TEVDA Press

نەتەوە یەکگرتووەکان: داوا دەکەین لە ھەرێمی کوردستان رێز لە ئازادی رادەربڕین بگیرێت

| Tuesday, 05.03.2022, 07:49 PM |


وەرگرتنی لە ماڵپەری په‌یام

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە رۆژی ئازادی رۆژنامەگەریدا، داوای کرد لە عێراق و ھەرێمی کوردستان رێز لە ئازادی رادەربڕین بگیرێت.

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە رۆژی ئازادی رۆژنامەگەری دا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "لە رۆژی ئازادی رۆژنامەگەریدا، نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەستخۆشی لە ئازایەتی رۆژنامەوانان و میدیاکاران لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات".

راشیگەیاندووە: "داوایش لە دەسەڵاتداران لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکەین، گیانی رۆژنامەوانان میدیاکاران لە ھەڕەشە و چاوسوورکردنەوە بپارێزن و رێزی تەواویش لە ئازادیی رادەربڕین ئازادیی گواستنەوەی زانیاری بگیرێت".

مانگی ١٢ی ١٩٩٣، كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، بەبڕیارێك رۆژی ٣ی ئایاری هەموو ساڵێكی وەك ڕۆژی جیهانیی بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەری دیاری كرد، كە هەرێمی كوردستان لەوڕووەوە دۆسیەیەكی خراپی هەیە.

لەم ڕۆژەدا بەشێك لە ڕۆژنامەنووسانی ئازادیخواز لە هەرێمی كوردستان لە زینداندان و ئەوانەش كە لە دەرەوەی حزبەكانی دەسەڵاتن بۆ دەستكەوتنی زانیارییە گرنگەكان ئاستەنگییان بۆ دروست دەكرێت و بە ئاسانی دەستیان بە زانیارییەكان ناگات.

هەرچەندە لە مێژووی درووستبوونیدا پەرلەمانی هەرێمی كوردستان پێنج یاسای لە بواری چاپەمەنی و ڕۆژنامەگەری دەركردووە، كە یاسای چاپەمەنی و یاسای سەندیكای ڕۆژنامەنووسان و یاسای سندوقی خانەنشینیی ڕۆژنامەوانی و یاسای ڕۆژنامەگەری و یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیارین، بەڵام زۆركات ڕۆژنامەنووسان بە یاسای دیكە دادگایی دەكرێن و سزادەدرێن لەپێناو توندكردنی سزاكەیان و ئەم یاسایانە نەبووەتە چەترێك بۆ ڕۆژنامەنووسان.

ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەردەوام جەخت لە پاراستنی مافەكانی ڕۆژنامەنووسان دەكەنەوە، بەڵام ڕۆژنامەنووسان ئازاد نیین لە دەستبردن بۆ هەڵدانەوەی سەرجەم دۆسیە گوماناوییەكانی گەندەڵی و هەركات هەواڵ و ڕاپۆرتەكانیان لە بەرژەوەندیی بەرپرسانی باڵا نەبێت، ڕووبەڕووی تیرۆركردن، زیندانیكردن، هەرەشە و دادگاییكردن دەبنەوە و چەندین تۆمەتی هاوشێوەی سیخوڕیكردن و تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی و تەشهیركردن دەبنەوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە ساڵانە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا ناوی لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكاندا وەك ناوچەیەك بۆ پێشێلكردنی ئازادیی ڕۆژنامەوانی دەردەكەوێت، بەڵام حكومەتی هەرێم لەبری چاككردنی دۆخی ڕۆژنامەوانی و بەرفراوانكردنی ئازادییەكان و پێداچوونەوە بە شێوازی مامەڵەیان لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی ئازادیخواز، دەزگایەكیان بۆ بەرپەرچدانەوە و ڕەتكردنەوەی زانیاریی نێو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان درووستكردووە كە دیندار زێباری بەناوی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان پێی هەڵدەستێت و بەردەوام بەرپەرچی ئەو جۆرە راپۆرتانە دەداتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وەك پیشەی ساڵانەی خۆی لە سەرەتای نیسانی ئەمساڵدا ڕاپۆرتێكی لەبارەی ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ گەڕانەوە بۆ بنەما یاساییەكان و بەتۆمەتی هەڵبەستراو، ڕۆژنامەنووسان و چالاكوانی مەدەنی دەستگیردەكات، پاشان بۆ ماوەیەكی زۆر و بەبێ دادگایی و ڕێكارە یاساییەكان لە زیندان دەیانهێڵێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دەڵێت: لە هەرێمی كوردستانی عێراق هێزەكانی ئاسایش لە دەرەوەی یاسا ڕەفتاردەكەن، دادگاكانی كوردستان سەربەخۆ نین و ڕۆژنامەنووسان ناتوانن ڕۆڵی كاریگەری خۆیان بگێڕن.

تەڤدا پرێس