TEVDA Press

ئالان ممتاز نوری

گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەوانەی یاسای نەوتەکەیان بە راستی بۆ کوردایەتی بوو

| Monday, 02.21.2022, 10:27 AM |


لە ململانێی بیروڕادا لەسەر هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ئابووری و، لەبەر ئەوەی ئاکامەکانیان گۆڕانێکی نابەرابەر بەسەر ژیان و گوزەرانی  خەڵکدا دێنێت، ئاسانە بکەوینە سەنگەر لە نەیارانی بیربۆچوونمان و هەمیشە گومان لە نییەت و رەوشت و هەستی نیشتمانیی بەرامبەرەکانمان بکەین. ئەمە بە تایبەتی راستە کاتێک ببینین کە لە ئەنجامی سیاسەتە ئابوورییەکانی داکۆکییان لێ دەکەن، خۆیان بێ شومار دەوڵەمەند بوون و هاووڵاتیانیش رۆژ بە رۆژ بە قوڕدا دەچن.

بەڵام ئەگەر بمانەوێت لە ئەخلاقی سیاسیی دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆمان جیا بکەینەوە و رەوشتی ئەوان پێوەر و رێنیشاندەرمان نەبێت، ئەوا دەبێت رێگە بە خۆمان بدەین گریمانەی ئەوە قەبووڵ بکەین کە لە ناو ئەوانەی نزیکەی 30 ساڵە موقەددەراتی ئەم هەرێمەیان بەدەستە، کەسانێک هەن کە لە روانگەی بەرژەوەندیی تەسکی گۆڕینی بژێویی خۆیان و قازانجی ماددی خۆیان و خۆبردنە پێش لە ئاغاکانیانەوە سیاسەتیان نەکردووە و، ئەگەرچی ئاکامی بڕیارەکانی سیاسەتی ئابووری تێرتر و پڕتری کردوون، بەڵام نییەتیان پاک و هیوایان خزمەتی گشتی بووە… جا لەبەر ئەگەری پۆزەتیڤی ئەوەی کە لەو جۆرە سیاسەتمەدارانەمان لە پێگەی دەسەڵاتدا هەبێت و، لە پێناوی فەرامۆش نەکردنیان و رێزلێگرتنیان، لەم وتارەدا رووی دەمم دەکەمە ئەوان، ئەگەر هەبن و، ئەگەر هۆش و ویژدانیان بۆ گوێگرتن واڵابێت:

بەڕێزان، کوردپەروەران،

وەک دەزانن دادگای فێدراڵی عێراق رۆژی 2022/2/15 و، دوای 10 ساڵ خۆ خڵەفاندن، لە وەڵامی کەیسە پەیوەندیدارەکاندا، بڕیاری دا کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان (ژمارە 22، ساڵی 2007)‌ دەستووری نییە و بەو پێیەش لێکەوتەکانی یاسایی نین. بێ گومان ئێوەی بەڕێز، کە ئەو یاسایەتان بە گیانی کوردایەتی و مافی کوردان داڕشتووە و بردووتانە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەسەندتان کردووەو سروودی (ئەی رەقیب) تان بەسەریدا خوێندووە، بەم بڕیارە نیگەرانن…بریندارن…تووڕەن!

لەبەر ئەوەی تووڕەن، سەرەڕای ئەوەی دەزانن کە لایەنگرانی خۆتان و هاوپەیمانە جۆراوجۆرەکانتان زۆرینەی ئەندامانی دادگای فێدراڵیی عێراق پێکدێنن، خێرا بڕواتان کرد بەوەی ئەم بڕیارە "ئەوان"ی دژ بە ئێوە دەریان کردووە.

کەسی تووڕە و بریندار، لە کاتی گەرمەی ئازارەکانیدا هێشتا توانای بە خۆدا چوونەوەی نییە و بەدوای هۆی دەرەکیدا دەگەڕێت بۆ ئازارەکانی، لە بەر ئەوە یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم قۆناغەی برینداری ئەوەیە کە ئەگەر دەرگایەکی لۆژیکی دابخەیت بە رووی تۆمەتبارکردنی "هەموان، تەنها خۆم نەبێت"دا، ئەوا ئەو کەسە پەنا بۆ دەرگایەکی دیکە دەبات.

