TEVDA Press

دانا مەنمی

هوشیاری زێباری و مەرجەکانی بوون بە سەرۆککۆماری عێراق

| Friday, 01.14.2022, 09:33 AM |


ھوشیار زێباری لە ساڵی ٢٠٠٣ وە تا ١١ تەموزی ساڵی ٢٠١٤ وەزیری دەرەوەی عیراق بوو، لە ٢٠١٤/١٠/١٨ بوو بە وەزیری دارایی لە ٢٠١٦/٩/٢١ لەلایەن پەرلەمانی عێراق لەسەر گەندەڵی لەپۆستەکەی لادرا و متمانەی لێ سەندرایەوە، ئەویش دوای ئەوەهات کە دەستەی دەستپاکی عیراق لەمیانی پێداچوونەوەی بە مەلەفی گەندەڵیەکانی سەرجەم وەزارەتەکانی عیراق کردو مەلەفی بەھەدەردانی چەندین ملیۆن دۆلاری وەزارەتی دەرەوەی عیراقی لەسەردەمی هوشیار زێباری خاڵی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ھەڵدایەوەو پرسی سەندنەوەی متمانەی لە زێباری خستە دەنگدانەوە و دواتر بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، متمانە لە زێباری سەندرایەوە لەسەرئەوەی وەڵامەكانی زێباری بۆ ئەو پرسیارانەی كە لە دانیشتنی لێپرسینەوەدا ئاراستەی کرابوون، جێگەی باوەڕی پەرلەمانتاران نەبوو.

ڕاستە مەرامێکی سیاسی لە پرسی لێسەندنەقەی متمانە لە لێپرسینەوەی زێباری داهەبوو ، بەڵام بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خرانەڕوو لەگەڵ ئەو وەڵامانەی کە هوشیار زێباری داینەوە نەک هەر بۆ پەرلەمانتاران بەڵکو بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و شەقامی عەرەبی ڕوون بوو کە زێباری  لە گەندەڵی تێوەگلاوە ، گەندەڵی گەندەڵییەو سیمای گەندەڵکاریش بە کەس جوان نابێت ،لێ لە دونیادا گەندەڵکار کاتێک بە پێی یاسا دۆسیەی گەندەڵی بەسەردا ساغ دەبێتەوە متمانەی لێ دەسەندرێتەوەو پاشانیش دادگای دەکرێت و سزا دەدرێت ، بەڵام بۆ حیزبێکی وەکو پارتی کە لە سەری سەرەوە لە گەندەڵی ئاڵاون حەزناکەن بەهیچ شێوەیەک مەلەفی گەندەڵکاران نە لە عێراق نە لە کوردستان بجوڵێت .

دوای دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ بەدواداچوون لە دۆسیەی گەندەڵی بەرپرسانی حكومی ودەستەی نەزاهەش پاڵپشتی کازمی دەکرد ، بڕیاریش بوو کار لەسەر دۆسییەی گەندەڵی بەرپرسانی كوردیش بکرێت ، یەکەمین دۆسیەو یەکەم کەس کە بڕیار بوو دەستی بۆ ببرێت دۆسیەی گەندەڵی هوشیار زێباری بوو ، بەڵام بەهۆی فشاری پارتی لە کازمی نەتوانرا دۆسیەکە کاری لەسەر بکرێت وپارتیش بە فەرمی کازمیان ئاگادار کردووەتەوە کە ئەوان هوشیاری زێباری ڕادەستی بەغداد ناکەن ، دۆسیەی گەندەڵی هوشیار زێباری مەلەفێکی کراوەیەو بەشێك لەو دۆسێیانەش تایبەتن بەو كاتەی كە زێباری وەزیری دەرەوە بوو، لەبارەی گەندەڵی دارایی و ئیداری، بەشێكی تریشیان پەیوەستن بەپۆستی وەزیری داراییەوە كە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتن.

بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق بێت لە فەقەرەی دووەم و لقی یەکەم لە مادەی (٦٧) دەڵێت ؛ پێویستە پاڵێوراو بۆ سەرۆک کۆمار ئەم مەرجانەی تێدابێت:
یەکەم: لە عێراق لە دایک بووبێت و دایک و باوکی عێراقی بن.
دووەم: لێهاتوویی تەواوی هەبێت و تەمەنی چل ساڵی تەواو کردبێت.
سێیەم: ناوبانگێکی باش و شارەزایی سیاسی هەبێت و بە پاکێـتی و سەرڕاستی و دادوەری ودڵسۆزی بۆ نیشتمان ناسراو بێت.
چوارەم: حوکم نەدرابێت بە تاوانێک کە لەکەداری بکات.

مادەی (٧٠) دەستورەی عێراق دەلێت : سەرۆککۆمار بە  زۆرینەی ٣/٢ ـی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران هەلدەبژێردرێت و لە مادەی (٧١)یش دا باس لە سوێندخواردنی سەرۆک کۆمار لەبەردەم ئەنجومەنی نوێنەراندادەکات، هوشیار زێباری له‌ ماوه‌ی ١١ ساڵی دەستبەکاربوونی وەک وەزیری دەرەوەو دارایی عیراق تێوەگلاوە لە گەندەڵی و گەندەلیش ساغ بووەتەوە بەسەریدا و متمانەی لێ وەرگیراوەتەوە دوای پرساندن لە ئەنجومەنی نوێنەران و خاوەنی ناوبانگی باش نییەو بەدڵسۆزی و بە پاکێتی و سەڕاستی نەتوانیووە بەردەوام بێت لە کارەکەی و تاوانبارە بە گەندەڵی و سوێندی یاسایی شکاندووە.
دانا مەنمی