لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

هەواڵ

ئەمەریکایـیەك دەستگیردەکرێت بە تۆمەتی ئەشکەنجەدانی کەسێک لە هەرێمی کوردستان

Sunday, 02.20.2022, 11:03 PM


تێبینی: لەبەر گرنگی ئەم هەواڵە، تەڤداپرێس دەقی هەواڵەکەی لە سایتی (دەنگی ئەمەریکا) وەرگرتووە


کاربەدەستانی جێبەجێکردنی یاسا لە ئەمەریکا کەسێکیان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی ئەشکەنجەدانی کەسێک لە هەرێمی کوردستان. لێکۆڵەرەوانی FBI دەڵێن لەگەڵ"ژمارەیەک سەربازی کورد" ئەم تاوانەی ئەنجامداوە.
وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی لە ڕاگەیاندنێکدا نووسیویەتی ڕۆس ڕۆگیۆ Ross Roggio (تەمەن 53 ساڵ) کە لە ساڵی 2015 لەگەڵ "ژمارەیەک سەربازی کورد" کەسێکی لە هەرێمی کوردستان ئەشکەنجەداوە، ڕۆژی پـێنجشەممە دەستگیرکرا.
دادگای ناوچەی ناوەڕاستی پێنسلڤانیا وردەکاری کەیسەکەی بڵاوکردووەتەوە، کلیکی ئێرە بکە بۆ چوونە سەر وردەکاریـیەکە بە ئینگلیزی.
بەپـێی یاداشتی تۆمەتەکان، ڕۆس لە ساڵی 2015 لەگەڵ بەرپرسانی کورد دەستیکردووە بە کارداری و ڕازی بووە سەرپەرشتی پرۆژەیەک بکات بۆ دروستکردنی کارگەیەکی چەک. بەرپرسە کوردەکانیش پـێداویستیـیەکانیان بۆ دابینکردووە لەگەڵ سەربازانی کوردیش کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو بەرپرسانەدا بوون.
یەک لە کارمەندەکان، نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر پرۆژەکە دەربڕیوە. ڕۆسیش بۆ ئەوەی کارمەندەکە دەمکوت بکات، لەگەڵ ژمارەیەک سەربازی کورد چوونەتە سەر ماڵی کارمەندەکە و لەوێ کیسێکیان کردووە بە سەریدا و بە زۆر بردوویانە.
پاشان بۆ نزیکەی 39 ڕۆژ کارمەندەکە لە شوێنێکی سەربازی دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە. ڕۆس لەگەڵ سەربازە کوردەکان بە چەندان شێوە ئەشکەنجەیان داوە، لەوانە کیسی نایلۆنیان کردووەتە سەری و هەوایان لێبڕیوە وەک ئەوەی بیخنکێنن، کارەبایان لە ناوگەڵ و شوێنی دیکەی جەستەیان داوە هەتا ئەو ئەندازەیەی خوێن لە قۆڵی هاتووە و دەستەکانی تووشی لەرزین کردووە، بە سۆندە لێیان داوە، بە پۆستاڵەوە چوونەتە سەر سنگی، هەڕەشەیان لێکردووە پەنجەیەکی ببڕنەوە، تەنانەت جارێکیش ڕۆس پشتێنەکەی لە ملی کارمەندەکە ئاڵاندووە و ڕایکێشاوە هەتا لە هۆش خۆی چووە، وە کاتێک کە هۆشی هاتووەتەوە، سەربازێکی کوردی بە تێڵایەک بە ناوگەڵی کێشاوە.
لە وردەکاری تۆمەتەکان کە لە 38 لاپەڕە پـێکهاتووە، باس لەوە دەکرێت ڕۆس ژمارەیەک کارمەندی دیکەی هێناوە و ناچاری کردوون ببین چۆن ئەو هاوکارەیان ئەشکەنجە دەدرێت لە ڕووی جەستەیی و دەروونی.