ئێوەش پەناتان بۆ ئەو دەرگایە برد کەوا ئەم دادگایەی خۆتان دەستی باڵاتان هەبوو لە دیاری کردنی پێکهاتەکەیدا، نەشارەزایە و رێز لە بڕیارە پێشینەکانی دەستەی پێش خۆی ناگرێت و چۆتە ژێر فشاری سیاسییەوە… لەمەشدا هەنگوینتان لە کونە داردا نەدۆزیوەتەوە. بەڵێ ئەوەی دەیڵێن راستە! سیستەمی دادوەری لە سەرتاپای عێراقدا، وەک هەموو دەزگاکانی خزمەتگوزاریی گشتی، تەنراوەتەوە بە خەڵکێکی نەشارەزا کە رازی کردنی ئاغاکانیان لە سەروەری و جێگیریی یاسا و عورفی یاسایی لا پیرۆزترە. بەڵام ئەوانەتان کە لە نزیکەوە ئاگادارن، دەزانن بڕیارەکەی دادگای فێدراڵی لێکدانەوەی تەنها ئەوان نییە. هەر لە سەرەتای کردنەوەی سێکتەری نەوت و گازی هەرێم بۆ وەبەرهێنەرانی جیهان، حکومەتی ئەمریکا هۆشداریی دا بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لەبەر ئەوەی بنەمایەکی یاسایی بەهێز لەپشت ئەم هەڵوێستەی حکومەتی هەرێمەوە نییە، ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانەی نیازیانە وەبەرهێنان لەم سێکتەرەی هەرێمدا بکەن، دەبێت بزانن کە لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئەگەر کێشەیەکیان بۆ دروست بوو، حکومەتی ئەمریکا ناتوانێت پاڵپشتیان بێت. هەروا دادگای فێدراڵی عێراق لە میانی روونکردنەوەی بڕیارەکەیدا، ئاماژە بە کەیسێکی حکومەتی عێراقی دژی حکومەتی هەرێم لە دادگای ویلایەتی تەکساس ی ئەمریکا، لە ساڵی 2015 دا دەکات، کە حکومەتی هەرێم لە دوو قۆناغی دادگاییدا، بە هەمان ئەو بەڵگانەی خستنیە بەر چاوی دادگای فێدراڵی، شکستی هێنا لە سەلماندنی ئەوەی مافی فرۆشتنی نەوتی تانکەرێکی دەریایی  هەبووبێت کە گەیشتبووە کەنارەکانی ویلایەتی تەکساس.

ئەوەی لە روونکردنەوەکەی دادگای فێدراڵیدا نەهاتووە ئەوەیە کە دوای دۆڕاندن و پێش رادەستکردنی نەوتەکە، تانکەرەکە "دیار نەما" و دادگای تەکساس لەبەر دیارنەمانی نەوتەکە کەیسەکەی داخست! ئەمەش جگە لەوەی ئەگەر لە سەرەتاوە بڕواتان وا بوایە کە لەسەر بنەمایەکی پتەوی دەستووری وەستاون، ئەوا بەو شێوە پڕ زەلیلییە لە پشتی دەوڵەتی تورکیاوە نەوتتان نەدەفرۆشت و ، کە دەشتانفرۆشت هەر جارە چەندین کەشتی تانکەری بەتاڵتان بە کرێ نەدەگرت تا سەر لە حکومەتی عێراقی بشێوێنن و نەزانێت نەوتەکە لە کامیاندایە و بۆ کوێ دەچیت! نەوەک گەر بزانێت دواتان بکەوێت و، بۆ سەندنەوەی نەوتەکە لەو وڵاتانەدا بتاندات بە دادگا. دەزانم بریندارتر دەبن کە پێتان بڵێم ئەم جۆرە لە شمەک فرۆشتن و خۆ قوتارکردن لە دادگا پیشەی کێیە، بەڵام دۆستتان ئەوەیە دەتانگریێنێت… بۆیە پێتان دەڵێم ئەمە پیشەی قاچاخچی و باندی تاوانە، نەک دەسەڵاتی هەرێمێکی سەربەرزی چاو لە سەربەخۆیی!

