TEVDA Press

داننان بە هاوکاریکردن لە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان

| Saturday, 09.10.2022, 11:36 PM |



گرتەیەکی ڤیدیۆییم بینی کەسێک بەناوی هونەر ڕەشید ئاغا، بانگەشەی ئەوە دەکات ئەو دەزانێت کێ سەردەشت عوسمانی شەهید کردووە. لەوەش زیاتر دەڕوات و دەڵێت دوو کەس هاوکاری بکوژی سەردەشتیان کردووە کە زۆر برادەری ئەون و تەنانەت بە ئۆتۆمبێلەکەی ئەو چوون کارەکەیان ئەنجامداوەو دواتر ئۆتۆمبێلەکەی ئەویان هێناوەتەوە.
ئەم بەشەی بۆ یاساناسان و پارێزەران جێدەهێڵم، کە بەپێی یاسای تیرۆر هەر کەسێک هاوکاری کاری تیرۆرستی بکات هەمان حوکمی بکەرەکەی نییە؟.
ئەم کابرایە بەحیسابی خۆی قسەکانی بەو ئاڕاستەیە کە کێشەی مێژوویی لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی هەیەو من ناچمە ئەو تەفاسیڵە چونکە وەک خۆی بانگەشەی بۆ دەکات ئەو نەوەی ئەسعەد ئاغای شێتنەیە کە ئاغای دۆڵەمەڕییەکانەو ئەو کێشەیە ڕەگێکی مێژوویی هەیە...
ئەوەی بەلای منەوە گرنگ بوو لەو گرتە ڤیدیۆییەدا ئەو کەسە بانگەشەی ئەوە دەکات ئێستا لە سلێمانی دادەنیشێت و لە ترسی ئەوەی پارتی بیکوژێت پەیوەندی بە یەکێتییەوە کردووە. ئەوەشیان بەلای منەوە کێشە نییەو شتێکە پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە... بەڵام ئەوەی گرنگە دۆسیەی سەردەشت عوسمانە کە پەیوەندی بەهەموومانەوە هەیەو ئەو دۆسیەیەش تا ئەو کاتە بەکراوەیی دەمێنێتەوە کە دادگایەکی سەربەخۆ دەتوانێت ئەو کەیسە یەکلایی بکاتەوەو بکوژانی ڕاستەقینە بەسزای خۆیان دەگەن.
ئەم پیاوە پێی بزانێت یا نەیزانێت ئێستا بە ئاشکرا ئیعتیراف لەسەر هاوکاریکردنی کوشتنی یەکێک لە شەهیدەکانی قەڵەم دەکات لە هەرێمی کوردستان. ئێستا ئەو برادەرە بەئیعتیرافی خۆی دەڵێت کە ئەو هاوکاری کوشتنی سەردەشتی کردووەو ئۆتۆمبێلەکەی ئەو بەکارهاتووە.
بەدڵنیاییەوە پێویستە دادگایەکی سەربەخۆ هەبێت و بانگهێشتی ئەو کابرایە بکات و بەپێی یاسای تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئەو کات دەکرێت ئەو کەسە وەک دیکۆمێنتێکی مێژوویی هاوکار بێت لەئاشکراکردنی زانیاری زیاتر لەسەر کەیسی سەردەشت عوسمان، بەمەرجێک پەشیمان نەبێتەوە لەو قسانەی لەو گرتە ڤیدیۆییەدا کردویەتی.


ئیبراهیم علی