TEVDA Press

رەنجدەر گڕاوی

تاوانبار و یاساشکێنەکان لەپاڵ خۆتانن، دەستی ئەوان ببەستن لەتاوانکاری و ترس، خەڵکی ئاسایی پێویستی بە مۆڵەتی چەک نیە .

| Thursday, 06.30.2022, 01:53 PM |


چەکەکان هەمووی بە مۆڵەتن .

بەڵێ هەموو چەکەکان بەمۆڵەتن، هەم ئەوانەی رووبەرووی سینگی ئێمە دەکرێتەوە، هەم ئەوانەی رۆژانە و شەوانە ئارامی و ژیانی خەڵک دەخەنە مەترسییەوە، هەم ئەوانەی لەسەر بیرێک نەوت و غاز ئامادەیە هێزی گەورە بجوڵێنێت و کارەساتی گەورە ئەنجام بدات .

ئەوانەی خەڵک دەکوژن و تاوان ئەنجامدەدەن مۆڵەتدارن و دەیان ساڵە فێری یاسا شکێنی دەکرێن، لەسەر ئازاردان و تاوان ڕاهێندراون، ئەوانە فێرکران گەندەڵی و تاڵانی و نەوت دزینیان لا ئاسایی بێت، ئەوانە فێرکران ساردکردنەوەی لاشەی کەسانێک داوای ماف و ئازادی بکات،ئەرکە و ئاساییە !
ئەوانەی جورئەتیان پێ بەخشین و خولیان بۆ کردنەوە گوللە بنێن بەدەمو سینگی گەنج و رۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران، ئەوانەی شەقیان لەناو گەڵی ئەو مامۆستایانە کوتا کاتێک داوایی کرێی وانەکانی دەکرد، دواتر پەنادران، ئەوانەی بە تەسکیە و واسیتە کران بە دکتۆر و دەیانجار ژیانی خەڵک و کۆمەڵگایان خستە مەترسیەوە، بازرگانە چاوچنۆکەکانی پاڵ دەستڕۆیشتووەکان، پاسەوانی ئەو بەرپرسانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر مناڵان و لەیاساش دەرباز دەکرێن، ئەوانەی بازرگانیان لەگەڵ داعشکرد، ئەوانی بۆری نەوتیان کون کرد،... هەموو ئەوانەیان کردە جەلاد و شەقوەشێن و ناسنامەیەکی دەزگایەکیان خستە گیرفانیان و خەڵاتکران و بەهەرچی ناشیرینیە ڕاهێندران و ئێستاش کۆنترۆڵ ناکرێن.

ئەوەی دەیبینین هێشتا سەرەتایە، چونکە هەموو بەهایەکی ئینسانیان لەو کۆمەڵگایە کاڵکردەوە و ئاماژە ترسناکەکانی کۆمەڵگایەکی ترسناک و بێ رەحم و بەزەیی دەمێکە بە تەواوی جوڵەکانەوە هەستی پێدەکرێت.

خەڵک و کۆمەلگا، باجی بێ پلانی حکومڕانانی ٣١ ساڵی رابردوو دەدات،باجی نەخوێندەواری و کورتبینی راوێژکارە حزبیەکان دەدات،قوربانی کادیرانێکە ساڵانێکە خەڵکانی ناڕازی و رۆژنامەنووسانیان بە دوژمن ناساند و خوێنیان حەڵاڵ دەکردن، باجی خێزانە گەندەڵە حکومڕانەکان دەدات، هەرچی دامودەزگای مەدەنی و خزمەتگوزار هەبوو دایانشۆری لەهەموو یاسا و مەرجێکی دامەزراوەیی و پڕەسیپێکی ئینسانی و مەدەنی، لەسەر بنەمای خێل و خێزان هەیکەلی ئەو وڵاتەیان داڕشتەوە ، ئیتر چاوەڕێی لەمە باشتر دەکەیت ؟!
تاوانبار و یاساشکێنەکان لەپاڵ خۆتانن، دەستی ئەوان ببەستن لەتاوانکاری و ترس، خەڵکی ئاسایی پێویستی بە مۆڵەتی چەک نیە .
٣٠\٦\٢٠٢٢
بەشدار عوسمان