لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

لە دەستدانی بینین ( مەرگی ڕەیان؛ کارەسات لە چاوی ئەوانی ترەوە)

Saturday, 02.12.2022, 01:04 AM


هەواڵێک دەبێتە ڕۆژەڤ، منداڵێکی پێنچ ساڵان لە مەغریب دەکەوێتە نێو چاڵێکەوە و هاوسۆزییەکی گەورەی جیهانیی بەدوای خۆیدا دێنێت، لە تەواوی جیهان خەڵکی چاوەڕوانی ڕزگاربوونی ئەم منداڵە دەکەن و دواییش کە گیان لە دەست دەدات هەمووان پێی دڵتەنگ و غەمگین دەبن. لە بەرکەوتنی یەکەمماندا بەم هەواڵە، سەرسامیی ئەم هاوغەمیی و هاوسۆزییە گەورەیە دەبین و بە شتێکی دەگمەن و سەرنجڕاکێشی دەبینین و لەوانەشە بڵێین مادامەکێ جیهان هێشتا خاوەنی ئەم هاوسۆزییە گشتیەیە، کەواتە مرۆڤایەتیی هێشتا نەبۆتە یەکەیەکی بێ ڕەحم و لەسۆزخراو. لێ کە کەمێک زیاتر بە دیار هەواڵەکەوە ڕادەمێنین و هەوڵی لابردنی دیوە کڵێشەییەکەی دەدەین، بۆمان دەردەکەوێت لە پشتی ئەم هاوسۆزییەوە دڵڕەقیی و بێ ڕەحمییەکی گەورە هەیە، کە دیوە نەبینراوەکەی هەواڵەکەیە. هەمیشە هاوسۆزیی لە دۆخی هەراسازییدا هاوسۆزییەکی ناتەواوە و لە پێناوی شاردنەوەی دیوە دڵڕەق و نامیهرەبانەکەی مرۆڤدایە؛ هاوسۆزییەکە زیاتر لە نمایشکارییەوە نزیکە وەک لە کاردانەوەیەکی سروشتییانە و پاکژ.

ئەم هاوسۆزییە نمایشکارییە لە چییەوە هاتووە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت پێش هەموو شتێک لە دۆخی دونیای شەڕ و میدیا تێبگەین، چونکە بێ تێگەیشتن لەم دووە ئەستەمە بتوانین بگەینە وەڵامێکی پوخت. سەدەی بیست و یەک بە کۆمەڵێک شەڕ و کاولکاریی لە زۆرێک لە پنتە جیاوازەکانی نێو دونیادا دەستیپێکرد، ئەم شەڕانە هەرچەندە لە قورساییدا ئەوەندەی شەڕە گەورەکانی سەدەی بیست کاولکار و سەرتاسەریی نەبوون، بەڵام لە ڕێی میدیاوە، لە ڕێی تۆڕە بەرفراوانەکانی هەواڵ و گەشەسەندنی بەرچاوی دونیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئینتەرنێتەوە، زۆر لە شەڕە گەورەکانی سەدەی بیست قورستر و مەترسیدارتر دەرکەوتن. میدیا و تۆڕەکانی پەیوەندی ئەوەندە خێرا کراون لە بە زوویی گەیاندنی هەواڵی مردن و شەڕ و کوشتارەکاندا، کە گەر مرۆڤ بە هوشیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا نەکات، مەحاڵە بتوانێت لە داویان دەربچێت و نەبێتە بەشێک لەو جیهانە دڕندەیە. ئەو داوەی ڕاگەیاندن لە ڕێی هەواڵەکانی جەنگ و مەرگەوە بۆ ئێمەی دەنێتەوە، داوی ئاساییکردنەوە و سادەکردنەوە مردنە تراژیدییەکانە. میدیا لە ڕێی بنەمای زۆر دووپاتەکردنەوەوە، زەحمەتترین ڕووداوەکان ئاسایی دەکاتەوە. جاران ئەگەر هەواڵی گیانلەدەستدانی کەسێکمان ببیستبا زۆر بە قووڵی ڕایدەچڵەکاندین؛ لێ ئێستا بەهۆی میدیاوە چیدی ئەم ڕاچڵەکاندنانە نەماون و لە بری ئەوە هاوسۆزییەکی ڕووکەشانە جێی گرتووەتەوە. هەواڵەکانی کوشتن و مردن بە شێوەیەک ئاسایی کراونەتەوە، کە ئەگەر بە کەسێک بڵێی ئەمڕۆ 15 کەس لە تەقینەوەیەکدا مردوون زۆر بە ئاسایی وەریبگرێت، یان لە باشترین حاڵەتدا ئاهێک هەڵبکێشێت و تەواو. ئەوانەی لە عێراقی دوای سەدام بەغدایان دیبێت دەزانن کە لەگەڵ تەقینەوە بەراییەکانی پایتەختدا خەڵکەکەی ڕادەچڵەکین و شۆک دەبوون، لێ هەر ئەوەندەی چەند جارێک ئەم هەواڵانە دووبارە کرانەوە و تەقینەوەکان زیادیانکرد، ئیدی ئەم هەواڵانە نەیاندەتوانی وەک سەرەتا شۆک دروست بکەن و خەڵکی بەغدایان ڕانەدەچڵەکاند! تەنانەت گەر لە بەغداد بە کەسێکت بگوتبا ئەمڕۆ ئەوەندە کەسە لە تەقینەوەیەکدا مردوون، تاقەتی نەدەبوو گوێبیستی هەواڵەکەشت بێت و زۆر بێباکانە لە مردنیان دەڕوانی. لە ڕاستیدا شەڕ دۆخێکی دەروونیی سەخت و دڵڕەقییەکی گەورە بەرامبەر بە مرۆڤانی دی دێنێتە ئاراوە و ڕاچڵەکین بە کارەسات و مردنە جەرگبڕەکان ناهێڵێت. ئەم دڵڕەقییە سیمایەکی شێوێنراوی بەخشیوەتە مرۆڤی نوێ، هەربۆیە مرۆڤی نوێ ناچارە لەڕێی بەردەوام پیشاندانی هاوسۆزییەوە، کار بۆ ڕێککردنەوە و جوان پیشاندانی ئەو سیما شێوێنراوە بکات و بە بەردەوامی ڕەتی بکاتەوە.

                     پرسیارێک و سێ وەڵام

لە سەردەمێکدا کە مردنی تراژیدیی بووبێتە کردەیەکی ئاسایی ڕۆژانە و بە بەردەوامی لە ڕێی میدیاوە بەرکەوتنمان لەگەڵیدا هەبێت، بۆچی ئەم مەرگەی ڕەیان یان مەرگی منداڵانی دیکەی وەکو ئالان کوردی و دانەر، هاوسۆزییەکی گشتیی دەخوڵقێنن؟

بە سێ خاڵ دەشێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە:

1. مردنی تراژیدیی زۆر شێوازی هەیە، کوشتوبڕ و جینۆساید و مەرگی جەرگبڕانە بە زۆر شێواز دەکرێت ببینرێن. بەڵام ئەوەی لە مەرگی ئەو سێ منداڵەدا جیاواز و شۆکهێنەرە، بوونیانە وەک ڕووداوێکی تاقانە و بێ پێشینە. ڕووداوگەلێکن کە پێشتر بە دەگمەن بینراون و هەبوون یاخود هەر نەبینراون، ئەگەریش بووبێتن بەم شێوەیە فۆکسی میدیایان نەخراوەتە سەر و ڕاستەوخۆ نەگوازراونەتەوە بۆ ئێمە. واتا مردنی تراژیدیی بە شێوەیەکی جیاواز و دەگمەن، ڕەهەندە شۆکهێنەرەکەی هەواڵی ئەم مردنانەیە.

2. منداڵ لە زەینی گشتیدا هەمیشە بەشە پاک و بێگەردەکەی نێو ئەو دونیایەیە کە دەمێکە پاکێتیی خۆی لەدەستداوە و پڕە لە دزێوی و خراپەکاریی. منداڵ کە بەو پاکێتیەوە باجی بوونی مرۆییانەی خۆی دەدات لە نێو ئەم دونیا دزێو و خراپەکارەدا، ئازاری ویژدان هەمووان دێنێتە دەنگ و هەست بەو ستەمە گەورەیە دەکەن کە دەرهەق بە پاکێتیی و بێتاوانیی منداڵێک کراوە، لەوەش تێدەگەن کە هێشتا مردنی تراژیدییانەی وەها ماوە توانای ئەوەی تێدا بێت ڕاچڵەکین و شۆکبوونی گەورە چێبکات.

3. مرۆڤی نوێ دەیەوێت وێنای بەرزەمرۆیی ببەخشێتە خۆی، لە ڕێی دەرخستنی هاوسۆزییەکی دەستەجەمعییەوە بۆ ڕووداوە شۆکهێن و کارەساتبارەکان، ئەم هاوسۆزییە هێندەی هەوڵێکە بۆ پیشاندانیی ئەستۆپاکیی و بێ بەریبوون لە تاوان، نیو هێندە هەوڵ نیە بۆ دەرخستنی هاوسۆزییەکی ڕاستەقینە. کاتێک لە ئاستی تاوانێکدا هەمووان هاوسۆزییان پیشاندا و تۆ دەرینەبڕیت دیارە بەلاتەوە ئاساییە و خاڵیت لە هەست و سۆز و بەزەیی. بۆ ئەوەی ئەمەش ڕوونەدات خێراکە و هاوسۆزیی دەرببڕە و ببە بەشێک لەم هاوسۆزییە گشتیی و ساختەیە!

             
                      کێشەی لەدەستدانی بینین

زوومکردنی کێشە لە دونیای دیجیتاڵیدا وایکردووە کە ئێمە هەمیشه یەک نموونە ببینین و لە دیتنی نموونە بەرجەستە و دیارەکانی دی خۆمان بشارینەوە. لە نێو ئەم جیهانەدا تۆ تەنها ئەو شتانە دەبینیت کە میدیا زوومیان دەخاتە سەر و تەنها ئەوانە دەبنە کێشە کە لە چاوی میدیاوه کێشەن.  میدیا وەک چۆن بینینت داگیر دەکات، ئاوهایش دەیەوێت گریان و هاوسۆزیی و غەمەکانیشت داگیر بکات. تۆ ڕەیان دەبینیت لە نێو چاڵەکەوە و چرکە بە چرکە میدیا بۆت دەگوازێتەوە، بەڵام چونکە هەمان میدیا ڕەیانەکانی دەوروبەری خۆت ناخاتە بەر دیدەت، تۆیش نایانبینیت. ئەمە چ واتایەک دەگەیەنێت؟ ئەمە واتای ئەوەیە تۆ بینینت لە دەستداوە، بینینی ڕاستەقینە. چیدی ناتوانیت لە چاوی خۆتەوە شتەکان ببینی، بەڵکو چاوەڕێی چاوی میدیایت تاکو شتەکانت پێ پیشان بدات. میدیا بۆتە کڵێشەیەک بۆ تەواوی شتەکان و بەری بینینی گرتووی و تەنها ڕێگا بە دیتنی ئەو شتانە دەدات کە خۆی مەبەستیەتی و زیان بە ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی ناگەیەنێت.

