TEVDA Press

دانا مەنمی

ململانێی ئامۆزاکان و دەستگیرکردنی فارس نەورۆڵی

| Saturday, 08.13.2022, 08:43 PM |


ململانێی نێوان ئامۆزاكان (مەسروور بەرزانی ونێچیرڤان بەرزانی) پارتییەکانی به‌سه‌ر جه‌مسه‌ری ( براگه‌وره‌) و ( ده‌وڵه‌تمه‌دار) دا دابه‌ش كردووه‌ ، هەردوو جەمسەرەکەیش هیچ كارنامەو پلانێكیان نییە بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و دۆخی پارتیەکانیش لە گێژاوێکی سیاسی قوڵدایە، لە ئێستادا کە پارتی بانگەشەی ئەنجامدانی بەستنی کۆنگرەی چواردەهەمین دەکات ناكۆكییه‌كانی نێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بەرەو ئاڵۆزبون ڕۆیشتووە ، مەسرور بەرزانی هەموو هەوڵەکانی خستووەتەکارو کار بۆ دور خستنەوەی کادرو کەسایەتیە دیارەکانی نزیک لە نێچیرڤان بەرزانی دەکات ، لەم کۆنگرەیەدا مەسرور بەرزانی دەیەوێت هەموو ئەو شوێن و ئۆرگانانە پربكاتەوە کە نێچیرڤان بەرزانی هەژموونی بەسەرییەوە هەیە ، هاوكاتیش مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ئێستای پارتی گرنگیەكی تەواو بە مەسرور بەرزانی كوڕە گەورەكەی دەدات و وەك چاودێر بەسەریەوە وەستاوە و هەڵەكانی بۆ ڕاست دەكاتەوە. تێکچوون و ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان مەسرور بەرزانی و نێچیرڤان بەرزانی دەستگیرکردنی فارس نەورۆڵی گوتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارێزگای سلێمانی بەدواداهات ، رۆژی ٥ـی مانگی ئابی ٢٠٢٢ (ڕێبوار یەڵدا ) پەیوەندی کردووە بە (عارف تەیفور ) بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و پێی ڕاگەیاندووە کە پێویستە (فارس نەورۆڵی ) سەردانی مەکتەبی سیاسی پارتی بکات لە پیرمام ، ناوبراویش خۆی پاسەوانێکی سەردانی مەکتەبی سیاسی حیزبەکەی دەکات ، بەڵام لەوێ لەلایەن دەزگای پاراستنی پارتیەوە دەستبەسەر دەکرێت و پاسەوانەکەیشی دەیگەڕیننەوە شاری سلێمانی و پێی دەڵێن (فارس ) لای ئێمە میوانە ! هاوکاتیش پارتی ڕێگە نادات کەسوکارەکەی پەیوەندی وەیان سەردانی فارس نەورۆڵی بکەن ! جا ئەم میواندارییەی مەکتەبی سیاسی پارتی لە فارس نەورۆڵی بەسەرهاتێکی کاک نەوشیروان مستەفام دێنێتەوە یاد کە لە کتێبی ( پەنجەکان یەکتری دەشکێنن) باس لە دەستگیرکردنی خۆی دەکات لە گوندی قەویلە و دەڵێ ؛ رۆژی ٥ـی کانونی دووەمی ساڵی ١٩٨١ لە گوندی قەویلە لەگەڵ ملازم تاهیر باسی بارودۆخی ناوچەکەمان دەکرد کە چۆن نێوانی یەکێتی و حسک ئاسایی بکەینەوە ، هەستم بە پەشۆکاوی بارودۆخەکە کرد ویستم ئیزنیان لێ بخوازم و بڕۆم ، ملازم تاهیر گوتی : نەختێکی تر ڕاوەستە خۆی چووە دەرەوەو خولەی حەمە تاتە هاتە ژورەوەو تفەنگەکەی من هەڵواسرابوو دەستی دایەو بردی . نەوشیروان مستەفا دەڵێ :ئیتر تێگەیشتم ملازم تاهیر پیاوێکی بەئەدەب بوو شەرمی دەکرد ڕاست و ڕەوان بڵێت تۆ دەستگیرکراویت ، دواجار منیش بەگیرم هێناو ملازم تاهیر گوتی : تۆ میوانی لای ئێمە و موحتەرەمی بمێنەرەوە. دەڵێ منیش گوتم ؛ کاک تاهیر لەم موجامەلانە بگەڕێ من نە میوانم نە موحتەرەم بەڵکو گیراوم . ئەم بەسەرهاتە محەمەدی حاجی مەحمود لە کتێبەکەیدا (ڕۆژمێری پێشمەرگەیەک ) درۆیەکی گەورەی هۆنیوەتەوە !دەمەوێت لەکۆتاییدا بە پارتیەکان بڵێم کە حوکمرانیەتی مەسرور بەرزانی پەتایەکی کوشندەیە ،پەتایەک کە خەڵكی کوردستان و پارتیەکانیشی تووشی دڵەڕاوكێ و خەمۆكی و جۆرەها نەخۆشیی دەروونی کردووە و هەناسەی لە یەکێتی و گۆرانیش بڕیووە !
Seen by دانا مەنمی at Friday 20:05
Enter
Write to دانا مەنمی


دانا مەنمی