دەرگایەکی دی با تاقی بکەینەوە: دەڵێن دەستوور "حمّال أوجە" ە و ئێمەش مافمان هەیە بەلای خۆماندا دەقەکان لێک بدەینەوە. ئێمە خۆمان بەشدارێکی کاریگەری نووسینی بووین و دەزانین چۆن بە دووفاقی دەستەواژەکانیمان نووسیوە. بۆیە، وەک چۆن دەستەی ئەم دادگایە کەی ویستبێتی بە پێچەوانەی دەستەی پێش خۆی بڕیاری داوە، ئاواش دەستەیەکی داهاتوو دەبێت، رۆژێک لە رۆژان، لە بەرژەوەندیی لێکدانەوەکەی ئێمە بڕیاری نوێ بدات… وا نییە؟

لە چاکترین لێکدانەوە بە لای ئێوەدا، ئەم دەستوورەی کە خۆتان بەشداری چالاک بوون لە نووسینەوەی بەو جۆرە تەمومژاوییە، رێگە دەدات بە رێکخستنی کاری کەرتی سامانە سروشتییەکان بەهەماهەنگی لە نێوان هەرێم و بەغدادا (هەرچەندە، لە رووی زمانەوانییەوە ، دەقەکە رێکخستنی ئەو کەرتەی بە پلەی یەکەم خستۆتە ئەستۆی دەسەڵاتی مەرکەزی، چونکە بکەر لەو رستەیەدا ئەو دەسەڵاتەیە، پاشان باسی هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم و پارێزگاکان دەکات). بەڵام خۆ ئێوە، کە دەستتان کرد بە ئیمزاکردنی گرێبەستەکانتان، نە هەماهەنگی و نە "هم یحزنون"تان لەگەڵ دەسەڵاتی مەرکەزدا نەبوو. دەقی گرێبەستەکانیش تەنانەت لە زۆربەی ئێوە شاردرابۆوە. لەوە زیاتر، یاساکەتان دوای ئیمزاکردنی گرێبەستەکان نووسی.  واتە نەک لەگەڵ بەغدا هەماهەنگ نەبوون، بەڵکو کە بەشی هەرە زۆری گرێبەستە سەرەکییەکانتان ئیمزا کرد، هەماهەنگیتان لەگەڵ‌پەرلەمانی بەستەزمانی هەرێمیشدا نەبوو. یاسای (22 ساڵی 2007) لە جەوهەردا حیلە شەرعی بوو بۆ دیزە بە دەرخونە کردنی کردارێکی نایاسایی کە سەرانی هەرێم بە بێ ئاگای ئێوە ئەنجامیان دابوو. لەوە زیاتر،بگرە ئەوان ئامادە نین هەندێک لە گرێبەستە هەرە موشکیلاوییەکانیان تا ئێستەش، دوای چەندین ساڵ، بخەنە بەر تیشکی خۆر و بەرچاوی ئێوە. کێتان گرێبەستەکانی هەرێم و تورکیا ی دیوە؟ کێتان گرێبەستە سوپەر نهێنییەکەی کێڵگەکانی کەرکوکی ئێکسان مۆبیلی دیوە؟


نەفامترین پارێزەر بگرە، ناچێت بە دادگایەک بڵێت لێکدانەوەکەی ئێمە قەبوڵ بکەن، کاتێک لانی کەمی لێکدانەوەکەی خۆمان جێبەجێ نەکردبێت و، تەنانەت بەو ئەرێنیترین لێکدانەوەیەی خۆشمان کەیسەکەمان بدۆڕێنین! نەفامترین پارێزەر ناتوانێت بڵێت مادام رێکخستنی کەرتی نەوت و گاز لە دەسەڵاتی حەصریی بەغدا نییە، کەواتە دەسەڵاتی هەرێم مافی تاکلایەنەی ئەو رێکخستنەی هەیە. چونکە نەفامیش دەزانێت ئەو بازەی لەبەردەم دادگادا، پێ نادرێت.

