TEVDA Press

هەڤاڵ ئاکۆ

لە یادی یەكی ئایار ..

| Sunday, 05.01.2022, 12:03 PM |


لە یادی یەكی ئایار ..
سڵاو لەو كرێكارە ماندوانەی بە بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە كارگێڕی كارەوە، لەسەر عەدادی بەنزینخانەی بەرپرسێكی نەخوێندەوار ، بەیانی تا ڕۆژ ئاوا بوون بە موچەیەك كار دەكەن ، بەھاكەی ناكاتە نرخی تاكێك پێلاوی پێی كوڕە بەرپرسێ .ئەكاونت و مۆبایلەكانیشیان پڕیەتی لە وێنەی مەسئولە ملیاردێركان و كوڕو نەوەكانیان.

لەو یادەدا..
سڵاو لەو كرێكارە ماندونەناسەی بە بڕوانامەی دبلۆم لە گەشتیاری، لە بەر دەرگای كۆمپانیای بەرپرسێكی دز ، جلی سكیوریتیان لەبەرە .لە باخەڵی پشتەوەی پانتۆڵەكەشیان ناسنامەیەكی زەردی تێدایە لەسەری نوسراوە: (ئەندام).

لە یادی یەكی ئایار..
سڵاو لە شوفێری ئەو ماتۆڕە سێ تایانەی، بەیانی تا ئێوارە كۆڵان بە كۆڵان بەدەم ھاوار ھاواری پەلكە نان و برنجی بایەعی و نیسك و ئارینۆك، ھەموو گەرویان دەكەوێ .شەوانیش لە پاركی شار چەپڵە بۆ كڵاو كڵاوانێی نێوان قایمقام و پارێزگاری ھەولێر لێدەدەن.

ئەو ڕۆژەتان لێ پیرۆز بێ، ھیوادارم تەمەنتان درێژ بێت بەقەد شاخی كۆڕەك ، ئەوەی پڕۆژەی گەشتیاری فەرماندە بەزیوە ملیۆنێرەكەی لەسەر دروستكراوە.
چاوتان تیژ و گەش بێ، تا ھەمیشە لە دورەوە ڕۆشنایی بلاجكتۆرە بە شەوقەكانی مۆڵ و ماركێت و ھۆتێلی پێنج ئەستێرەی بەرپرس و كوڕ و ژنەكانیان بە جوانی ببینێ.
دەست و پەنجەو شاشەی مۆبایلەكانتان ھەر ساغ بێ ، تا بەردەوام بتوانن لەسەر ئەكاونت و پەیجی پشتیوانانی كوڕە بەرپرسەكان بنوسن: سڵاو لە شێر و بەچكە شێر و سەركردەی دواڕۆژ و شازادەی جێنشین.
هەڤاڵ ئاکۆ