وتار
هەوڵی نەزۆکانەی دەسەڵات دژی دەنگە ناڕازییەکان بەردەوامە
Sunday, 08.21.2022, 07:37 PM
کاتژمیری 4ی پاشنیوەڕۆ، رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی 18/08/2022 دوو کەس بە جل و بەرگی تایبەتیی کارەوە دەچنە بەر ماڵی کاک قادر نادری چالاکوانی مەدەنی و لەدەرگای ماڵەکەی دەدەن، ئەو جلوبەرگەی لەبەریاندا دەبێت وا پیشان دەدەن کە بۆ ئەو مەبەستە بە ماڵاندا دەگەڕێن، کاتێک کاک قادر بە دەنگ زەنگی دەرگالێدانەوە دەچێت، یەکێک لەو کەسانە، دەیەوێت رایبکێشێتە دەرێ و دەستی خۆیان بوەشێنن. ئیتر بە پەشۆکاوییەوە هەردووکیان بەدەم راکردنەوە بە زمانی سویدیەکی شەق و شۆق هەڕەشەیەک دەکەن و دوور دەکەونەوە، دەرفەتی ئەوەیان نابێت کە بە کاری تیرۆریستانەی خۆیان هەڵبستن.
هەموو گومانەکان ئەوە دەسەلمێنن، کە ئەم کارە لایەنێکی دەسەڵاتی لە پشتە و ئەو جۆرە رەفتارانە کارێکی تیرۆریستانەیە و دەیەناوێت، بەو شێوەیە ناحەز و دەنگە ناڕازییەکان لە دەرەوەی وڵاتیش بێدەنگ بکەن. هەڵبەت ئەمە یەکەمجاریش نییە کە دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور، کارێکی تیرۆریستانەی وەها دژی دەنگی ناڕازیی و کەسە چالاکوانەکانی کورد لە دەرەوەی وڵات بکەن. ئەوان لە باشوور راستەوخۆ لە ماوەی ئەم 31 ساڵەدا چییان لەدەست هاتبێت بەرامبەر بە نووسەر و رۆژنامەنووس و دەنگی ناڕازیی کردوویانە، رۆژنامەنووسیان زیندانی یان تیرۆرکردوە، نووسەریان فەلاقە کردووە، ئەوەی، کە لەو ماوەیەدا نەیانتوانیوە بیکەن تەنیا لەدەرەوەی وڵاتە، ئیستا دەیانەوێت بەم شێوازە ئەو دەنگ و ناڕەزایەتییەش لە رێگای ترساندن و تۆقاندن و لێدانەوە نەهێڵن.
قادر نادر ڕەمزی ئازایەتی و خۆڕاگریە، ڕەمزی بەگژاچونەوەی ستەمکارییە، لەنێو دڵ و دەرونی هەموو ئازادی خوازێکدایە، بەهەوڵی نەزۆکی تیرۆرکردنی لەلایەن شەمشەمە کوێرەکانی شاخ و شار، هێندەی تر لە نێو دڵ و دەرونمان جێگای خۆی پتەوتر دەکات. ئەم هەوڵە نەزۆکانە نەک کپمان ناکاتەوە و تەسلیم نابین، بەڵکو سورترمان دەکات، دەسەڵات بە تیرۆرکردنی سەردەشت و کاوە و ویدادت و سۆران، نەک بانگی ئازادی کپ نەکرد بەڵکو دەنگە حەقەکانی لە چەند کەسێکەوە کرد بە سەدان هەزار کەس. نەفرەت لەتیرۆر ۆ تیرۆریستانی دەسەڵاتی ڕەشی کوردی و دارودەستەکەیان.
وێنەکە لە ئەرشیفی وێنەکانم دەرم هێناوە، کاتی هێنانەوەی ڕوفاتی ئەنفالەکانە لە گەرمیان، ئەوەی لایەکی دەرکەوتووە شەهید کاوە گەرمیانییە
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس