TEVDA Press

نوێنەری عێراق لەنەتەوەیەکگرتووەکان لە ئەنجوومەنی ئاسایش، سكاڵای لەسەر تورکیا تۆمارکرد

| Thursday, 05.19.2022, 08:15 PM |


نوێنەری عێراق لەنەتەوەیەکگرتووەکان بەشێوەیەکی فەرمیی لەئەنجوومەنی ئاسایش، سكاڵای لەسەر بوونی سەربازیی تورکیا لەسەر خاکی عێراق تۆمارکردو داوایکرد، ئەو وڵاتە سەرجەم هێزەکانی لەعێراق بکێشێتەوە.

محەمەد حوسێن بەحر ئەلعلوم نوێنەری عێراق لەنەتەوەیەکگرتووەکان لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایش کە دوێنی چوارشەممە لەشاری نیویۆرک تایبەت بەباسکردن لەبارودۆخی عێراق بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، لەسەر بوونی سەربازیی تورکیا لەناو خاکی عێراق، سکاڵایان لەدژی ئەنکەرە تۆمارکردووە.

جەختیشیکردەوە، بوونی گەریلاکانی پەکەکە لەناو خاکی عێراق پاساو نییە بەدەستی تورکیاوە بۆئەوەی هێزەکانی نەکێشێتەوە.

نوێنەری عێراق لەنەتەوەیەکگرتووەکان داواشیکردووە، خاکی وڵاتەکەی بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی نێوان هێزەکان‌و بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەکان بەپاساوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەکارنەهێنرێت.

تورکیا دەیان سەربازگەو بنکەی هەواڵگریی ئاشکراو نهێنیی لەهەردوو پاریزگای دهۆک‌و هەولێر لەهەرێمی کوردستان هەیە، هەروەک لەساڵی 2015شەوە بەپاساوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بنکەیەکی سەربازیی لەناوچەی باشیک لەپارێزگای موسڵ داناوه‌.

دەسەڵاتدارانی تورکیاش ڕایانگەیاندووە، تاوەکو لەناوبردنی یەکجارەکیی مەترسییەکانی تیرۆر، ئامادەنین هێزەکانیان لەناو خاکی عێراق بکێشننەوە.
تەڤدا پرێس