لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

بۆ سەرانی ینک و پدک لە بڕیاری دادگەی فیدرالی عیراقی تۆقیون؟

Friday, 02.18.2022, 09:40 PM


کێشەی یاسای نەوت و گاز لە نێوان سەرانی پارتی و یەکێتی و حکومەتی بەغدادا گرفتێکی کۆنە، ڕەگی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤.  لەو ساڵانەدا تازە سەدام ڕووخا بوو، هێشتا حکومەتی ناوەند خۆی نەگرتبوو، بۆیە سەرانی پارتی و یەکێتی ئەو هەلەیان قۆزتەوە، گرێبەستی نەوت و گازیان لەگەڵ ١١ کۆمپانیای بیانی بەست.
کاتێک کە حکومەتی عیراق هاتە سەرخۆی و دەستیان کرد بە نووسینەوە و داڕشتنی یاسا و دەستووری عیراقی، کۆنتڕۆڵکردنی سامانە سروشتیەکانی سەرتانسەری عیراقییان بە یاسا بۆ حکومەتی عیراقی مسۆگەر کرد، بەگوێرەی مادەی دەستوری و یاسای ژمارە ١١٢ ی عیراقی، دەرهێنانی نەوت و گازی هەرێمیش بە ئیدارەی هاوبەشی بەغداد و هەرێم بێت، دەرامەتەکەشی بچێتە خەزێنەی دەوڵەت و پشکی حکومەتی هەرێمی لێ دەربهێندرێت. گرنگ لەو دەستورەدا بۆ حکومەتی عیراقی ئەوەیە، کە  نەیانهێشت ئەوە بەسەر سەرانی پارتی و یەکێتی ڕەت بێت، ئەو گرێبەستانەی کە پێشوەخت ئەنجامیان دابوو، پێش نووسینەوەی دەستوری عیراقی نەچێتە چوارچێوەی ئەو یاسا دەستوریە،  بۆیە لە دەستوری عیراقی بە گوێرەی یاسای مادەی ١٣٠ لە بڕگەی سێیەمدا ئەوەیان چەسپاند، کە ئەو یاسایە گرێبەستە سامانە سروشتییەکانی پێش داڕشتنی ئەو یاسایە دەگرێتەوە، ئەو کات لە نووسینەوەی دەستوری عیراقییدا سەرانی پارتی و یەکێتی بەشدار بوون. سەرانی پارتی و یەکێتی ئەو ١١ گرێبەستیە نەوتیەی کە واژۆیان کرد بوو، هەندێک لەوان، گرێبەستی ئێکسۆن مۆبایل لە  تەقتەق، تاوکی و هەولێر، هەروها گرێبەستی عینسیفتی لە موسڵ و کۆنتڕۆڵکردنی بیرە نەوتەکانی خورماڵ لە کەرکوک و دەیانی دی.
گرێبەستی نەوت و گازی هەرێم، لە بەرژەوەندیی سەرانی پارتی و یەکێتی و کۆمپانیا بیانیەکان بوو، بەڵام لە بەرژەوەندیی میللەتدا نەبوو، لەبەر دوو خاڵی سەرەکیی:
یەکەم: ئەو کۆمپانیانەی کە گرێبەستی نەوت و گازیان لەگەڵ سەرانی پارتی و یەکێتی واژۆ کرد، هەموو مەرجەکانی خۆیان بەسەریاندا سەپاند. ئەو کۆمپانیانە ئەرکی پاڵاوتنی بیرە نەوتەکان، کاری هونەری و ئامادە کردنی ئامرازی پێشکەتوو لە ڕووی تەکەنەلۆژیاوە و هەناردە کردنی نەوتەکە لە ڕێگەی لولەکێشی نێوان هەرێم و تورکیا بۆ مینای جیهان کەوتە ئەستۆی ئەو کۆمپانیانە، بەرامبەر ئەوە لە %٥٨ فرۆشتنی نەوتەکە بۆ کۆمپانیاکان دەبوو لەگەڵ هەندێک کۆمپانیاش زۆر لەوە زێتر بوو. بۆ نمونە کۆمپانیای دیلۆت، داتایەکی لە ساڵی ٢٠٢١ بڵاو کردەوە، تێیدا هاتبوو کە  تا نیوەی ٢٠٢١ بەرهەمی نەوتی هەرێم ٤ میلیار و ١٠٠ میلیۆن بووە، بەڵام لە سەدا پەنجاوهەشتی بۆ کۆمپانیاکان بووە، هەرێم  تەنیا یەک میلیار و حەفسەد میلۆنی بەش بووە، لە کاتێکدا کۆمپانیای سۆما تەنیا لە %٢٢ لە فرۆشتنی نەوتی عیراقیدا دەبات،  واتە ئەو جۆرە گرێبەستانەی کە ئەو کۆمپانیانە دەیکەن، بەو جۆرە مەرج و هەرزانیە لە هیچ وڵاتێکی دی دەستیان ناکەوێت، تەنیا لەو وڵاتانەدا دەستیان دەکەوێت کە سەرۆکەکانیان سامانی گشتی وڵات بە هەدەر دەدەن.  لە ڕووی یاسایەوە ئەو کۆمپانیانە پێگەیان بەهێزە و بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی ئەو گرێبەستانەیان ئەنجامداوە،  بۆیە باجی ئەو جۆرە مامەڵەیە ناکەوێتە ئەستۆی ئەوان، بەڵکو سەرانی پارتی و یەکێتی ڕووبەڕووی یاسای عیراقی دەبنەوە و لێپێچینەوەیان لێ دەکرێت.
