لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

داگـیـرکـردنـی نـیـشـتـمـان.

Wednesday, 01.19.2022, 09:53 AM


نیشتمان یەکێکە لەو پیرۆزییە بێ هاوتا و دەگمەنانەی، کە مرۆڤ لە ژیانیدا گرنگییەکی تەواوی پێدەدات. بێگومان لە ناخی هەموو هاوڵاتییەکانی دنیادا، ڕادەی خۆشەویستی نیشتمان وەک یەکە، جا ئەو نیشتمانە گەورەبێت یان بچووک، پێشکەوتووبێت یان دواکەوتوو، بەهێزبێت یان لاواز. ئەمەش ئەو نهێنییە گەورەیەیە، کە هەموو کەسێک بێ جیاوازی نیشتمانی خۆی بە پیرۆزترین و بەنرخترین نیشتمانی دنیا دادەنێت.
نیشتمانیش بریتییە لە پارچەیەکی جوگرافی، کە سنور و کەوشەنی تایبەتی خۆی هەیە و مرۆڤ تێیدا دەژی. بەڵام تەنها پارچەیەک زەوی ڕەق و تەق نییە، کە تەنها خاک و خۆڵ و دەشت و شاخ و دار و ئاوی گرتبێتە خۆی، خۆ ئەگەر وابووایە، ئەوا مرۆڤ دەیتوانی بە ئاسانی واز لە نیشتمانەکەی خۆی بهێنێت و خاکێکی تر بکات بە نیشتمانی خۆی، کە لە هەموو ڕووەیەکەوە لە نیشتمانی دایکی جوانتر و ژیان تێیدا باشتر بووایە. ئەو کاتە دەبوو ئەوانەی لە جەمسەرەکانی گۆیی زەویدا و لە کەژە سارد و بەستەڵەکاوییە زۆر سەختەکاندا، یان لە ناوچە دواکەوتووەکانی ئەفەریقادا دەژین، وازیان لە خۆشەویستی نیشتمانی خۆیان بهێنایە و بە دوای خاکێکی تردا بگەڕانایە. کەواتە نیشتمان ئەو باوەشە گەرموگوڕەیە، کە مرۆڤ تیایدا هەست بە ئاشتی و ئاسایش و ئارامی و ژیانێکی شایستەی سەربەرزانە دەکات و یادگارییە جوانەکانی لە خۆ دەگرێت. لە بەروبۆمی دەخوات و هەواکەی هەڵدەمژێ، خاکی پیرۆزی باو و باپیران و نەوەکانی ئەمڕۆ و داهاتووە. خۆشەویستی نیشتمانیش کارێکی زگماکییە و لەگەڵ لە دایکبوونی مرۆڤدا دروستدەبێت و لە گەڵیدا گەشە دەکات، هەر بۆیە تا تەمەن هەڵبکشێت، ڕادەی ڕێز و خۆشەویستی بۆ نیشتمان زیاتر دەبێت، ئەم خۆشەویستییەش هەستێکی توند و تۆڵی ناخی ڕۆحە، کە مرۆڤ بە خاکەوە دەبەستێتەوە. ناکرێت بە هیچجۆرێک نە دەستبەرداری بین، نە بازرگانی پێوە بکەین.
جا ئەگەر نیشتمان لای مرۆڤ سەرچاوەی یادەوەرییەکانی بێت، زێدی لە دایکبوونی خۆی و باو و باپیرانی بێت و بە هەست و سۆزێکی مەزنەوە بە ڕۆحییەوە بەسترابێتەوە، دیارە ئەو نیشتمانە شایانی ئەوەیە بە هەموو هێز و تواناوە و تا هەناسە و ڕەگی تەڕ لە لەشدا مابێ، بەرگریی لێ بکرێت، کار بۆ پێشکەوتن و بوژاندنەوەی بکرێت، ڕێگا نەدرێت هیچ کەسێک و زیڕۆحێک دەستدرێژیی بکاتە سەری. مێژووش بە درێژایی تەمەنی خۆی، لێوان لێوە لە قوربانی میللەتان بۆ نیشتمانی خۆیان. هەر بۆیە کاتێک نیشتمان ڕووبەڕووی داگیرکاری و دەستدرێژی و بای نەگبەتی دەبێتەوە، ئەرکی سەرشانی هەموو کەسێکە بە دڵ و بە گیان و تا ئاستی شەهیدبوون بەرگریی لێبکات.
ئەوەی شایانی باسە بە گشتی سێجۆر دەستدرێژی ڕووبەڕووی نیشتمان دەبێتەوە، کە هۆکارن بۆ داگیرکردنی و لەدەستدانی ئازادی و سەروەرییەکەی، کە بە گشتی بریتیین لەم خاڵانە:
یەکەم/ دەستدرێژی لە لایەن دەوڵەتێکی بێگانەوە بۆ سەری، کە یەکێکە لە مەترسییە گەورەکان، بە مەبەستی داگیرکردن و ملکەچکردنی میللەتەکەی و بە تاڵانبردنی هەموو سەروەت و سامانی خاکەکەی. یان بە مەبەستی سیاسی بۆ فراوانبوونی سنوری دەوڵەتە داگیرکەرەکە، لەسەر حسابی نیشتمانە داگیرکراوەکە.
