TEVDA Press

دانا مەنمی

شەقی سەوزەو بە ئارەزوو ! وەڵامێک بۆ حەمەی مانگر

| Monday, 06.27.2022, 07:06 PM |


یەکێتی ھێزێکە بەردەوام چەند ماسکێکی جیاوازی پۆشیووە، هەر جارەو لە ژێر ماسکێکی نەتەوەیی، ماسکێکی دیموکراسی، ماسکێکی شۆڕشگێڕی، ماسکێکی خەمی خەڵک و بەرەی خەڵک، ماسکێکی سۆسیاڵ دیموکرات خۆی گوڕیووە ، بەڵام ڕووی ڕاستەقینەی یەکێتی تەواو جیاوازە لە ماسکەکانی ! یەکێتی وەکو پارتی حیزبێکی ڕەفتار فاشی و هێزێکی ناپاک دیماگۆجیی و بەڵتەچی و مافیا و کلیپتۆکراسییە ، لەدوای ٣٢ ساڵ لە هونەری بەڕێوەبردن نەیانتوانیوە لەگەڵ پارتی دا ژێرخانێکی ئابوری بەھێز بۆ پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیانی خەڵک لە “ئاو و کارەبا و موچە “دابین بکەن ،هاوتەریب دۆخێکی مەترسیداریان بۆ خەڵکی ناڕازی و بەرەی ئۆپۆزسیۆن و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان درووست کردوە کە کارکردن زۆر زۆر ئەستەم بووە! حەمەی مانگر دانیشتوی شاری سلێمانییە و خێزاندارەو پێنج منداڵی هەیە و لەخۆشەویستی بۆ یەکێتی سیان لە منداڵەکانی ناوناوە ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ) کاتی خۆی لەسەر ناونانی منداڵەکانی رەخنەی زۆر لە حەمەی مانگر گیرا بەڵام کاردانەوەی حەمەی مانگر ئەوەبوو کاتێک منداڵی چوارەمی لە دایک بوو ناوی نا ( سەوزە ) دواتریش منداڵی پێنجەمی ناونا ( ئارەزوو ) مەبەستی لە ناونانی منداڵەکانی ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەوزەو بەئارەزوو ) ! مەبەستی حەمەی مانگر لە ناونانی منداڵەکانی بە ناوی (یەکێتی ، نیشتیمانی، کوردستان ، سەوزە ، ئارەزوو ) گوزارشت و خۆشەویستی بوو بۆ یەکێتی ، بەڵام مافی ئەوەی نەبووە مافی منداڵەکانی پێشێل بکات لە پێناو خۆشەویستی بۆ حیزبێک کە دواجار ئەوە نیشانەی نەبوونی هوشیاری بووە لای حەمەی مانگر و لەگەڵ ناوهێنانی منداڵەکانی حەمەی مانگر یەکڕاست وێنەی حیزبێکی شەرمەزارو چەواشەکار و دووڕوو بێ ڕوومان دێتەوە یاد کە شەرم لە خیانەت و ناپاکی و دزی وتاڵانی ناکات . ئێوارەی ئەمڕۆ هێزێکی دەمامکدار لە شاری سلێمانی بە کەتەر هێرش دەکەنە سەر حەمەی مانگر و پەلاماری دەدەن ، بەڵام بە پێی ووتەی کەسوکارەکەی بێت حەمەی مانگر لە تۆڕەکۆمەلایەتیەکان رەخنەی توندی لە یەکێتی و پارتی گرتووە و ئەوەش هۆکاری پەلاماردانەکەی بووە ، کەواتە دیوی پشتەوەی پەلاماردانەکان گێچەڵی یەکێتی یە بە حەمەی مانگر لەپای ئەوەی کە منداڵەکانی لەخۆشەویستی یەکێتی ناو ناوە ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سەوزەو بە ئارەزوو ) بۆیە شەقی یەکێتی شەقی ئارامی و هەلیکار و سۆسیال دیموکراتە ، شەقی سەوزەو بەئارەزوو !
دانا مەنمی