TEVDA Press

دلێر محەمەد نوری

تەڵەی سەرۆکی حکومەت، بۆ میدیاکارانی ڕەخنەگر

| Tuesday, 06.21.2022, 08:06 PM |




ڕەوشتی شانۆکارەکان، لە سەر تەختی شانۆدا بە جۆرێکە، کاتێ لە پشتی پەردەوە هاتوچۆ و گفتوگۆ ئەکەن، هەم بە چپە ئەدوێن و هەم لە سەر نووکی پەنجە ئەڕۆن، هەمووان نەرم و نیانن. بەڵام کە دێنە سەر شانۆ، ئیتر ‌نمایشی درامی ئەکەن، توڕە ئەبن، جنێو دەدەن، قاچ ئەکوتن به ئەرزا و ئەقیژێنن و ئەکوژن و ئەبڕن.
سەرۆکی حکومەت لە دانیشتنەکەیدا، لە گەڵ ڕۆژنامەنووسان، پێچەوانەی شانۆکارەکانی کرد، لە سەر شانۆکەدا. وەکو ئەوانی پشتی پەردە، ئەم لە سەر شانۆ نەرم و نیان بوو. تۆ بڵێی سەرۆکی پشتی پەردەش هەروا سنگ فراوان و نەرم و نیان بێت، گەر تەنانەت بە توندیش ڕەخنەبارانی بکەن!؟ سەرۆکی پشتی پەردە، هەرچۆنێک بێت، تازە بۆ حزب و میدیاکانی خۆی و دەور و بەر و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و تەنانەت بینەر و گوێگری سادەش، نەرم و نیانی و سنگ فراوانی و ڕەخنە قبووڵکەر دەرکەوت. سەرۆک تەنانەت ئیشی هەر بەمەش بوو، بۆ ئەم مەبەستەش کۆبوویەوە. هەرچەند ئەو بە پێشگری (واللە)شەوە وتی من پەیجی سێبەرم نیە و بەڵام تەماشایەکی سۆشیال میدیا بکەن لە دوێنێوە، بزانن چۆن، دیدارەکەیان بۆ کەرت کەرت کردووین و دەرخواردمانی دەدەن!! ئا ئەمەیە وەبەرهێنانی میدیایی لە ڕەخنەی کۆمەڵێک میدیاکاری بە سەلیقە و وریا، بەڵام بە هەر جۆرێکە ئەم گێمەی یارییەکەیان بە سەرۆک دۆڕاند. بە یەک گۆڵی ئاڵتونی بەرانبەر بە هیچ.
دیالۆک واتا گفتوگۆ، لە نێوان دوو لایەنی ناکۆک، یاخود کۆک، یا هەر هیچ نەبێت، دوو لایەن کە پەیوەندییەکی چاودێریکەر و چاودێریکراو، پێکەوەیان ئەبەستێتەوە. بۆ ئەوەی لە وەها دیالۆگێکدا، باڵانسی گفتوگۆکە ڕابگێرێ، دەبێت دەرفەتی وەڵام و وەڵامدانەوە فەراهەم بکرێت. دەرفەتی بیانو و بیانووهێنانەوە بە یەکتری بدرێ. چونکە کاتێ، سەری گەورەی کۆبوونەوەکە، سەرەتا دەرفەت ئەداتە هەمووان، تا قسەی دڵی خۆیان بکەن، پاشان هەر خۆی کۆبوونەوەکە تا تەواوبوون ئیدارە دەدات. بەم جۆرەش، دوا وتە وتەی خۆی و دوا ئەرگومێنت هی خۆی و دوا دەرفەت بە خۆی ئەدرێت. ئیتر لێرە بە دواوە، ئێوەی ڕۆژنامەنووسانی ڕەخنەگر، هەرچ وەڵامێکتان بۆ ئەرگومێنت و وەڵامەکانی، سەرۆکە نەرم ونیانەکە هەبووبێت، ئەوا یان ئەبێت هەڵبگرن، بۆ وتاری سایت و پەیجەکان، یاخود بۆ سەر سفرە ڕازاوەکەی دوای کۆبوونەوە، دوور لە چاوی کامێراکان.
ئەمە ڕووی دا، لەم کۆبوونەوەی، نێوان سەرۆکی حکومەت و ڕۆژنامەنووسان، چەند ئامانجێکی بۆ سەرۆکی حکومەت پێکا، بە بێ بەرانبەر، لەوانەش:-
١/ هەموو میدیاکاران ڕەخنەناگرن، ئەوەتانێ نیوە زیاتریان لە گەڵماندان، کە ئەوانیش میدیاکارانی مووچەخۆری حزب و سێبەری حزبن.
