارشتی حەقیقی ناوەوەی مرۆڤەکان و فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان نین، ئەوانە تەعبیر لە جەوهەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی هیچ حیزبێکی سیاسی ئەم عیراق و هەرێمی کوردستانە  ناکەن، هەر وەک چۆن وێنەی هیچ حیزب و فراکسیۆن و پەرلەمانتارێکیش لەم حەوزە لیخنەدا، وێنەیەکی روون و راستەقینە نابێت.
   کێشە بنەڕەتییەکە بریتی نییە لە دابەزینی تۆ بۆ ناو توک توک، پۆشینی کفن و دشداشە، یان سەری پڕ لە ئاشوبی تائیفی و قینی سیاسیت بخەیتە ژێر عەگال و جامانەوە، جەوهەری کێشەکە کارکردنە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی مرۆڤەکان و رێزگرتن لە بەهای مرۆییان، کارکردنە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئەخلاقی نمایش و هوتافکێشانە تائیفی و خێڵەکییانە، هەوڵدانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو مێنتاڵیتییەی لە ژێر عەبای دینی و عەگال و جامانەوە توشی دۆگمای مەرجەعی موقەدەس، مەرجەعی پیرۆزی سیاسی و تائیفی بووە.
   جوڵە و دیمەنەکانی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عیراق، لە سەرەتایەوە بۆ کۆتایی، نواندنێکی ناپێویست و نمایشێکی ناشیرین بوون. گوزارشتی لەو حەقیقەتە سۆسیۆلۆجییە دەکرد کە دەمێک ساڵە عەلی وەردی دووفاقییەتی ئینسانی عیراقی لەسەر پێناسە کردووە، ئینسانێک بەیانیان وەک رێزێک پەیکەری نەمریت بۆ دادەنێت، ئێواران بەربەرییانە تێکیدەشکێنێت.
   ئیدی ئەوە عیراق و کۆمەڵگەی عیراقییە، کۆمەڵگەی نمایشی، حیزبی نمایشی، فراکسیۆن و پەرلەمانتاری نمایشی! کۆمەڵگەیەک نە لە نواندن تێر دەبێ، نە لە نمایشی بەردەوام، نە لە پێشاندانی وێنەی ساختەی دەرەوەی و شاردنەوەی وێنە راستەقینەکەی ناو ناخی!
جه‌عفه‌ر عه‌لی