TEVDA Press

سەردەشت محەمەد

سەد گوناح و یەک تۆبە،یان یەک گوناح سەد تۆبە؟

| Friday, 04.01.2022, 12:29 AM |


ئەوەی بەخەیاڵی گەلی کورددا نەدەهات ئەوەبوو ڕۆژێک لەڕۆژان ئەو دەسەڵات و هێزەی کە ئەوان لەشار و دێ قوربانییان لەپێناودا دەدا ببێت بەزەحمەت بەسەریانەوە، هەمووان وەها خەیاڵیان دەکرد ڕزگاربوون لەژێر دەسەڵاتی بەعس و پێکهێنانی حکومەتی کوردی، لەم پارچەیەی باشوور دواخەونیان دەبێت و ئیدی باشوور دەبێت بە نمونەیەک لە جوانی و مەملەکەتێک لە خۆشبەختی، کەچی زیاتر لە سی ساڵی فرمانڕەوایی دەسەڵاتی کوردی نەک هەرئەوخەونەی لەگۆڕنا،بەڵکو ئێستا زۆرینە حەسرەت بۆ گەڕانەوەی پێش دروستبونی دەسەڵاتی کوردی دەخوازن، کە ئەم حەسرەت خواردنە ژەهراویترین و خراپترین دەردە، ئەگەرچی تاچەندساڵێک پێش ئێستاش بەشێکی زۆر لە شەقامی کوردی هیوای بەوە هەبوو کە ئەم دەسەڵاتە پێداچونەوەیەک بەخۆیدا دەکات و لەبەرامبەر ئەو سەدان و هەزارن هەڵەی کە بەدرێژایی فەرمانڕەوایەتیان ئەنجامیاندابوو تۆبەیەکی یەکجاری دەکەن، کەچی بەداخەوە نەک ئەوە ڕوینەدا،بەڵکو ڕۆژنییە سەدان گوناح و تاوان بەرامبەر بەمیللەت نەکەن،

ڕۆژێک دەستگیرکردن و شەهیدکردنی ڕۆژنامەنوس،ڕۆژێک بڕین و دواخستنی مووچە، ڕۆژێک فرۆشتن و بەتاڵانبردنی سەرخان و ژێرخانی ئابوری وڵات، جارێک هێنانی دەستی بێگانە بۆ ناوهەرێم و سەدان هەڵەی دیکە،کەچی نەیان کرد یەک تۆبە لەم هەموو گوناحە بکەن، بەڵام لەبەرامبەر یەک هەڵەی ئەندامێکی پارتەکانیان ئامادەن لەیەک ڕۆژدا سەدان تۆبە و داوای لێبوردن بکەن، ئەوەتا بینیمان دوێنێ نایف کوردستانی هەڵەیەکەی بەرامبەر بە مەرجەعی شیعەکان کرد کەچی فریا نەدەکەوتن چۆن و بەچی ڕێگایەک و بەچی زمانێک و لەکام دەزگایی ڕاگەیاندیانەوە تۆبەبکەن لەو گوناحەی کەئەندامەکەیان کردویەتی، ئەمە یەکەم ڕووداو نییە لەماوەکانی ڕابردووشدا و لەگەڵ هاتنی پاپادا هەرئەوەندەی پولەکەی حکومەتی هەرێم تورکیایی نیگەرانکرد ڕاستەوخۆ و بێدواکەوتن کەوتنە داوای لێبوردن کردن، ئەمڕوداوانە پێمان دەڵێت کە ئەم دەسەڵاتە چەندە نەیاری ناوخۆ و چەندەش یاری بێگانەن.

سەردەشت محەمەد