لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

یەکگرتویی چەکە تاقینەکراوەکەی کورد

Sunday, 07.03.2022, 08:06 PM


بەدرێژایی مێژوو کورد جەنگاوەری باشبوون، پێویست ناکات ناوی ئەو نوسەرو مێژونوسانە ڕیزبکەین کە وەها دەڵێن. ڕەنگە هەموشمان داستانەکانی ئازایەتی کوردمان لەیادەوەریدا بێت، داستانی قەڵای دمدم لە ڕابردودا نمونەیەکی بەرچاوە، لەسەدەی بیست و یەکیش داستانەکانی گارێ و کۆبانێ نمونەی زیندو و بەرچاون.
بەڵام هەموو داستان و ئازایەتیەکانی ڕابردومان، چونەتە خانەی شەڕی خێڵەکی نەک نەتەوەیی، چونکە هیچ کات هزری سەرکردەکان سنوری بەرژەوەندی حیزب و خێڵی نەبڕیوە. شۆڕشەکانی کوردیش زیاتر بنەماڵە و دەرەبەگە گەورەکان سەرکردایەتیان کردووە. ئەمەش وایکردووە، شۆڕشەکان سروشتێکی پارچە پارچە و لێکدابڕاویان هەبێت و دژی یەکتر بکەونەوە، لە راستیدا ناوی شۆڕش یان بە بەردا نابڕێت، تەنها یاخیبون و ڕاپەڕینی کاتی و کاردانەوە بوون. هزرێکی ڕۆشنیان لەپشتەوە نەبووە، زیاتر مەیلی دەسەڵات خوازی شێخ و دەرەبەگ و بنەماڵە بووە. هەربۆیە هیچ کات داخوازیەکەیان لە ئۆتۆنۆمی تێنەپەڕیوە.
دیارە ئۆتۆنۆمی ڕێک داخوازی سروشتی سەرکردە فیوداڵەکانی کورد بووە، لەگەڵ بەرژەوەندیان گونجاوە. بۆیە دەتوانم بڵێم پارچە پارچەبونی ڕاپەڕینەکان یەکنەگرتن دەرەنجامی ئەودابەشبونە سروشتیە ی سیستەمی کۆنی دەرەبەگییە، کە ماوەتەوە. ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەر سەرکردەیەکی خێڵەکی ئامادەیە لەسەر حیسابی شۆڕشی بەشەکانی تر تەمەنی دەسەڵاتی خۆی درێژبکاتەوە، باشور نمونەیە کی ڕۆشنە، بۆ ئەو دابەش بوونە سروشتیە
لە کۆنگرەی ئاشتی سەرۆکی ئەمریکا وتبوی کوردەکان وەک خۆیان دەمێننەوە"واتا دەوڵەتیان نابێت" چونکە خێڵ و عه شیرەتن و پارچە پارچەن. دیارە ئەوە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە ، ئەقڵیەتی ناسیۆنالیزمی سەرەتایی، سەرەڕای بانگەشەکانی ، بەڵام دژی ماف و ئازادی گەلی کوردە، بە پێی سروشتی بەرژەوەندیەکانی، ناسیۆنالیزمێکی خێڵەکی ناوچەیی بێ فیکر و دەستەمۆ و گرێدراو بەناوەند و ناسەربەخۆیە.  ئەمە دەرەنجامی ناهۆشیاری  گەلێکت، کە بەردەوام دوای داخوازی و بەرژەوەندی سەرکردە خێڵەکیەکان کەوتووە و بەو پارچە پارچە بونە ڕازیبوە و کەوتۆتە ژێر کاریگەری گوتاری ناسیۆنالیزمی سەرەتایی. ئەم سەرکردانە هەریەکەیان ناوچەیەک بە موڵکی خۆیان دەزانن، تەنانەت حیزبەکانیش هیچ نین لە ئامرازێک بۆ ڕامکردنی خەڵک بۆ ئەو ئەقڵیەتە دەرەبەگیە ناوچەییە. بۆ پارتیەک کوردستان واتا ناوچەی ژێردەسەڵاتی پارتی، بۆ یەکێتیش بەهەمان شێوە، ئیدی بێ گوێدانە ئایندە و بەرژەوەندی نەتەوەیی، تەنانەت ڕۆشنبیرە دەربارەکانی حیزب لەو حەقڵیەتە تێپەڕنەبوون و درێژە بەکلتوری سیاسەتی نزم دەدەن و ڕەوایەتی پێدەدەن. بۆنمونە تورکیا لەشکرکێش دەکات بەڕەزامەندی پارتی دەنگیان لێنایەت، بەڵام حەسەن پلایس قسەیەک بکات داوا دەکەن خەڵک بێتە دەنگ و ڕوبەڕوی دوژمن بننەوە! بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوەی پێی دەوترێ ڕۆشنبیر و ئەکادیمی، لەژێر کاریگەری و ویستی سەرکردە عەشایەریەکان دەجوڵێتەوە و ناچارە وەک نەخوێندەوار بڕوانێتە کێشەی کورد، ئەگینا نان بڕاو دەبێت.
ئەوەی خوێندەوار و ئەکادیمی لەدەوری حیزبەکانی باشور کۆکردۆتەوە جگە لە پارەو بەرژەوەندی کەسیی هیچی تر نییە. هیچ ڕۆشنبیرێک بەتەواوی لەو مێنتەلێتە خێڵەکیە ناوچەییە تێپەڕ نەبووە. ئەم مێنتەلێتە وایکردوە کە سەرکردە خیانەتیش بکات لەکاردانەوە نەترسێت، چونکە سەرکردە لێرەدا وەک باوکە لەپێناو بەخێوکردنی خێزانەکەی دەبێتە جاش، ئیتر خێزانەکە دەنگ ناکەن، گرنگ ئەوەیە بەخێویان بکات.