کەواتە با بڕۆین دەرگایەکی دیکە بکەینەوە: یاسای رێکخەری کەرتی نەوت لە عێراقدا (ژمارە 101 ی ساڵی 1976) هی زەمانی بەعسە و پڕاوپڕی سیستەمێکی سیاسیی مەرکەزیی توندە و لەگەڵ‌ جەوهەری سیستەمی فێدراڵیی دوای روخانی رژێمی بەعس ناگونجێت و قابیلی بەردەوامبوون نییە. لەبەر ئەوە کاتێک پەرلەمانی مەرکەز نەتوانێت ئەو یاسایە بەپێی جەوهەری سیستەمە سیاسییە تازەکە، واتە، جەوهەری دەستووری ئەو سیستەمە تازەیە دابڕێژێتەوە، ئەوا مافی خۆمانە بۆ خۆمان یاسایەک دابڕێژین کە لەگەڵ‌جەوهەری فێدراڵییەتدا بگونجێت! ئەوەش مانای وایە یاساکەمان ئەگەر لەگەڵ دەقی دەستووردا نەگونجێت، خۆ لەگەڵ جەوهەری بنەماکانی سیستەمی سیاسیی نوێ‌ی زادەی ئەو دەستوورە دەگونجێت… وا نییە؟

ئەوەی لانی کەمی ئاگایی هەبێت لە بونیادی یاسایی لە سەرانسەری عێراقدا دەزانێت هیچ بوارێکی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم وڵاتە نییە کە زۆربەی تا ئێستەش یاساکانی سەردەمی پێش 2003 ، بە یاساکانی سەردەمی بەعسەوەی تیدا کارا نەبێت. خوێندکارێکی یاسا دەزانێت کە هیچ یاسایەک، بە یاسایەکی نوێ نەبێت، پەک ناخرێت. چونکە گەر وا نەبێت هەموو زیانلێکەوتوویەکی هەر یاسایەک دەچێتە بەردەم دادگا و دەڵێت ئەم یاسایە لەگەڵ تێگەیشتنی من بۆ "العهد الجدید" ناگونجێت و جێبەجێی ناکەم!

هەروا خوێندکارێکی یاسا دەزانێت کە هەر ئاستێک لە یاسا، تەنها بە ئاستێکی هاوتای خۆی یان بەرزتر هەڵدەوەشێنرێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر سەرچاوەی ڕینماییەکی وەزیر تەنها دەسەڵاتە پێدراوەکانی خۆی بێت، ئەوا بە وەزیری دوای خۆی هەڵدەوەشێنرێتەوە. بەڵام بە رێنمایی وەزیر یاسا هەڵناوەشێتەوە. بە هەمان شیوە، بە بڕیاری پەرلەمانی هەرێمێک کار کردن بە یاسایەکی وڵات کە دەسەڵاتی وەزارەتێکی مەرکەزی دیاری بکات، هەڵناوەشێتەوە. پارێزەرانی حکومەتی هەرێم، کە دەبێت لە خوێندکارێکی یاسا زیاتر بزانن، لەمورافەعەیاندا لەبەردەم دادگای فێدراڵی دەڵێن یاساکەی هەرێم (22 ی ساڵی 2007)، بە بڕگەیەک، کارکردنی بە یاسای عێراقی (101 ی 1976) لە هەرێمدا پووچەڵ کردۆتەوە. پارێزەرە زۆر و زەبەندەکانیشیان لە سەر تەلەفزیۆن دەڵێن لە عێراقدا یاسایەک نییە بۆ رێکخستنی سێکتەری نەوت و گاز. واتە لەسەر تەلەفزیۆن نەک کارپیکردنی یاسا عێراقییەکە لە هەرێمدا بەتاڵ دەکەنەوە، بەڵکو فەتوای بەتاڵ کردنەوەی لە هەموو عێراقیشدا دەدەن! ئێ خۆ کێ بە کێیە لە سەرتەلەفزیۆن؟

ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری شکستی پرۆژە یاسا جیاجیاکانی پەرلەمانی عێراق بێت بۆ گۆڕینی یاسای رێکخەری سێکتەری نەوت و گاز لە عێراقدا، کە دەسەڵاتدارانی "پێکهاتەی کورد" زۆر بە پەرۆشەوە هەوڵی تێپەڕاندنی دەدن، ئەوەیە کە دەیانەوێت دوای 60 ساڵ‌، یاسای 80ی ساڵی 1961 ی سەردەمی عەبدولکەریم قاسم، نەک سەردەمی بەعس، قڵپ بکەنەوە… واتە لە جەوهەردا دەیانەوێت موڵکایەتیی بۆ نەوت و گازی هەموو عێراق لەو شوێنانەدا کە یەدەکن و هێشتا کاری دەرهێنانیان تیدا نەکراوە (زۆرینەی نەوتی عێراق لەوێدایە) لە موڵکی گشتییەوە بگۆڕن بۆ موڵکی تایبەت (ئەوەش 180 پلە قڵپکردنەوەی یاساکەی ساڵی 1961 ە). تا ئێستە، سەرەڕای ئەوەی دەعبای سەیر کراوە بە هۆڵی پەرلەمانی عێراقدا، بەڵام بەلای زۆرینەیان کارێکی گەلێک ئاستەم بووە ئەو تاڵانکارییە ئاشکرایە لە گرنگترین سەرچاوەی سەروەت و سامانی وڵاتەکەدا بکەن. هیوادارم لە ناختاندا بەشی ئەوەندە شەرم بدۆزنەوە کە دەنگتان بخەنە پاڵ ئەو زۆرینەیە.

با بچینە سەر دەرگایەکی دیکە. ئەوە نییە چەندین ساڵە حکومەتە جیاجیاکانی عێراق دانیان ناوە بە لێکەوتەکانی یاساکەی هەرێم و تەنها کێشەیان لەسەر بڕی پارەی رادەست کراو هەیە؟ ئیتر خێرە ئێستە کێشەکە لە بڕی شایستەی دەسەڵاتی مەرکەزەوە بوو بە کێشەی مافی دەسەڵاتی هەرێم لە سەرپەرشتیکردنی سەربەخۆی سێکتەری نەوت و گازی خۆی؟…وانییە؟

لە پەیوەندیی نێوان پێکهاتە دامەزراوەییە سیاسییەکاندا، ئامادەیی بۆ خۆ گونجاندن لەگەڵ واقیعێکی سەپێنراودا، کە بنەمای یاسایی نەبێت، هیچ کات سابیقەی یاسایی لێوە پەیدا نابێت. بەڵکو تەنها دەربڕی کاتیی هاوسەنگیی هێزە. هیچ کات و لە هیچ نوسراوێکدا هیچ کابینەیەکی حکومەتی عێراقی دانی بە سەلامەتیی ئەو یاسایەی هەرێم و گرێبەستەکانی نەوت و گازی لێکەوتەی ئەو یاسایە نەناوە. لە دوا بودجەی عێراقدا کە لایەنە "کوردییەکان" نەک هەر پەسەندیان کرد بەڵکو بە سەرکەوتنیشیان لەقەڵەم دا، تەنانەت لەوێشدا جارێکی دیکە، بە راشکاوی باس لە پێداچوونەوە بە گرێبەستەکانی هەرێمدا دەکات و تا ئێستە دەسەڵاتی هەرێم رێگری دەکات.