لە دەستدانی بینین ئەو گورزە کوشندەییەیە کە میدیا لە مرۆڤی ئەم سەردەمەی داوە، بە جۆرێک کە تەنها ئەوانە بە ڕووداو دادەنرێن کە میدیا دانیپێداناون و باسیکردوون. لە دەوروپشتی ئێمە ڕۆژانە دەیان کارەسات ڕوودەدەن و زۆریان وەکو شتی ئاسایی دەبینرێن، بەڵام هەر ئەوەندەی میدیا یەکێک لەم ڕووداوانەی زەقکردەوە و زوومی خستە سەر، ئیدی لە شتێکی ئاساییەوە دەبێتە کارەسات و ڕووداو. "پەخشکردنی میدیایی" بۆتە بەڵگە بۆ هەبوونی کێشەیەک؛ کارەساتێک؛ ڕووداوێک. وەک چۆن مێژوونوس بۆ تێگەیشتن لە بابەتێکی مێژوویی ناچارە بگەڕێتەوە بۆ مەرجەعەکانی پێش خۆی، تاکو لە ڕێی بەڵگە و پاڵپشتییە زانستییەکانەوە مەسەلەیەکی مێژوویی یەکلایی بکاتەوە و ڕاستییەکان بسەلمێنێت، ئاوهایش لە ئێستادا بەشێکی زۆری خەڵکی بۆ تێگەیشتن لە بابەتە هەنووکەییەکان و بەڵگەهێنانەوە بۆ هەبوونی ڕووداوو کارەسات و مردنە تراژیدییەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو "پەخشکردنی میدیایی"ە و وەک مەرجەعی سەرەکیی بابەتەکەیان تەماشای دەکەن. هەڵبەت بەو جیاوازییەوە کە مێژوونوس خوێندنەوە و ڕاڤەکاریی و گەڕانی بە دووی ڕاستیدا، بنەمایەکی زانستیی هەیە. بەڵام خەڵکی بێ هیچ بنەمایەکی زانستی و بێ خوێندنەوە و ڕاڤەکاریی دی دەگەڕێنەوە بۆ مەرجەعە میدیاییەکانیان و وەک خۆیان وەریدەگرن. ئایا ئەم بە مەرجەعکردنەی میدیا تا کەی بەردەوام دەبێت؟ کاتێک توانای بینین بگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی و ڕاستەوخۆ شتەکان ببینرێن، ئەمەش بەو مانایە نا کە چیدی شتەکان لە ڕێی میدیاوە نەبینین و بایکۆتی میدیا بکەین، بەڵکو بەو مانایەی کە کاتێک میدیا شتەکانمان بۆ دەگوازێتەوە، تەنها ئەرکی گوێزەرەوە ببینێت و نەهێڵین ببێتە جێگرەوەی بینینمان. گەڕانەوەی بینین بۆ ئاستی ئاسایی خۆی واتا گەڕانەوە بۆ ئەو توانایەی کە شتەکانی دەوروبەرمان ببینین؛ ڕووداو و کارەساتەکان؛ مردنە تراژیدییەکان ببینین. ئەوەی کە میدیا نایەوێت ئێمە بیبینین و نایگوازێتەوە بۆمان، بێ هیچ نێوەندگیرییەک بیبینین و وەک ڕووداو و کارەسات و مەرگی تراژیدیی دانی پێدابنێین. لە پرۆسێسی گێڕانەوەی توانای بینیندا، دانپێدانانیش واتا و دەلالەتە ڕاستەقینەکانی خۆی بەدەست دەهێنیتەوە و چیدی بۆ ڕەواییدان و دانپێدانان بە ڕووداوێک پێویستمان بەوە نابێت مەرجی هەبوونی دانپێدانانی میدیاییمان هەبێت. دواجار گرنگە بزانین لە بینینی ڕووداو و کارەسات و مەرگە تراژیدییەکانی چواردەورمان گرنگتر، بینینی کارەساتە هەرە گەورەگەیە، کارەساتی لە دەستدانی بینین. تۆ تا نەزانینت بینینت داگیرکراوە و لە ڕێی ئەوانی دیکەوە شتەکان دەبینیت، ئەستەمە بتوانیت لە ڕووداو و کارەسات و مەرگە تراژیدییەکان تێبگەیت و وەکو خۆی بیانبینیت و هاوسۆزیی ڕاستەقینەیان بۆ دەرببڕیت.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