بۆچی یەکگرتن گرنگە و چۆن دەبێت؟

تەنانەت لەناو حەیواناتیشدا کاتێک مەترسی هاوبەش هەبێت جۆرێک هەستی لەسەریەککردنەوە دروست دەبێت لەناویاندا، لەناو هەموو میللەتاندا ئەوە بەدی دەکرێت کە بەرژەوەندی گشتی لەپێش بەرژەوەندی خێڵ و گروپ و حیزبێکەوە یە، هەربۆیە لە کاتی مەترسی دەرەکی جۆرێک یەکگرتن هەیە و داخوازیە تایبەتیەکان کەمتردەبن، بەڵام لەناوکورددا بەپێچەوانەوەیە هەتا مەترسی دەرەکی هاوبەش هەبێت ئاستی خیانەت بەرزتر دەبێتەوە. بێگومان بەهۆی ئەم مێنتەلێتەوە کە باسم کرد. سەرکردە خێڵەکییەکان، بنەماڵە کان، ئیرەیی سیاسیان نییە، واتا خۆیان بەراورد ناکەن بە سەرکردەی میللەتانی تر ، بەڵکو خۆیان بەراورد دەکەن بە یەکتر ، ئەمەش هەستی ئیرەییان دەجوڵێنێت و دەگاتە ئاستێک کە خیانەت بکەن، لەپێناو بچوککردنەوەی ڕکابەر و سەرکردەیەکی تری ناوخۆ.هەربۆیە دەبینین زۆرێک لە سەرکردەکان بەدرێژایی مێژوو بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ داگیرکەران پێک دێنن، بەڵام ناتوانن هیچ خاڵێکی هاوبەش کۆیان بکاتەوە لەناوخۆدا و دوژمنایەتیەکە قوڵتر دەبێتەوە، تا ئاستێک کە شەرمەزاری گەورە بەسەر گەلدا دێنن.
بەدرێژای مێژووی کورد،هیچ داگیر کەرێک هەرچەند بەهێزبوبێت، بە ئەمڕۆشەوە کە تورکیا هێرش دەکاتە سەر قەندیل، نەیتوانیوە بەتەنیا سەرکەوتوبێت، بۆیە بەر لە هێرشەکان دەست دەکەن بە مانۆڕی سیاسی و ئەوەی هێرشی دەکەنە سەر تەنیا دێڵنەوە.
هەمومان ئەوە دەزانین ، بەچاوی خۆمان دەبینین، کە پارتی لەم هێرشانەدا هاوکارە لە ئاستی عەسکەری، سیاسی، میدیایی، تا ئابوریش پشتیوانی بەهێزی تورکیایە. ئەمە بۆ؟ تەنها نەبونی ئیرەیی سیاسی بەرامبەر داگیرکەران و هەبونی ئیرەیی سیاسی لەناوخۆدا بەرامبەر بە سەرکردەکانی پەکەکە، یانی لە مێنتەلێتی حیزبەکانی باشوردا، هەبونی تورکیای فاشیست باشترە لە پەکەکە.