جێی داخە دوای 30 ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی رەها لە هەرێم و بەشداری لە دەسەڵات لە عێراقدا، ئێوەی کادیری سیاسیی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم هێشتا لۆژیکی ئەمری واقیع و تەرازووی هێزتان لا خۆشەویستترە لە کارکردن بە بنەمای یاسایی. ئەمە دەربڕێکی ترسناکی تێگەیشتنتانە بۆ سیستەمی سیاسیی هاوچەرخ و بنەما شارستانییەکانی هاووڵاتی بوون. راستە کە بەرامبەرەکانتان لە عێراقدا لە ئێوە خراپتر نەبن، چاکتر نین، بەڵام کە رازی بوون بە لۆژیکی ئەمری واقیع‌ و، لە دەرەوەی بنەمای یاسایی، ویستی خۆتان سەپاند، گلەیی لە بەختتان مەکەن کە بەرامبەرە "هاوپەیمانە جۆراوجۆرەکانت" بە هەمان لۆژیک مامڵەتان لەگەڵدا بکەن. دەرچوونە دەرەوە لەم بازنە ترسناکەی خۆسەپاندن لە رێی توند و تیژی و هەڕەشەی توندو تیژییەوە بە کەسانێک دەکرێت کە ئەو لۆژیکە بۆ خۆیان و بۆ بەرامبەرەکەیان قەبووڵ نەکەن.

ماوە باس لە دەرگایەکی دیکە بکەین کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە بژێوی و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتیانی هەرێم و پاشەڕۆژی نەوکانی داهاتوویەوە هەیە… ئەویش ئەو دەرگایەی کە دەڵێت: ئەم بڕیارەی دادگای فێدراڵی قابیلی جێبەجێکردن نییە!  لێکەوتەکانی یاساکەمان کۆمەڵێک گرێبەستن لەگەڵ کۆمپانیای زەبەلاحی نێودەوڵەتی. بە نایاسایی ناسینیان ئیلتیزاماتی دارایی و یاسایی و جەزائی و قەرەبوو کردنی لێ دەکەوێتەوە و، ئەو ئیلتیزاماتە دەبێت بکەونە ئەستۆی ئێمە لە هەرێم، یان دەبێت حکومەتی مەرکەزی بچێتە ژێر باریان…ئەوەش نە لە توانای دارایی ئێمە و نە لە توانای دارایی دەسەڵاتی مەرکەزدایە…وا نییە؟

جارێکی دیکە هەڵوێستی حکومەتی ئەمریکی لەبەرامبەر خواستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ وەبەرهێنان بە پێی یاساکەی هەرێمی کوردستان، دێنمەوە یاددتان…وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا ناتوانێت و نایەوێت لە کەیسی کۆمپانیایەکیدا خۆیهەڵقورتێنێت کە ئۆپەراسیۆنەکانی  بە بێ رەزامەندیی دەزگا سیادییەکانی عێراق لە سنووری عێراقدا کاری کردبێت. بە واتایەکی دیکە لە دیدی پێوەرە یاساییە رێکخەرەکانی بازرگانیی نێودەوڵەتییەوە، کۆمپانیا خاوەن گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان هیچ وەزعێکی یاسایی: Legal Standing یان نییە کە بەهۆیەوە بتوانن لە بەرامبەر حکومەتی عێراقدا لە هیچ دادگایەک رابوەستن. ماوەتەوە بپرسین ئەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی ئەم بڕیارەی دادگای فێدراڵی ئەهلییەتی یاسایی نەبووە ئەو گرێبەستانە ئیمزا بکات. بەڵام وەک ئیمزاکەری هەر گرێبەستێک ئیلتیزامی مەرجی جەزائی و مەرجی قەرەبوو کردن لە دەرەوەی عێراق دەیگرێتەوە. ئەی ئێمە چیمان لێ بەسەر دێت؟

