وتار

پرۆفیسۆر لە کام زانکۆ و لە چی دا؟

Tuesday, 01.18.2022, 11:45 AM


زانستێك زانستە و بڕوانامەیەکیش زانستییە و پلەی زانستیش دەبەخشرێتە یەکێك کە لە چوارچێوەی زانستدا، جێ بکرێنەوە. زانست پێناسە و پێوەری خۆی هەیە. کەواتا بابەتی نازانستی خوێندنن یاخود وەرگرتنی زانیاریین یان شارەزایی پەیدا کردنە لە بوارێکدا بە بێ ئەوەی تۆ ڕۆڵێکت تێدا هەبێت. هەر بۆیە پێدانی پلە زانستییەکانی وەکو (دبلۆم، بەکەلۆرۆس، ماستەر، دکتۆرا و پرۆفیسۆر...هتد)یش لە بوارێکی نازانستیدا کەوتنە نێو هەمان هەڵەی ناسندنی ئەو بوارەیە بە زانست. بۆیە باشتر وایە لە بری ئەم پلە زانستییانە ناونیشانێکی گونجاوی دیکە  بۆ شارەزایانی بوارە نازانستییەکان بدۆزرێتەوە. وەکو ئەوەی لە پلەبەندی  مەلایەتی جاراندا هەبوو، هەر لە فەقێوە تا مەلای دوانزە عیلم.  بۆیە ناکرێت تۆ بە کەسێک بڵێی پرۆفیسۆر یان دکتۆر کە هەر هەمان عیلم و حیلمی مەلایەکت پێ بفرۆشنەوە.
وە لە بەر ئەوەی ئەمانە ناتوانن پەرە بەو بوارە بدەن و بیگۆڕن و ڕەخنەی بکەن ، کەواتا ئەمانە زانا نین بەڵکو گەیێنەری بابەتێکی ژیانین. لێدەرەوەی هەمان قەوانی کۆنن بە بێ ئەوەی ڕێگەی گۆڕین و چاکسازییان تێدا پێ درابێت. بۆیە ئەمانە بە دوای هەڵە و پەڵەی ئەو بوارەدا ناگەڕێن و دەبێت جوانکاریشی بۆ بکەن. چونکە ئەوان مرۆڤ بە بەری ئاییندا دەدروون نەک ئایین بە ئەندازەی مرۆڤی ئەم سەردەمەدا. لێرەشەوە وردە وردە ئەبن بە سەپێنەر.
پناسەی زانست بە پێی  (ئینسایكۆپلیدیا گەورەی نەرویجی Store norske leksjon)، بریتییە لە "گەڕان و لێکۆڵینەوەیەکی ڕێبازیی و رێکخراو و ڕەخنەگرانە، جا خوێندنەوە بێت یان لێکۆڵینەوە. بۆ نموونە بە شتانێك ئەوترێ زانست، کە ئەگەر پێ بە پێی پێوەرە دیاریکراوەکانی لێکۆلینەوەیەکی باش، بڕوات بەڕێوە...زانست داوای سەلماندن و بیانوو هێنانەوەی تەواوەتیمان لێ ئەکات، سەبارەت بەو شتانەی کە ئەیخەینە ڕوو. وشەی زانستیش بەکاردەهێنرێت لە بواری خودی چالاکیی لێکۆڵینەوەکە و ئەو بەرئەنجامانەش کە بە ڕێبازیی بەدەست هاتوون."
لە سەر تیشکی ئەو پێناسە گشتگیرەی زانست، ئەوا زانستە تاقیگەییەکانی وەکو فیزیا و دەروونناسی و زانستە فەرمی و لۆژیکییەکانی وەکو ماتماتیك و زانستە سروشتی و کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکانیش دەچنە ژێر ڕکێف و ناو چوارچێوەی زانستەوە.
گەر بێمە سەر کرۆکی باسەکەم، بە چەند پرسیارێک دەست پێ دەکەم.  ئاخۆ کام جۆر لە ئایین ناسی بە زانست ئەژمار ئەکرێن و دان بە کام پلەی زانستی هەڵگرانی بڕوانامەکانیان بنێین؟ ئاخۆ ئەم هەموو بانگخوازە ئایینییانەی  کە یوتوبەر و بلۆگەر و فیسبووکەوان و مامۆستای زانکۆ پێک ئەهێنن و بە دەیان پلەی زانستی وەکو مامۆستا و دکتور و پرۆفیسۆریان لە پێش ناوەکانیان ڕیز کردووە، لە سەر چ ڕشتە و تێز و بە چ پێوەرێك و بۆ کام زانست و لە کام زانکۆ بەخشراون؟