بۆچی؟

چونکە بەرلەهەرشت پەکەکە هێزێکی فیکریە  و بنەماڵەیی نییە، بەڵام داگیرکەران هەمیشە هەوڵی مانەوەی بنەماڵە و خێڵ دەدەن، چونکە هەمیشە دەتوانن خێڵێک دژی خێڵێک بەکاربێنن،  دەزانن کە ئەم بنەماڵانە بە ئاقڵی دادەنیشن هەرکاتیش بیانەوێت چەپۆکێکیان لێدەدەن. بەڵام گەر لەسەرانسەری کوردستان گەل هۆشیاربێت ، سنورەکان ببڕێت ، لەیەک کاتدا لە کوردستان و جیهان ناڕەزایەتی و شێوازەکانی بەرخودان هەبێت ئەوە دەبێتە ڕۆژی حەشر بۆ ئەوداگیرکەرەی هێرش دەکات. بەڵام ئێمە دەبینین ئەمڕۆ بە ئاشکرا هەندێ ڕابەری دینی خیانەت دەکەن و کوردانی باکور هان دەدەن، بۆ پشتیوانی ئەردۆگان! ئەمەش واتا هاوبەشیکردن لەتاوانەکانی ئاکەپە بەرامبەر کورد. هەمووشمان دەزانین کە دواجار هەدەفی تورک نەهێشتنی ناسنامەی کوردە، ئیدی تەنها کوردی نۆکەریان قبوڵە، وەک سەردەمی سوڵتان سەلیم کە بە مەلا ئیدریسی دەگوت: نۆکەرە خۆشەویستەکەم.
بۆیە خێڵ و دین ، لەڕاستیدا گەورەترین کێشە و گرفتی بەردەم ئازادی گەلەکەمانن.هەمیشە داگیرکەران لەڕێگەی ئاین و خێڵ کور د هەڵدەخەڵەتێنن و دابەشی دەکەن. وەک ئۆجالان دەڵێت ناسیۆنالیزمی سەرەتایی نازانێت چۆن دەبێت بەهی خۆی، شەڕ بۆ کێ و بوچی دەکەن.
ئەگەر سەیری مێژو بکەین، لەڕاستیدا ئەوە خۆمانین ڕێگە دەدەین بە داگیرکاری و جینۆساید، لە هەموو پەلامارەکانیشدا کورد خۆی بەشدارە، ئەوەتا ئەمڕۆ لە زاپ و مەتینا و شوێنانی تر پەدەکە هاوکاری تورکیایە، لەڕۆژئاوا هاوکاری بوو ، لەشەنگال هەروەها.
بۆیە ئەم ئەقڵیەتەش سەربەخۆیی بدەیتێ  لەدەستی دەدات، وەک نیچە دەڵێت :هەرکیانێک ئیرەیی سیاسی نەبێت لەناو دەچێت.
یەکگرتوی، هێزێکی تاقینەکراوەیە، ئێمە هەمو شتێکمان تاقیکردەوە، ئەنجام هەرەس و تێک شکانە، تەنها یەکگرتویی هێزی تاقی نەکراوەیە، تا یەکگرتونەبین ، خۆمان بەشێک دەبین لەشکستەکان، پێویستە گەل هۆشیاربێتەوە و ناسیۆنالیزمی سەرەتایی تێپەڕێنێت. ئێمە دەڵێین هێزو چەکمان نیە، بەڵام لەڕاستیدا هێزی یەکگرتوی ،هەستکردن بە هاوچارەنووس، تێپەڕاندنی ئەقڵیەتی خێڵەکیانە هێزێکە دوژمنان تەسلیم دەکات بەئیرادەی ئازادی گەل.
من لەوە دڵنیام ناسیۆنالیزمی سەرەتایی ئەوە ناکات،لە گەڵ هێزی وەک پەکەکە ناگاتە لێک تێگەیشتن، ئاستی فیکری سیاسیان ناگاتە ئەو ئاستە، بەڵام دەبێت گەل ناچاریان بکات.هەربۆیە  نەک ئەمڕۆ و سبەی، سەد ساڵیتریش ئەم چینە فیوداڵ و خێڵەکیە ناگاتە ئاستی کوردی ئازاد و لە بەشێکدا درێژە بەژیانی خۆی دەدات، لەسەر حیسابی بەشەکانی تر.