لە گرێبەستەکانی کۆمپانیا بیانییەکان لەگەڵ‌هەرێمی کوردستاندا مەرجیعی چارەسەری کێشەکان دادگای تەحکیمی دەرەکین، بڕیاری ئەوانیش، کاتێک عێراق بەشێک نەبێت لە گرێبەستەکە و هیچ کات بە گرێبەستی یاسایی دانەنابێت، تەنها بەسەر موڵک و ماڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان یان شەخسی بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی عێراقدا قابیلی جێبەجێکردنە. ئاشکراشە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک حکومەت، مەوجوداتی لە دەرەوەی عێراق لە خوار سفرەوەیە، واتە حکومەتی هەرێم لە قەرزێکی گەورە، کە بە 30 ملیار دۆلار دەخمڵێنرێت، بەولاوە خاوەنی هیچی دیکە نییە. هەرچی موڵک و ماڵی شەخسیی زۆر و بەخێر و بەرەکەتی سەرانی حکومەت و حیزبە باڵادەستەکانی کوردستانیشە، بڕاو ناکەم کەسێک هەبێت لە کوردستاندا چاوەڕێی خێر بێت لێیان یان دڵی بسووتێت ئەگەر ئەو موڵکانە کۆمپانیاکانی نەوت وەک قەرەبوو دەستی بەسەردا بگرن!

رەنگە بابەتەکە لەمە ئاڵۆزتر بێت. چونکە حکومەتی هەرێم و عێراقیش دەیانەوێت کە شێوازێکی باشتری مامڵەکردنی کۆمپانیای بیانی بۆ جیهان بخەنە روو و هەوڵی گەیشتن بە جۆرێک لە سازان بدەن لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانەدا. ئەوەش بۆ نموونە، بە قەرەبووکردن بە قیستی درێژخایەنی بنەماکانی وەبەرهێنانیان و گۆڕینی گرێبەستەکان بە گرێبەستی خزمەتگوزاریی هاوشێوەی چاکترین گرێبەستە خزمەتگوزارییەکانی ئێستای حکومەتی عێراقی. لەم حاڵەتەشدا بە بەراورد بە دۆخی ئێستای سێکتەری نەوت و گازی هەرێم، (بە تایبەتی دوای بردنەوەی چاوەڕوانکراوی کەیسی حکومەتی عێراقی دژی تورکیا لە بارەی یاسایی بوونی گرێبەستی گواستنەوەی نەوتی لەگەڵ‌حکومەتی هەرێم، کە لە یانەی پاریس بۆ تەحکیمی نێەدەوڵەتی بەڕێوە دەچێت) حاڵمان باشتر دەبێت.

پێم وایە کۆمپانیاکان لەپاش بوومەلەرزەی گۆڕانی جوگرافیای سیاسی دوای ئەم بڕیاری دادگای فێدراڵییە، زیانی کەمتریان، هەرچەندێک بێت، لە زیانی رەها لەلا باشترە. هەر لەبەر ئەوەش ئامادەی سازان دەبن.

ماوە بڵێن دەی باشە کەواتە ئەم یاسایەی هەرێم، ئەگەرچی لە رووی هەڵسەنگاندنی ئابوورییەوە، بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بوو کە لێکەوتەی خراپی هەیە، بەڵام مەبەست لێی دانانی ژێرخانی سەربەخۆییە. ئەوجا پێگەی دەستووری و ئابووریشی لاواز بێت، ئەوە دەستکەوتی خەباتە و قەڵەمبازێکی گەورەیە بەرەو سەربەخۆیی. بەغداش پێی خۆش بێت یان نا، بە هێزی بازووی رۆڵەی کورد داکۆکیی لێ دەکەین…وا نییە؟