بەڵگەی زۆریش کۆکراونەتەوە سەبارەت بە حەواڵەکردنی پارەیەکی زۆر بۆ سەر حسابی بانکی کۆمپانیاکەی ڕۆس(Roggio Consulting Co. LLC). لە لاپەڕە 21 نووسراوە، لە مانگی دووی 2015 زیاتر لە یەک ملیۆن و 300 هەزار دۆلار لە بانکی نێودەوڵەتی کوردستان لە هەولێر خراوەتە سەر حسابی کۆمپانیاکەی ڕۆس لە بانکیPNC . لە لاپەڕە 30یش 20 حەواڵەی دیکە ئاشکراکراوە.
جگە لە تۆمەتی ئەشکەنجەدان، 37 تۆمەتی دیکە ئاڕاستەی ڕۆس ڕۆگیۆ کراوە، لەوانە ناردنی پارچە چەک لە ئەمەریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی نایاسایی بۆ پرۆژەکەی.
دەڵێن ئەگەربێت و ئەو تۆمەتانە بەسەر ڕۆسدا ساغ ببنەوە، ئەوا بۆ ماوەی 20 ساڵ لەسەر ئەشکەنجەدانەکە شیانی هەیە زیندانی بکرێت و هەروەها 705 ساڵی دیکەش لەسەر 37 تۆمەتەکەی تر. لەگەڵ ئەوەشدا دەستدەگیرێت بەسەر سەروەت و سامانەکەی، تەنانەت 4 کاتژمێری جۆری ڕۆلێکس کە بە ڕۆس گیراوە و بەهای هەر یەکەیان بە دەیان هەزار دۆلارە.
کێنث پۆڵایت، یاریدەدەری وەزیری دادی ئەمەریکا بۆ کاروباری بەشی تاوان لە وەزارەتی داد، وتی دەستگیرکردنی ئەم تاوانبارە دەیسەلمێنێت وەزارەتی داد سزای ئەو ئەمەریکایـیانە دەدات کە توندوتیژی ئەنجام دەدەن، وە ئەرکی بەشی تاوانە ئەو کەسانەی پێشێلکاری لە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ دەکەن ڕاپێچی بەردەم دادگایان بکات.
جاکلین مەگوایەر کاربەدەست لە دەزگای لێکۆڵنەوەی فیدراڵی ئەمەریکا FBI وتی "ئەم تاوانبارە پلە و پۆستەکەی خراپ بەکارهێناوە وە سەربازانی بیانی بەکارهێناوە بۆ ترساندنی کەسێک کە جێی مەترسی بووە بۆ پیلانە گەندەڵەکەی."
وتیشی " کاری قێزەوەنی وەک ئەشکەنجەدان ئەگەر بە دەستی هاووڵاتی ئەمەریکایی بکرێت کە پێشێلیـیە بۆ یاساکانمان، ئێدی لە ئەمەریکا ئەنجام بدرێت یان لە خاکێکی بیانی، ئەوا دەزگای FBI لەسەر ئاستی جیهانیش دوای دەکەوێت و لەگەڵ هاوبەشە فیدراڵی و نێودەوڵەتیـیەکانمان کاردەکەین لە پێناوە بەدیهێنانی دادوەری بۆ هەر قوربانیـیەک، ئێدی لێرە بێت یان لە دەرەوە."
وەزارەتی داد داوا لە خەڵکی دەکات سەبارەت بە پـێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئەمەریکا زانیاری بە دەزگای FBI بدەن لە ڕێگەی ژمارە تەلەفۆنی (5324-225-800-1) یان لە ڕێگەی ئەم ماڵپەڕەی دەزگاکەوە
https://www.fbi.gov/tips

لەسەر هەواڵەکە سەردانی ئەم  سەرچاوانەش بکە:

https://www.dailymail.co.uk/news/article
https://www.justice.gov/opa/pr/pennsylvania
https://twitter.com/DOJCrimDiv/status

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