ئەگەر ڕۆژێک ئەم باس و خواسە ساغ نەکرێنەوە، ئەوا گرفتی زۆر گەورە چاوەڕوانمان ئەکات. یەکێک لەوانەش ناونیشانگەلێکی زۆر و زەوەندی زانستیی قەبەی بەتاڵی پڕ مووچە و داهات کە لە لایەن بە ناو زانکۆی ئایینی دواکەوتووترین وڵاتانێکەوە بەخشراون، وەکو سودان بە نموونە. بوون بە هەڵگری بڕوانامەی قەبە بۆ هەمان زانیاری و بابەتی دووبارە، کە فەقێ و مەلایەکیش ئەتوانن بەم ئەرکە هەستن، بە بێ بەکارهێنانی ئەو هەموو توانا مادی و مەعنەوییە.
من دوو نموونە ئەخەمە ڕوو کە ئەکرێ خوێنەر بەراوردیان بکات و بڕیاریان لە سەر بدات.
بۆ نموونە لە وڵاتانی ئەوروپا لە  سەدان زانکۆ کۆلێژ هەیە لە ژێر ناوی جیاجیا بەڵام بە گشتی بابەتی ئایین ناسی یان زانستی لاهوت یاخود خودا ناسی بابەتی خوێندنیانە. کۆلێژی تایبەتیش هەیە بە کریستیان  ناسی. لە هەموو ئەم کۆلێژانە کە بە گشتی ٣ بۆ ٤ ساڵ خوێندنە، دواجار پلەی بەکەلۆریۆست دەدرێتێ لە خودا ناسی یان ئایین ناسی. لەم بەشانەدا هەموو ئایینەکان بە بێ جیاوازی و ژیانی پەیامبەران و فەلسەفە بە گشتی و فەلسەفەی پشتی ئایین و پەیوەندی ئایین  لە گەڵ کۆمەڵگا و سیاسەت و یاسا  ئەخوێنرێ. لێرە وەسفی ئایین ناکرێ بەڵکو ئایین لە پیرۆزی جیائەکرێتەوە و ئەخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە. لێرە ئایین مادەیەکە بۆ لێکۆڵینەوە و شیتەڵ کردن، نەک بۆ خوێندنەوە و لە بەر کردن. لێرە  ڕەنگە بە باوەڕێکی  کوێر و توندەوە بێیتە ژوورەوە و بە بێ باوەڕی و کراوە و تێگەیشتنێکی نوێوە بچیتە دەرەوە. لێرە ڕەنگە وا بچیتە ژوورەوە یەک باوەڕ ببینی و بناسی و ڕێز‌ لێ بگری بەڵام کاتێ بێیتە دەرەوە هەموو باوەڕەکان وەکو یەک ببینی و ڕێزیان لێبگریت. خۆ ئەگەر مرۆڤ بیەوێ تەنها ببێ بە قەشەی کەنیسە ئەوا کریستیان ناسی و کاروباری کەنیسە ئەخوێنێ ئەویش بە چاویلکەی گوومان و ڕەخنەوە نەک بە سۆزی باوەڕەوە، لێرە کاری قەشە و کەنیسەکاری هێندەی بووە بە پیشە لە باوەڕ ترازاوە. لێرە قەشە دەرچوەکانی کۆلێژە ئایینییەکان فەرمانبەری ئایینین زیاتر لەوەی پیاوی ئایینی بن. لەم زانکۆیانە ئایین زانستە چونکە دەرچووانی بە بیروباوەڕ و جیاوازی بیرکردنەوەی زۆرەوە دەردەچن  بە گشتی دەبن بە ئایین ناس نەک باوەڕدار.
لە وڵاتانی موسوڵمان یاخود زۆرینە موسوڵمان، بوار دراوە ، یەک جۆر ئایین پەروەری نەک ئایین ناسی، بخزێنرێتە نێو زانکۆ و پەیمانگان، کە ئەویش خوێندنی ئیسلامییە. لەوێ ئایین حەقیقەتە و دەقەکانی پیرۆزە و دەستکاری ناکرێن. هەموو ئەوانەی دەقەکانیان کۆکردۆتەوە و نووسیوەتەوە باوەڕپێکراون و خوێندکار مافی ڕەخنەگرتنی لە هیچ کام لەمانە نیە. لەوێ خوێندکار هاتووە باوەڕدار بکرێ نەک گووماناوی بکرێت. لەوێ بانگخوازی ئایینی وهەندێ جار تونڕەوی ئایینیش، پێدەگەیێنرێ نەک ئایین ناسی خاوەن یەک دیدگا بۆ کۆی بیرۆکەی ئایین و ئایینەکان.
ماوەتەوە پرسیار لەم نووسین و بەراوردکارییە بە کراوەیی جێبهێڵم بۆ خوێنەر ، کە ئاخۆ کام خوێندنەی ئایین ناسی زانستە و کام دەرچووەی کام زانستگایە زانایە و شایەنی هەڵگرتنی پلەی زانستییە؟

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