ئا لێرەدا دەبێت زۆر بە راشکاوانە بڵێین کە لە رووی ئابوورییەوە لێکەوتەکانی ئەم یاسایە یەکێکن لە خراپترین جۆری گرێبەست لە جیهاندا. بە جۆرێک نوسراونەتەوە کە بەردەوام بوونیان تاڵانکردنی سەروەتێکی نیشتمانیی روو لە ناوچوونە و، تا ماوەی گرێبەستەکانیش کۆتاییان دێت، شتێکی ئەوتۆ نامێنێتەوە بۆ چاککردنەوەی هەموو خراپەکارییەکانیان. لە رووی شانازیش بە "قەڵەمبازی گەورە بەرەو سەربەخۆیی"ەوە، دەبێت راشکاوانە بڵێین کە کەمن ئەوانەی لایان ئاشکرا نەبووە ئەم "سەربەخۆیی"ەی لە سێکتەری نەوت و گازی هەرێمدا لە عێراق بەدەست هاتووە، لە راستیدا هیچ نییە جگە لە وابەستەییەکی ترسناک بە تورکیاوە. سووربوون لەسەر جێبەجێ نەکردنی بڕیاری دادگای فێدراڵی هەردوو فاکتەری خراپیی ئابووریی گرێبەستەکان و وابەستەیی پێشێلکەری سەروەریی هەرێمی کوردستان بە تورکیاوە چەندین ئەوەندە زیاد دەکات. ئەگەر ئێستە بە تێکڕا نەوت بە نزیکەی 10 دۆلار کەمتر لە نرخی شیاوی بفرۆشین، دوای ئەم بڕیارە بە چەند کەمتری دەفرۆشین، بەڵکو کەسێک هەبێت لە رێی تەزویرکاریی حکومەتی تورکیاوە لێمان بکڕێت؟ ئەی تورکیا بڕی "کۆمیشن"ی خۆی چەند زیاد دەکات و چ مەرجێکی تازەی زەلیلکەرمان بەسەردا دەسەپێنێت؟

بەردەوامبوونمان وەک قاچاخچی لە چاوی کۆمەڵگای جیهانیدا، لە سەربەخۆیی نزیکمان ناکاتەوە، بەڵکو وەک کیانێکی سیاسیی ناشایستەی سەربەخۆیی دەمانناسێنێت بە جیهان.

لەبەر ئەمانە هەمووی بەڕێزان، کوردپەروەران، ئەم بڕیارەی دادگای فێدراڵی، تەنانەت ئەگەر پێتان وایە دەربڕی دوژمنکاری و شۆڤێنییەتی عەرەبییە بەرامبەرتان (لە لایەن هاوپەیمانە عەرەبەکانتانەوە) و زۆریش رێی تێدەچێت کە بۆچووەنەکەتان راست بێت…بەڵام سەرەڕای ئەوە، ئەمە بڕیارێکە کە دەتوانین وەک پەیژەیەک بەکاری بێنن بۆ دەرچوونە دەرەوە لە بیری قووڵ و تاریک و ترسناکی گرێبەستەکانتان کە ئەمڕۆ و دوارۆژی نەوکانی داهاتووی هەرێمی تێکەوتووە. ئەوانەی کە بەهۆی ئەم گرێبەستە پڕ شەرمەزارییانە دەوڵەمەند بوون دەیانەوێت ئێوە جەنگی داکۆکی لە ئیمتیازاتەکانیان بۆ بکەن…ئەگەر دڵسۆزی داهاتووی گەلەکەتانن، ئەو گرێبەستانە لە ئاڵای کوردستان مەئاڵێنن. ریزی خۆتان لە ئاغا قاچاخچییەکانی نەوت جیا بکەنەوە. ناچاریان بکەن دەست لەو گرێبەستانە هەڵگرن. ئەگەر هاوپەیمانە عێراقییەکانی ئێستاتان بەلای ئێوەوە دوژمنکار و شۆڤێنی و مەترسین بۆ سەر خۆشگوزەرانیی گەلی کوردستان (کە بێ گومان وان) بەردەوام مەبن لە هاوپەیمانیدا لەگەڵیان. "پێکهاتەی کوردی" گەر بیەوێت، دەتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر بۆ کۆتایی هێنان بەو سیستەمە سیاسییە تایەفەگەرییەی عێراق، کە کورد بە عەرەب و، عەرەب بە کورد دەترسێنێت. هەموومان لە عێراقدا، بە کورد و عەرەبەوە شایستەی پاشەڕۆژێکی باشترین لەوەی قاچاخچییەکانی نەوت و تاڵانچییەکانی ئابووری لە سەرانسەری عێراقدا بۆیان داڕشتووین… بیسەلمێنن کە هەڵوێستی تا ئێستاتان بۆ کوردایەتی بووە، نەک بۆ هەریسەکە!
ئالان ممتاز نوری