وتار

ئەمریکا و فرەنسا لە عیراق و هەرێم!

Tuesday, 09.01.2020, 12:29 PM


ئەمریکا و فرەنسا لەسەرەتای جەنگی سوریاوە تا هەنووکە ڕۆڵی سەرەکیی و گرنگیان هەبووە لە بڕیار دان و بەلاداخستنی گرفتە سیاسی و سەربازیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەنگاوەکانی ئێستای ئەوان لە عیراق، هەمان ئەو هەنگاوانە بوو، کە دوو ساڵ پێش ئێستا لە سوریا نایان، بە کشانەوەی ٢٠٠٠ سەرباز لە هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە و پێداگرتنی فرەنسا لە سووربوونیان لە مانەوەیان لە باکووری سوریا، نەهێشتنی دروستبوونی بۆشایی، لە بوونی زلهێزێک لەو وڵاتە، کە ببێتە هۆی قۆستنەوەی لەلایەن ئیران، تورکیا و ڕوسیاوە، کە ئەمڕۆ هەمان ئەزموون لە عیراق دووبارە دەبێتەوە، کە بە کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ٥١٠٠ سەرباز بۆ ٣٥٠٠سەرباز لە عیراق، هاوکاتە لەگەڵ هاتنی وەزیری سوپای فرەنسی و سەردانی ماکرۆن بۆ عیراق.

کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق هیچ شتێک لە هاوکێشەکان و پشتیوانی ئەمریکا بۆ حکومەتی کازمی ناگۆڕێت. کەمکردنەوەی ئەو هێزانە لە ئەنجامی فشاری حکومەتی عیراق نییە، ئەڵبەتە ئەو بڕیارە زێتر پەیوندیی بە بەرژەوەندییە ئابووریی و نیشتمانیی و نەتەوەییەکانی ئەمریکا لە دەرەوە و لە ناوەوەی وڵاتەکەیدا هەیە. هەندێک لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، کە ترامپ وەک وابەستەبوون بەو بەڵێنەی کە بە دەنگدەرانی دا لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا ئەو بڕیارەی داوە، بەتایبەتی هەنووکە کە ئەمریکییەکان لەسەروبەندی خۆئامادەکردنن بۆ هەڵبژاردنی سەڕۆکایەتی ئەمریکا کە لە مانگی یازدەدا بڕیارە ئەنجام بدرێت.

جێگەی باسە کە بەرژەوەندیی ترامپ و حزبەکەی لەمانەوەیان لە دەسەڵاتدا لەگەڵ بەرژەوەندیی نیشتمانیی و نەتەوەیی ئەمریکا لە دەروەە و ناوەوەی ئەو وڵاتە دوو شتی جیاوازن، هەروها ستراتیژیەتی سیاسەتەکانی ئەمریکا، وەک وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، کە سەڕۆکی وڵاتەکە هیچ سەکۆیەک لە پێشیدا نەبێت کە تەحەکوم بە هەموو شتێکەوە بکات، دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت، هەموو هەنگاوە سیاسییەکان لە بەرژەوەندیی خۆی و خێزانەکەی بشکێنێتەوە، بۆیە ڕەنگە مەسەلەی هەڵبژاردنەکان هۆیەکی لاواز بن لە کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق.

کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە عیراق دوو شتی جیاوازن. ئەو ژمارە کەمەی ئەو  هێزە سەربازەییەی ئەمریکا لە عیراق تەنیا وەک هێمایەک بوو و لە شەڕەکانی دژ بە داعشدا لە شەڕی ڕاستەخۆ بەشدارییان نەدەکرد، ئەڵبەتە تەنیا ڕۆڵیان مەشق پێ کردنی سەربازی عیراقی بوو، کاری سەرەکییشیان وەک دەزگەیەکی هەواڵگری لەنێو سوپای عیراقی و دەسەڵاتی حوکمڕانی و دەزگەی هەواڵگری عیراقی و ناوچەکە بوو. ستراتیژیەتی هێزی ئاسمانی ئەمریکی ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە پشتیوانی سوپای عیراقی لە جەنگی دژ بە داعشدا، واتە ئاسمانی عیراق کۆنتڕۆڵ کراوە و ئەمریکا پێویستی بەو هێزە کەمە نییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە عیراق.

ئەمریکا ئەمڕۆ بۆ پاراستنی بۆریە نەوتەکان و بەرژەوەندیی ئابووریی لە وشکایدا، سوپا و میلیشیاکانی سەربەخۆی لەو ناوچەیە وەک پاسەوان بەکاردەهێنێت، کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە مەشقیان پێ کراوە و بۆ ئەوەش ئەمریکا یارمەتی لۆجستی سوپای ئەو وڵاتانە و چەکدارەکانی سەربەخۆی دەدا. لەبەرئەوە لەسەر ئەرزی واقیعدا ئەو هێزە بچووکەی ئەمریکا هیج ڕۆڵێکی دی نییە تەنیا ڕۆڵی لە کۆکردنەوەی زانیاریی و هەواڵگری و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو کەسانەی کە پۆستی باڵایان هەیە لە حکومەتەکانی ئەو ناوچەیە بەتایبەتی لە عیراق کە ئەوەش بەو هێزە کەمەی ئەمریکا کە ماوەتەوە دەکرێت، هەروها هێزی ئاسمانی وەک جاران لە عیراق ماوەتەوە و ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو بنکەی سەربازی و موشەکی بەهێزی هەیە ئەگەر بیەوێت لەکاتی پێویستی و بۆ زێتر کۆنتڕۆڵکردن بەکاریان دەهێنێت. لە ئاکامدا دەردەکەوێت کە ئەمریکا لە عیراق، وەک جاران ماوەتەوە، فرەنساش ئەوە دەزانیت، بۆیە ئاماژەکان دەریدەخەن کە بۆ ئەو مەسەلەیە، ئەمریکا و فرەنسا ڕێککەوتنێکیان لەنێواندا هەبێت، لە میدیاکانیشدا دژەگوتاریان بەرامبەر هەڵوێستەکانی یەکتری  نییە.