بەداخەوە ئەوەی هۆکاری مانەوەی ئەم دۆخە پارچەبووە، ئەقڵیەتی ڕۆشنبیرەکانە، کە بەردەوام حیزبیانە وناوچەییانە بیردەکەنەوە، ئەوانیش دنیابینیان بچوکە ، تەنیا ئەوەیە لەخەڵکە ڕەشۆکیەکە جیاوازترن، بەهۆی ئەوەی دەتوانن پاساو بۆ لایەنداریان بێننەوە لەژێرناوی ڕەخنەدا. هەڵبەت ئەوان هۆکارن بۆ ئەوەی جیهانبینی پەکەکە و پارتی بەراورد بکەن، هەڵەو خیانەت بەچاوێک ببینن. سەرکردەیەکی نەخوێندەوار و بیرمەندێکی جیهانی بێننە یەک ئاست و بەراورد بکەن، دیارە ئەمە ڕوکەشە، ئەگینا دنیابینی پەکەکە و پارتی ئاسمان و ڕێسمان جیاوازن.
هەندێ بەناوخوێندەوار لەژێر ناوی نا ئایدیۆلۆژی بون، دژایەتی شەخسپەرستی دژایەتی پەکەکە دەکەن، بێ ئەوەی بتوانن بیسەلمێنن کە وەهایە. کوێرانە دژایەتی هەرچەشنە دونیا بینییەک دەکەن! لە کاتێکدا ئێمە لە قۆناغێکداین ، کە پێویستمان بە هاوفیکرییە لە ئاستی داگیرکەران، ئێ کێ دەتوانێ ئەمە بکات؟ کام ڕۆشنبیر لەدەرەوەی حیزبەکەی دەخوێندرێتەوە؟ پاشان چ گەلێک بێ ڕێبەرێکی فیکری گەورە دروستبووە؟! مەعقوڵە ڕۆشنبیری کورد بێت کورد بەراوردی ئەمرکی و ئەوروپی بکات؟
هەموگەلێک لەکاتی دەرکەوتنیدا سەرەتا ڕابەرێکی فیکری هەبووە؟ ئێمە ئەو قۆناغەمان تێنەپەڕاندووە، تا فیکری بلاومان کۆ ببێتەوە و بزانین چیمان دەوێت. دەبێت ئەوە بزانین کە جیاوازی هەیە لەنێوان ئەوەی پێویستە و ئەوەی دەبێ هەبێت؟ ئەوەی پێویستە لەو قۆناغەدا یەکگرتویی و هەستکردنە بەهاو چارەنوسی و کۆبونە وە لەژێر سایەی فیکرێک کە ڕزگارمان دەکات، چونکە لەڕاستیدا ئەو فیکرەیە کە کەسێتیە کۆنەکەی کورد دەکوژێت . تۆ سەیربکەن ئەوەی لەزاپ ڕودەدات موعجیزەیە بێ وێنەیە، بەڵام بەداخەوە سەیردەکەین بە ڕۆشنبیرو حیزب بە میدیاکەشەوە خۆیان ناکەنە خاوەنی، تەنانەت باسێشی ناکەن؟

بۆچی؟

ئەمە پێمان دەڵێت ئەم میدیایە سەربەخۆ نیە و حیزبییە . خۆ کەڕکردن لەئاست ئەم شەڕ و بەرخۆدانە مەزنە خیانەتێکی بێدەنگە. باشوری کوردستان کە ڕۆشنبیری هەبوایە، ئێستا باشور زۆر جیاوازدەبو، دەبوە بەهەشت بۆ شۆڕشگێڕان، بەداخەوە لە سایەی ئەو ئەقڵیەتە بۆتە جەهەننەم و ئەوەی دوژمن لە قەندیل دەیدۆڕێنێت، لەباشور قەرەبوی دەکاتەوە.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