٢/ هەموو میدیاکارانی قاچاخ لە دەسەڵاتی هەولێر لە سلێمانی نین، ئەوەتانێ هەر نەبێت میدیاکارێکیش هەیە لە هەولێر کە قاچاخە لە دەسەڵاتەکەی ئەوبەر.
٣/ سەرۆک بەم کۆبوونەوەیە دەستکراوە کرا، بۆ لەمەودوا، لە دۆزینەوەی ڕێکاری‌ یاسای توند، بۆ کاری میدیایی لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە، بە موبارەکەی میدیاکارانی سەربەخۆ خۆیان. ئێوە داواتان کرد وشکی ناو سۆشیال میدیا بسووتێنێ، بەڵام دەرفەتی سووتاندنی تەڕ و وشکتان دایە دەستی.
٤/ ئەستۆپاکی کاری میدیای میدیایی حزبیی، بە دارایی حزبیی پاڵپشتی لێکراو (جا با حزب پارە بە گەندەڵی لەمحکومەتەوە چنگ کەوتبێ. سەرۆک چەند جارێک میدیای حیزبی لە ناشەفافییەت بوارد. بەرانبەر بە لێپێچینەوە لە سەرچاوەی دارایی هەر میدیایەکی دیکە، جا ئەوانەی پشتیان بە ریکلامی کۆمپانیایەک بەست بێ یان ڕێکخراو و سەفارەت و نمایندە نێودەوڵتییەکان.
٥/ ئەستۆپاکی و بێ لایەن کردنی  سەرۆکی حکومەت لە مەسەلەی زیندانیانی سیاسی و چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان و کردنیان بە کەیسی دادگایی و مەدەنی ڕووت. زۆر زۆری دیکەش...
من دڵنیام  لە دوای وەڵامەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ ڕەخنەکان، دژە وەڵام و دژە ئەرگومێنتی زۆر هەبوون، کە دەرفەتی وتنیان نەبوو و لە دڵی ڕژنامەنووسان بوون بە گرێ.
چونکە ئەم دیدارە، پلانێکی وردی بۆ داڕێژرابوو. لە دادگایەک ئەچوو میدیاکارە سەربەخۆکان، وەکو لیژنەیەکی دادوەری، تۆمەتەکانیان بۆ سەرۆکی حکومەت خوێندەوە و سەرۆکی حکومەتیش وەڵامی دانەوە و ئینکاری لە هەموو تۆمەتەکان کرد و هەر خۆشی چەکوشی کۆتایی هێنانی دادگاییەکەی کێشا بە مێزەکەدا. بە بێ ئەوەی ڕێگە بدات تا میدیاکاران بەڵگەکان بخەنە ڕوو. لە یارییەکی فوتباڵ ئەچوو لە یەک گێم پێک هاتبێ و بە تۆمارکردنی یەک گۆڵی سەڕۆکی حکومەت، بەرانبەر بە هیچی میدیاکارانی ڕەخنەگر. هەر گۆڵکەر خۆیشی، بە بێ دەرفەتی گێمی دووەم فیکەی تەواوبوونی لێدا. بەرئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیەش چەند شتێک بوو، میدیای ئەهلی سەرچاوەی دارایی ناڕوونە، ڕەخنەکانیان چەواشەکاری تێدایە، هەستی نەتەوەیی لە لای هاوڵاتی ئەکوژن، زیندانیانی ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بادینانیش‌ لە هەموو سیفەتێکی ڕۆژنامەگەری و ئازادی ڕادەربڕین داماڵدران و دادگاکانیش بوون بە دەزگای سەربەخۆ و دادپەروەر.
ئەمە دیدار نەبوو، بەڵکو تەڵەیەکی ئامادەکراو بوو، بە هاوکاری سەرۆکی حکومەت و میدیاکارە سێبەرەکان و حیزبییەکانیان، بەڵام  قاچی میدیاکارە سەربەخۆ و نیمچە سەربەخۆ و ئۆپوسزیۆنی پێوە بوو.
دلێر محەمەد نوری