TEVDA Press

دانا مەنمی

پەلاماردانی تورکیاو هێزی مانەوەی ڕۆژئاوای کوردستان

| Sunday, 06.12.2022, 05:58 PM |


لەدوای سەرهەڵدانی خۆپێشاندانەکانی سووریاو شەڕی گروپە تیرۆریستییەکانی بەرەی نوسرە و هاوپەیمانەکانی تورکیا کوردانی ڕۆژئاوا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە پاراستنی شوناس و ناسنامەی کوردبوون لەلایەک شەڕو تێکشکاندنی ئوستورەی داعش و بەرەی نوسرەو میلیشیاکانی تورکیاش لەلایەکی ترکە جیهانیان لەئاست خۆیاندا سەرسام کرد! لەپاڵ خۆڕاگرییەکانی هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان لەبەرامبەر تیرۆرستانی داعش و بەرەی نوسرەو میلیشیاکانی سەر بەتورکیا لە ٢٠١٤ ـە، دواتریش پێشڕەوییەکانیان بۆ ڕزگارکردنی ناوچە کوردنشینەکان و رزگارکردنی شنگال لەدەستی چەکدارانی داعش سەرکەوتنێکی مەزنیان تۆمار کرد . ئەم خۆڕاگری و بەرەنگارییەی هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕزگارکردنی سەری سپی‌و یەکگرتنی کانتۆنی جەزیرەو کۆبانێ و دروستبوونی سێ کانتۆنەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان لێکەوتەوە کە سەرنجی میدیا جیهانییەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گشتی پۆزەتیڤانە بەلای خۆیدا ڕاکێشا، لەپاڵ ئەمەدا تورکیا بەردەوام لە رێگەو بە پشتیوانی گروپە توندڕەوەکانی وەک “بەرەی نوسرە بەرەى نوسرەو فەتح و شام و ئەبو هەمزە” لە پەیوەندیدا بووە بۆ بەگژداچوونەوەی هێزە کوردییەکان و ڕێگریکردن لە دروستبوونی کانتۆنەکان و ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان . ماوەی سێ ساڵە تورکیا چەکدارانى داعش و بەرەی نوسرە و فەتح و شام گروپە توندڕەوەکانى دیکە بە قوڵایی ٣٢ کیلۆمەتر خاکى رۆژئاوای کوردستانیان داگیرکردووە ، لەم ناوچەیەدا تورکیا ئۆپراسیۆنی خۆی دژ بە هێزە کوردییەکان ئەنجام ئەدات و شانە نوستووەکانی داعش و بەرەی نوسرە و فەتح و شام ڕێکدەخاتەوەو نیشتەجێکردوون و لەدژى هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕیان پێدەکات، دیوێکی ئەم داگیرکارییەی تورکیا دابڕانی دیمۆگرافی و دروستکردنی ناوچەیەکە بۆ داڵدەدانی تیرۆریستانی داعش تا پاکتاوی نەژادیی لە دژى کوردو پێکهاتەکانى دیکە ئەنجام بدەن ، کە تائێستا زیاتر لە نیوملیۆن کوردی دانیشتوی ئەو ناوچانە لەترسی کردەی تیرۆریستی گروپە توندڕەوەکان لەو ناوچانە هەڵهاتوون و ئاوارە بوون . دیوێکی تری ئەم داگیرکارییە ئامانجێکی سیاسییە بۆ تێکشکاندنی خۆڕاگری و بەرخودانی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و لەناوبردنی کانتۆنەکان و ئاوارەکردنی دوو ملیۆن کوردی ڕۆژئاوا و لە جێگەیان ئاوارەى عەرەب نیشتەجێ بکات ، پێکهاتەی سوپای سوریای ئازاد بریتی یە لە گروپە تیرۆریستەکانی ناکۆک و دژ بەیەک لەگەڵ شانە نوستووەکانی داعش و بەرەی نوسرەو فەتح و شام هاوشان لەگەڵ سوپای ڕۆژ و سوپای تورکیا دژی هێزە کوردییەکان و ئەزموونی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان شەڕ دەکەن ، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەو خەون و ئومێدو گرەو و سیناریۆی و هاوپەیمانەتییە نییە کە ئەردۆگان و شانە نوستووەکانی داعش و بەرەی نوسرەو فەتح و شام لەگەڵ یەکتر دەیکەن لە بارەی کەوتنی کانتۆنەکان و ئەزموونی خۆسەری لە ڕۆژئاوا کوردستان ، بەڵکو ئەوەی گرنگە موقاومه‌ت و خۆڕاگری و بەرخودانە له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌ به‌رامبه‌ر دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆ بەناوی تورکیاو هاوپەیمانی داعش و دۆستی بەرەی نوسرەو گروپە توندڕەوەکانە سەرباری جیاوازی لە ڕووی هێزو توانای لۆجیستی و سەربازی و هیزی ئاسمانی به‌و په‌ڕی بوێریه‌وه‌ هێزە کوردییەکان دەجەنگن و درێژەی هەیە . ڕاستە ئەم جەنگە داگیرکارییە شۆڤینییەی تورکیاو گروپە توندڕەوەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان هەموومانی نیگەران کردووە ، بەڵام ئاشکرایە کە ئەردۆگان و حیزبەکەی دۆڕاوەکانی ئەو جەنگە داگیرکارییەو هەر جەنگێکی دیکەن بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان ،هۆکارەکەیش ئەوەیە کە ڕۆژئاوای کوردستان ئەزمونێکی جوانی لە ئیدارەدان و لە مامەڵەی سیاسیدا هەیە ،هێزەکان یەکڕیزو یەکگرتوون لەپێناو خاک و خەڵکەکەی خۆیاندا موقاومەت دەکەن و خۆڕاگرن بەڵام ئەگەر ٣/١ ئەم مەترسییانە لە سەر هەرێمی کوردستان بووایە بەم دۆخەی کە ئێستا لە کوردستاندا ئامادەگی هەیە بەتایبەتی بێمتمانەیی خەڵک بە حکومەتی هەرێم و بەم حیزبانە لەپاڵ مەترسییەکانی گەندەڵی و شکستی پرۆسەی سیاسی و ئیداری و دیپلۆماسیەت و لەقاڵبدانی کۆمەڵگاو نەبوونی ئازادی و شەڕی نان و شکاندنی کەرامەتی ئینسان مومکین نییە هەرێمی کوردستان لەدوای سێ دەیە لە هونەری بەڕێوەبردن ئیمکانی مانەوەو خۆڕاگری هەبێت !
دانا مەنمی