TEVDA Press

بەهزاد موحسین

ئازادیخوازن و دەسەڵاتی کوردی لە مانگێکدا

| Wednesday, 08.10.2022, 12:23 PM |



وای بە باش دەزانم، بە سەرپێی و بە شێوەی نافەرمیش بێ، ئامارێکی ئەم مانگەی غەدر و ستەمی دەسەڵاتی کوردی بەرامبەر هاوڵاتیانی چەوساوە و مافخوراو و ڕۆژنامەنوس و چالاکوان و خۆپیشاندەرە ئازادیخوازەکان لیست بکەین. هەروەها هەقیقەتی ستەمی موتڵەقی پارتی و یەکێتی بەرامبەر هاوڵاتیە ناڕازیەکانی خۆیان و لەهەمانکاتیش ترسی بێکۆتایان لەم جۆرە هاوڵاتیە دژەستەم و ئازادیخوازانە بخەیەنە بەرچاو.

-زیندانیانی بادینان: مەبەستمان لە "شێروان شێروانی" و هاوڕێکانیەتی. دەبوو لەم مانگەدا بە "ئیفراج شەرتی" ئازاد بکرێن، هەر بەپێی کەمکردنەوەی سزاکانیان کە دەسەڵاتی پارتی و دادگا لە ژێر فشاری ڕێکخراوە مەدەنی و باڵیۆزخانە و ناوندە نێودەوڵەتیەکان و هەوڵی چالاکوانە کوردە نێوخۆیی و دەرەکیەکان، خۆیان بڕیاریان لێدابوو، کەچی هێشتا ئازادبوونەکەیان شێر و ڕێوی بۆ دەهێنرێتەوە و دوا دەخرێ.

-زیندانیانی شیلادزێ: بەشێکیان ئەوا بۆ دوو ساڵ دەچێ، هێشتا ڕۆژی دادگاییەکەیان دیاری نەکراوە و زۆربەشیان هێشتا ڕێگەیان پێ نەدراوە، بریکارنامەکانیان بۆ پارێزەرە خۆبەخشەکانیان واژو بکەن، تا پارێزەرەکانیان پێش ڕۆژە نادیارەکەی دادگاییکردنیان تاوتوێی کەیسەکانیان بکەن و وەک مافێکی یاسایی بتوانن، بەرگری لە بریکاردارەکانیان بکەن. کە من باوەڕ ناکەم ئەم ستەمە زەق و بێشەرمانەیە لە حوکمی قەرەقوشیش هەبووبێ!

لەلایەکی تر هەر لە ئازادیخواز و نەتەوەپەروەر و نیشتیمانپەروەرانی شیلادزێ، پێنج کەسیان دادگایی کران و بەپێی حوکمی دادگا دەبوو زۆر لەمێژە بە ئیفراج شەرتی ئازاد بکرێن. کەچی دەسەڵاتی زەرد هەر بەزۆر و هەوەس و بێئەوەی هیچ خاڵێکی یاسایی بەدەستەوە بێ، دوور لە هەموو پڕەنسیپێکی نامرۆڤانەی ئەخلاقی و یاسایی و پشتبەست بەم پەندە ناشیرینە کوردیە (پێت دەوەستم.. ڕاناوەستم)، موماتەڵەیەکی بێزراو بە مامەڵەی ئازادکردنیانەوە دەکا.

لە کاتێکدا ئەم پێنج چالاکوانەی شیلادزێ و زۆربەی زیندانیانی بادینان چەندین ڕۆژە بۆئەو ناهەقیەی بەرامبەریان دەکرێ، مانیان لە خواردن گرتووە و بەشێکیان باری تەندروستییان ڕۆژبەڕۆژ خراتر دەبێ و هەندێکیان "دور بێ" لە مردن نزیکبوونەتەوە و لە دۆخی بێهۆشیش نەبێ، ئامادەی وەرگرتنی هیچ چارەسەرێکی تەندروستیش نین.

بێباکی دەسەڵاتیش لە کێرڤێکی بێهەستی ئەوپەڕی مەترسیداردایە. وا دەزانێ هەرێمەکەی لە دورگەیەکی دوورەدەست و نەدۆزراوەدایە و بە هیچ جۆرێ چاوی جیهانی مافی زیندانی و مافی یاسایی و پرەنسیپە دانپێدانراوەکانی ڕادەربڕین و هەقی خۆپیشاندانی بەسەرەوە چاودێر نیە.  

ڕاستی من لام سەیرە! لەناو ئەم کابینەیە و پارتی کەسێک نیە، جورئەتی ئەوەی هەبێ، کە بە "مەسرور بارزانی"  وەک دەسەڵاتدارترین کەسی ئەم هەرێمە بڵێ، چاوەکەم.. براگەورەم! دەزانی گەر یەکێک لەو زیندانیە مانگرتوانە "خوا نەکا" بمرێ، لەکەی عەبەنوسیی چ شەرمەزاری و ڕیسواییەک یەکەم جار ڕووی تۆ و دواتر دادگا و هەرێم و تەواوی کوردبوون و مێژووەکەی دادەگرێ و پاشان بە هیچ ئیکسیرێک سپی نابێتەوە. هەست ناکەم کەسێک هەبێ، پێی بڵێ، ئێمە بۆچی بەعس و داعشمان تێپەڕاند و ئێستا خەریکی چین!؟

-لە خۆپیشاندانەکەی بەردەم پارکی شانەدەری هەولێر دژی تۆپباران و داگیرکاریەکانی تورکیا، خەڵکێکی زۆر دەسگیر کران و کەموزۆر ئازار و ئەشکەنجە دران. هەموو ئەوانە نەوەک چەقۆیەک تەنانەت خڕکەبەردێکیشیان پێنەگیرا. ئەوان هاتن ئەو داگیرکاریە ڕوون و ئاشکرایەی تورکیا لەسەر خاکی هەرێم ڕیسوا و ئیدانە بکەن و هیچی تر.  ئێوە کە خاوەنی پڕۆژەی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردی بوون و بە حیساب ئێستاش هەن، بەس بزانین لە کوێ داواکاریەکانی ئەم خۆپیشاندەرانە لەگەڵ پڕۆژە و نیەتە نەتەوەییەکەی ئێوە یەکی نەدەگرتەوە، تا ڕێگریان لێ بکەن و بەو شێوە نامەدەنیە دەسگیریان بکەن، لەبەر دڵی کێ؟!