دەبێت ئەوە نەبوێرین کە سەرانی پارتی و یەکێتی لەبەر خۆ دەوڵەمەند کردن ئەو گرێبەستانەیان بەوجۆرە ئەنجام داوە، بە واتەیەکی دی، لە مەسەلەی یاسایەکە ئاگادار بوون، بەڵام ویستویان بۆیان داپۆشرێ و بۆیان بچێتە سەر، لە یاد خۆیان دەبەنەوە کە گۆڕەپانی سیاسیی گەندەڵی عیراقی وەک گۆڕەپانی سیاسی گەندەڵی هەرێم نییە، ئەوان لە بەغداد ئەگەر پۆستی باڵاش بۆ هەندێک لە ئەندامەکانیان مسۆگەر بکەن، بەڵام دەسەڵاتی دادگەی فیدراڵی عیراقیان نییە، ئەوان هێزی یەکەم و بەدەسەڵات نین لە بەغداد وەک هەرێم، بۆیە ئەوی لە هەولێر و سلێمانی بۆیان دەچێتە سەر، لە بەغداد بۆیان ناچێتە سەر و لە هاوکێشەی هێزدا بە هەموو پێوەرێکی سیاسی، ئابووریی و سەربازیی ناسەنگی هەیە.  
دووم: گەلانی هەرێم لە نەهامەتی بەولاوە لەو مامەڵەیەدا و فڕۆشتنی سامانی سروشتی و بەهەدەردانی، هیچیان لێ قازانج نەبووە، هەروها بۆتە هۆی ئەوەی کە مووچەکانیشیان لە بەغداد گیربخوات، لە کاتی قوڵبوونەوەی کێشەی نێوان سەرانی پارتی ویەکێتی و ناوەند، بۆیە ئەمڕۆ شەقامی هەرێم زۆر خۆشحاڵن بەو بڕیارەی دادگەی فیدڕاڵی عیراق کە داوای دەرامەتی نەوت و گازی هەرێم دەکات.  
لە ساڵی ٢٠٠٧دا پەرلەمانی کوردستان بە پشتبەستن بە مادەی دەستوری عیراقی ژمارە ١١٥ و ١٢١  یاسایای ژمارە ٢٢ی نەوت و گازی هەرێمیان پەسند کرد، دژی بە بڕیاری مالکی و تەعدیل کردنی یاسای نەوتی گازی هەرێم و دەرهێنانی یاسایەکی تایبەت بەو مەسەلەیە لە پەرلەمانی عیراق. ئەو کێشەیە تا ئەمڕۆ بەبێ چارەسەر ماوەتەوە، لەلایەن حزبە سیاسیەکان کراوە بە کارتی فشار و کەی بیانەوێت دژی یەکتری بەکاریدەهێن.  گرفتی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، پەرلەمانی کوردستان لەبەرئەوەی دەزگەیەکی کارتۆنی و حزبی و بێ دەسەڵاتە، ڕۆژێک لە ڕۆژان بە سەرانی پارتی و یەکەتیان نەگوت لە یاسای ٢٢ هاتووە کە بە ئاگاداری و چاودێری حکومەتی ناوەند دەبێت گرێبەستی نەوت و گاز لەگەڵ کۆمپانیاکاندا ببەسترێت، لەو کاتەوە لێ گەران و سەرانی پارتی و یەکێتی بە ئارەزووی دڵیان خۆیان دەوڵەمەند دەکەن، واتە تا ئێستا سەرانی پارتی و یەکێتی گوێیان بەو یاسایەی پەرلەمانی کوردستانیش نەداوە.