دووەم/ دەستدرێژی دووەم بۆ سەر نیشتمان، بریتییە لە پلانی داگیرکەر بۆ پارچە پارچە کردنی خاکی نیشتمان و دابەشکردنی گەلەکەی، کە لە نیشتمانەکەی خۆیاندا بە تەبایی و بێ کێشە ژیاون، بۆ دەستە و تاقم و حیزبی دژ بە یەک و هاندان بۆ دووبەرەکی و نانەوەی شەڕ و ئاژاوە و ناکۆکی لە نێوانیاند ، بە مەبەستی داوەشاندن و کرمێکردنی ناخی هاوڵاتییەکانی، کە ئەمەش سەرەتای ئامادەکارییە بۆ داگیرکردنی نیشتمانەکە بە ئاسانی. یان لەوانەشە داگیرکەر زیرەکانە خەڵکی نیشتمانەکە لە خشتەبەرێت و بیانکات بە جاش و مەقاش و ئەڵقە لە گوێێ خۆی و لە ڕێگای ئەوانەوە ئەم دەستدرێژییە ئەنجامبدات، چونکە ئەو ژیرانە سیاسەت دەکات و تا مەقاش هەبێت پەنجەکانی خۆی ناسووتێنێت.
سێیەم/ دەستدرێژی سێیەم بۆ سەر نیشتمان لە ڕێگای بڵاوبوونەوەی گەندەڵی ناوخۆوەیە. واتە دزین و بە تاڵانبردنی داهات و سەروەت و سامانی نیشتمان، لە لایەن بنەماڵەی گەندەڵی خۆسەپێنەر و حیزب وسیاسی مشەخۆر و نۆکەرەکانییانەوە، کە هاوڵاتی ئەو خاکەن و هەموو خەون و خولیا و سەودایەکی ژیانییان تەنها تاڵانکردنی داهاتی سەرزەوی و ژێر زەوییە، بەبێ ئەوەی هەست بەو لێپرسراوەێتییە مەزنە بکەن، کە لەسەر شانییانە. بێگومان گەندەڵی یەکێکە لە پەتا پڕ مەترسییەکان، کە ڕێگا خۆشکەرە بۆ هەرەس و شکست و ئاشبەتاڵ و داگیرکردن، چونکە چەندین کاردانەوەی خراپی لەسەر بواری ئابوری و کۆمەڵایەتی دەبێ وەک:
1- دیارنەمانی داهاتی وڵات و دابەشنەکردنی بە شێوەیەکی عادیلانە و دروستبوونی جیاوازییەکی ئێجگار زۆر لە نێوان چینێکی کەمی دەوڵەمەند و چینێکی زۆری هەژاردا، کە ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر ماف و ئەرکی هاوڵاتییان و بڵاوبوونەوەی برسێتی و هەژاری و ئاژاوە و ساختە و دزی و بەرتیل و کاڵبوونەوەی بەها جوانەکانی ناو کۆمەڵگا، بە تایبەتی نەمانی هەستی خۆشەویستی بۆ نیشتمان.
2- لاوازبوون و بێ متمانەیی هاوڵاتییان بە دادگا و سەروەری یاسا، کە بەگشتی لە بەرژەوەندی گەندەڵکارکان و نۆکەرەکانییاندایە.
3- دەستبەسەراگرتنی سەروەت و سامانی وڵات، بۆ ئەو کەسانەی، کە دەسەڵاتییان بە دەستە، پاشان بەکارهێنانی بەشێکی ئەو سامانە دزراوەش بۆ کڕینی ویژدانی کەسانی نۆکەر، کە نۆکەرایەتی و بەرگرییان لێدەکەن و دەنگی ڕەوای خەڵکی کپ دەکەن.
4- هەڵتەکاندنی ژێرخانی ئابوری وڵات لە ڕێگای گرنگی دان بە پڕۆژەی بێ بەرهەمی پڕ قازانجی خێرا و پشتگویێ خستنی پڕۆژەی ئیستراتیجی پیشەسازی و کشتوکاڵی و ئاژەڵداری، کە بناغەی ئابوورییەکی پتەون. لە هەمان کاتدا پشتگوێ خستنی کەرتە گرنگەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا و… هتد.
5- کورتهێنانی داهاتی گشتی بە هۆی خۆ دزینەوە لە باجی پڕۆژە زەبەلاحەکانی سەر بە خۆیان و زیادکردنی باج لەسەر هاوڵاتییان.
6- نەبوونی چاودێری لەسەر کارەکانی حکومەت و کەرتە تایبەتییەکانی سەر بە خۆیان. پاشان ڕێگرتن لە کەسانی پاکی شارەزا بۆ وەرگرتنی پایەو و پۆستی گرنگ، کە توانای گۆڕانکاری گەورەیان هەیە.
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم: گەندەڵی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگا وبڵاوبوونەوەی برسێتی و ژەنگ و ژاری ناکۆکی و هەڵایسانی شەڕ و ئاژاوە و نەمانی ئاشتی و ئاسایشە. لە ئەنجامیشدا هاوڵاتییان باوەڕیان بەو دەسەڵاتە گەندەڵە نامێنێت و بە ئەندازەی تاقە موویەک خۆیان نابەستنەوە بە نیشتمانەوە، چونکە سایەی نیشتمانێک داڵدە و پەنا و پەسێوی هەمووان نەبێ و نەتوانێ نان و کار و ئارامی و ئازادی بۆ هاوڵاتییەکانی دەستەبەر بکات، لە کاتی تەنگانەشدا ئامادەنین نە داکـــۆکــی لێ بکەن، نە تەنها فیشەکێکی بۆ بتەقێنن.

تێبینی: بۆ ئەم باسە سود لە چەند سایتێکی عەرەبی وەرگیراوە

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