TEVDA Press

غازی غەریب زۆراب

ڕۆڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە سیاسەتی گاڵتەپێکردن و بریندارکردنی خەڵکدا

| Tuesday, 01.25.2022, 07:44 PM |


ئەم کەسەی کە لەم وێنەیەدا دەرکەوتووە، کوڕی سەرۆکی حکەمەت؛ مەسرور بارزانییە!
سەردانەکەی ئەمڕۆی مەسروور بارزانیی، بۆ هەر مەبەستێک بوبێت، گرنگ لە میدیاوە بڵاو کراوەتەوە و لەسەری نوسراوە کە سەرۆکی حکومەت سەردانی ئیماراتی کردووە! بەڵام کوڕەکەی کە ناوی ئاریینە، لە سەردانەکەیدا لەگەڵییدایە و تا ئێستاش، هیچ سیفەت و تایتڵێکی حیزبیی و حکومیی بۆ نییە.
بەڵام لە لایەکی ترەوە، سەرپەرشتیار و کەسی سێبەری یەکەمی زانکۆی ئەمریکیی کوردستانە لە دهۆک، وە لە کایە حیزبیی و حکومیی و بازرگانیی و میدیایی و ڕێکخراوێتییشدا، پێگەی بەرچاوی فەرمیی و نافەرمیی بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، پێدراوە. ئایا بەدرێژایی مێژوو، خەڵکی کوردستان خەباتی بۆ ئەم ڕۆژە کردوو، خۆی بۆ ئەم ڕۆژە بەشەهییدکردن دا؟
ئەم سەردانە، وەک کردەیەکی گوماناویی و بێ شەرعییەت، کە زیاتر لە کاری خێڵ و بنەماڵە ئەوەشێتەوە، سوکایەتییەکی گەورەیە بە هەموو وەزیرانی کابیینەکەی مەسروور بارزانی، بە پەڕلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێم، بە خەڵکی کوردستان و گەنج بەتایبەتیی.
ئەمە لەکاتێکدایە کە خەڵکێکی ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنیی، بە ناحەق و بە فەرمانی ٦ ساڵ، خراونەتە کونجی زیندانەکانەوە، گەنجی خۆپیشاندەر دەکوژرێت، گەنج و ژن و مناڵ و بەتەمەن، لەبەر سیاسەتی چەوسێنەری حیزبیی، لە کوردستان هەڵدێت؛ لە دارستان ڕەق دەبێتەوەو لە دەریای ئیجە و ناوەڕاست و کەناڵی ئینگلیزییدا دەخنکێت.

ئەمەیە سیاسەتی هێنانەپێشەوە و فێرکردنی وەچەکانی بنەماڵە، بە ناشایستەیی و بازدان بەسەر خەڵکدا، بۆ فەرمانڕەوایی داهاتوو، لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەمەیە بەکرداریی، سیاسەتی (استفزاز) کردنی خەڵک؛ واتە سیاسەتێک کە بە ئەنقەست، دوای هەموو کارەساتێک کە بەدەستی ئەنقەست بەسەرت هێناوە، هێشتا بێیت گاڵتەی پێ بکەیت و  ئاستی توڕەیی و ناڕەحەتییەکانی ئەو خەڵکە کارەساتبارە، بفڕێنییت.
غازی غەریب زۆراب