دامەزراندنی حکومەتی کتلەی گەورەی نیشتمانی، پاراستن و تۆکمە کردنی حکومەتی ناوەندە و پاراستنی یەک پارچەی عیراقە، ئەو جۆرە نەخشە سیاسیە، تەنیا کاردانەوەی لەسەر دەسەڵاتی حوکمڕانیدا نابێت، یان تەنیا مەترسی ئەوەی نابێت کە لە دواڕۆژدا یان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا کتلەی گەورە پێکبێت بەبێ پارتی و یەکێتی حکومەتی عیراق پێکبهێنن، بەڵکو ئەوە کاردانەوەی دەبێت لەسەر نەخشەی دەزگەی ئابووریی و سەربازیی سەرتانسەری عیراق، هەروها کاردانەوەی دەبێت لەسەر پەیوەندییە دەرەکییەکانیش.
لە سیستەمی سیاسیی فیدرالیدا حکومەتیکی بچووک لەنێو حکومەتێکی گەورەدا ڕیگە پێدراو نییە ئەوە لە سیستەمی سیاسی کۆنفیدرالیدا دەبێت، بۆیە سیستەمی فیدرالی ئەمڕۆی عیراق مانای یەک خەزینە، یەک  سوپا و یەک سنووری جوگرافی دەگەیەنێت، بۆیە هەر سنوور بەزاندنێک لەلایەن هەر هێزێکی سیاسی لە دواڕۆژدا بەگوێرەی یاسا و دەستوری ئەو وڵاتە توشی لێپرسینەوە دەبێت، ئەو کات زلهێزە ناوچەیەکان و دنیاش بەگوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان مامەڵە لەگەڵ حکومەتی مەرکەزیدا دەکەن، بەتایبەتی لە عیراقدا کە بیست ساڵە ئەمریکا دەیەوێت حکومەتی مەرکەزی سەر بە ئەمریکا لە عیراقدا بەرهەم بێت.
ئەمڕۆ سەرانی پارتی و یەکێتی بیانەوێت یان نا، دەبێت ملکەچی بڕیارەکانی یاسا و دەستوری عیراقی بن کە خۆیان لە نووسینەوەیدا بەشدار بوون. دادگەی فیدراڵی عیراقی لەژێر کاردانەوەی هێزە دەرەکییەکانیش بێت، ئەوجاش زۆر لە سەرانی پارتی و یەکێتی پشت ئەستور و بە دەسەڵاتترن، بۆیە توانیان ڕێگر بن کە هۆشیار زیباری کاندید نەبێت بۆ پۆستی سەڕۆک کۆمار حکومەتی داهاتووی عیراق.  
بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ نەوت و گازی هەرێم، تەنیا بە پشتبەستن بە مادەی ١١٢دا نییە کە هەرێم و ناوەند بە هاوبەشی سەرپەرشتی دەرهێنانی نەوت و گازی هەرێم بکەن، بەڵکو بەگوێرەی مادەی ١١٠ و ١١١ و ١٣٠  یاسای دەستوری عیراقی دادگەی فیدراڵی ئەو بڕیارەی داوە، جگە لە لایەن سیاسیەکانی دی  ڕوتی سەدر و سونەکانیش پشتیوانی لەو بڕیارە دەکەن و بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان لە میدیاکاندا ڕاگەیاند.
  ئەم گرفتە ئەگەر دووبارە هێور بێتەوە وەک ساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٦ بە سازش کردنی سەرانی پارتی و یەکێتی لە مەرجیان بۆ پێکهێنانی حکومەتی عیراقی، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەمیشە وەک ئەمڕۆ لەبەر هەر هۆیەکی ناتەبایی سیاسی و ئابووریی و سەربازیی بێت، ئەو کێشەیە سەرهەڵدەداتەوە و ڕۆژێک لە ڕۆژان هەر دەبێت باجی ئەو مەسەلەیە نایاسای و نادەستوریە بدەن.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