ئێوە لە ئێمە باشترتان لەبیرە، کە دژترین وڵات بەرامبەر ڕیفراندۆم تورکیا بوو، هەر خودی ئەردۆگانیش لەسەر ڕیفراندۆمەکەی پارتی سارد و نەشیاوترین قسەی بە "مەسعود بارزانی" گوت!

پاشان ئەوە چ ئەخلاق و پڕەنسیپێکی پۆلیسی و ئاسایشیانەیە، بە چالاکوانان "هۆگر پیرباڵ و موراد ساڵەیی" بڵێی، وەرن مۆبایلەکانتان ببەنەوە و نیەتسافی و متمانەی ئەوان بە ئاسایش بقۆزنەوە و ئیدی جارێکی تر دەسگیریان بکەنەوە و تا ئێستاش ئازادیان نەکەن!

-لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو "نەوەی نوێ" خۆپیشاندانی ڕاگەیاند، ئیدی بێ هیچ فەرمانێکی دادگای مەدەنی و تەنانەت دادوەری ئاسایشیش هەر لە شەوی پێشترەوە دەیان کادیر و بەرپرسی نەوەی نوێ لەلایەن هێزە چەکدارە گەلنەویستە خۆسەپێنەکانی یەکێتی و پارتی لە ماڵەوە ڕاپێچی زیندان کران و سوکایەتی بە خاوخێزانەکانیان کرا و دیسان دوور لە هەموو بنەمایەکی ئەخلاقی و یاسایی کەرەستە شەخسیەکانی وەک مۆبایلیان لە ئەندامانی خێزانەکانیشیان برد.
تەنانەت هێندە نزمبوونەوە، کە وەک بارمتە کوڕی منداڵکارەی بێئاگاتان لە جیاتی باوک بردە زیندان.. توخوا یەکێک لە خۆتان پێم بڵێ، ئێوە چین و ئێوە کێن!؟

ئێوە لە کوێی کوردبوونی خانی و حاجی و قازی و نەهریدان! ئێوە لە کوێی مرۆڤایەتیەوە هاتون!؟ ئێوە لە شەو و ڕۆژێکدا جورئەتی زیندانیکردنی زیاتر لە شەش سەد هاوڵاتی خۆتان هەبوو، کە خۆتان لە هەموو لایەک باشتر دەزانن، ئەوان جگە لە داوای ڕەوای مافی زەوتکراوی خۆیان نە هیچ شتێکی تریان مەبەست بوو و نە بەردێکیان لە شوشەی فەرمانگەیەکی حکومەتیش دا.

بەرامبەر ئەو جەبەروتەی ئێوە سەیر لەوەدا نیە، کە ئێوە دەسەڵاتی مافخۆر و ئەوانیش ڕەعیەتی مافخوراون، سەیر لەوەدایە کە ئەوان مرۆڤن و ئێوەش مرۆڤ!

هەڵبەت تاکە پاساوی یەکێتی و پارتی بۆ ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی لە سەرەوە بەرامەر هاوڵاتیانی خۆیان لە ماوەی ئەم مانگەدا نیشانمان دا، کە هاوڵاتیان ئاژاوەگێڕن و دەستی دەرەکییان لە پشتە. خۆ دیارە دەستی دەرەکیش لەم ناوچەیە هەر ئێران و تورکیان، خۆ قابیلە مۆزەمبیق و کەمبۆدیا خەریکی ڕوخانی حکومەتی هەرێم نین!

برادەرانی پارتی و یەکێتی! دڵنییا بن، کە تەواوی خەڵکی هەرێم بە خودی ئەندامە هەرە دڵسۆزەکانی خۆشتانەوە دڵنییان، لەوەی کە هیچ هێز و حیزب و دەستەیەکی سیاسی لە مێژووی کورددا هێندەی ئێوە سەرکز و ملکەچانە پیاوی ڕەپ و ڕاستی ئێران و تورکیا نین، بۆیە پاساوەکەتان بڵقێکە هەر لە زگماکدا تەقیوە.

وەک تەواوی هاوڕێ چالاکوان و ڕۆژنامەنوسەکانم شەرمەزاری و ڕیسواییم بۆ هەڵسوکەوتە دژەئازادیەکانی دەسەڵاتی باشور هەیە، بەرامبەر ئەو زوڵمەی لە ئازادیخوازە بەناهەق زیندانیکراوەکان دەکرێ.

-گەڕاندنەوە و جێبەجێکردنی مافی یاسایی "ئیفراج شەرتی" بۆ تەواوی زیندانیانی بادینان و شیلادزێ.
-ئازادکردنی هاويێیانم (موراد ساڵەیی و هۆگر پیرباڵ).
-دوای پیرۆزباییم لە ئازادبوونی هاوڕێیانم لە نەوەی نوێ، هیوای ئازادبوون بۆ ئەوانەش کە هێشتا ئازاد نەکراون.
بەهزاد موحسین