TEVDA Press

د. شێرکۆ حەمەئەمین

سەردەمی حوکمی میربافڵ

| Wednesday, 04.13.2022, 10:46 AM |


‏‎سەردەمی حوکمڕانی میربافڵ، میری میرنشینی تاڵەبان، سیمایەکی دیاری بریتییە لە سەرکوتکردن و ڕێگری لەیادکردنەوەی ئەنفال. ئەمڕۆ ژمارەیەک ڕێکخراو و چالاکوان بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی ۳٤ ساڵەی تاوانی نەتەوەیی ئەنفال لە سەکۆی ئازادی ناو پارکی ئازادی ئامادەبووین، بەڵام ژمارەیەک کارمەندی ئاسایشی سلێمانی و وەک دەڵێن: بەفەرمانی سەروخۆیان و بەبیانوی نەبونی مۆڵەت، ڕێگەیان نەدا یادی ئەنفال بکرێتەوە.
‏‎میرنشینی بارزان و تاڵەبان لە هەموو شتێکدا لەیەک دەچن و یەکتر تەواودەکەن، کەچی بۆخۆڵکردنە چاوی خەڵک گوایە ناکۆکن.
‏‎ هەردولایان بۆ داگیرکەر لەسەر چۆکن بۆ ناوخۆش دەست بەچەکن و بۆ قۆرخکردنی بازاڕ و پۆست و پارە وەک یەکن،
‏‎ڕێگری لەیادی ئەنفال دەکەن کەچی شین بۆ حاجی قاسم دەگێڕن
‏‎سەیریش نییە ڕێگری لەیادی ئەنفال بکەن! تۆ سەیرکە جاش و مستەشارو پێشمەرگەی دێرین وەک یەک لەیەک لیستدا خانەشینن، وەک ئەوەی لەبەردەم بنکەیەکی دابەشکردنی موچەدا لەسلێمانی پێشمەرگەیەکی دێرین وتی: “تێکەڵەین هەموو جۆرێکمان تێدایە!!”
‏‎لەلیستی شەهیدانیشدا هەر وایە و لە فیستیڤاڵی خێڵیشدا پێکەوە لە یەک ڕیز دانیشتن و لەتەنیشت یەک بوون!!
‏‎ئەم دوو میرنشینە لەسەردەمی بارزانی باوکدا، سەردەشت عوسمان، لەسەر خەون تیرۆردەکرێت لەسەردەمی میر مەسروری کوڕدا لەسەرنیەت و کۆمێنت لەزیندان دەکرێیت!
‏‎لەسەردەمی تاڵەبانی باوکدا ئەنفالی زانکۆ کرا، وەک خوێندکارەکان ناویانا، کەچی لەسەردەمی میربافڵی کوڕدا لەسەکۆی ئازادی ڕێگری لەیادی ئەنفال دەکرێت!
‏‎بەندەش بەکارمەندەکانی ئاسایشم وت: “دەزانم ئێوە فەرمان جێبەجێدەکەن، بەڵام دڵنیابن پارتی و یەکێتی بۆیە هەن بۆئەوەی کورد نەبێت، هەر بۆیەش ڕێگە لەیادی ئەنفال دەگرن، چونکە خۆیان ئەنفالی ڕۆحی ئینسانی کوردیان کرد و کوردبوونیان لەبەرچاوی خەڵک خست. بە (میر)ش بڵێن: ئەم حوکمی تۆقاندن و ئازادی کوشتنەش هەر کۆتایی دێت.”
‏‎ئەو داستانی (کۆڕێ)یەی چەند ڕۆژە هەریەکەی بۆخۆی ڕادەکێشێت، بەرهەمەکەی حوکمی جەردەسالاری و تیرۆری ڕۆژنامەوان و زیندانی سیاسی و ڕێگری لەیادی ئەنفالە.
‏‎رۆحی قوربانیانی ئەنفال شادبێت.

د. شێرکۆ حەمەئەمین