TEVDA Press

دانا مەنمی

دیداری یەکێتی و پرسی ژنان شەقوشێنەکانی حەرەمی دادگا

| Tuesday, 06.14.2022, 07:53 PM |


یەکێک لەو پرسانەی کە لە دیداری یەکێتی دا گفتوگۆی لە بارەوە کرا پرسی ژنان بوو ، دەمێک ساڵە یەکێتی کۆڕو کۆبونەوەو سیمینار و پلاتفۆڕم بۆ پرسی ژنان و فێمێنیزم ئەنجام دەدات ،لەهەموو ئەم کۆڕو سیمینارو پلاتفۆڕمانەدا یەکێتی خۆی لەبەرەی پێشەوەی پاراستنی ماف و کەرامەتی ژنان دەبینێ ، بەڵام لەمانا گشتییەکەیدا کۆی ئەو قسانەو دیدارو سیمینارو پلاتفۆڕمانە جیاوازی زۆری لەگەڵ ئاکارو ڕەفتاری یەکێتی دا هەیە ، خەڵکی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی نیشتەجێی قەڵەمڕەوییەکەی یەکێتی دوای کۆتایهاتنی دیدارەکە چاوەڕێ بوون بەربوومی قسە و فیکرو گفتوگۆی ناو دیدارەکە بکرێتە کردارو ئەم فۆڕمە لە شکاندنی شکۆی مرۆڤ بە نێرو مێ ، ئافرەت و پیاو ، کۆتایی پێ بێت . بەڵام بە پێچەوانەوە چەند ڕۆژێک دوای کۆتایهاتنی دیداری یەکێتی لەپای ئەو هەموو بەڵێنەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ پرسی ژنان و چارەسەرکردنی توندوتیژی دژ بە ژنان هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی بێ هیچ سڵەمینەوەیەك لەناو حەرەمی دادگای سلێمانیدا پەلاماری نۆ دانە ئافرەت دەدەن ، شەقوەشێنەکانی ناو حەرەمی دادگای سلێمانی ئاماژەیەکی ترسناکە کە چیتر ئەوانەی پەنا بۆ دادگاکانیش دەبەن مافیان پارێزراو نییە و ئەگەر لە حەرەمی دادگاشدا بەر شەق و زلەمان بدەن خۆمان دەتەکێنین و هەڵدەستینەوە و لە حوزوری سێبەرەکانتاندا بە ئەدەبەوە رادەوستین ! لەلایەکی تر هەق نییە ئێمە گلەیی لە یەکێتی و هێزە ئەمنیەکانی ئەو حیزبە بکەین کە بۆچی ئەم جۆرە ڕەفتارانە ئەنجام ئەدەن ؟! چونکە ئەوە پەروەردەو ئەدەبیاتی سیاسی ئەو حیزبەیە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا ڕۆژێک شەقیان لە مامۆستا و ڕۆژێک لە خوێندکارو ڕۆژێک لە خۆپیشاندەرو دواجار لە ژنانیشیان هەڵداوە !! ئەم نەریتە نەریتێکی نامۆ نییە و هەرکاتێک بۆیان بلوێت لە حەرەمی زانکۆکاندا بێت یان لە حەرەمی دادگاکاندا ئەنجامیان داوە ! کاتێک حیزبێکی وەکو یەکێتی خاڵی دەبێت لە پەروەردەو فەلسەفەو ئەخلاقی سیاسی ، لە دیسکۆرسی عەقڵانی و فیکری ، شەق و شەقوەشێن بەرهەم دەهێنێت و شەق ئەوەشێنرێت ، ئەخوڵقێنرێت و پەیڕەو ئەکرێت بۆ ئەوەی فەزاحەتی خۆی بشارێتەوە ، ئەوەی دوێنێ بینیمان لە ناو حەرەمی دادگای سلێمانیدا ئاماژەیە بۆ بێبەهاکردنی دادگاکان و ئامانجەکەش بۆ ترساندنی خەڵکە و بەرنامەڕێژی بۆکراوە، یەکێتی بە جل و بەرگی جیاواز بەناوی کۆنگرەو نوێبونەوە و دیداری یەکێتی خۆی لە کۆمەڵگەدا نمایش دەکات و دەیەوێت بە زۆرەملێ لە ڕێگەی شەقوەشێنەکانییەوە خەڵکی نارازی سلێمانی بێدەنگ بکات .
دانا مەنمی