فرەنسا بەرژەوەندیی زۆری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، دەیەوێت بەهێزی پێگەی  جارانی لە ناوچەکە و لەسەر ئاستی دنیادا بگەرێنێتەوە. عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە فرەنسا دەیەوێت هەژموونی خۆی تێیدا بسەپێنێت، یەکێک بێت لە بڕیار بەدەستەکان لە چارەنووسی ئەو وڵاتە، وەک چۆن لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا، ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە کێشانی نەخشەی جیوگرافیای سیاسیی عیراق. ئەو کات سوریا و لوبنان و باکوری عیراق نفوزی فرەنسا بوو بەڵام ناوەڕاست و باشوور نفوزی بریتانیا بوو. بێگومان فرەنسا دەیەوێت ئەگەر هەر دابەشبوونێک لە ناوچەکەدا ڕووبدات، وەک سەرەتای سەدەی ڕابردوو بێ ڕۆڵ و گفتی ئەو نەبێت، بەڵام ئەگەر فرەنسا پشتیوانی ئەمریکاشی مسۆگەر کردبێت، هێشتا ئەو خەونانەی فرەنسا دژایەتی دەکرێت لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەکە و دنیادا، بەتایبەتی لەلایەن ئیران و تورکیا و ڕوسیاوە.

فرەنسا لەچاو زلهێزەکانی دنیادا وەک جاران یان وەک سەرەتای سەدەی ڕابردوو نەماوە و خاوەن هێزێکی نەرمی پتەو نییە کە ئەمریکا ئاسا بتوانێت یارمەتی ئابووریی و لۆجیستی و سەربازیی و سیاسی هێزە چەکدارەکان و حکومەتەکانی ئەو ناوچەیە بدات. لە هەمووشی گرنگتر فرەنسا ناتوانێ کۆنتڕۆڵی کوتلەی سیاسیی لبنان وعیراق بکات، ئەوانە زێتر لەژێر هەژموونی ئەمریکا و ئیران و تورکیا و ڕوسیان. کەواتە ئامرازەکانی دەستی فرنسا لەچاو ئامرازی دەستی زلهێزە ناوچەییەکان و دنیادا ئەوەندە بەهێز نییە کە بتوانێت خەونەکانی بە ئاسانی لە عیراق و لوبنان بهێنێتە دی، بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەش ئەمریکا بوو کە توانی ئوردن و عیراق و میسر لەسەر مێزی لوتکە کۆبکاتەوە نەک فرەنسا.

وەزیری سوپای فرەنسی فلورانس بەغلی، لە سەردانی بۆ عیراق لە دوو سێ هەفتەی ڕابردوودا گوتی: " لە مانگی ئەیلول ماکرۆن بۆ بەغداد دێت، دەرگەیەکی دی لە پەیوەندیی فرەنسا و عیراق دەکاتەوە".  ماکڕۆن لە سەردانی بۆ لبنان دوای تەقینەوە گوتی " ناهێڵێن لبنان لەناو بچێت، ئەو چینە سیاسیە دەسەڵاتدارە کە لەسەر بیناغەی تایفی و پشک دامەزراون، ناتوانن ریفۆرم لە لە دەسەڵاتی سیاسیی بکەن، لبنان پێویستی بە سیاسی نیشمانپەروەر هەیە بۆ گەڕانەوەی متمانەی خەڵک و پەیدابوونی هیوا لەنێو جەماوەری ئەو وڵاتەدا".  مانای ئەوەیە  کە فرەنسا ئەمریکا ئاسا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی لە عیراق و سوریا و لبنان هەوڵدەدات لەژیر دروشمی نیشتمانی و نەتەوەیی و پاراستنی یەکپارچەی عیراق ئەوجارە هاوپەیمانەکانی لە خەڵک و پارتەکانی ناوچەکە کۆ بکاتەوە،  ئەمەش لەیەکەم چوونی ماکرۆن بۆ عیراق و داوای کرد نوێنەری هەرێم لە بەغداد ببینێت، دەریدەخات کە دەیەوێت حکومەتی ناوەند بەهێزتر بێت و هەرێم پابەندی بڕیارەکانی کازمی بکات. زۆربەی چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، کە سەردەمێکی سیاسی نوێ لە  عیراق سەرهەڵدەدات. کەواتە چاوەڕوانی گۆڕانکاری زۆر دەکرێت لە سیاسەت و ستراتیژیەتی فرەنسا و ئەمریکا و زلهێزەکانی دی لە ناوچەکەدا. ئاماژەکان دەریدەخەن کە ئەو گۆڕانکاریانە بە دڵی حکومەتەکەی کازمی دەبێت، بەڵام ڕوون نییە بۆ هەرێمی کوردستان چی ڕوودەدات، ئایا ئەو چینە دەسەڵاتدارەی کە بۆ چەند ساڵانێک دەچێت حوکمی عیراق و هەرێم دەکەن، لەگەڵ ئەو سەردەمە تازەیەی سیاسەتەکانی زلهێزەکان و هاوپەیمانانیان توانای خۆگونجاندنیان دەبێت و هەر ئەوان هەڵبژاردەی زلهێزەکانی دەبن لەو دەڤەرە یان نا؟!


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